نامێهرەبانی_کوشتمی
ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی/ شاعیر / بۆکان
خاوەن دڵانی ئاشنا نامێهرەبانی کوشتمی
دەردی دڵم زۆرن بەڵام بێ هاوزمانی کوشتمی
لەم شارە بێئەنوایەدا لەو شۆرەکاتەی بێکەسی
دەستم لە خۆم شووردۆتەوە و ڕەنجی نەبانی کوشتمی
داخێک وەتەن داخێک ئەوین داخێک لەیەک حاڵی نەبوون
چەند داخی زۆر گەورەم هەیە و ئیشی نەزانی کوشتمی
ژانێک لە مێژووی مەوتەنم شێرپەنجەیە و ڕووحی تەنیم
تاکەی دەبێ ئاوارەبم؟ بێ نیشتمانی کوشتمی
کام دەرد گرانە وناعیلاج تووشم بە تووشی بێ دەڵێم
ئەم دەردە دەرمانی هەیە و من پێنەزانی کوشتمی
مێهر و وەفا دابی نەما داخی لەسەر دڵ ما ئەوین
لەم ژینە سەرد و سەخڵەتەی ناکامەرانی کوشتمی
یەک عومرە هەر قەول و بەڵێن چبکەم لەدەست پەیمانشکێن
هەر چاو لە ڕێیدا مامەوە و تا چاوەڕوانی کوشتمی
پشت و پەناهم بوو بەڵام زوو چوو لە دەستم داخەکەم
تینوو بە تەنیا ماوە تا بێپشتیوانی کوشتمی
خۆم و دڵ و یار و ئەوین زۆر چاک دەسازاین پێکەوە
تا یار لە شاری من نەما و لێکدابڕانی کوشتمی