هەمووشتێک بەرد بوو!
ئایدیا و گێڕانەوەی سەلام قەزاز
لە بری پێشەکی
خەیاڵێک بوو بە نووسین!
کۆتا ڕۆژەکانی وەرزی پایزی ساڵی 2022 هاوڕێی هونەرمەندم خاتوو نەوژین محەمەد، تەلەفونی بۆکردم و پرسیاری ئەوەیکرد چۆن و کەی یەکتر ببینین؟ پرسیارەکەی کەمێک مایەی لەسەر وەستان بوو! یەکسەر پێموت: هیچ بووە؟ هیچ هەیە؟ کەمێ بێدەنگبوو… وتی: نەوەڵا، هێندە نەبێت هاوڕێیەکم هەیە، کتێبێکی هەیە و دەیەوێت تۆ هاوکاریبیت، لە پێداچوونەوەو نووسینەوەیدا.
پرسیارمکرد ئەو هاوڕێیەت کێیە؟ وتی کاک سەلام قەزاز!
کەمێک بێدەنگبووم و وتم بەسەرچاو، لە دەرفەتێکی نزیکدا، یەکدەبینین.
پێموابێت دوو ڕۆژ دوای ئەو تەلەفونە، ئێوارەیەک سێ قۆڵی “کاک سەلام و نەوژین خان و من” لەئۆفیسە تایبەتەکەی کاک سەلام لە شەقامی سالم یەکترمان بینی.
ئێوارەیەک، پڕ لە گفتوگۆ و قسەکردن. من دەمێکە کاک سەلام لە دوورەوە دەناسم. وەک کەسایەتییەکی تەکنۆکرات و ناودار، بەڵام وەک نووسەر و شاعیر، هەرگیز نەمناسیووەو ناوم بەر گوێ نەکەوتووە!
لە دانیشتنەکەدا، هەوڵمدا من کەمترین قسەبکەم، بەس گوێ بگرم و بزانم ئەو چی هەیە و دەیەوێت چ بنووسێتەوە! ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ دەستپێکی قسەکانمدا، مەبەستم بوو بزانم چۆن منی بۆ ئەم کارە هەڵبژاردووە؟ ئایا بەرهەم و نووسینەکانی منی خوێندوەتەوە یان نا؟
لەقسەکانیدا، ئەوە تێگەیشتم ئەویش، دوراودوور ئاگای لە کار و نووسینەکانی منە و لەسەر ئەو بنەمایەش منی هەڵبژاردووە. پاش کەمێک قسەکردن و باسکردن لە بەرهەم و نووسینەکانی خۆی، لە ڕەفەکەی پشتی سەرییەوە، دوو کتێبی هێناو پێشکەشیکردم. کتێبەکان، دوو دیوانی خۆی بوو بە ناوەکانی (ساتەکانی مەستبوون) و (کونی تبیبتی) کە چاوێکم بە دیوانەکانیدا خشاند، دەبینم چەندین هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد و عەرەب، شیعرییەکانی کردووە بە گۆرانی. لەوانە (کەمال محەمەد، موحمود محەمەد، مایدە ئەلحەناوی، لەتیفە ئەلتونسییە یاس خزر، عەمار ئەلکوفی و …..) ڕاشکاوبم ئەمەش هێندەی تر هانیدام لەم پڕۆژەیەدا لەگەڵی بەردەوامبم.
شیعرەکانی، ستایلیکی تایبەتە لە شیعری لیریکی و کلاسیک. تێکەڵەیەکە لە هەستی ئەڤینداریی و جوانبینیی بۆ سرووشت و ئێستا و ڕابردوو.
ئەو ئێوارەیە، تا درەنگانێک قسەمانکرد و باسی بیرۆکەکەی بۆکردم کە دەمێک ساڵە چەندین ئایدیا و بەسەرهات لە خەیاڵیدا دێت و دەچێت و نایەوێت ئەو خەیاڵانەی بمرێت و دەیەوێت لە کتێبێکدا چاپیبکات. بیرۆکەکەشی لەبارەی نووسینەوەی چیرۆکە جیاوازەکانی (چەوەکانی کەنار سیروان)ە!
نامەوێت لەم پێشەکییەدا، باسی ناوەڕۆکی کتێبەکە بکەم، با خوێنەر خۆی بەش بەش لەگەڵ ئەو چیرۆکانەی ئەم کتێبەدا بڕوات! بەڵام بیرۆکەکەی بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو، کە باسی ڕەهەند و بەش و سەرەتا و کۆتاییەکانی ئەو چیرۆکانە کرد و داوایکرد من هاوکاریبم لە پێداچوونەوە و نووسینەوەی خەیاڵەکانی، بێ یەک و دوو داواکەیم پەسەندکرد.
دوای چەندین دانیشتنی دوو قۆڵی و باسکردنی کارەکتەر و چیرۆک و بەسەرهاتەکان، چەند مانگێک بەش بەش، چیرۆکی چەوەکانمان دەنووسییەوە. جگە لەوەی خۆم پێیدادەچوومەوە، دواتریش کاک سەلام خۆی بەش بەش و دێڕدێڕ و وشە بە وشە بە وردی پێیدا دەچوویەوە و دەسکاریکرد و پاش و پێش و جێگۆرکێی بە بەش و چیرۆکەکان دەکرد.
سەرەنجام دوای چەندین مانگ، ئەم کتێبەی بەردەستان “هەموو شتێک بەرد بوو” لە دایکبوو. هیوادارم مایەی چێژ و بایەخی خوێنەران بێت.
کامەران سوبحان
٢٨/١/٢٠٢٣
هەمووشتێک بەرد بوو!
پێرست و ناوەڕۆکی بەسەرهاتەکانی چەو!
دەستپێک
گەڕانەوە بۆ سەرەتا، سەرەتاکانی نووسین!
سەلام قەزاز…. پیاوی گێڕەرەوەی خەیاڵە پەرشەکان!
مێژووی بەرد.. سڵاو ئەی پیرە بەرد!
ڕوداوێک، دڵی سرووشتی ناوچەکەی شکاند!
نووسەری ئەم کتێبە لە بێدەنگییەکی قوڵدا!
چەوەکان، چیرۆکی ئاوارەیی خۆیان دەگێڕنەوە!
ئەفسانەکانی تونی بابا
چەوێک، چیرۆکی زیندانیبوونی دەگێڕێتەوە!
دوو چیرۆکی خوێناویی زیندان!
چەوێک، چیرۆکی کەڕبوونی خۆی دەگێڕێتەوە!
چەوێک چیرۆکی قاچ و پێڵاوەکان دەگێڕێتەوە!
چیرۆکی چەوەکانی نزیک قەڵا!
چەوی یانەیەکی شەوانە!
قوتابخانەی ئەیوبییە و چیرۆکی رەئوف !
چەوەکانی سەیوان و دوو چیرۆکی جیاواز!
گفتوگۆی چەوێک لەگەڵ شەهیدێکی فولکەی نالی
سەیوان و شیعری شاعیرانی کورد بوو!
بانگردێنەکە و مارەبەجاش!
چەوەکان و کوێرکردنەوەی کانییەک!
پانۆرامایەک بەدەم ڕێگاوە!
ئەشکەنجە و ئازادیی
چەوەکانی ئەمنە سوورەکە!
ئەو خەیاڵانەی لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا مردن!
مەنسور ئەرکەوازیی و چەوەکان…
ساتەکانی کۆتایی خەیاڵ!
چیرۆکەکانی سەرەتا و کۆتایی
دەستپێک:
(دەمەوێت بنووسم. نازانم لە کوێوە دەستپێبکەم؟ سەرم پڕە لە خەیاڵ و بیرەوەریی جیاواز و هەمجۆر! بە دوای دەروازەیەک دەگەڕێم بۆ نووسینەوەی ئەو خەیاڵانەی سەرم، بە هیچ کوێ ناگەم! هەندێجار دەمەوێت بە شیعر و هەندێ وتەی کورت، خەیاڵەکان بخەمە سەر ڕووی لاپەڕە. هەستدەکەم خولیا و خەیاڵم، ئۆقرە ناگرێت و شیعر ناتوانێت هەموو خەیاڵەکانم ڕامکات، بە ناچاریی دەبێت پەنا بۆ ژانر و شێوازێکی تری نووسین و گێڕانەوە بەرم!)
گەڕانەوە بۆ سەرەتا، سەرەتاکانی نووسین!
بەیانییەکی زووە، شەو تازە بەزیووەو بە بێدەنگی ئۆقرەی گرتووە! ئێستا پێش هەڵهاتنی پرشنگی خۆرە بۆ سەر زەمین. ماڵ، کش و ماتە. گوێم لەدەنگی هیچ شتێک نییە، بێدەنگی نەبێت! لەناو بێدەنگیی و کش وماتی ئەم ماڵەدا، لەنگەرم گرتووە. کەمێک لەناو ئەو بێدەنگییەدا مامەوە و لە گەرماوەکەی ماڵەوە، هاتمە دەرەوە. لەناو ڕۆبەکەمدا، وەک چۆلەکەیەکی خوساو خۆم و بە خەیاڵی چوونە دەرەوە بۆ کار، خۆمم گۆڕی و خۆم ئامادەکرد. لە چوونە دەرەوەدابووم، هەستمکرد قژم کەمێ تەڕە. چومە بەر ئاوێنەی هۆڵەکە و ویستم بە ئامێری وشککەرەوەکە وشکی بکەمەوە. (کەمێک بێدەنگیی)
لەشوێنی خۆم کەمێ وەستام و بە بێدەنگی لە ڕوخساری خۆم ڕامام! دەموچاوی خۆمم ڕوونتر بینی، سپی بوونی مووەکانی سەرم، کەمێ چرچ و لۆچی ڕووخسار، کەوتنی پێستی ژێر چاوەکانم، ئەمانە ئاماژەیەکی جیاوازی ژیانن! سەیرە، مرۆڤ لە تێڕامان لە ڕووخساری خۆی، زیاتر خەیاڵی پەرش دەبێت، من بە پێچەوانەوە، هەستمکردم خەیاڵەکانم زیاتر دەپژێت! بۆیە بڕیارمدا، ئیدی لەمەودوا هیچ تەمەڵییەک نەکەم و خەیاڵەکانی خۆم کۆبکەمەوە و دەست بە نووسینیان بکەم! خەیاڵ… خەیاڵ… خەیاڵی زیاد لەدەیانساڵ لەمەوبەر، بیرۆکەیەک تێکەڵ لەڕاستی و خەون، دەمەوێت بینووسمەوەو هەندێ خەون و بیروبۆچوونە واقیعییەکانم لەناو ئەو بەسەرهاتە پەرشانەی رابردوو جێبکەمەوە! هەرواشە، نووسین باشترین ئامڕازە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوە نهێنی و شاراوەکانی کەلەسەری مرۆڤ! لە خۆڕا نییە ئەم دەستپێکەی کتێبەکەمم ناونا: (گەڕانەوە بۆ سەرەتا، سەرەتاکانی نووسین!)
