هەتاوێک من و تۆ و نیشتمان دەگەیەنێتەوە یەکتر
نوری بێخاڵی/ شاعیر/ رواندز
وەرزی کۆچی باڵندە و
وەرینی درەختە
باڵندەکان بۆ سووچێکی ئەم جیهانە و
درەختەکانیش بۆ ناو خۆیان کۆچ دەکەن
من هەم درەختم و هەم باڵندە
خەیاڵم دەفڕێ و
لەناو خۆشمدا گرمۆڵە دەبم
تاریکیی بەرگەی گریانی درەخت ناگرێ و
لە فرمێسکەکانیدا دەتووێتەوە
با، دڵی بۆ باڵی باڵندە دەسووتێت و
بە پێی کیسەڵ هەڵدەکات
خەیاڵی تۆ و سێبەری نیشتمان لێم نابنەوە
هەورێکی تووشن لەناو سەرمدا
لە سەری پەنجەکانمەوە برووسکە دەدەن و
لە چاوەکانم دادەکەن
تۆ و نیشتمان دوو برینن لە زەینمدا
برین جۆگەلەیەکی سەرکردووە،
دەڕژێتە ڕووبارێکی خوێناویتر و
ڕێگایەکە بەرەو بێ کۆتا،
ڕێگاش تارمایی و تراویلکەیە!