ئاوازی گۆرانیەکەی دایکم
چرۆ زەند/ نووسەر/ کەنەدا
کە ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەمەوە،
لەبیرەوەری منداڵیمدا دەژیم،
لە جوانی کتێبی وێنەکان
ڕەنگە شتەکانم هەمووی وەک خۆی لەیاد نەبێت،
هەندێکم لە دەفتەری بیرەوەریدا نوسیەوە،
هەندێکی تر بونە ئاوێتەی دەروون،
یەک لەوانە،
ئاوازی گورانیەکەی دایکمە،
بە دوو وشە دەستی پێدەکرد،
هەر بەو دووانەش دەهاتە کۆتایی
لایە، لایە،
دایکم بە دەنگە خۆشەکەی، بەبڵندی دەیلاواند،
لە زستاندا بۆ ڕەوی باڵندەکان، بۆ کۆچی گەلەکەم،
لە بەهاردا بۆ خونچەکان، بۆ نیشتمان،
لە هاوینیدا بۆ ئەوین وجوانی سروشت بۆ چیاکان،
لەپایزی تەمەندا، بۆ مەرگی گەڵاو گووڵ،
بۆ کۆچی پایزی باوکم،
بۆ من وخوشکە غەریبەکەم،
بۆ تەنیایی خۆی،
بۆ ماڵی چۆڵ،
من ئێستا لەدوورەو ئەو ئاوازە ناوازەیە دەبیستم،
ڕۆژێک دێت نە ئەو دەبینم
نە ئاوازی هیچ گورانیەک لە دڵمدا دەمێنێ،
هەر چۆنێ بێ ئەو ڕۆژە، گورانیەک دەبێ بڵێم،
ئەوەش ئاوازی گورانیەکەی دایکمە.
خەرمانان ٢٠٢١