ئەم بەیانییە، ڕۆژێکی کۆتا ڕۆژەکانی وەرزی پایزە، بڕیارە سەخت و ئاڵۆزەکەمدا، بڕیارمدا بنووسم، خەیاڵی پەرش و پەرتەوازەم لە چوارچێوەی ئەم کتێبەدا، بۆ هەتا هەتایە بە نەمری بسپێرم، چونکە ئەوەی دەمێنێتەوە نووسین و وشەکانە، ئەوەی ماڵئاوایی لەسەر ئەم هەسارەیە دەکات، مرۆڤە، مرۆڤ…)
*سەلام قەزاز…. پیاوی گێڕەرەوەی خەیاڵە پەرشەکان!
هەورە برووسکە و چەخمایەک کەمێک زەوییەکەی ژێر پێمی لەراندەوە، ئاسمانێکی نیمچە لێڵ و تاریک، کازیوەی بەیانی ڕۆژە سەرەتاکانی وەرزی پایزە! شاخ و کێو و کوێستانی سنوورەکان، لە ساتی مەستبوون و بێدارییەکی تایبەت و سەرنجڕاکێشدان. کزەی سەرمایەکی نەرمی پایزانە، هێمای ڕۆژێکی نوێی ئەو چەم و ڕوباری دامێنی سنوورەکە دەردەخات. ئەم دیمەنە، ئارامییەکی وای بەخشیووە بەو دۆڵ و دەشت و کێوانە، مرۆڤ لە بری تێڕامان، هەست بە مەستبوونی قوڵی ڕۆح، دەکات. تەنها ڕۆحی مرۆڤ نا، ڕۆحی درەخت و بەرد و ئاسمان و داروبەردی سرووشت!
ئەم شوێنە، سەرزەمینێکی دێرینی مرۆڤایەتییە. دار و بەرد و ڕوبار ئاو و کارێزەکانی، هەریەکەیان مێژوویەکی بەرین و دەوڵەمەندی خۆی هەیە. مێژووی بەرد، یان ئەو ئەفسانە دێرینانەی لەبارەی مێژووی بەرد و “چەو”ی ناوئاوەکانی ئەم ناوچەیەدا هەیە و دەڵێت: (هەمووشتێک بەرد بوو!) ئەم وتەیە، ناڕوونە و پێوستی بە کەمێک وردبوونەوە و تێڕامانی قوڵ هەیە.
لە یەکێک لە کتێبە دەستنووسە دۆزراوەکانی نێو خانەقا و قوتابخانە ئاینییەکانی ئەم ناوچەیەدا، لە باسکردنی ئەم نیوەدێڕەدا نووسراوە: “لە غەدر و دڵشکان و ئازاری سرووشتی قەشەنگی ئەم ناوچەیە، لەلایەن دووژمنانەوە، هەموو شت بووە بە بەرد، بەرد، وەک ڕەقیی، بەرد وەک کۆن و سەنگینیی، بەرد وەک چیرۆکە جیاوازەکانی ژیان!”
بەدەر لە پێناسەی بەرد، لە کتێب و دەستنووسە دێرینەکاندا و لەخوێندنەوەیەکی تر لەبارەی بەردی ناوچەکە، پێیوایە بەرد بوون و مێژووی بەرد، واتە ڕەسەنایەتی و شوناسی مرۆڤ لەم ناوچە و جوگرافیا دیاریکراوە. بەجۆرێک، کاتێک دوژمنەکانی ئەم گەلە بێ دەوڵەتە، لەکاتی پەلاماردان و هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵک و خاکەکەی، پێش هەمووشت پەلاماری بەرد و تاشەبەردەکانی ئەم ناوچەیەیان داوە، پێیان وابووە تا بەرد و تاشەبەردەکان هەبن، لەناوچوونی خەڵک و شوناس و زمانەکەیان، کارێکی مەحاڵە!
بەدەر لە چیرۆکی بەرد و دەستەواژەی (هەمووشتێک بەرد بوو!) بەرهەمێکی تری ئەم سرووشتە جوانەی نێو ناوچەی سنوورە دەستکردەکان، درووشمی (کوێرکردنەوەی ڕوبار و کانیاوەکان، پێش کوشتنی مرۆڤەکان!) یەکێکی تر بوو، لە درووشمی دوژمنانی ئەم گەلە. ئەوان پێیان وابوو، (بەرد و ڕوبارە سرووشتییەکانی ناوچەکە) شوناسی خەڵکەکەیەتی و دەبێت پێش مرۆڤەکان، ئەو دوو کەرەستە سرووشتییەی سەر زەمینی کوردان، خاپوورکەن کە ئەوانیش(بەرد و ئاو)ن!
*مێژووی بەرد.. سڵاو ئەی پیرە بەرد!
تیمێکی بەردناسیی و کانزاناسیی بیانیی لە ڕێگەی یەکێک لە زانکۆکانی کوردستانەوە، ماوەی چەند ساڵێک لەو جوگرافیا نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریان بۆ دۆزینەوە و ناساندنی شوناس و مێژووی بەرد و گابەردەکانی ئەم ناوچەیە دەکرد. کارکردنەکەیان لە نیوان دوو گوندی سنووری ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان بوو. ئەم دوو گوندە، ساڵانێک پێش ئێستا گوندێک بوون. بەڵام زلهێزەکان، لەکاتی دابەشکردنی کوردستان بە شیرێکی تیژ، سنوورێکی دەستکردیان درووستکرد و خەڵک و بەردو ئاو و ڕێگا و باخ و سرووشتەکەیانکرد بە دوو بەشەوە. ئیدی سنوور بوویە دیواربەندێکی دەستکردنی ناوچەکە و هیچ مرۆڤێک نەیدەتوانی ئەو سنوورانە ببەزینێت، تەنها باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان نەبێت. ئەوان ئازادن و هەموو ئەو سنوورانە دەبڕن، کە مرۆڤە چاوبرسییەکان، لەسەر زەوی درووستیانکردووە!
ئەم دابەشکردنەی سنوور، ساڵانێکی زۆر جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوەم بوو. چێشتەنگاوێک، ویستم هەندێ وشە لەبارەی گورگەکان و سنوور بنووسم! چەند پەرەگراف و دێڕێکی جیاوازم نووسی، بەڵام پاش خوێندنەوەی چەند جارێک ئەو نووسینە، هەستمکرد مافی تەواوم نەداوە بە سنوور و گورگە برسییەکان!
ئەو ڕۆژە تا ئێوارە، بەردەوام لە خەیاڵی سنوور و گورگەکاندا بوون! درەنگانێکی شەو، خەیاڵ زۆری بۆ هێنام، ئەمجارە لەبری نووسین و گێڕانەوە، خەیاڵم پژا و شیعری “گەلەگورگ” لەدایکبوو!
گەلە گورگ
گەلە گورگێکی چاو برسی
لەکوێستانەوە تا گەرمیان
بە دوای نێچیردا ئەگەڕان
کەرێکی تۆپیویان بینی
لە ناو خۆیان ، بوو بە شەڕیان
بۆ كاميان سەرو گوێلاکی ؟
ئەی لا ڕان و پێچکەکانی
لاشەی کەری تۆپیوو نەما
ئێسقان و گۆشتی بۆگەنی
لەت لەت کرا ، هەموی خورا
گەلە گورگ ڕشانەوە
سەفرای سکیان هێنایەوە
زەرداوی قین وەک ژەهری مار
ئەهاتە دەر لە گورگی هار
هەر هەمویان قەراریان دا
خەتی ڕشانە وە ی بۆگەن
لە باکورەوە بۆ باشور
لە نەخشەدا بێتە سنوور
بۆ پاراستنی ئەم خەتە
لە ڕۆژهەڵات قەلە ڕەشێک
لە ڕۆژئاوا ڕێویە گەڕێک
لە باشوریش بایەقوشێک
لە باکووریش زەردە مارێک
دەعبای گڵاوی لای خۆمان
دەستیان تێکەڵ کرد لە گەڵیان
پێان سپاردن ئەم خەتە
نەکا کەوی سپی باکوور
لە بەهارا بەشەقەی باڵ
بفڕێ بەرەو ناوچەی باشوور
یان سمۆرەی چاو زیتی جوان
لە ڕۆژ ئاواوە بار بکا
بە خۆی و گشت بێچوەکانی
بۆ ڕۆژ هەڵات لای باوانی
یان زاوایەک زاتی هەبێ
دەستی بوکی جوانی بگرێ
بۆ دیدەنی خەزورانی
لە باشوورەوە بۆ باکوور
بە ئازادی هەنگاو بنێ
ڕۆژێک دادێ زێدی خۆمان
پاک ئەکەینەوە لە گورگان
لە بری ڕشانەوەی ئەوان
بە نێرگزی چاو گەشی جوان
بە گوڵاڵەی سوری بێگەرد
بسڕینەوە خەتی دەستکرد
بەردەکانی سنوور، بەردەکانی ئەم ناوچە دڵگیر و قەشەنگە بە تایبەتی بەردی ڕۆخی ڕوبار و کانیاوەکانی، بە یەکێک لە بەردە زۆر دێرینەکانی سەر ڕووی زەمین، ئەژمار دەکرێن. بە پێی توێژینەوەی پسپۆڕانی زەویناسی، بەردی ئەم ناوچە سنوورییە دەستکردانەی هەورامان، بەتایبەتی بەردی هەردوو گوندی (بیارە و هانەگەرمەڵە) کە دوو گوندی دابەشکراوی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، سێ جۆر بەردی زۆر بەناوبانگ و بەنرخی تێدایە. ئەو بەردانەش، تەمەنیان لە نێوان 80 بۆ 100ملیۆن ساڵ دەبێت. بەردەکانیش بەناوی:
بەردی لایمیتۆن
بەردی چێرس
بەردی کلیستۆن
ئەم بەردانە، کە لەبن و ڕۆخی ئاوی ناوچەکەدا دەمێننەوەو هەندێجار بەدەم ئاوەکانەوە دێن بەرەو دەریاچەی دەربەندیخان و ڕوباری سیروان و ، بەرد و چەوی (قوڵ قوڵە) ناودەبرێت. ئیدی پاش ئەوە، ئەو بەردانەی ناو ئاو، یان بە خڕە بەرد و چەویش ناودەبرێت. لە بنەڕەتیشدا، (لم و چەو) بەرد بوون و لەئەنجامی گۆڕانکاریی سرووشت، شێوەو تایبەتمەندیی و سرووشتیان گۆڕاوە، لە بەردەوە بۆ چەو، یان لم! رەنگە لم، وردە بەردبووبێت و لە هاڕین و دڵرەقی هەندێ گۆڕانکاریی سرووشتی بووبێتە ئەو تەنەی کە بە بە (لم) ناوببرێت!
