فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە بیرت دێت؟؟..

لە بیرت دێت؟؟..

سۆران باساکی/ لێکۆڵەری بواری فیکر و فەلسەفە/ ھۆڵەندا

ئازیزی دڵ لە بیرت دێت
یەکەم ژووان
یەکەم بینین لەسەر سەربان
مانگ چواردە بوو
ئەستێرەکان ھاتبوونە گۆو ..
دەیان چرپان؟!!.
بیرت ماوە بە دزییەوە
دەست لە ملان بووین
بە ئەسپایی تا بەیانی
نەخەوتین و ھەر
یەکتریمان دەلاوان ..؟!
بیرت ماوە ..
پێم دەوتی : ئازیزی دڵ
تۆ دەزانیت دوو مانگ ھەیە..؟
یەک لە ئاسمان ..
یەکیش دراوسێکەی خۆمان..!
یەکێکیان مانگی بێ ڕەنگ و
ئەویتریان مانگی تابان..؟!
باسمان باسی بەیەکگەیشتن..!
باسی ناوماڵ
باسی باسی گڕوگاڵی
یەککەم منداڵ..؟
بیرت ماوە بەرەبەیان
ھاواری بانگ بەرز بوەوە
لە بڵندگۆی مزگەوتەکان
دەستت لە یەخەم کردەوەو
لە دوای ماچێکی گەرم و تەڕ ..
وەک کارمامز بازێکت داو
چوویتەوە بۆ ماڵی خۆتان ..؟!
تا ئەو کاتە نەم دەزانی ..
چیە و چۆنە تامی ژیان ..؟!
ئای لەو شەوە
دونیا ڕووناک بە تیشکی
مانگەکەی خۆم و
مانگی یەزدان.
ئاسمان تەڕ بوو ..
لە ھەناسەی تاساوی ..
گیانی ھەردوکمان.
ڕووناکی مانگ دەبووە خەرمان.
زۆر سەیر بو بۆ بەیانی ..
کە تۆم بینی
وات ئەزانی ھیچ نەبووەو
ڕووی نەداوە ..!
دەست لەملان و چرپە و ماچ و
باوەش و دەست بازی شەومان .!
ئەنجا زانیم خەونم دیوە ..
نە من خۆم بووم،
نە کچەکەی دراوسێشمان
ئای لەم خەوە نەفرەتییە ..!!.
25/11/2022