فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

با کوێرە

با کوێرە

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

 

دەستت بۆ بارانی میهرەبانی گۆرانییەک بەرز دەکەیتەوە
لە پڕ، با دێت و نزاکەت دەڕفێنێت
لەناو هەوری ئاسمان و تەمی برینەکانتدا
نزا ون دەبێت و
گۆرانییەکەش داناکات

گۆرانییەکی ماندوو بەسەر پشتی هەورێکی کەوەڕێ دێت
دەگاتە سەرت و
با خۆی پیادا دەکێشێت
ئەمیان پەرش و
ئەویان ورد و خاش دەکات

دەسووتێی و دەبرژێیت
قژی ماشوبرنجیت لەبەر شنەی ئازاردا دەشنێتەوە
گڤە و هاشە نا،
سەدای قرچەیەک لەناو دارستانی پرچت دێت

دەنگێکی زیقن،
لەسەر پەیژەی ئاوازێکی نەشاز و
لەناو قورگێکی تەڵخەوە
ئەو ناوە گێژ دەکات
گۆرانییەکی ناسک دەبێتە خۆڵەمێش

میوزیکێکی غەمگین بە ڕەنگی شەو و
دووکەڵی دەنگێک دەڕژێتە گوێ
بۆسۆی تابلۆیەک بە دیواردا شۆڕ دەبێتەوە
گۆرانییەکی سەربڕاو سەر بەسەر شانی بادا دەکات و
دەیباتە نادیار

بۆنی ترس و تەنیایی کاست دەکەن
ئەمیان ماڵیی دەکەیت و دەیدەیتە دەست با
با بە ڕەنگی مردن و
بەسەر باڵی کوندەپۆیەکەوە،
دەیهێنێتەوە ناو ئاسمانی یادەوەریت
ئەویانت بۆ ژیر ناکرێتەوە
ئەویش دەدەیتە دەست با ڕایبژەنێت
با لەگەڵ تەرمی تامەزرۆییت و
لەسەر ڕیتمی مردن،
دەیهێنێتەوە خەڵوەتگات

ترسێکی کۆن دەتخواتەوە
با لەسەر ڕیتمی شیوەنێکی قووڵ،
مەرگ دێنێتە دراوسێت و
بۆنی تەرمەکەت بەسەر باڵی سیمرخێکەوە،
ڕۆژە ڕێیەک دەڕوا

سەیر ئەم کۆنانەت بە با دەکات، با
تەنیایی کۆن و
ترسی کۆن و
خەونی کۆن و
خولیای کۆن و
مەرگی کۆن و
مەراقی کۆنت

تەرمت بە ئاسماندا دەسووڕێتەوە
سەرت بە سەودایی
گوێچکەکانت بە درەخت و
لووتت بە پەرژین
پەنجەکانت بە باخچە و
چاوەکانت بە ڕووبار و
دڵت بە هەتاو سپاردووە

خۆت دەکەیت بە خۆراکی،
بۆق و باڵندە
خار و خشۆک
ڕەنگی تینوێتی، بە هەناسەی وشک و سوارتەوە دیارە
دەنگی ماندووبوون، لە چاوانی خەواڵووت دەبریسکێتەوە
جۆگەلەی ئاو دەبەیتەوە سەر کێڵگەی برینەکانت و
هەتاو دەبەیتەوە ناو گۆلی ئازارە تاریکەکانت

جەنگ بێدارت دەکاتەوە
لە زەردەپەڕ دەڕوانیت و
خەیاڵت دەچێتە سەر سترانی:
“لێ کر لێ کر، بارانێ لێ کر”*
چاو دەبڕیتە پۆلی باڵندە کۆچەرییەکان و
لەبەر خۆتەوە مەقامی:
“نامخنکێنیت گۆمەشین”** دەڵێیتەوە

ماندوو و شەکەت،
بە دڵێکی پۆڵایین و ڕۆحێکی سەرکەشەوە
لە جەنگی ژیان دێیتەوە و
زایەڵەی سروودی:
“دڕکەزیی بێستان”***
لە چاوەکانت دەزرنگێتەوە

ڕەنگی برینەکانت و ئازارەکانیانت بۆ جیا ناکرێتەوە
کەلەکەت لێ کردۆتەوە
لەسەر لا تەنیشتێک ڕادەکشێیت
ئانیشکت لە زەوی گیر دەکەیت
دەستت دەخەیتە ژێر چەناگەتەوە و
لە قووڵاییتەوە هاواری گۆرانیی:
“من مەلێکی لانەوازی وێڵی دوای هێلانەمم”****
هەڵدەستێت
————————————

*گۆڕانییەکی هونەرمەندی شەهید (ئەردەوان زاخۆیی)یە.
** مەقامێکی هونەرمەند (ناسری ڕەزازی)یە
*** سروودێکی هونەرمەند (بەکر لەگزی)یە
**** گۆرانییەکی هونەرمەند (دیاری قەرەداخی)یە
**********