ئەم گۆڕانکارییەی نێوان بەردو چەو، بۆ ئێمە و خوێنەر و نووسەری ئەم کتێبە ئێجگار گرنگ و بایەخدارە. چونکە لەم بەشە بە دواوە، سەرجەم بیرەوەریی و بەسەرهات و ڕوداوەکانی کتێبەکە، کارەکتەرێک بەناوی (چەو)دەیگێڕێتەوە!
چەوەکان، سەرجەم خەیاڵ و چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی، وەک دانی تەسبیح، سەرجەم بەسەرهاتی چەوەکان، پێکەوە دەبەستێتەوەو چیرۆکێکی درێژی لێدرووست دەکات!
ئەم شیعرەی سەلام قەزاز، گفتوگۆی نێوان گا بەرد و کانی و چەمی ناوچەکەیە
لە بەرزە شاخێکی کوێستان
چەن لقە ئاوێکی زۆر جوان
وردە وردە ڕێگایان گرت
دەستیان لە ملی یەکتر کرد
ڕوبارێکیان لێدروستکرد
گابەردێکی شاخ پێیوتن
من لەم بەرزییە شەوانە
بە بڵێسەی تاڤگەی گڕێک
کلی ئەکەم ئەم چاوانە
مامەی گابەرد پرسیاریکرد
ڕێگەی دژوارتان بۆ چیگرت
ئێوە دڵتان پڕ لە داخە
لە کوێوە هاتنە ئەم شاخە
بەرەو کوێیە ڕێگەی دورتان
بۆ کوێ ئەبەن داخی دڵتان
بۆ بڵێسەیەی ئاگری دور؟
بۆ کەرکوکی دڵ پڕ لە نوور؟
من خۆم خەڵکی ڕۆژهەڵاتم
خوشکەکەم لە باشورەو
بۆ دیدەنی خوشکم هاتوم
ئەی تۆ خانمی زۆر جوانم ؟
من خۆم لێرە هەڵقوڵاوم
دەمێکە نەزرم کردووە
حەجێکی کەرکوک قەرزارم
گا بەرد پرسی لە سێیەمیان
ئەی تۆ قوربان هیلاک دیاری
وا دیارە تۆ لە دوور هاتوی
من لە باکور هەڵقوڵام
ڕێگەم دوور و پڕ دژواو بوو
پڕ لە سەختی و نسکۆی تاڵ بوو
بەڵام ڕێگە قەت بەرنادەم
نەزری خۆمە و لێی خۆشنابم
لە سلێمانی هەتا حەمرین
بست بەبستی ئەم ڕێگایە
گشت ماچ ئەکەم بەم زووانە
کە گەیشتینە لای تاڤگەی گڕ
دەستمان کردە ملی ئاگر
دڵت خۆش بێت مامەی خۆگر
ڕوداوێک، دڵی سرووشتی ناوچەکەی شکاند!
بەرد و چەوەکان، بە ئارامیی لەبنی ئەو ئاوەدا لەنگەریان گرتووە کە سەدان ساڵە نە سنوور دەناسن، نەڕەچەڵەکی خۆیان. ئەوەندە دەزانن، لەنێو ئەم توولە ئاوە درێژەی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور، بێویست و ئارەزووی خۆیان لەنگەریان گرتووەو هیچی تر. نە کەس پێیان دەڵێت نیشتمانی ئێوە لە کوێیە و نە کەس ئازاریان دەدات. ڕوخساریان، لەناو ڕوونی ئەو ئاوە پاکژەی نێو ئەم سرووشتە جوانە، دیمەنێکی شیک و قەشەنگی وای درووستکردووە، هەندێجار کوڕ و کچە عاشقەکانی ئەم ناوچەیە، سوێند بە جوانیی و نیانی ئەو خڕەبەرد و چەوانە دەخۆن کە لە بنی ئەم ئاوەدا ڕاکشاون!
لەبیرمە ساڵانی زوو، کوڕ و کیژە عاشقەکان، دەچوونە کەناری ئەو ئاوەو بەردیان دەگرتە قوڵایی ئاوەکە، دەنگێکی وای درووستدەکرد، دەتووت بەردەکەیان، دەکەوێتە قوڵایی ئەشکەوتێک، نەک بنی ئاوێکی نەوەستاوی دورودرێژ. هەندێجار، کیژە عاشقەکان، لە ناوخۆیاندا دەیانوت خڕەبەرد و چەوی ئەم تولە ڕوبارە، پیرۆزیی خۆی هەیە، چونکە بە دەستی یار و کوڕە عاشقەکان فڕێدراوەتە ناو ئاوەکە!
کیژێک، بیرەوەریی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ساڵانێک پێش ئێستا، ئەو ڕۆژگارەی خوێندکاری ناوەندی بووم، زۆرجار لە گەڕانەوەماندا لە قوتابخانەوە بۆ ماڵ، لەگەڵ کیژە هاوڕێکانماندا، پێڵاوەکانمان دەگرت بەدەستمانەوە و بە پێی ڕوت، بەناو بەشە تەنکەکەی ئەو ئاوەدا ڕاماندەکرد تا نزیک ئاوایی، ئەم دیمەنە خۆشی و چێژێکی بێسنوورری هەبوو، ئەمە جگە لەوەی تۆن و دەنگی خڕەبەردەکانی ژێر پێمان و جارجار قیڕەی بۆق و جوڵەی قرژاڵەکان، ئاوازێکی زۆر تایبەتییان درووستدەکرد.
لەهەمووی سەیرتر، بەرد و چەوی نێو ئەو ئاوە هێندە نەرم ونیان بوو، نەک ئازاری بە قاچەکانمان نەدەگەیاند، بەڵکو ئارامییەکی زۆریشی پێدەبەخشین و کە دەگەیشتینەوە ماڵ، هەستمان بە هێوربوونەوەو نەرمبوونی هەموو جەستەمان دەکرد!
ئەمانە و چەندین دیمەنی دیکەی بەرد و چەم و کانیی ئەم ناوچەیە، دیمەنێکی وای بەخشیبوو، هەمیشە لەبەرچاوی نەیار و دوژمنە دڕندەکان بێت و لە دەرفەتی وشککردن و کوێرکردنەوەیدابن!
ئێستا، درەنگانێکی شەوێکی وەرزی بەهارە. هەموو شت ئارام و بێدەنگە. ڕوناکی کزی گڵۆپەکانی ئەودیوو پەنجەرەی ماڵەکانی لاپاڵی ئاوایی. بەرزی درەختەکان، خەوی پڕ خەیاڵی تولەڕێگەکان، مەڕوماڵات، بڵندی و سەرکەشی لوتکەی چیا لەم گوندو جوگرافیایەدا، دیمەن و تابلۆیەکی تەواو ئارامیی بە ڕۆح و چاو، دەبەخشی. لە نێو ئاوازی بێدەنگییەی سرووشت و ئاسمان و داروبەردی ئەم شوێنەدا، لەناکاو سەگوەڕی ئاوایی، دەنگێک هات! بوو بە دوو دەنگ! بوو بە سێ دەنگ! بوو بە چەند دەنگێکی جیاواز و تێکەڵاو بە هاوار و هەناسەبڕکێ. دەنگی فیشەک و دەنگی ناڵی ئێستر و دەنگی پێی مرۆڤ و دەنگی پۆساڵی سەرباز و خۆفرۆشە دڵڕەقەکان، هەموو پێکەوە تێکەڵاوبوون و کەشێکی تەواو ترسناکیان درووستکرد!
ئەمانە دیمەنی ڕوداوێکی غەمگینی ئەو مانگەشەوەی یەکێک لە شەوەکانی وەرزی بەهاری ساڵ بوو! کۆمەڵێک سەرباز و خۆفرۆش، ئەوانەی لەناو خەڵکدا بە “جاش” ناودەبران، بەربوووبنە نێو ئەو سرووشتە جوان و دڵگیرە! ئەوان، بە خۆیان و تفەنگەکانیانەوە بێبەزەییانە، کەوتونەتە دوای ئەو کۆمەڵە گەنج و منداڵ و پیرەپیاوانەی بژێوی ژیانیان لە کۆڵناوەو شەوانە خواردن و کەرەستەی پێویست لەم دیو بۆ ئەو دیو و لەو دیویشەوە بۆ ئەمدیوو، دەگوازنەوە! ئەودیو و ئەمدیوو، زاراوەیەکە خەڵکی ناوچەکە و کۆڵبەرەکان دایانهێناوە، وەک گوزارشتێک بۆ ئەمدیووی سنوور و ئەو دیووی سنوور!
کۆڵبەری، پیشەیەکی پڕ لە ترس و نزیک لە مەرگە، یاریکردن و چاوشارکێیە لەگەڵ مردن و خوێنڕشتن، کۆمەڵێک مرۆڤ، بژێوی ژیان و نان پەیداکردن، لەکۆڵی خۆیان و ئێسترەکانیاندایە! ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە، گوێمان لە هەواڵی کوشتن و چاومان بە دیمەنی خوێنڕشتنیان دەکەوێت لەقەدپاڵ و ناوچە سنوورییەکان! کۆڵبەرەکان، هێندەی ئەوەی دەیانەوێت لەسەر ئەو پیشەیە، نانێکی سەربەرزانە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان پەیدابکەن! بەڵام گورگی سەرسنوورەکان، ئەوە نازانن و هەر بۆیان بڕەخسێت، هەموو شەوێک دۆزەخێک لەو سرووشت و شاخ و کێو و دۆڵە سنوورییانە درووستدەکەن!
ئەم دۆزەخ و ئاگربارانە، دیمەنی زۆر شەوی نێوان سەربازەکانی سنوور و ئەم مرۆڤە ماندوانەی ئەم ناوچە دابەشکراوەیە. بەڵام دەنگ و ڕوداوەکەی ئەمشەو، جیاواز بوو لە هەموو ڕوداوەکانی شەوەکانی تری ساڵ!
بەجۆرێک هەموو ئەو دەنگانەی باسمانکرد، لە دەنگی فیشەک و دەنگی پێدەنگی و غاردانی ئێسرەکان و سەگوەڕی شەو، جیاوازییەکەی ئەوەبوو ئەمشەو دەنگی خڕەبەرد و چەوەکانی نێو ئاوەکەی سنوور، هێندە دەنگێکی بەرز و ترسناکبوو، نەک خەڵکی ئەم دوو گوندە، بەڵکو خەڵکی ناوچەکەشی لەخەو بێدارکردەوە و ترسی ئەوەیان لێنیشت، ئەم دەنگە ڕوداوێکی سیا و شومی بەنێوچاوەوەبێت!
پیرەکانی ئەم ناوچەیە، دەڵێن، هەر دەنگ و ڕوداوێکی تەقەکردن، لە شەودا، دڵی ئەمان، دەخاتە خورپە و ئاماژەیە بۆ ڕودانی ڕوداوێکی غەمگین!
