فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت

شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت

ئومێد قەرەنی/ شاعیر / ھەولێر

“قەدەغەی هاتوچۆ”

نە فلووسێک لە دڵمدایە، نە قسەیەکی خۆش لە گیرفانم
جوانییەکانم لەسەر شەقامە کۆنکرێتییەکە بڵاودەکەمەوە
بە دوو چەرخەیەکی ڕەش بەرەو تاوەرەکان دەچەرخێم
سەدەی بیست و یەکە، مشکەکان حەزدەکەن لە جەنجاڵیدا بژین!

قەدەغەی هاتوچۆیە
شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت
شەقامەکان چۆڵن، فرۆشگەکان داخراون
دەکۆشم خۆم لە کامیراکانی چاودێری بدزمەوە..
پیاوانی خێزان لەو دیو دیوارەکانەوە
ئەوانەی لە هەر جۆرە بەرکەوتنێک دەترسن
ئەوانەی ئاسایشی ماڵەکانیان خۆشدەوێ
کەچی ئارامییان لە نێو خۆیاندا کوشتوە
ئەوانەی خۆشەویستی بە پارە دەکڕن
و قولانج قولانج دەیبەشنەوە
دەرکەی ماڵەکانیان گاڵەداوە
تەماشای هەواڵی کاتژمێر هەشت دەکەن
منداڵەکانیان وەک چاوی خوا بەدزییەوە تەماشام دەکەن…
پۆلیسی گەڕۆک لە هەموو شوێنێکن،
مەپرسە کێم ، سەرگوزشتەیەکم، پاڵەوانەکانی مردوون
مەپرسە بۆ کوێ دەڕۆم، لەو شارەی تەنیا تەنیاییم دەجوێ
ژیان تێیدا ڕایکردووە تەنیا زبڵ و پاسەوانەکانی جێهێشتوە
مەپرسە چدەکەم، گەر رۆژ هەڵاتنی
گشت جیهانیش بەدەست من با کەسم نەدەکوشت
بۆ کەمێک “گازی سرووشتی یان یاریگەی گۆڵف”

قەدەغەی هاتوچۆیە
شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت
شەقامەکان چۆڵن، فرۆشگەکان داخراون..
دەچم کونێک لە ئاسمان دەکەم و تێیدا دەژیم..

ئایا زەوی گۆییە یان شێوەی دڵی ئەو کرێکارە پەنجا ساڵییانەی هەیە کە تەنیا بۆ وەستاندنی ساڵەکان
هەر جۆرە مەیەکیان بێتە بەردەم دەیخۆنەوە
لە چایخانەکاندا بەدبەختیەکان بۆیەکتر دەژمێرن
دووکەڵی جگەرەکانیان بەهەمان ڕەزمی مەرگ سەما دەکەن
ژنەکانیان لەکن فرۆشیارانی گەڕەک بە وردی فلووسەکان دەژمێرن نەبادا لە شەودا داربخۆن..

قەدەغەی هاتوچۆیە
کامێرای چاودێریی یان دەمانچە یەکێکیان دەمکوژێ
ڕێیەک هەیە ، بەڵام ئازادیی نییە..