فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ــ نساری بێتۆیی ــ

ــ نساری بێتۆیی ــ

بەختیار ڕەواندوزی/شاعیر/ ھەولێر
ـــ

لە بێ منیدا خەنی بە
تا دەبمە پەیکەری سەر ڕێت،
چەند بەھارە لێم تۆراوی
وا خەریکە ئەوینی ڕۆحم،
وەک شیلە دەتکێتە بەر پێت

ئەگەرچی دڵ لە ئاستت
دەستەوەستانی مەیل بوو
بێ تۆ بێ نازو غەمگین
تەرازوی ڕۆژگارم لەنگ بوو

من تاوانبار تۆ دادوەر
فەرمان بدە،
بە سێدارەی بسکت، بێ سۆز
ھەرگیز لە بای تۆڵە مەترسە
ھەزارجار تەنافی قژی تۆم پیرۆز

گەر ھاتۆتە بەر
خەرمانی قینت
بێ دوودڵی
دەستی خۆت بوەشێنە
سوچی خۆمە
ھەرزان فرۆشم کرد دڵم
لەم مەزادخانەی ئەوینە بۆن خوێنە

باوەک باڕەکەو لە دووریت
ھەر باڵەفڕکەی بێ دڵ،
لە نساری بێتۆیی ھەڵنیشم
نەبینم شەبەنگی خۆر
ھەر من شک دەبا تیری پڕ قینت
ئازادیکە بادەرچێ
لە کەوان بۆ دڵی ناسۆر..

ـ
ـ