ئەوشەوە تا بەرەبەیان، ڕاکەراکی سەرباز و کۆڵبەرە ماندووەکانی سەرسنوور دیمەنێکی ئێجگار ترسناکی درووستکردبوو!
ڕۆژ بوویەوە، دیمەنێکی وێرانە و غەمگین لەم ناوچەیەدا رویدابوو!
دوو دیمەن، نووسەری ئەم کتێبەی خستە بێدەنگییەکی قوڵەوە!
ئەمڕۆ، ڕۆژێکی جیاوازە بۆ خەڵکی ناوچەکە، بەجۆرێک قەدی زۆربەی درەختەکانیان بە گولەی سەربازەکان زامداربوون. ژمارەیەک ئاژەڵ و مەڕو ماڵات لە نێو خوێنی خۆیاندا گەوزاون! دیمەنێکی هێندە تاریک و غەمگین بوو، مەحاڵە هیچ وشە و ڕستەیەک بتوانێت وێنای ئەو سرووشتە بریندار و خوێناوییەی دەستی سەربازەکان بۆ خوێنەران بگێڕێتەوە!
بەدەر لە سرووشتی خوێناوی ناوچەکە، دوو دیمەن منی گێڕەرەوە و نووسەری ئەم دێڕانەی خستە بەردەم بێدەنگییەکی قوڵ، بە جۆرێک، پاش چەندین ساڵ بێدەنگی و خۆ خواردنەوە، ئەوسا توانیم ئەو ڕوداو بەسەرهاتانە لە خەیاڵەوە بۆ نێو لاپەرەکانی ئەم کتێبە بگوازمەوە و بە جۆرێک بینووسمەوە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەیدا هەست بە ڕوداوەکان بکەن و بە چاوی خەیاڵ بیبینن!
دیمەنی یەکەم: هێشتا “چا” لێنەنراوە!
بەیانییەکی زووە، بە کارێکی تایبەتیم ڕێمکەوتە ئەم ناوچەیە. لە چایخانەکەی سەرووی ئاوایی و قەدپاڵی چیای سنوور. جیاواز لە زۆرێک لە بەیانییانەی تر، کەڕێمدەکەوتە ئێرە، دەبینم ئەمڕۆ چایخانەکە چۆڵ و بیدەنگە!
مام سۆفی، سۆفی ئەلیاس، چەندین ساڵە ئەم چایخانەی بەڕێوەدەبات. بەدەر لەتام و چێژی نان و چای بەیانیانی، چایخانەکەی، شوێنی ژوان و کۆبوونەوەی پیاوانی ئاوایی و چەندین کاسبکار و ڕێبواری ئەمدیو و ئەودیووی سنوور بوو!
ئەم بەیانییە، چایخانەکە چۆڵ و کشوماتە، وەک دەڵێن خۆڵی مردووی کراوە بەسەردا، من و مێردمنداڵێک و یەک دوو پیاوی لێبوو، پێدەچوو ئەوانیش خەڵکی ئاوایی بن! چایخانەکەی سۆفی ئەلیاس، سارد و سڕە و وەک ڕۆژانی ترنیە نە دەنگی سەماوەرەکەی دێت، نە دەنگی پیاڵە و ژێرپیاڵەکان! لەو لاوە بە دەنگێکی کز، گوێم لە دەنگی گۆرانییەکی ئەڵاوەیسیە. دڵم خورپەیەکی کرد و گومانم برد شتێک ڕیودابێت!
(کەمێک بێدەنگی و گومان) لە یەکترمانڕوانی، هەستمکرد سۆفی ئەلیاس، لە دڵەڕاوکێدایە! لای سەماوەرەکەوە کەمێک خۆی سەرقاڵکردوە و نیگای چاوەکانی لەسەر من هەڵناگرێت! من بە بێدەنگی لەسەر کورسییەک دانیشتووم و لە دیمەنی بێدەنگی چایخانەکە ڕاماوم! سۆفی ئەلیاس گەڕایەوە بۆ لای من و دەمی بە هێواشی هێنایە لای گوێم و گوتی: (کاک سەلام، ڕەحمە لە دایک و باوکت، ئەمە ڕۆژە تۆ هاتوویت؟! ناوچەکە خرۆشاوەو ئەمشەو ئاگرباران بوو!)
دەمی لای گوێچکەمەوە لابرد و هەردووکمان بەرامبەری یەکین، من بە دانیشتنەوەو ئەو بە پێوەو چاومان بڕیوەتە یەکتر! من هیچم نەوت و (کەمێک بێدەنگیی) بە دەنگێکی کز و هێواش؛ من تێناگەم چی بووەو چی ڕویداوە؟ “وام بە سۆفی ئەلیاس وت”
بە گوێی من دەکەیت، هەر ئێستا و بە زوویی دەگەڕێیتەوە بۆ سلێمانی؟ “سۆفی ئەلیاس وای پێوتم!”
ڕیتمی قسەکردن و شێوازی مامەڵەکردنی لەوەدەچوو، پێمبڵێ هەستە و بڕۆ و خۆت لەم ئاگرە ڕزگارکە!
هەڵسامەوە و بەرەو دەرەوەی چایخانەکە ڕۆشتم و ڕوومان لە یەکتری کرد و بە دەنگێکی کز، وتی بڕۆ و خوات لەگەڵ!
هەردوو دەستم لە گیرفانمدایە و ڕووەو ئاسۆ و دوا لوتکەی بەرزی سنوور دەڕوانم و بەو کش و ماتییەدا، دەزانم بارودۆخ خراپە! لە هاتنە دەرەوەمدا بینیم سرووشتی ناوچەکە، لە نائارامییەکی زۆردایە. کەمێک بە پێوە وەستام بە بێدەنگ و ویستم بەرەوخوار ڕووە و ئۆتۆمبێلەکەم داگەڕێم و بەرەوشار بگەڕێمەوە… لەناکاو کۆمەڵێک پیاو و گەنجم بینی چوار پەلی مرۆڤێکی خەڵتان لە خوێنیان بەدەستەوەیە و بەرەو جادە سەرەکییەکە دەیهێنن! گەیشتنە ئاستی ئێمە، لەبەردەم چایخانەکە و کەمێ خوارتر دایاننا. لەمکاتەشدا، کەسێک لە جادەکەوە بە هەڵەداوان بەرەو سەروو، ڕووەو ئێمە ڕادەکات. بە جانتاکەی دەستیدا، پێدەچوو یاریدەدەری پزیشک بێت! خەڵکەکەو پیاوە بریندارەکە و یاریدەدەری پزیشکە، پێکەوە گەیشتنە بەردەمی ئێمە. کەمێک خوار چایخانەی سۆفی ئەلیاس! ئای خوایە چ دیمەنێکی تراژیدی و پڕ لە جوڵە و ترس و هاوار و دڵەڕاوکێ بوو!
پیاوەکەیان لەسەر پشت، ڕووەو ئاسمان دانا و جامانەکەی سەری کەوتە لای ڕاستی، قژێکی ماش و برنجی هەڵپروسکاوی لولی هەبوو! ڕەنگی زەردبوبوو، پێدەچێت خوێنێکی زۆر لەجەستەی ڕژابوو !
(ئەمە ڕووداوی یەکەم بوو، کە ئەو ڕۆژە ڕویداو دواتر خستمییە بێدەنگی و تیرامانێکی قوڵەوە)
گرنگە بۆ خوێنەر بوترێت، کە ئەو پیاوە بریندارە، کاسبکارێکی بێوەیی ئەو سەر سنوورەبوو، شەوان بۆ بژێوی ژیانی، لەگەڵ کوڕە ١٢ ساڵەکەی بە ئێسترەکەی خواردن و کەرەستەی پێویستی دەهێنا بۆ ئەم دیوو سنوور و جێشەنگاو دەگەڕانەوە بۆ ئەودیوو، ئەو شەوە لەهێرشی جاش و سەربازەکان، بۆ ئەم ناوچەیە گولەیەک بەر سەر سنگی لای ڕاستی کەوتبوو، بە ڕێکەوت لە مردن گەڕایەوە!)
دیمەنی دووەم:
دیمەنی دووەم، یەکێکی ترە لەو دوو دیمەنەی پێشتر وتم منی خستە ناو بێدەنگییەکی قوڵی چەندین ساڵە! لە ڕاستیدا، دیمەنی دووەم، ڕێڕەوی نووسینەوەی ئەم بەسەرهاتانەی دیاریکردوەو بووە هەوێنی نووسینی ئەم کتێبەی ناو دەستی خوێنەر!
ئەو شەوە، شەوی ڕوووداوەکە، شەوی ئاگرباران و شەوی گریانی درەخت و ئاژەڵ و باڵندەکانی ئەم ناوچەیە، دیمەن و ڕوداوێکی سرووشتی ڕویدا و بوویە جێگەی تێڕامان و پرسیاری خەڵکی و هەوێنی لە دایکبوونی دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی سەیر و پڕ لە مانا و پەند!
ئەو شەوە ڕەوی جاش و سەربازەکان، ڕاکەڕاکەی پۆستاڵ لە پێکان، خۆیان و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان، بە تەنها سرووشت و دارو درەختی ئەم ناوچەیەیان نەشێواند، بەڵکو ئەو ئاوەی بە نێو گوند و ناوچەکەدا دەڕوات، بە جۆرێک شێواندیان، تا دەیان ساڵی تر، ناگەڕێتەوە بۆ سرووشتە تایبەت و سەرنجڕاکێشییەکەی جارانی!
سۆفی ئەلیاس، دوای دیمەن و ڕوداوەکەی یەکەم، پێشتر هەردەیویست پاڵم پێوەنێت و بڕۆم و لەوێ نەمێنم. بەڵام ئیستا قۆڵی گرتم و خستمیە پێش خۆی و بەرەو ژوورە، سەرووی چایخانەکە چەند هەنگاوێکمان نا بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات و ئەو دیوو سنوور…
ئەمەی پێت دەڵێم نە ئەفسانەیە، نە چیرۆکی گوێی ئاگردان، ڕوداوێکە و لەم شوێنە و لەم خاکەسوتاوەدا دوێنێ شەو، ڕوویداوە“سۆفی ئەلیاس وای پێوتم”
کاک سەلام، ئەو شەوە هێرشی جنۆکە و چاوبرسییەکان، بۆ ئەو کۆڵبەرە کاسب و داماوانە و سرووشتە جوانەکەی ئەم ناوچەیە، زۆر شت زیانی پێگەیشت، بەڵام ڕوداویکی زۆر سەیر ڕویداوە. لەکاتی هێرشەکەدا، ئەوان…. فیرعەونە دڵرەقەکان لەبری ڕێگاکان، بە ناو ئەو ئاوە پاکژەدا هاتن، تولە ئاوەکانیان لیخن کرد! کە ڕۆژ بوویەوە، چەند گەنجێک هاواریان لێهەڵسا و وتیان: موعجیزەیەک رویداوە، بەرد و زیخ و چەوی نێو ئاوەکە، لەداخی ئەو هەموو ستەمکارییەی دوێنێ شەو، سەری خۆیان هەڵگرتووە و کۆڕەوێکی بەکۆمەڵیانکردووەو هەموویان بەدەم ئازاری پێ پێنان و شەق لێدانی دڕەندە و مرۆڤە دڵڕەقەکان کۆچیانکردووە بۆ ڕۆخی دەریاچەی دەربەندیخان و ئاوی سیروان، لەداخ و قەهری ئەو شەوەدا، بۆ هەتا هەتایە سەریخۆیان لەم ناوچەیە، هەڵگرتووە!
