فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کۆپییەک لە دۆزەخ و ئاسمانێکی ساختە

(کۆپییەک لە دۆزەخ و ئاسمانێکی ساختە)

 

پەروێز هوما/ شاعیر / گەرمیان

لە شەقامێکدا یەک دەبینین،
ئەمە بەلای هەموو جیهانەوە شتێکی ئاساییە،
جیهان چوزانێ چ گۆرانییەک لە ناوەوەماندا جەستەی تەزیومان دێنێتە سەما!
کێ دەزانێ من کە قوتووی کۆکاکۆلا دەبینم برینم دەکولێتەوە،
جیهان چوزانێ من بەجادە مەعیدەم تێک دەچێت،
لەکوێ بزانن من بە بۆنی عەتری لاکۆست گریانم دێت.
چۆن باوەڕ بکەن من کە ژووری نووستن دەبینم، خەوم دەزڕێت.
هەر بەڕاستی بۆچی بیزانن؟ کە هیچکامیان پێ چاک ناکرێتەوە.
جا بۆ چاکی بکەنەوە، خۆ ئەمە سووچی ئەوان نییە،
بۆ سووچی ئەوان بێت،
ڕەنگە منیش هیی ئەوان چاک نەکەمەوە،
جا بۆ چاکی بکەمەوە،
یان چۆن چاکی بکەمەوە،
ئەم جیهانە بچکۆلەیەی خۆیشم سلاک بووە!
بەرەبەرە وەک درەختە پیرەکان توێژاڵ لە تەمەنم دەبێتەوە.
جاران پێویست بوو بژیین،
بەڵام ئێستا مرۆڤ پێویستە بەرگەی ژیان بگرێت.

بیرتە ئەستێرەیەکی گەشمان کرد بە ئەستێرەی ئەشقمان،
من دەمگوت: هەزار ساڵی ڕووناکییە ئەو گیانی دەرچووە و
هێشتا ڕوانینمان کۆ دەکاتەوە.
تۆ دەتگوت: بۆیە هێشتا دیارە، تاوەکوو من و تۆ تەماشای بکەین.
تۆ سەفەرت کرد و ئەستێرەی گەش دیار نەما،
سبەینێکەی ناسا ڕایگەیاند: مانگی دەستکردی(هۆمیرۆس) بەهۆی کێشەیەکەوە، لە بۆشاییدا پارچەپارچە بووە!
دەی ئێوەیش بڕواننە ئەو ئاسمانە فەیکە،
گەر ئاسمان داگیر کرابێ،
ئەوا زەوی لەمێژە کۆپیی خەونێکی بەدینەهاتووە!

بیرمان ئەکردەوە ئەگەر نەچینە ڕیزی سوپا،
یان نیکۆتینی جگەرەکانمان سفر پۆینت یەک بێت و
نەچینە خۆپیشاندان، ڕەنگە نەمرین.
دوێنێ دراوسێکەمان مرد، کە بێدەنگی مەدالیای ملی خواستەکانی بوو.
سوپای چی! چەکی لە وێنەیشدا ڕەت دەکردەوە.
جگەرەی چی! ئەو دەمێک بوو دووکەڵی تەڵاق دابوو.
جا مردن زەفەر بەچی ناهێنێ،
بۆ نموونە: بە منداڵی لەدایکنەبوو،
گەنمێک هێشتا گوڵە،
گوڵێک هێشتا خونچەیە،
بۆقێک کەهێشتا سەرەمێکوتەیە.
چ گەمژە بووین، چ گەمژەین کە هێشتایش جگەرەی سفر پۆینت یەک دەکێشین!
شاعیرێکم پێویستە تێتان بگەیەنم کە بۆچی:
قاچم هەیە و هەنگاو، نا.
سەرم هەیە و بیرکردنەوە، نا.
دڵم هەیە و ژیان، نا.
دەستم هەیە و ئومێد، نا.
ئێمە پێکهاتەیەکی چێکراوین لە بیرکردنەوەی ئەوانی تر،
هەندێکمان ناجۆر دەبین و دەتەقینەوە.
من دەزانم ڕۆژێک دەنگێک پڕ بە کەون دەڵێت:
ببورن، هەڵەیەک ڕوویدا لە کاتی درووستکردنیاندا.
چۆن گومان نەبەم؟
ئاخر ئێمە ئاوازێک بووین، هیچ مۆسیقارێک نەیناسیین،
کێڵگەیەک بووین، هیچ خۆزگەیەکمان بەری نەگرت،
دوو ڕۆح بووین، مردن لەبیری کردبووین،
سەرابێک بووین، هیچ تینوویەتییەک ڕێی نەکەوتە کۆڵانی فریومان،
پێکەنینێک بووین، خەتم نەکراین،
ئێمە گۆرانییەک بووین، هەرگیز نەوتراین.

چۆن گومان نەبەم؟
پێم وترابوو، کە دنیا جۆرێکە لە حەوت ڕەنگەکەی پەلکەزێڕینە،
واقم وڕ ماوە، دەبێت بەهەڵە نەهاتبم؟
دنیا هەر هێندەیە و هەر هێندە بوو؟
چاوەڕوانی نیگارکێشێک نەکەین،
دڵنیان ڕەنگی دیکە نەماوە؟

چاوت داخە،
تەرم دەبینی؟ مرۆڤ کوشتوونی!
چاوت بکەوە،
دۆزەخ دەبینی؟ ئێمە درووستمان کرد!

با پێک هەڵدەین، بەیادی ئەو ئێوارانەی دەمانویست بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە،
ماڵ چەمکێکی هەمیشەییە، لە هزری ئێواراندا!
دەڕۆینەوە، دەڕۆنەوە، دەڕۆنەوە،
هەموومان، هەمووتان، هەموویان،
دانیشتوانی هەسارەی نەفرەت،
ڕۆژێک دێت دەڕۆینەوە بۆ ماڵەوە،
بوودا ڕۆیشتەوە،
عیسا ڕۆیشتەوە،
موحەممەد ڕۆییشتەوە،
دەڕۆینەوە، دەڕۆنەوە، دەڕۆنەوە:
تەنانەت بێماڵەکان،
ئەوانیش دەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە!
لە : پەیامنێرمانەوە ، شنیاخان