فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تەیراوە وەک پایتەختی هەولێر

تەیراوە وەک پایتەختی هەولێر

بەشدار سامی/ شاعير و فۆتۆگرافەر / هەولێر

من ناودار نیم، بەڵام هاوڕێکانم دەمناسن و یەک – دوو دراوسێشم دەزانن شیعر دەنووسم، ئەگەر ئەمە درۆ نەبێت: من نزیکترین درەختم کە مەرگ نزیکی کەوتبێتەوە، باسی ئەو ڕۆژە دەکەم کە ڕیچارد براوتیگان پەنجەرەی بنکەیەکی پۆلیس دەشکێنێ تا لە تۆکیۆ بیکات بە هایکۆ، من لەوێ نیم تا سەرسام ببم بەڵام ئێستا ئەو ڕۆژە نەهاتووە و منیش دەتوانم بانگی هاوڕێکانم بکەم تا بە دیار شیعری “مردن”ـی ع ع یووسفەوە ئەگەر هەڵە نەبێت، پێبکەنین،

*(مردن دێت،

تا وەک مەیموونێکی قونسۆر

پەلامارم بدات

من بەڵام دەیگرم و

بە بزمارێکی کۆنکرێت لە دیواری دەدەم و

بەرامبەری دادەنیشم،

قەشمەری پێ دەکەم)

 

وەک مەڕێک کە لەوەڕگە دەناسێتەوە وەک شەو کە ئەستێرەکان دەناسێتەوە وەک شەقام کە ڕێبوارەکان دەناسێتەوە ئاوا ئەو ڕۆژە دەناسمەوە کە ئیتر هیچ شتێک گرینگ نابێت، بەڵام ئێستا نە چایەکەم سارد بووەتەوە نە جگەرەکەم کوژاوەتەوە نە خۆشەویستەکەم بەجێی هێشتووم کەواتە پێویستە درەختەکە ئاو بدەم. بۆ ئەوانەی سەردەمانێک پەنیرم بوون/ فەرامۆشیم دۆزییەوە/ “گرینگ نییە، کێ بوو ڕۆیشت ئەوەی بەجێ ما چایەکەی سارد بووەوە/” من هەولێرێکی ترم، هەولێرێکی بێ پەنا و بێ هاوڕێ و دەربەدەر/ تەنانەت تەیراوەيش نامناسێتەوە/ لەباتیی ئەوانەی ترساون پەنجەرەکان دەکەمەوە/ لەباتیی ئەوانەی پەنجەرەیان نییە، مۆسیقا دەدۆزمەوە/ لەباتیی ئەوانەی مۆسیقا برینداری کردن خوێنم لێ دەچۆڕێت/ گرینگ نییە باسی کێ دەکەم/ ئەو ڕۆژەی ڕێباز تاهیرم ناسی، یارەی کچم لە سێی ناوەندی دەیخوێند/ لە تاقیکرنەوەی کۆتاییی ساڵ لە دوو دەرس کەوت/ ئەوە بیرکردنەوەیەکی باش نییە بڵێم خەتای ڕێبازی تیا بووە بەڵام لەوانەیە ڕێباز شووم بێت/ یادی بەخێر ڕێباز تاهیر، کە قاچم شکا هات بۆ لام/ لۆی لار بم. سەبارەت بە تەیراوە: ئەوانەی هەولێریان نەبوو/ تەیراوەیان دۆزییەوە/ تەیراوەيش بە حاجی مەحەمەد دێوە و جمعە عارەب و بەدیعە سەرسۆر و عەبدوڵڵا گوێ بەگوارە و عوسمان چەکوچ و ڕۆستەمە کۆر و سەباح تەڕەزان دەناسرێتەوە/ ئەگەر ئەو ڕستەیەيش هەڵە نەبێت: مام تەیرۆ بۆ شەڕەبەرد دژی قەرات تەیراوەی درووست کرد/ شەوێک، ڕۆستەمە کۆر/ دەستی بۆ شەقامێکی تەنیشت مزگەوتی حاجی عەبدوڵڵا حەمامچی درێژ کرد و گوتی: تەیراوە قەدیم تەیراوە بوو/ ئێرە بەست بوو، باریکەڕێیەک لێرە بوو، کیژان، دەهاتن ماکسییان هەڵدەکێشا تا کوڕەکان لاقیان ببینن/ ئەوجا ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی: بێفایدەیە زۆرگۆتن/

 

*شیعرەکەی مامۆستا ع ع یووسفم دەستکاری کردووە و گونجاندوومە بۆ ئەو نووسینە.