*چەوەکان، چیرۆکی ئاوارەیی خۆیان دەگێڕنەوە!
ئێستا ڕۆژێکی نوێیە، ئێستا سەردەمێکی نوێیە. سرووشتە قەشەنگ و ڕەنگینەکەی سەرسنوور، ئاوێکی بریندار و جۆگەلەیەکی پەرش و دڵشکاوە. بەشێکی زۆری لم و خڕەبەرد و چەوەکانی ئەوێ لە قەهردا، سەری خۆیان هەڵگرت و لە کوێستانەوە بۆ گەرمەسێر، کۆچیان کرد!
ئەوان ئێستا، لەچەند ناوچەیەکی گەرمەسێر، لەنگەریان گرتووە! لەدەمی ڕوباری سیروان و ڕۆخی ئاوی باوەنوور و سەرقەڵا، تا دەگاتە کەنارەکانی ئاوەخێریی (ئاوەخوێڕی) بەرامبەر تونی بابا، تونی حیکایەت و ئەفسانە کۆنەکانی ملیۆنان ساڵ لەمەوبەری کوردان، بەکاتی ئۆقرەیان گرتووە!
دیمەنێکی سەرنجڕاکێشە، رۆخی ڕوباری سیروان جمەیان دێت لە کرێکار و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئامێرەکانی گواستنەوەی کەرەستەی بیناسازیی. دیمەنە جەنجاڵەکە، زیاتر لەبەشی خوارەوەی تەنکە ئاوەکەدایە کە دەیان شۆفڵ و گەڵابە و ئامێر و کەرەستەی تر وەستاون و بە کۆمەڵ و بە جیا، لم و خڕە بەرد و چەو، دەکرێنە گەڵابەکان و وەک خێزانێکی پەرتەوازە و ئەنفالکراو، جارێکی تر پەرشدەبن و هەر کۆمەڵە و گروپێکیان، بەرەو ناوچەیەکی کوردستان و عیراق دەبرێن. بە مەستی کاری بیناسازیی و بەکارهێنانیان لە درووستکردنی سەقف و دیوار و شۆستە و کارەکانی تری تەلارسازیدا.
لەکاری درووستکردن و بیناسازییدا، ئەو خڕەبەرد و چەوانە، وەک کەرەستەیەکی بێ نیشتمان پەرتەوازەدەبن و لە زەوی و سەقفی دەیان تەلار و ئاپارتمان و شوێنی جیاوازدا، بۆ هەتا هەتایە زیندان دەکرێن!
ڕۆژێک، یان ساتێک لەساتەکانی تەمەن، ئەو چەو و لم و بەردانە، بەسەرهاتی خۆیان و ماڵە هەمیشەییەکانیان لەو سەقف و دیوار و زەوی و باڵەخانە، مزگەوت، قوتابخانە، یانەشەوانەکان و زیندان و دەیان شوێنیتر دەگێڕنەوە.
هەریەک لەو چەوانە، چیرۆکێکی جیاوازیان هەیە، ئەوەی دەکەوێتە سەقف و بانێژەی زیندان، چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجەدان و خوێنڕشتن و مردن دەگێڕێتەوە، ئەوەی خواپێداوبێت و کەوتبێتە سەقفی یانەیەکی شەوان و شوێنی گۆرانی و سەما، چیرۆکی باوەش و ماچ و ئاوێزانبوونی کوڕان و کچان دەگێڕێتەوە. خڕە چەو هەیە، چیرۆکی مرۆڤە نوێژخوێن و لەخواترسەکان دەگێڕێتەوە، گەلێک چیرۆک تا ئێستا کەس نەیبیستبێ!
خڕە چەو هەیە، چیرۆکی ژنی لەشفرۆش و پیاوی لەشفرۆش دەگێڕێتەوە، ئەو چیرۆکانەی ڕەنگە چاوی چەو و شایەتیدانی ئەوان نەبوایە هەتا هەتایە، بە نهێنی بمایاتەوە!
پێش گێڕانەوەی چیرۆکی (خڕەبەرد و لم و چەو)ە ئاوارەکانی سنوور و نیشتەجێی رۆخی ئاوی سیروان و باوەنوور، باسی پەیوەندیی و تێکەڵاوبوونی دەیان جۆر و شێواز و رەنگی ئەو (لمە ورد و خڕەبەرد و چەوانە) ش دەکەین، لەوەرزی زستان و بەهار و کۆتایی پایز، لە تونی باباوە، ئاوارەدەبن و بۆ ماوەیەکی کاتی دەبنە یەک خێزان لەگەڵ ئەوانەی سنوور، لەو چەمی سیروانەدا بەیەک دەگەن، پاشتریش لەوێوە ئەنفال دەکرێن و هەر کۆمەڵێکیان بەرەو ئاپارتمان و شوێنێکی جیاواز دەبرێن!
کەواتە خڕەبەرد و لم و چەوەکانی سیروان، لە سێ گرووپ پێکهاتوون:
یەکەمیان:
ئەوانەی زێدی هەمیشەییان لە تەنکەئاوەکانی سیروانەوە شەپۆلی ئاوەکە، دەیانخاتە لاوە.
دووەمیان:
ئەو خڕەبەرد و لم و چەوانەی لە سنوورەوە دڵیان شکاو لە ژێر پۆساڵی سەربازەکاندا خزان و بەرەو ئێرە هاتن.
سێیەمیان:
لەهەموویان زۆرتر و بەردەوامترن، ئەو خڕەبەرد و لم و چەوانەی بەهۆی بارانی بەخوڕی زستان و پایز و بەهارەوە دڵیان دەشکێت و لە زێدی خۆیان لە کۆڵانە باریک و پێچاو پێچەکانی (تونی بابا)وە، بەردەوام و هەموو وەرزێک، هەڵدەکەنرێن و دەڕژێنە رۆخی چەمی سیروان!
ئەفسانەکانی تونی بابا
تونی بابا، شوێنێکی گرنگ و بایەخداریی لە بەسەرهاتی چەوەکان، داگیرکردووە. گرنگە خوێنەر هەندێک زانیاریی لەبارەوە بزانێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانیی لە بەشەکان و چیرۆکە جیاوازەکانی ئەم کتێبە بگات….
توونی بابا، یان توونی بابا عەمرە، دەكەوێتە باشووری شارۆچكەی دەربەندیخان /66كم باشووری سلێمانییەوە دوورە. لە نێوان گوندی پونگڵە و پسکاندایە.
تونی بابا، توونێلێكی درێژی پێچاوپێچی فرەلقە، كە پێشهاته سرووشتییەكان، ئەو بارە جیۆلۆجییەیان بۆی نەخشاندووە، چەندین سەرچاوەی ئاو و تەنانەت شوێنەواری شارستانیەتی دێرینی تێدایە و هەندێ ئەفسانەی چیرۆک و بەسەرهات هەیە باس لەوەدەکەن، لە سەردەمێکی زۆر دێرینەوە، تونی بابا، خاوەن شارستانییەتێکی دەوڵەمەندی ناوچەکە بووە!
خەڵكانێك زۆر، بە یارمەتیی شارەزایانی سرووشتی توونی بابا، بۆ گەشت و بینینی سرووشت و شوێنە جوان و سەرنجڕاکێشەکەی رووی تێدەكەن.
بەدەر لە مێژووی چەو و خڕەبەردەکانی، کە باسی سەرەکی ئێمەیە لەم گێرانەوەیەدا، لەهەمانکاتدا تونی بابا، شوێنێكی گەشتیارییە و مایەی گرنگی و سەرسوڕمانە بۆ گەشتیاران! بەڵام ئەوەی سەیر و سەرسورهێنەرە، سەختی و پێچاوپێچی کۆڵان و شوێنەكەیەتی، وایکردووە ناوی وەها بڕوات هەر كەسێك بچێتە ئەو شوێنە، رێی هات و نەهاتی گرتووەتەبەرو ڕەنگە جارێکی تر هاتنە دەرەوەی مەحاڵ بێت!
لەبارەی وشەی توونەوە، لە زمانی كوردیدا، بە واتای (كونی باریك و درێژ) دێت لە شاخدا. ئەم وشەیە لەگەڵ (توونێل)ـی ئینگلیزیی هاوڕیشەیە و لە زمانی كوردیدا وشەكە كەرتی زیادەی چووەتە سەر و بووە بە توونی بابا.
دیارترین چیرۆك لەبارەی توونی بابا، لەناو خەڵکی ناوچەکە بڵاوەو باسدەکرێت. چیرۆكی گەشتی كوڕ و باوكێکە، کە گرەویان لەسەر ڕۆیشتن بۆ توونی بابا كردووە هەریەكەیان بە شمشێرێكەوە ڕۆیشتوون و شەویان بەسەردا هاتووە، هەرچەندە گەڕاون ڕێگەی چوونە دەرەوەیان نەبینیووەتەوە بەناچاریی شەو لە یەكێك لە ئەشكەوتەكانیدا خەوتوون و دەست بە شمێر پشتیان لە یەككردووە بۆ ئەوەی ئاگایان لە دەوروبەریان بێت، لەوكاتەدا دێوێك هاتووە و بینیونی، گوتوویەتی: (توونی بابا، هەزار و نەوەت و نۆ دەرە، تا ئێستە نەمبینیووە بنیادەمی دووسەرە!)
چیرۆکێکی تری تونی بابا، ئەوەیە كاتێك (ئەسكەندەری مەكدۆنی) هاتووە ناوچەکە، ئەم شوێنەی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، پاشایەكی هەڵكەوتووی كورد بەناوی (بابە عەیار) هەبووە كە دەستی جادووی هەبووە، لە سەردەمی مەكدۆنییەكاندا جادووبازی شتێكی باو بووە، ئەسكەندەری مەكدۆنی، (بابە عەیار)ـی كردووەتە حوكمڕانی ناوچەكە و ماوەیەكی زۆر دەسەڵاتی هەبووە، ئەو كەسانەیشی لەگەڵ خۆی و دەسەڵاتەكەیدا بوون لەو توونەدا ماونەتەوە، چونكە توونەكە به بەردەوامی ئاوی تێدا بووە لەكاتی شەڕەكاندا بۆیان بووەتە پەناگه.
