فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پاییز

پاییز

ڕاژان حیسامی/شاعیر و گۆرانیبێژ/ تاران

 

هه‌موو سه‌رمایه‌ی ژیانم تاقه‌ خونچیلێکم هه‌یه‌
گیانی پاییز ئه‌گه‌ر ده‌کرێ ئه‌وساڵ مه‌یه‌
سوێند بێ به‌ به‌رزی دارستان
به‌ ڕۆحی تینووی جاڕستان
بۆ نه‌هاتن هه‌زار بیانوو و میانوو هه‌یه‌
هێنده‌ ترساو و تاساوم
سه‌رم سووڕماوه‌ نازانم
له‌ خشپه‌ی پێی په‌پووله‌یه‌کی پاییزیش به‌دگومانم
پاییز!
گه‌رچی ده‌ڵێن تۆ مێعماری
ڕه‌نگه‌کانی تۆ نه‌ققاشی هه‌وره‌کانی
ئه‌تۆ خودای ئاسمانی
ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیش ده‌ڵێن
تۆ به‌هاری شاعیرانی
به‌ڵام به‌ ڕۆحی چوار وه‌رزه‌
به‌ به‌دیهێنی ئه‌م عه‌رزه‌ هێنده‌ به‌ڵگه‌ی تاڵیم هه‌یه‌ تا بۆم بکرێ ده‌ڵێم مه‌یه‌ مه‌یه‌ … مه‌یه‌ …
ئاخ ده‌ستم ده‌سه‌ڵاتی بوایه‌ پێم پێی ڕۆینی بوایه‌ هیممه‌تم هێزی ببوایه‌
هه‌رچی زووخاوی مێژوویه‌ به‌ هه‌موو پاییزێکم ده‌چێشت یه‌ک پاییزیشم نه‌ده‌هێشت
تۆ نازانی
تۆ نازانی چه‌ند له‌ بوونت نیگه‌رانم
تاقه‌ خونچیله‌یه‌کم هه‌یه‌ هه‌موو
سه‌رمایه‌ی ژیانم
ده‌ترسم بیکه‌یه‌ سه‌رما
ده‌ترسم بیده‌یه‌ ده‌م با
په‌ڕی گوڵی گوڵم ناسکتره‌ له‌ گوڵپه‌ڕی هه‌ناسه‌یه‌ک،
ئه‌وه‌م لێ بووه‌ته‌ تاسه‌یه‌
کوه‌ره‌ تۆ حه‌زره‌تی حه‌زیا
تۆ به‌ژنی ژانی سه‌د خۆزیا
تۆ تاڵ و تووڕه‌یی هه‌وران
تۆ قرچه‌ی پشتی دارستان له‌ هه‌ڵمه‌تی بێ‌به‌زه‌ییت له‌ ناو بریان
خانه‌خه‌راب!
خانه‌خه‌راب چی ده‌بێ ساڵێکی مه‌یه‌
وه‌ره‌ نه‌خشه‌ت بۆ ده‌کێشم
ده‌س ده‌رهۆک و په‌مه‌یه‌
هه‌تا جمه‌ت دێ بینۆشه‌
ئه‌وسا به‌و شمشاڵه‌ نه‌یه‌ پێکه‌وه‌ به‌سته‌یه‌ک ده‌ڵێین وه‌ک گۆرانی
پاییز!
پاییز! بووکی قژزه‌رد
من مات تۆ زیز
هه‌ردوو هاوده‌رد
ئه‌رێ هه‌ردوو هاوده‌ردبه‌حه‌ققی ڕوحی ئه‌م تاڵه‌
له‌ مێژ ساڵه‌ ڕوحم تینووی ماچێ لێوی نه‌رم‌نه‌رمه‌ ڕه‌نگ په‌مه‌یێ
برسێتیم ژه‌مێک باوه‌شی گه‌رم‌گه‌رمه‌ ڕه‌نگ له‌مه‌ییئای له‌مه‌ی ئای په‌مه‌یی
کام بێ‌به‌زه‌ بزه‌ی بزووت؟
کێ تۆرانتی
کێ بزوانتی
نه‌ت کوت له‌گه‌ڵ گه‌زیزه‌ دێمه‌وه‌؟
نه‌ت کوت له‌گه‌ڵ گه‌زیزه‌ دێمه‌وه‌؟
پاییز داهات بۆ له‌مه‌یی؟
بۆ له‌مه‌یی؟
شیله‌ی هه‌نگوینت چاو هه‌نگوینی
بۆ نه‌مه‌یی؟
بۆ نه‌مه‌یی؟
پاییز وڵاتی به‌قوڕ گرت ده‌رکی ماڵت به‌قوڕ گیرێ موژده‌ی گه‌زیزه‌ی هاتنت بۆ نه‌گه‌یی؟
بۆ نه‌گه‌یی؟
پاییز وه‌ره‌
وه‌ره‌ پاییز په‌شیمانم بۆ هاتنت وێران، وێران، وێرانی وێرانم
تۆ بی و ئه‌و ڕۆحانه‌ی مشتت
تۆ بی و ئه‌و خوێنانه‌ی ڕشتت
تۆ بی و ئه‌و باخانه‌ی کوشتت
تۆ ئه‌و نه‌مامانه‌ی ناشتت
ئاخ پاییز!
چه‌ند شاخ و باخت داڕماند
چه‌ند که‌پر و کاخت تێک به‌زاند
چه‌ند که‌شتیت نووقمی ده‌ریا کرد چه‌نده‌ تۆفانت به‌ پا کرد
چه‌ند ئه‌ویندارت جیا کرد
چه‌نده‌ت بێ‌ڕه‌حمی و جه‌فا کرد
ئه‌وا ئێستا من و ده‌ریا ده‌ریا چاوه‌ڕوانی
باوه‌ش باوه‌ش ئینتزاری تێڕمانیی
زوو بمگه‌یه‌
بێزاره‌ زارم له‌ وتن زوو بمگه‌یه‌
بێزاره‌ زارم له‌ وتن
به‌ مه‌رگت ڕازیم به‌ نه‌بوون