فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژینفرۆشان

ژینفرۆشان

ھاودەنگ سەباح/ شاعیر /  ھەولێر

ئەوا ئەمڕۆش زەردەپەڕ
لە بێکاریم دەڕوانێت و
وردە وردە،
مردنگەی حەمباڵەکان جێ دێڵم.
بەڕێگاوە،
دڵم دەچێتە سەر هەمووشتێک و
هەنگاوەکان بەدوای خۆیان ڕای دەکێشن.
لە شوشەی خواردنگەکەوە،
وێنەدانەوەی گیرفانم دەبینم.
لە گیرفانم بەتاڵی و
لەناو بەتاڵییەکەشیدا،
ڕەچەتەی دەرمانی باوکم و
لە باوکم خۆری هیوا و
لە نەخۆشیەکەشی ئاوا بوون.
ئیتر چاوم دادەخەم و
بە شوێن خودادا دەگەڕێم!
٭٭٭٭٭٭٭
وردە وردە قۆڕەی مێشک و
قاسپەی دڵ و
ڕینگە ڕینگی شەڕەشیری هێمای پرسیارەکان،
لە کەللـەما،
بەرەو کتێبخانە لێم دەخوڕن.
هەر دەگەمە بەر تریفەی کتێبخانەکە،
جووتێ گۆریە قوتی پانتۆڵ دڕاوی ڕوو (ئاریلەی)
قژ بە دانێ شانەکراو،
مژێک لە جگەرە بێخەمەکەیان دەدەن و
بەدەم بەباکردنیەوە دەقیڕێنن:
بۆ کوێ داماو؟
بە شوێن کامە خەیاڵی خاو؟
دەجریوێنم: بە شوێن دانای دانەچەماو.
بەشوێن دوو چاو،
بە شوێن ڕاستیێکی دژەباو،
بە شوێن بەرپرسیاری وەڵامە بێ پرسیارەکان و
بە شوێن شیعرێکی نەوتراو.
ئینجا بەتەنزەوە دەڵێن:
بزن کاتێ پێمردەی هات،
دەڕوات و نانی شوانی دەخوات!
نوون و ئەلفێک لەلای ڕاستی مێشکمەوە،
دێت و دەڵێم:
ئێوەی مەڕ کە ئێستا دەژین،
هۆی ئەوەیە کە ڕێگرنیین.
وا کا و جۆشتان، بیر و هۆشتان،
خرۆش و جۆشتان، هەر بۆ شوانە.
هەر ڕۆژە و لا ڕانێکی ئاواتێکتان،
خوانە چەورەی بێریڤانە.
کەچی هەر خەریکی کاوێژی خەمەکانن لای یەکتری و
بێدەنگی…
هەر ڕۆژە و گۆرانیێکی ئیفلیجتان دەخاتە گوێ و
سروودێک ڕەنگزەرد دەکا.
هەر ڕۆژە و گەنجینە گەنجێک دەخاتە دەریاوە و
ڕەقاسێک لە باوەش دەکا.
ئێوەش،
لەجێی ئەوەی پڕ بە گەرووی بڵندگۆکان،
سروودی زریان بڵێنەوە،
بە لایێکی بیستۆکێکەوە،
گوێ لە تکەی ئارەقەی گەڵێک دەگرن و
ڕێژنەی ئارەقەی گەلێک پشتگوێ دەخەن.
باش خراپ دەبن،
کەچی خراپیش باش نابن.
هەردەم پڕن لە بەتاڵی و
قەت لە بەتاڵیش پڕ نابن.
کاری پیس بەخاوێنی دەکەن و
کاری خاوێنیش بەپیسی.
ڕاستترین ڕێگای هەڵەکردنتان گرتووە و
پرسیاری هەڵەترین ڕێگای ڕاستیش ناکەن.
تاکبوونتان لە تراویلکەی جووتبوون دەخنکێنن و
یەکگرتن دەخەنە گەرووی مەرامی تاکێک و…
هەر چاوەڕێن،
بەشی مانگێک (مانگارێک) بێ و مانگانە بێ و
مانگێک بێ و مانگێک نەبێ و
بەشێک بێ و دابەش بێ و بەش بەش بێ و
بێشێکیشتان لێی بێبەش بێ.

هەتاوەکو
بۆ گۆرانی گۆڕانکارییش،
دەنگی بێدەنگیتان خۆشبێ،
دەبێ چاوی ڕەشی داهاتووتان،
هەروا گەشبێ.

دوای ئەم قسانەم،
ناقیڕێننەوە و سڕ دەبن.
لێم پڕ دەبن،
بەڵام وەک ئەوەی ڕاهاتوون…
هیچ شتێک ناڵێن و کڕ دەبن
٭٭٭٭
ئیتر منیش هاوتەمەنی ئەقڵیان نابم.
بەهەشتی خەوخۆشان جێ دێڵم و
بەرەو دۆزەخی ئاگایان هەنگاو دەنێم.
کەناری ترس و تەندروستیی جێ دێڵم و
ڕووەو زریانی زانیاری مەلەدەکەم.
هەر کە گەیشتم سەیر دەکەم:
لای ڕاستمەوە ڕەففەی “نا”یە وسبەلێکراوەکانە،
پڕ بە باڵای ڕاستگۆییان تۆزیان لەسەر هەڵنیشتووە.
هێندێکیان بە هۆی یەک پەیڤی یاخییان،
سەد لاپەڕیان لێی کوشتووە.
ئا ئەمەش کتێبی نووسەری تێهەڵدراوە.
لای ئێمە خەڵاتی باشترین کتێب،
بە قۆنداغ و بە پۆستاڵ و لەپی زللـە،
لەسەر سەری سپی و چارەی ڕەش و
پشتی کوڕی نووسەرەکانمان
مۆردەکرێ.