دەڵێن بابە عەیار، زیاتر لە 400 ساڵ ژیاوە، بەهۆی زۆری تەمەنەوە به بابە عەمرە ناوی دەركردووه و توونەكە بە ناوی ئەوەوە ناو دەبرێت، بەدەر لە توونی بابا، بە توونی بابە عەمرە یان بابە عەیاریش ناودەبرێت.
ئەم مێژووە، پر لە ئەفسانەی جۆراوجۆر. هەڵکەوتەیی و بوونی شاخە پێچاوپێچەکانی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دەوڵەمەندی و بەردەوامیی لم و چەوی ناوچەکە، پسپۆڕان هێما بۆ ئەوەدەکەن لانی کەم تا دوو سەد ساڵی تر، لم و چەوی ئەم ناوچەیە بەردەوام دەبێت و تەواو نابێت!
ئەمەش وادەکات، چیرۆکی بەرد و لم و چەوی ئەم کتێبەی ئێمە، جۆرێک لەبەردەوامیی هەبێت و هەر بەشێکی چیرۆکی بەرد و چەوێکی ئاوارەی ناوچەکەی خۆی بگێڕێتەوە!
*چەوێک، چیرۆکی زیندانیبوونی دەگێڕێتەوە!
دەمی شۆفڵەکە، بە خێرایی دەچوو بەناو خڕەچەوە شۆراوەکانی کەناری سیروان. دەمی شۆفڵێکی تر بەناو لمدا، هەردووکیان دەکرانە ناو دوو گەڵابە و بەڕێدەکران بۆ درووستکردنی باڵەخانەی زیندانێک لە خۆرئاوای موسڵ بەناوی زیندانی بادووش!
بادووش، ناحیەیەکە سەر بە پارێزگای موسڵ. ژمارەی دانیشتوانەکەی لەو ڕۆژگارەدا نزیکەی ٤٥ هەزار کەس بوو. دەکەوێتە سەر ڕوباری دیجلە، یەکێک لە کارگە گەورەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، لە نزیک ناحیەی بادووش. بەدەر لەوەی بەهۆی نزیکی ڕوباری دیجلە و بوونی لم و چەوێکی زۆر، بەڵام ئەندازیار و بەڵێندەر و وەستاکانی ناوچەکە، پێیان وایە چەو و لمی ڕۆخی سیروانی ناوچەی گەرمەسێر، بۆ کاری بیناسازیی و ئاپارتمانەکان بەهێزتر و تەمەندرێژترن، بۆیە ئەو چەو و لمەی لەم ناوچەیە هەبوو، کەمتر بەکاردەهات بۆ کاری بیناسازیی!
ئەندازیارێکی ورگنی باڵابەرزی قژلول، پاش سی ساڵ ئەزموونی ئەندازیاریی لەناوەوەو دەرەوەی عێراق، دوای گەڕان و پشکنینێکی زۆر، بۆی دەرکەوت لم و چەوی کەنار ئاوەکانی سیروان، پتەوترین و بەهێزترین کەرەستەن بۆ سەقف و دیواری زیندان! گەڵابەکان، بە سەدا کیلۆمەتر دەبڕن تا دەگەنە بادووش لە موسڵ، بەعسییەکان دەیانەوێت زیندانییەک درووستکەن زۆر بەهێز و پتەوبێت! بۆیە لم و چەوی گەرمیان و کوێستانە دڵشکاوەکانی کوردستانی تێدا بەکاردەهێنن!
بەیانییەکی زووە، دنیا تاریکە و هێشتا تاریکی شەو ماڵئاوایی لە ئاسمانی ماندووی ئەو شارە نەکردووە. دەنگی هاوار هاواری کرێکارەکان و تەنەکەکەی دەستیان و سەقفتێکردن و تێکەڵاوکردنی لم و چەو و چیمەنتۆ جەنجاڵییەکی زۆری درووستکردووە. ئەندازیارە ورگنەکە، لە دوورەوە لە جوڵەی کرێکارەکان ڕادەمینێت و خەیاڵی لای پتەوی و بەهێزی سەقف و دیوار و حەساری زیندانەکەیە!بەسەرهاتی تری زۆریش، بەڵام با بە کوورتی بگەینە ئەو لەنگەرگرتنەی چەوەکانی ئاوی سیروان لە سەقفی زیندان و وشکبوونەوەی و جێگربوونیان بۆ هەتا هەتایە، لەو سەقفە ڕەق و پتەوەدا!
چیرۆکە غەمگینەکە، لێرەوە دەستپێدەکات، ئەو چەوانە بۆ هەتا هەتایە لە سەقفی ئەم زیندانەدا، بەندکران! بەڵام ئەوان دڵی زیندوویان لەناو شیش و لم و چیمەنتۆی وشکبودا، وەک دڵی دایکێکی شەهید، هەمیشە بێدار و پڕ لە جۆش و خرۆش بوو!
ڕۆژان هات و ڕۆژان چوو، پاش ساڵێک ئەو چەوانە بوونە شاهیدی تاوان و دڕندەیی ئەو جەلادانەی ڕۆژانە و شەوانە دەیان گەنج و منداڵ و کیژ و کوڕی کوردیان بە داردا دەکرد! بوونە شاهیدی ئازار و ئەشکەنجەی ئەو خونچانەی جگە لە ئازادیی و خۆشبەختی، هیچ خولیایەکی تریان نەبوو! ئەو خڕەچەوانە، لەبەردەم دەرگای خوا و ویژدان و سرووشتدا، بوونە بەڵگە و شایەتحاڵی بینینی دەیان تاوانی پیاوەڕەشەکانی بەعس و ئەشکەنجەدان!
ناتوانین ئەو هەموو تاوان و دڕەندەییە بنووسینەوە، کە لەو زیندانە ڕۆژ و شەو ڕویدەدا و چەوەکانی گەرمیان و کوێستان، لای خۆیان تۆماریان کردووە، تەنها یەک دوو دیمەن، وەک بەڵگە بۆ بارەگای خوا و ویژدانی مرۆڤایەتیی دەنووسینەوە و بۆ خوینەرانی دەگێڕینەوە، لەناو ژوورە تاریکەکانی زیندانی بادووش، دەیان دیمەنی خوێناوی و هەنجنهەنجکردنی جەستەی گەنجی کورد بەبەرچاوی چەوەکانەوە تۆمارکرا! دەیان گەنج و خوێندکاری زانکۆ و پێشمەرگە لەم زیندانی بادووشەدا گولەبارانکران و چەوەکان، هەموو ئەو ڕوداوە بێ بەزەییانەیان تۆمارکرد! لەڕاستیدا لەناو ئەو هەموو ڕوداوەدا، کە چەوەکان بۆیان گێڕامەوە، نەمتوانی هەموویان بنووسمەوە، چونکە هێندەی بە ئازار و نامرۆڤانە بوون!
بۆیە بە ناچاری و لەسەر پێشنیاری (چەوێک) لەبری ئەو هەموو چیرۆکە دڵڕەق و بێ بەزەییەکانی زیندانی بادووش، تەنها یەک چیرۆکیان بگێڕمەوە!
دوو چیرۆکی خوێناویی زیندان!
چەوەکان، پەرش و بڵاوبونەتەوە! لە کوێستانەوە بۆ گەرمیان، لە باکورەوە بۆ ناوەڕاست و باشوری وڵات. پاش چەندین ساڵ هەریەکەو لە شوێنێکە. یەکەم چەو، کە یادەوەریی خۆی گێڕایەوە، چەوێک سەقفی زیندانێکە لە پارێزگای ناسرییەی باشووری عێراق.
ئەم چەوە، دەیان چیرۆکی غەمگین و تاریکی ڕۆژانی زیندانی نووسیووەتەوە. هەر چیرۆکێک لەو چیرۆکانە، پڕ لە ئازار و دڵشکانی زیندانییەکان، لەهەموویان کاریگەرتر و بە ئازارتر، دوو چیرۆکە.
یەکەمیان:چیرۆکێکی ژن کووشتن و ڕژانی خوێنی ژنێک بوو!
دووەمیان: گولەبارانکردنی گەنجێکی کوردە لەو زیندانەدا!
چەوێک، چیرۆکی دڕندەیی ژن کوشتنەکەی، بەم شێوە دەگێڕێتەوە:
من کەوتبوومە سەقفی هۆڵێکی گەورەی یەکێک لە زیندانە تاریک و ترسناکەکانی ناحییەی (عکێکە)ی قەزای “سوق ئەلشیوخ”ی پارێزگای ناسرییەی خواروی عێراق، هۆڵەکە نزیکەی حەوت مەتر پان و پانزە مەتر درێژبوو. لەلای چەپی هاتنە ژوورەوەی دەرگای زیندانەکە بوو.
زستانان، زۆر سارد و هاوینان،گەرمایەکی بەتین! ئەم هۆڵی زیندانە، لەبنەڕەتدا بۆ زیندانی درێژخایەن درووستنەکرابوو، تەنها بۆ ئەوکەسانەی هەفتەیەک تا مانگێک زیندانی دەکرێن و دواتر دەگوێزرێنەوە بۆ زیندانی گشتی. زیندانێکی تاریک و ئەنگوستەچاو، پەنجەرەیەکی بێ شوشە. چونکە شوشە بۆ پەنجەرەی زیندان قەدەغە بوو، نەوەک زیندانییەک لەکاتی توڕەبوندا بیشکێنێت بە پارچە شوشەکان شەڕبکات یان هەوڵی خۆکوژی بدات! هاوینانیش، لەبەر مارومێروو، خەونەدەچووە چاوی زیندانییەکان، بەناچاریی دەموچاویان بە سەرپۆش دادەپۆشی!
ڕۆژێکی زۆر ساردی وەرزی زستانە، لەناو زیندانییەکان غەڵبەغەڵب و هاوار هاوار و دەنگە دەنگ درووست بوو! کەس نەیدەزانی چییە و چی ڕویداوە. من و دەستە خوشکەکانم لە چەوی سەقفەکەوە، لەو دیمەنەمان دەڕوانی کە زیندانەکان چۆن پەشۆکاون و نازانن چی باسە؟! لەناو ئەو پەشۆکاوییەدا، چەند پاسەوانێکی زیندانەکە، تەرمێکییان هێنایە گۆڕەپانەکەی بەردەم پەنجەرەی زیندان. دایاننا، هەموو زیندانەکان بینیان! تەرمەکە، دیاربوو ژنە، چوونکە بەشی خوارەوەی ملی هێندەی دوو هەرمێی بەرزووبونەوە، دیاربوو مەمکە سیس و بێ ڕۆحەکانی بوو!
