فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بوون و نەبوون

بوون و نەبوون

مەهدی زریان/ شاعیر/ کەرکووک

وەك زۆرانبازێکی ماندوو
بە دۆڕاوی ئەژنۆی ڕاستم
خستووەتە سەر تاشەبەردێکی
کون کونی لەبیرکراو
بەبێ دەنگی
دەستم ناوەتە نێو قژی
روبارێکی تەمەن درێژ
نەرم نەرم
بیرەوەرییە ئاڵۆزەکانی
کەفی ئاو دەخوێنمەوە!
یادێك تاڵترە لەحەسرەت
بێڕەنگتر لەچاوەڕوانی و
نەبوونی تۆ!
یادێکی پڕ لەپێچاو پێچ
دەمخەنە گێژاوێکەوە بۆ هەمیشە!،
لەودیوی ئەفسانەکانەوە
چەندین چیرۆکی نەبیستراو
چەندین رووداوی نەبینراو
دەکەونە ژێر پێی رۆژگار و
لمی کەنار قوتیان ئەدات،
ئێستا لەم دیوی حەساری ماڵی مندا
جیهانێکی جیاواز هەیە
لێرە هەموو وەرزەکان
لق و پۆپی یەك درەختن
ریشەکەیان دەچێتەوە
سەر خوێنێ من
لێرە..
گەڵای خەم بە لێزمە هەڵدەوەرێت
ئازار کڕێوە دەکات و
نائومێدی وەکو باران دائەبارێت!،
لەو ڕۆژەوەی ئەم گەردوونە
هاتووەتە بوون،
من لەجەنگدام
جەنگی ناو و بوون و نەبوون!
لەپاش هەرجەنگ و برینێك
گومان وەکو تۆز و غوبار
جەستە و ڕۆحم دائەپۆشێت
وەکو سێبەری درەختی بەر ڕەشەبا
هەر جارە و بۆ لایەك دەخشێت،
کات وەکو بۆنی دوکەڵی جگەرەیەك
تێڕامانی پڕکردووم
لە هەناسەی سوار،
بێهودەیە
تەکاندنی ئەم هەموو گەڵا وەریوە
بەسەرشانی شەقامەوە
بێهودەیە سڕینەوەی
ئەم هەموو گەرد و غوبارە
بەسەر روخساری پەیکەری
ئەو رۆژانەی جگە لەخوێن
هیچ کۆدێك نایانکاتەوە!،
کات دەتوانێت رێڕەوەکان بگۆڕێت و
ژمارەکان بسڕێتەوە!
ماندوو بووم لەبیرکردنەوە
دەستبەرداری خەون دەبم
روو لەخەیاڵ وەردەگێڕم،
کە تۆ نەبیت
رۆژەکانم تەم و مژن
سەفەر ئاراستەم دەگۆڕێ و
هەموو ڕێگاکانیش ونن!،