فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەسەر دوندی شاخێک

لەسەر دوندی شاخێک

ئیسماعیل بەرزنجی/ شاعیر/ هەولێر

( ناوەکەیم بیرنەماوە)
دەفتەرە شیعرێکم بزرکرد
کەهاتمە خوارەوە
نەموێرا سەیری بەرزایی بکەم
نەشم ویست
لاسایی سیزیف بکەمەوە
لەو رۆژەوە
لە دوندان رادەمێنم
*****
لەبەر رۆشنایی مانگ
خەمەکانی محەمەد ماغوت
دەدرەوشێنەوە
*****
بە جحێڵی
کچە سواڵکەرێکی جۆرجیم ناسی
ناوی ماریانا بوو
زیاتر لەرۆژانی باراندا
دیار دەکەوت
بەردەوام
لای مەمکی راستەی
وەک زیو دەبریسکایەوە
تۆ بڵێی ماریانا لەبن گڵ بێت
یان ئەویش وەک من
گیرۆدەی دەست
ئەم ژیانە سەخیفە بێت
***”
لە بنمیچێکی
مزگەوتی ئاڵتی بەرماغ
پەڕەسێلکەیەکم بینی
خەریکی چێ کردنی هێلانەبوو
دڵنیام
ڕوحی پیرباڵ مەحموود بوو