پاسەوانێکی ناوچاوتاڵی مۆن، لە تەنیشت تەرمەکەوە، زەمیلەیەکی دانا و ڕۆشت! زیندانەکان، بە بێدەنگییەکی قوڵ لە تەرمەکە ڕادەمان و نەیاندەزانی چییە و چی ڕویداوە؟ تەرمەکە، بە بەتانییەکی ڕەنگ سەوزی تۆخی چڵکن پێچرابوو!
پشیلەیەکی گورپە، کە ڕۆژانە پەیدادەبوو بۆ خواردنی پاشماوەی خواردنی زیندانییەکان، ئەو ڕۆژەش لەو کاتەدا پەیدابوو، چەندجارێک هاتە سەر تەرم و زەمیلەکە و بۆنی دەکردن وا دیار بوو، بۆنی خوێنی مەیووی لێدەهات! دەمی گیر کردبوو لە سوچی زەمیلەکە ویستی بیفڕێنێ، هاوار بەرزبوویەوە، زیندانەکان لەم دیووی پەنجەرەکەوە، هاواریان کرد! بێئەوەی بزانن ئەوان لە کونجی زینداندان و تەرم و پشیلەکەش لە دەرەوەی زیندان! لەگەڵ هاواری زیندانییەکان، پاسەوانێک لەولاوە هات و پشیلەی گوربە ڕایکرد و تەرم و زەمیلەکەی جێهێشت!
پاش کەمێک بێدەنگی و ئەم ڕوداوەی پشیلە و تەرم و زەمیلەکە، دەرگای زیندان کرایەوە و پاسەوانێک کە ناوی (بلکت) بوو، سێ پیاوی فڕێدایە کونجی زیندانەکە! (بێدەنگی و کش و ماتییەک کەشی زیندانەکەی داگیرکرد) تا ماوەیەک هیچ زیندانییەک نەیزانی ئەم دیمەنە درامییە تراژیدییە چییە؟!
یەکێک لەو سێ پیاوە درێژێکی چەتەوڵ بوو، واقی وڕمابوو بە سەرو سیماو ڕۆشتنیدا دیاربوو کەم عەقڵ و ناتەواوە!
سەلام قەزاز، چوە لایان بە عەرەبی کەوتە قسەکردن لەگەڵیان، بەڵام ئەوان تاقەتی قسەیان نەبوو! دوای نزیکەی سەعاتێک، یەکێکیان هاتە لای سەلام و دانیشت و تێر گریا و داوای جگەرەیەکی لێکرد. دوای داگیرسانی جگەرەکەی و بەدەم مژی قوڵ و دوکەڵی جگەرەکەی، بەم شێوەیە چیرۆکی خۆیانی گێڕایەوە:
ئێمە سی براین، ئەو برایەم (بە دەستی ڕاستی ئاماژەی بۆکرد) برا بچوکمانە و ناوی “ضاعن” ە هەر بەزگماکی ژیریی “عەقڵ”نیە هەر لەبەر ئەوەشە نەبرا بۆ سەربازیی. بێجگە لەمەش “عنینە” (عنین، واتای پیاوێک، توانای پیاوەتی نەبێت و نەتوانێ لەگەڵ ژندا کاری جووتبون ئەنجام بدات!) خەڵکانی دەوروبەرمان و خزم و کەسوکار، هەموو ئەم شتە ئەزانن. سێ ساڵ لەمەوبەر، کچێکی خزمان کە لە لادێیە کی دوور لە خۆمانەوە بۆ هێناو باوکی کچەمان بە باخێک ڕازیکرد وەک شیربایی!
هەر بە چاو ئاماژەی بۆ تەرمەکە کرد، کە لەودیوو پەنچەرەی زیندانەکەوە لە بەتانییەکەوە ئاڵێنراوبوو. ئەوسا بەدریە تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو. جوان و وریا و ئیشکەر بوو. سێ ساڵ بەسەر گواستنەوەی بەدریە تێپەڕبوو ضاعن، نەبوو بەزاوا! گومانمانکرد بەدریە دەستی تێکەڵکردووە لەگەڵ کوڕی دراوسێکەیان، دوای دەرکەوت بەدریە سکی هەیە! ئێمە کە بەم ڕوداوەمانزانی، باهی برام، چووە سەر بەدریە لە ژێر لێداندا بەدریە دانی بەوەدانا کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ئەو هەتیوەی دراوسێیاندا هەیە و نەشیشاردەوە کە سکەکەی لە جابری دراوسێیانە!
ئێمەش ئەمەمان بە باوکی بەدریە وت و چیرۆکەکەیمان وەک خۆی بۆگێڕایەوە و وتمان کچەکەت بەرەوە بۆ خۆت و باخەکەمان بۆ بگێڕەوە!
دوێنێ نیوەشەو، باوک و برایەکی بەدریە چونەتە سەر بەدریە و سەریان بڕیووە و مناڵەکەی سکیان بە چەقۆ دەرهێناوە و ڕایان کردووە! پولیسیش، ئێمەیان گرتوە، جابریش ڕایکردووە…
من گێڕەرەوە و نووسەری ئەم کتێبە، “سەلام قەزاز” ئەو رۆژگارە و درووست لە ساڵی ١٩٧٧ زیندان بووم لە گەڵ براو باوکی پێشمەرگەکان، شایەتحاڵی ئەم چیرۆکە و دەیان چیرۆکی تری نێو زیندان بووم! پاش ماوەیەک دابڕانی زیندانەکان و بردنی هەر چەند زیندانییەک بۆ زیندان و شوێنكی تر، ڕۆژێک لە کونجی یەکێک لە زیندانەکان، زیندانییەک، پرسیاری ئەو ڕوداوە و چیرۆکی کووشنی ئەو ژنەی لێکردمەوە وتی: ئەرێ چارەنووسی ئەو دڕاندانە بە کوێ گەیشت؟
چیرۆکی دووەم:
چەوێکی تر، چیرۆکی لە سێدارەدانی گەنجێکی کوردیی بۆگێڕامەوە، چیرۆکێک مرۆڤ لە بەردەمیدا بەچۆکدا دێت و هیچی پێناوترێت، جگە لە هەڵکێشانی ئاخ و بێدەنگییەکی قوڵ نەبێت!
لە هۆڵی ژمارە 13 لە زیندانی بادووش، ئەو هۆڵە، یەک پارچە ڕەنگی مردووی لێنیشتووە. هۆڵێک کەمێک بچووکتر لە هۆڵەکانی تری ئەو زیندانە، بەشی زۆری زیندانییەکان، لە کورد و شیعەکان پێکهاتوون. ئەم هۆڵە، لەناو زیندانەکان، بە وێستگەی پێش مردن ناسراوە! ئەوەی دەهاتە هۆڵی 13 پاش چەند ڕۆژ و هەفتەیەک لە سێدارە دەدرا و تەرمی ساردبووەوەی یان دەدرایەوە بە خێزانەکەی و فەرمان دەدرا بە کەسوکارەکەی بە هیچ شێوەیەک پرسەی بۆ دانەنێن!، یان لە پشت زیندانەوە لە گۆڕەپانێکی فراواندا دەکرا بە ژێر گڵەوەو وندەکرا!
جوامێر، گەنجێکی کەڵەگەتی چاو و برۆ ڕەش بوو، لە زانکۆی موسڵ لە بەشی ئەدەبیاتی زمانی ئینگلیزیی دەیخوێند، تاقانەی دایک و باوکی بوو. جوامێر، برا گەورەی شەش خوشک بوو! لەناوەندییەوە، خولیای شیعر و ئەدەبیات بوو. جوامێر، عاشقی کچێکی هاوپۆلی کردیی بە مرۆڤێکی ئەڤینداری پڕ لە خەون و خولیا. خەونی جوانی و خەونی ئازای نیشتمان و خەونی مرۆیی، ڕۆژ بەڕۆژ لە گیانیدا پەرەیدەسەند.
جوامێر، لە پۆلی شەشی ئامادەیی دوای تاقیکردنەوەکان و سەرکەوتنی و خۆئامادەکردنی بۆ قۆناغی زانکۆ، شەوێکی هاوین، لەگەڵ دەستەیەک لە هاوپۆلەکانیدا، پەتی سەبرو ئارامییان پچڕا و بێ ڕاوێژکردن بە دایک و باوکی بڕیاردەدەن، خۆیان بگەیەننە چیا و ناوچە ئازادکراوەکان و ببنە پێشمەرگە.
پاش هەفتەیەک پێشمەرگایەتی لە چیا و گوندەکان، بەرپرسی ئەو مەفرەزەیە ئەم گەنجانە چووبونە تیپەکەی، کەسێکی خوێندەوار و دەرچووی زانکۆبوو، کە دەزانێت ئەم گەنجانە، لەبەردەم قۆناغی زانکۆدان، ڕازییان دەکات بگەڕێنەوە شار و بە نهێنی کار بۆ ڕێکخستنەکانی پێشمەرگە بکەن!
لە داهاتوودا، بوونی ئێوە لە زانکۆکان بۆ ئێمە و گەیاندنی بەیاننامەی شۆڕش، بە خەڵک و خوێندکارانی زانکۆ، گرنگتر و بایەخدارترە لەم شاخ و داخەدا چەکتان لەشاندا بێت! (بەرپرسی پێشمەرگەکە وایوت)
ئێوارەیەک، بە دڵشکاوی و نا بەدڵی دەگەڕێنەوە بۆ شار. جگە لە کەسوکاریان، هیچ کەس و دەزگا ئەمنییەکانیش بەم چیرۆکە نازانن! بەڵام ئەمە دەبێتە وێستگەیەک بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز بە ڕێکخستنە نهێنییەکانەوە. لە رێگەی کەسێکی متمانەپێکراو، بەیاننامە و ئەدەبیاتی شۆڕشیان پێدەگات و ئەوانیش دەیگەیینە شوێنی مەبەست!
لە کۆتایی ئەو ساڵەدا، ناوی خوێندکاران لە زانکۆکان بڵاودەبێتەوە. جوامێر و کیژە عاشقەکەی، هەردوکیان لە زانکۆی موسڵ وەردەگیرێن، جوامێر لە کۆلیژی ئەدەبیات بەشی زمانی ئینگلیزیی، نێرگز، لە کۆلیژی ئەندازیاریی. هەردوکیان، دوو ساڵی زانکۆ بەسەرکەوتوویی بەرێدەکەن. هەر جارێک جوامێر، لەماڵەوە دەچێتە موسڵ، دایک و باوک و خوشکەکانی دەستیان لەسەر دڵیانە، چونکە دەزانن جوامێر خەریکی چییە!
باوکی جوامێر، کە پێشتر لە شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگە بووەو هەمیشە بە دایکی جوامێر دەڵێت: من لە هیچ ناترسم، لە کەسی ناپاک و سیخوڕ نەبێت، لەو گروپ و دەستە و شانە نهێنییانە نەبێت جوامێر کاریان لەگەڵ دەکات!
