فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕێگە مەدەن جەنگ تەواوبێت

رێگە مەدەن جەنگ تەواوبێت

مەهدی زریان/ شاعیر/ کەرکووک

 

جەنگ لە ئەزەلەوە هەیە و
سەرجەم وەرزەکان دەناسێت
بەسەرشانی برینداری ساڵەکاندا
بەرەو سەدە و سەردەمەکان سەردەکەوێت!
لێگەڕێن باتەواو نەبێت
ئاشتییەکانی پاش جەنگەکان
وەکو ژەهر دەڕژێنە نێو
شادەماری ئەم ژیانەوە
تا ئەو رۆژەی خودا و ئیبلیس
لەسێبەری دارە سێوێکی بێ سێودا
پەیماننامەی
ئاشتی و ئارمی مۆر دەکەن
لێگەڕێن با ئاشتی لە دەرگاتان نەدات
لێگەڕێن با تەپڵی دۆڕان و سەرکەوتن کاسمان بکات!
لە نێو جەنگدا
هێندەی ژانی خوێنەکان
خەونی سەوز و
خەیاڵی رەنگاو رەنگ هەیە
دوو هێندەی سوتانی شارێک
وابەستەیی بەخاکەوە باڵادەکات،
خۆشەویستی بۆ نیشتمان
دەگات بە رادەی پیرۆزیی و
دەرگای سەدان
چیرۆک و عیشق و ئەفسانە
واڵا دەکات!
لێگەڕێن با سروودی جەنگ کاسمان بکات!
لەنێو جەنگدا پاڵەوانی
راستەقینە بوونیان هەیە
خۆر لە نووکی شمشێرەکانەوە هەڵدێت!
مێژوو بە گوللەی تفەنگ و
خوێنی میرخاسان دەنوسرێت،
شۆڕەژنانی سەربەرزی
سەردەمەکانی خوێن و جەنگ
پڕن لە غرور و جوانی،
پڕن لەپەیمانی عیشق و چاوەڕوانی،
لە جەنگدا سەرکردەو دەستە
لەتە نانێک تێریان دەکات
جامە ئاوێک بەشیان دەکات!
لێمەگەڕێن جەنگ تەواوبێت
جەنگاوەرەی داستانەکان
لەئاشتیدا مەیدانی جەنگ
پڕ دەکەن لە کاڵای دزراو،
پاش تەواو بوونی هەر جەنگێک
شار پڕدەبێت لەگەندە پیاو،
شەقامەکان
دەکەونە ژێر پێی ژنانی
لەشفرۆش و سۆزانییەوە،
قاوەخانەی سەر شۆستەکان
پڕ دەبن لە هونەرمەندانی بێ هونەر
لە سێبەری درەختی نێو باخچەکاندا
نووسەرانی تێکشکاوی بێ سەر و هۆش
وەکو گەڵای درختەکان ژەنگ دەگرن،
دەیان شاعیری ئاڵوودەش
بە بێ شیعر و شعور دەمرن !
پاش تەواو بوونی هەر جەنگێک
نیشتمان ناناسرێتەوە
ناسنامەکەی بەشێوەیەک لێ ون دەبێت
بە هیچ کەس نادۆزرێتەوە!
رێگە مەدەن لە پاش سووتانی
نیشتمان
لەپاش بەبەردبوونی دڵ و
مەرگی ویژدان و داڕوخان،
ئاشتی روو لەماڵتان بکات
لێگەڕێن با سروودی جەنگ
کاسمان بکات!
لە ئاشتیدا رۆشنبیرانی دەربار و
بەندبێژەکان
ژن و پیاوی نێو مەلهاکان
دەبنە خاوەنی نیشتیمان!
رێگە مەدەن جەنگ تەواوبێت
تا ئەو رۆژەی خودا و ئیبلیس
لەسێبەری دارە سێوێکی بێ سێودا
پەیماننامەی
ئاشتی و ئارمی مۆر دەکەن
شمشێر مەخەنە کالان و
دەستتان لە تفەنگ بەرمەدەن
با جەنگەکان بەردەوام بن
جەنگ ناپەرژێت خەون و خەیاڵت بکوژێت
جەنگ ناتوانێت
وەک باڵندەی هیواکانتان
بەرز بفڕێت،
جەنگ ناتوانێت وەکو ئاشتی
هەموو شتێک بشێوێنێت
جەنگ ناتوانێت هەموو سەرێک
لە بەرزیەوە دانوێنێت!
لە جەنگدا جەستەکان دەمرن
رۆح زیندوو دەمێنێتەوە
لەئاشتیدا شار پڕ دەبێت
لەجەستەی بێ رۆح و ویژدان
لێمەگەڕێن جەنگ تەواوبێت
لەکۆتایی جەنگەکاندا
هەڵاتووەکان هەموو دەبن بەکەڵەگا
تەنانەت ئەو قارەمانەش
کەزیندوو دەمێنێتەوە
لە رابردووی خۆی ڕادەکات
لە هەمووشت دادەشۆرێت
دەبێت بەخاوەنی مەلها!
ئەوانەی لە جەنگەکاندا
خۆری شەرەف و بەرگری
لە خوێنیانەوە هەڵدەهات
ئەوانەی وەکو رەشەبا
دوژمن لەدەستیان هەڵدەهات
دەبن بە گاڵتەجاڕێکی هەرزان
لە بازاڕی بێ سەروبەری نیشتیمان،
رێگە مەدەن جەنگ تەواوبێت
لێمەگەڕێن ئاشتی لە دەرگاتان بدات
لێگەڕێن با سروودی جەنگ کاسمان بکات!