لای خواریشم ڕەفەگوڵینەی مەرایییەکانە.
هێندێکیان ڕەنگی سەوز و هێندێک سپی و
هێندێکیشیان سەرڕێژ کراون بە گوڵی سوور.
هێندێکیشیان تاجە گوڵینەی ڕەنگ زەقیان کراوەتە مل.
ئەوانەشی گوڵی هاوڕەنگیان دەست ناکەوێ،
خوێنی لاوانمان دەفرۆشن،
بۆ کڕینی بۆیە بۆ بۆیەکردنی بەیبوون.
هێندێکیشیان گوڵیان لەسەر نییە،
بەڵام تۆزە بۆنێکیان هەر گرتووە.
کتێبیان تیایە لە کەوەرەوە نووسراوە.
پڕە لە باسی خۆشگوزەرانی و ستایشی چاوی سوور و
پڕ لە گۆڕی مافی زیندوو و
پڕە لە باسی…
داهاتووی قەت دانەهاتوو و
پڕ لە شەڕی…
قەوانە فیشەکی کلسگرتوو و
شانازیی ناشازیی مێژوو و
پڕپڕ لە کلتووری مێجوو.

کتێب کتێب سەیردەکەم،
چاو دەم گێڕێ.
لەولاترەوە چەند کتێبێکی لوتبەرز،
تەنها گیرفان دەخوێننەوە.
منیش گیرفانم کرێکاری نووسیویەتی و
بە خەتێکی شڕ نووسراوە.
دەست بۆ هەرکتێبێک دەبەم،
تا لاپەڕەی ناسنامەکەی دەیخوێنمەوە و
بەشوێن کتێبێک دەگەڕێم،
قاوەکەم ساردبکاتەوە و
گیرفانم سارد نەکاتەوە!
برینی قەتماغەنەگرتووم بکولێنێتەوە
هەر پەڕێکی ئاوێنەی پیرەژنێک بێ و
هەر دێڕێکی پیتکۆڵی بەردی مێشکم بێ و
هەر پیتێکی ئەسپێی قژی بیرکردنەوەم، هەر بیرکرکردنەوەیەک بەرهەمهێنی بۆچوون بێ و
هەر بۆچوونێک ڕێگام نیشانبدات بۆ چوون،
هەر چوونێکیش هەنگاوێک بێت بەرەو دووندی
سەرکەوتووبوون.
هەر ڕەففەیەک لێی دەپرسم بێ وەڵامە و
هەر هەنگاوێک بێ ئاکامە و
بێزار بێزار پێشانگای نرخەکان جێدێڵم و
دەگەڕێمەوە مەیدانی،
پێشبڕکێی عارەبانەکان.

سەیردەکەم:
بازاڕ هەموو شتێکی لێیە…
بازاڕ نەبێ.
چاکەتە دڵخوازەکەم لەولاوەیە و
ناچم و لە باوەشی ناکەم،
گیرفانی ساردم پێم دەڵێ” خوێنت گەرمە ”
مووەکانیشم لێی قیت دەبنەوە،
بەڵام هیچیان لەدەست نایە.

بۆنی بابۆڵە مێشکم دەخوا،
بەم ددانە کلۆرانەی دەرامەتم پێم ناخورێ و
کرێ تاقانەکەی پاس، لە گیرفانم دەڵێ: تێریت.
گەدەشم دەڵێ: ڕووت ڕەشبێ!

لە من خراپتر لەولاوە
پێڵاوێک قاچی دەستگێڕێکی دڕاندووە و
کەچی ئەو هەر فڕێی نادا،
ڕۆژنامەلووسێک لەولاوە،
دڵسۆزانە،
چاوی خەڵک پینە دەکا!

کاک چاکسازیش
هەر ڕۆژە و مناڵێکی دەست سڕی دەستسڕفرۆش وێڵدەکا و
بیانووی شێواندنی سیمای شاری لەسەر زارە.
ڕاستیش دەکا،
ڕێژەی مناڵی کلێنسفرۆش،
ڕێژەی پیسبوونی وڵاتە و
ڕێژەی مناڵی بۆیاغچیش،
ڕێژەی بێڕەنگییەکەتی.
هەر هاوار بۆ ژیان دەکەن و
ژیانیش هەروا
هاودەنگی بێدەنگەکانە
٭٭٭٭٭٭٭٭٭
پرسیار لە کاتژمێری دەستم دەکەم:
کەی ئەم ژیانە چا دەبێ؟
ئەویش دەڵێ:
من نازانم، بڕۆ بۆ لای ڕۆژمێر.
ڕۆژمێر دەڵێ:
بڕۆ بۆ لای مانگژمێر و
مانگژمێری تەمەن شەست ساڵ،
دەڵێ: بڕۆ بۆ لای ساڵژمێر و
ساڵژمێرە ڕەشپۆشەکەش،
دەڵێ: هێشتا دڵنیانییم کام نەوەم،
وەڵامی تۆ دەداتەوە.
لەو کاتەدا پاسە دڵتەنگەکە دێت و
سەردەکەوم و
کرێی خۆم و تەرمی حەزەکانی ئەمڕۆم دەدەم و
دەگەڕێمەوە ئەو ماڵەی…
کە عەلاگەیەک ئومێد لە دەستەکانم
نادۆزنەوە!

٨/١١/٢٠٢٠ – ٦/٢/٢٠٢١
فەرهەنگۆک
ئاریلە: ژنانیلە، ژنانی
مانگار: شتێک بەشێکی زۆری لێ ڕۆشتبێ و بەشێک کەمی مابێتەوە
تراویلکە: سەراب
بابۆڵە: پاروو،شاورمە