فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ببورە کە تۆم کردە کاری دووەم و پشتگوێم خستی

 

ببورە کە تۆم کردە کاری دووەم و پشتگوێم خستی

هبە فيصل/ نووسەر/ سلێمانی

 

کوێر، کەڕ نا تۆ بڵێ گەمژەبووم لە هەڵسەنگاندندا. لە بێدەنگیت نەگەیشتم و لەگەڵ ماندویەتیت نەهاتم. دەزانم ئێستا لە چاوی تۆ، منیش نموونەیەکی فرە دووبارەم لە پەیمانشکێنی. هاتووم لەبەردەم داوێنی بلوریی و پێی میهرەبانت، یەکە یەکە پرسیاری ئەو چاوە پڕ قسەوباسانە هەڵگرمەوە، کە وەک گوڵی گوڵەبەڕۆژە ڕوویان کردە دەمی تۆ. ئامادەم خۆم بکەمە فیدای ئەو چرکە بێدەنگیانەی لە نێوان پرسیارە بێوەڵامەکاندا، وەک تیغ سینەی تۆیان شەقار شەقار دەکرد. خەجاڵەتم لە ئاست ئەو هەموو وەفا و بەڵێنانەی ڕۆژانە وەک گیرفانم، پیاوەتیم پێیانەوە دەکرد. هەروەک چۆن پارە لە دڵدا ناژمێردرێ، ئەوهايش دەزانم کە کۆتایی فەرامۆش کردن و قەدرنەگرتنی بەردەستەکان، لەدەستدانە. ئێستا دەزانم گرنگتر لە هەوڵدان بۆ مانەوەی شتێک، لێزانیيە لە مامەڵەکردنیدا. جا گەر مرۆڤ هەمیشە ئاشنا بوایە بە سەرچاوەی ئازارەکانی، هەڵبەتە بەهەمان شێوە دەیتوانی ئاڵوگۆر بە جێگەکانیان بکات. ئێستا تۆ بوویتە ئەو ئازارەی کە من دەمەوێ زوو تێیپەڕێنم. مەگەر من هەمیشە بیستومە کە ئەوەی باس نەکرێت، لەبیردەکرێت. من نەمدەزانی بوونی تۆ ئەرکێکی پیرۆزە و لە فرە جێگەی ئەم جەستەیەدا هەڵدەگیرێت. وامزانی تەنها کۆڵەپشتێکە و هەرگیز بنی کون نابێت. ئەزیزم، من بێئاگابووم لە گوڵگرتنی بێ بەرانبەری تۆ. بە دارتوەکەی منداڵیم شوبهاندیت. وتم بەردیشت تێگرم، بەردەوام بەردەگریت. دڵنیابە، شەرمەزارم. کەفی هەڵچوونم، دوا دەزوولەی سۆزی تۆی هەڵکڕوزاند. دەزانم بە دەستی ساردی من تۆیش سوتایت. تومەس ئەمە باڵی تۆیە چەند ساڵە بۆتە تولێکی ئاوریشمی و لە دەمی مەگەز دەمپارێزێ. هەنوکە بڵقی پەشیمانی ڕووخساری هەڵزڵەپاندووم، لێوەکانم پرکیان کردووە و سینەم گرۆگرۆ. ئەوە منم لەسەر ئەژنۆ هەرچۆنێک دەست دەگرمەوە، فرمێسکی بەرۆکی تۆم بۆ گلنادرێتەوە. دەمەوێ ڕووی ڕەشی خەجاڵەتیمی پێ بشۆرمەوە. دەستنوێژی تۆبە و پاک بوونەوەیان پێبگرم. نەفرەت لە بوونێک کە نەتوانێ ڕێ لە توانەوەی ئەو جووتە بیلبیلەیەی تۆ بگرێت. ئاخ، چۆن غافڵگیربووم لە ئاست ئەو ڕووخسارەی کە تەنها بۆ من بە کلچۆک و ئاوی نێرگزێک کێشرا بوو. ئەوە منم ئێستا مردنێک بە ئاوات ئەخوازم. مەگەر فریشتەی مردن لەبری زوو دەرکێشانی ڕۆحم، بە زۆرترین ئازار و ژانەوە دەمهێڵێتەوە. درزێکی ئەم زەويیە بەخۆم ڕانابینم. بێباکیم ئەوێش پۆخڵ دەکات. دەڵێن گۆڕیش جێگەی ئەو مەردانەیە کە ژیان بۆ جوانی خۆی دەیانباتەوە. من لە هاتنی پایز و ئاشوبی زۆر دەترسێم. دەزانم ئەمجارە زۆر جەربەزەتر لەجاران زەفەرم پێدەبات. ڕەشەبای تەنیایی، گۆشەگیر و کەوڵم دەکات. هەنوکە چوارپەلی خۆمم لەقوڕناوە و سەری شۆڕم چەقاندۆتە نێو کۆشتەوە. قەزای ئەو هەموو سەرکێشی و قوربانیانەی بۆ هەبوونی من داوتە، لە ناوم کەوێت. داوا دەکەم بۆ ئەمجارەيش بمبورە. ڕووت لە نێو چاوانم وەرمەگێڕە. لێمگەڕێ گەر بۆ دواجاریش بێت، ئەم دەستە چزاوانەم لە نێو ئەگریجەی شێواوت فینک بکەمەوە. پەنجەی شایەتمان بەسەر ئەبرۆ و گۆنای مەلولت بخشێنم… پێتبڵێم … بمبەخشە.