ئەو!!! نازانێ
ڕێدار سابیر/ شاعیر / ھەولێر
هەموو ڕۆژێ
هەنگاوێكی نەرم…
خەیاڵێكی جوان…
فریشتەیەكی میهرەبان..
بە بەرچاوما گوزەر دەكا
بێئەوەی كە ئەو هەست بكات
بە تەڵسمی نیگاكانی
لە ناسكترین ژێی هەستم دەدا
باوەشێ ئیلهام دەكاتە
دیاری بۆ ژووری تەنیاییم
ئەو تابلۆكانی سروشتم پێدەبەخشێ
دەمخاتە نێو پۆلە ڕستەیەكی ماندوو
بە هەڵس و كەوتی هەرزەكارانەم پێدەكەنێ
ئەو زۆر سادە بە تەنیشتما تێدەپەڕی
سڵاوێك دەكاو
گۆرانی خۆشبەختی دەڵێ
ئەو نازانێ
بەم سڵاوە
پەردەی تەنكی دڵم دەبڕێ