فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەی هەور

ئەی هەور

شەهێن تەها/ شاعير / هەولێر

ئەی بەرزترین سەقفی زەوی و

نزمترین سەقفی روحم

ئەمجارە

وەک هیچ جارێک نا

سەفەرەکانت گۆڕاون بۆ بیابان

بیابان کوا هیچی لێیە

بەسەریدا دابباریت

ئێمە کە بێزاربووین دەڵێین

روح لەجێی سەختە و دەرناچێ

مەرگیش کە هات

هەموو شتێک

چمکی ژیان رادەکێشێت

وەک ئەوەیە

بەسەر پردێکی گوریسدا بپەڕییەوە

پردی گوریس

کەی شوێنی متمانە بووە

نێوان هەر پەتێک و پەتێک

مەودایەکە لەسەرکێشیی

فەزایەکە لە سامناکیی

ئیرەییم بە پەپوولە دێ

چ نەشئەیەک وای لێدەکات

لەدەوری گوڵ سەما بکات

توێی هەر پەڕەیەکی ئەویش

هەنگێگ عەوداڵی شیلەیە

 

23/ 5 / 2023