پياسهيهكى بێده‌نگ له‌گه‌ل خۆمدا
.بێکەس حەمە قادر/ شاعیر/ هەولێر
له پياسهيهكى بێده‌نگ
له‌گه‌ل خۆمدا
بيرم لاى جێهێشتنى خۆم بوو
روخسارم ده‌گۆڕاو
خه‌ريك بوو خۆم نه‌ناسمه‌وه
بيرم لاى تۆ بوو
ده‌كرا تۆ گوڵێكى نارنجى باى
له نێو تابڵۆيه‌كى شين دا
ده‌كرا تۆ گه‌وهه‌رێكى گران بههاباى
له قولايى ده‌ريا به‌دوات بگهڕابام
ده‌كرا تۆ ئه‌و درهختهباى
سپێدان به‌ر له‌وه‌ى تاو لێداباى
وه‌ك شه‌ونم نه‌رم بخهوتباى
گه‌ڵاكان ماندوو ببوون
له بهرزايى راكشابوون
كهبارانى دوێنێ شه‌و ته‌ڕى كردبوو
ئێواره روخسارى گۆڕابوو
با كراسێكى ره‌نگ په‌مه‌یى
توند له شۆڕهبيهك ئالاندبوو
ئه‌مڕۆ رۆژێكى جيا بوو
له دوێنێ گه‌رمتر بوو
هه‌واله‌كان سارد و
شه‌قامه‌كان چۆلتر بوون
ده‌ترسام دره‌نگ بكه‌وم
ماشێنه‌كه‌م هێواشتر لێده‌خوڕى
ته‌له‌فۆنه‌كه‌م بێده‌نگ كردبوو
په‌نجه‌ره‌كانى ماشێنه‌كه‌م داخست و
به بێده‌نگى گوێم له گۆرانيه‌كى كۆن گرتبوو
هيچ ئارامى نه‌كردمه‌وه
خه‌ريك بوو رقم
له با و باران و خۆم ببێته‌وه
حه‌زم له رۆيشتنهو
پێلاوه‌كانم ديارنين
ده‌مه‌وێ شتێك بخوێنمه‌وه
كه‌سێك نيه چاويلكهم بسڕێته‌وه
هيچ كه‌س لێرهنييه
ئه‌م نيشتمانه چه‌ند چۆله
من له پێوستى دا
ته‌نها حه‌زم له كڕينى بۆنێكى شانێڵ و
ليترێك شه‌راب و پاكه‌تێك جگه‌ره و
چڵ ليتر به‌نزينى نۆڕماڵ له ماشێنه‌كه‌م بكه‌م
تا له‌گه‌ل خۆم دا پياسهيهكى هێمن بكه‌م