فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئیمپراتۆر کۆمپیۆتەر

ئیمپراتۆر کۆمپیۆتەر

غازی حسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا

وەکو بتێکی بەگیان لەبەردەم دکتۆرە نازدارەکەم چەمامەوە
لە هووردی تا درشتیم بۆ گێڕایەوە…
ئەویش پەلەی بوو، بەهێمنی گوێی لێگرتبووم
هەندێک بزر بوو،
کە هاتەوە لام گوتی: کۆمپیۆتەر دەڵێت، ئەم برادەرە دەردی گرانە و سەد کونی تێبووە!
گوتی: کۆمپیۆتەر یێژێت تۆ ناتوانی بیر بکەیتەوە
ئێرە پڕە لە دۆلار.. پڕە لە جوان و مزگەوت و کەنیسە و خوا..! زەریخانەیە بیر بکەوە
کە گەیشتمەوە ماڵێ.. ببورە کە گەیشتمەوە بێ شوێنیم
بیرم نەکەوتەوە
شەست ساڵێک لەمەو بەر، داپیرم دوو فڕوجی کردە خێر،
داپیرم لەناخەوە دەگریا و دەیگوت
وەی هەشمان بەسەر، وەرە قووتە پیاو، خرتۆ وەرە،
شێخ گوتی، چاوزارە، ئەمە دوو نووشتە و سێ چوارشەم و چەند سەلکە قەندێک چارەیەتی..!
کتێب، کتێبی پیرۆز، کە کەس ناوێرێ لێکی بکاتەوە گوتیەتی…!!
ئاوەکەی بخۆوە و بەماڵدا بیپرژێنە
چوومە قوتابخانە گوتیان کۆمپیۆتەر تاقیت دەکاتەوە
چوومە نێو ئۆتۆمبێل، گوتیان کۆمپیۆتەر هاوڕێی ڕێگاو بانت دەبێت
کە قسە لەگەڵ خودای لە حەوت ئاسمانان دەکەیت
ئەنتەرنێت دەیدۆزێتەوە
کە مردم و لەنێو قەبر گوتیان بی کۆمپیۆتەر.. بێ مەعریفە.. بێ میمۆری
تاوانکاری لە کۆمپیۆتەر نەترس
ئایا دەزانی ناوی کۆمپیۆتەر…؟
ئایا دەزانی کیبۆرد و میمۆری و مەزەر بۆرد و هارد و کلیک و سپەیس چییە؟
ئایا تۆ لەگەڵ کۆمپیۆتەر بە شکۆوە جووڵایتەوە؟
ئایا دڵی کۆمپیۆتەرت شکاندووە، دزیت لێکردووە؟
ئایا کوفرت و درۆت لەدژی کۆمپیۆتەر کردووە؟
حەرام زادە، ئیمپراتۆر کۆمپیۆتەر میر غەزەبە،
هەموو شت دەزانێت و هەموو شتی بەدەستە
دواعا بکە دەماری جۆت نەبێت!!
وا تۆقیووم.. نەبێتەوە
لە گۆڕیش بێت، حەزرەتی کۆمپیۆتەر دەزانێت چ خەونێک دەبینم
کۆمپیۆتەر لەهەموو شتێکی من، تەنیا پێشە خۆشم دەزانێت، کەی دەمرم
دەزانێت کەی سێکس دەکەم
کەی دەچمە ئاودەست و کەی چاو دەکەمەوە و چ وشەیەک لەزارم دەردێت
کەی تڕ و فسێک دەنگ بداتەوە، پێشە منیش بۆنی دەکات
هەموو جیهان دەبێتەوە، هیچ
هەموو جیهان کۆیلەی کۆمپیۆتەرە!!