هاوینی سێیەم ساڵی زانکۆ بەرەو چوارەم ساڵ دەڕۆن، جوامێر و نێرگز، ئەڵقەی هاوسەرگیریی دەگۆڕنەوە. نێرگز، کیژی پیاوێکی دەوڵەمەند و خواپێداوە، خولیای ئەوەیە، پاش تەواوکردنی زانکۆ، خۆی و جوامێر بچنە بریتانیا و لەوێ خویندنی باڵا بخوێنن و لە چاوی ئەم گورگە دڕندانەی عیراقیش دووربن!
جوامێر، خەونی تەنها لای ئازادیی و شۆڕشی خوێندکارانی زانکۆیە، نەک جێهێشتنی وڵات! سەرەتای ساڵی چوارەمی زانکۆ بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری هاوڕێی، بەرنامەیەکی چڕ دادەنێن بۆ خۆپیشاندان و پەلاماردانی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو شارە. هەموو شت ئامادەیە و بڕیارە بەیانی کاتژمێر 10 دەست بە پلانەکەیان بکەن! یەک کاتژمێر پێش ئەو روداوە، جوامێر، بە پاس دەچێت بەرەو زانکۆ. لەگەڵ دابەزینی لە پاسەکە، دوو کەسی جل ڕەشی کەڵەگەتی، سمێڵ درێژی چاو زەق، بە بێ پرسیارکردن، هەردوو قۆڵی جوامێر دەگرن و کەلەپچە دەکەنە دەستەکانی و فڕێیدەدەنە پشتی ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە.
جوامێر زۆر هەوڵی دەربازبوون و هەڵهاتن دەدات، بێ ئەنجام دەبێت!(کەمێک بێدەنگی) ئەو چەوەی، ئەم ڕوداوەی بۆ دەگێڕامەوە، بە گریانەوە، بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکی جوامێر: نازانم لە کوێوە بەردەوامبم، چۆن ئەم چیرۆکە غەمگینە تەواوکەم! خەمی دەیان ساڵ زیندانی خۆم و هەزاران چەوی هاوڕێ و دۆستم لەم سەقفی زیندانەدا، بەهۆی ئازاری جوامێر و هاورێکانی بیرچوویەوە!
دیمەنەکە، بەم شێوەیەیە: ئێستا جوامێر، لەسەر لای ڕاست لە ژوورێکی تاریکی یەک بەدوودا کەوتووە. ژوورەکە، لەسەر شێوازی گۆڕی مردوو درووستکراوە! چەوەکانی سەقفەکە، هەموویان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە لە جوامێر دەڕوانن و بە خوڕ بۆ ئازارەکانی دەگرین!
سێ ڕۆژە، لەتاو خوێن بەربوونی جەستەی هیچ هێزێکی تێدانەماوە! جوامێر، هێواش هێواش، بە دەستی چەپی دەیەوێت چاوەکانی بکاتەوەو لەو شوێنە بڕوانێت کە جەستەیان لێفڕێداوە! نازانێ چۆن و کەی گەیشتووەتە ئێرە!؟ چەند رۆژێک دەیهێنن و دەیبەن بۆ دانپێنان و قسەکردن لەبارەی شانە نهێنییەکانی رێکخستنی حیزب! ئەو زۆر جوامێرانە، وەڵام دەداتەوە و بێباکە بەرامبەر هەموو هەڕەشە و قسەکانیان! بێسود دەبێت، بڕیاری گولەبارانی دراوە!
چەوێک، لە سەقفی ڕاسەری جوامێردا بۆ چەوەکانی تری دەگێڕایەوە و دەیوت: ڕۆژێک پێش گولەبارانکردنەکە، خۆی و پۆلێک گەنجی تر. مۆڵەتیان پێدرا، لە ژێر چاودێرییەکی توندی هێزە ئەمنییەکانی زیندان، بۆ چەند کاتژمێرێک کەسوکاریان ببینن! بۆ ئیهانەکردنی خۆیان و کەسوکاریشیان لە بەشی پێشەوەی هۆڵی دانیشتنەکەی زیندان، لە کاتی بینینی کەسوکارەکەیان، تەلەفزیۆنێکی زۆر گەورە دانراوە و وتارێکی درێژی سەدام حسێن پەخش دەکرێت، کە باس لە ئازایەتی حیزبی بەعس و سەرکەوتنەکانی خۆیان دەکات!
چەوێکی تر، بەدەم هەنسکەوە، چیرۆکە غەمگینەکەی جوامێر تەواودەکات و دەڵێت: چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ گولە باران! دایک و باوکی و خوشکەکانی جوامێر وەک بازنەیەک بەدەورییەوە دانیشتوون. نێرگزیش، لە ناوەڕاستیاندا دەستی ڕاستی لەناو دەستی جوامێردایە. جوامێر، هێندە ڕوخسار و شێوەی گۆڕاوە، هیچ شتێکی لە جوامێری ڕابردووناکات، تەنها بڕوا و خەونی نەبێت بۆ ئازادیی!
ئەو چەوەی ئەم روداوەی دەگێڕایەوە، نەیتوانی بەردەوام بێت! چەوێکی تر، زانی من واچوومەتە ناو قوڵایی چیرۆکەکەوە، ئەو دەستی بە تەواوکردنی چیرۆکەکە کرد بۆم و وتی: جوامێر، لەناو ئەو کەشە ماتەم و تاریکەدا، دڵخۆشی دایک و نێرگز و خوشکەکانی دەداتەوەو دەڵێت: دڵنیابن دەبێت ڕۆژێک خۆری ئازادیی ئەم گەلە هەڵبێت! چارەنووسی ئەم تاوانبارانە، هەر مردن و لەناوچوونە. نێرگز، دەستی شەکەتی خۆی دەخاتە سەر دەمی جوامێر. سووک و هێواش، جوامێر گیان، ئەمانە دڵڕەق و دڕندەن، سەیری سەرەوە بکە، چاویان لەسەر تۆ و زیندانەکانی ترە!
دیسانەوە بێدەنگی و ئەم چەوەش، ناتوانێت چیرۆکەکە تەواو بکات. چەوێکی تر، ڕوودەکاتە من و دەڵێت: ئەو چێشتەنگاوەی ئەم دیمەنە دەگێڕمەوە، چ ساتێکی سەیر و پڕ لە ئازایەتی جوامێر و هاوزیندانییەکانی بوو، خودایە ئەو باوەڕە بەهێزە چییە داوتە بەم کوڕە جاحێڵە کوردە!
ساتەکانی کۆتاییە. بۆ ئیهانە کردن و بێزارکردنی زیندانی و کەسوکاریان تا دێت دەنگی تەلەفزیۆنە گەورەکە زیاددەبێت و سەدام بە غرورو لە خۆبایبوونێکی زۆرەوە باسی عێراقی بەهێز و کۆڵنەدەر دەکات و قاقا پێدەکەنێت!
دیمەنێکی چەند پر لە جۆش و خرۆشە، ناتوانم و نازانم چۆن بیگڕمەوە! (چەوێکی سەقفەکە وایوت!)
جوامێر، هەردوو دەستی بەرەو سەرەوە بەرزدەکاتەوەو بە درووشی ئازادیی… ئازادیی و بەهاوار وتنی ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زبان! شۆکێکی وای لەناو ئەو هۆڵەدا درووستکرد، تەنانەت نەک کەسوکاری زیندانییەکان، پاسەوان و دڕەندەکانی زیندانیش، چەند خولەکێک نەیانتوانی هیچ بڵێن و هیچ پەرچەکردارێکیان هەبێت! ڕوداوێکی چاوەڕواننەکراو!
چەوێکی تر وتی: ڕەنگە ڕێکەوتنێکی پێشوەختەی زیندانەکان بووبێت، جگە لە ئەی رەقیب، بە درووشمی عەرەبی بۆ ئەوەی پاسەوانەکان باش تێبگەن، ئەو هۆڵەیان پڕ کرد لە جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕیی!
چەوێکی تر، بە دەنگێکی کزی نووساو، وتی: لەوڕۆژەوە خۆم و دەستەبرا و خوشکەکانی نێو ئەو سەقفە هێندە بۆ جوامێر و زیندانییەکانی تر گریاین، دەنگمان دەرنایەت، قسە بکەین! زۆر شت هەبوو لەم دیمەنە درامییە پڕ لە ئازایەتییەدا، جێگەی نەبەردیی بوو، بەڵام لە هەمووی کاریگەرتر لای ئێمەی چەوەکانی ئەم سەقفی زیندانییە، ئەو تفبارانەی جوامێر و زیندانییەکانی تر بوو بۆ ناوچاوی ئەمنەکان و پاسەوانەکانی زیندان!
دوای شۆکە گەورەکە، سەدان ئەمن و پاسەوان بە چەک و سۆندە و دارەوە، وەک گورگی برسی و هار، کەوتنە وێزەی گیانی زیندانییان و کەسوکاریی زیندانییەکان.(چەوێکی تر وای وت)
بە تیلەچاو، لە جەستەی پڕ لە ورەی جوامێر و ئەو چەند زیندانییەم دەڕوانی کە لە چەند مەترێک لەولای ئێمەوە یەک یەک بەچاوبەسراویی لەبەردەم لولەی تفەنگی جەلادەکانەوە لە چاوەڕوانی گولەباراندابوون!(چەوێک وایوت)
چەوێکی تر، لە نێو یەکێک لە بلۆکەکانی ئەو دیوارەی حەوشەی زیندانەکەدا کە ساڵانێکە زیندانە، قسەی بەو چەوە بڕی و وتی: من لە نزیکترەوە بووم، ئێوە لە سەقفی زیندانەکەدابوون و من لە دیوارەی حەوشەی دەرەوەی زیندان، جوامێر و ئەو پۆلە زیندانییە لەتەنیشت منەوە گولە بارانکران! گولەکان، کە لە تفەنگی جەلادەکانەوە دەردەچوون و بەر سنگ و سەر و قاچی ئەو پۆلە گەنجە بە ورەیەکەوتن، لە شەرم و تەریقبوونەوەدا، پێش گەنجەکان گولەکان، خۆشیان دەمردن!
شەرمی گولەکان، لە ئازایەتی ئەو گەنجانە و ئەو جۆش و خرۆشەبوو، کە تا چرکەساتی دەرچوونی ڕۆحیان سروودی ئەی رەقیبیان دەوتەوە!
چەوەکان، ئەو ڕۆژە، دەیان چیرۆکی تریان گێڕایەوە، هەموویان پێکەوە لەسەر ئەوە تەبابوون، چیرۆکی ئەو ژنە کوژراوەو منداڵەکەی سکی و چیرۆکی جوامێر و هاوڕێکانیان، غەمگینترین و تراژیدیترین چیرۆکی ئەو ساڵەی نێو زیندان بوو، کە ئەوان بینیان و شایانی گێڕانەوەیە!
چەوێک، چیرۆکی کەڕبوونی خۆی دەگێڕێتەوە!
دوای پەرش و بڵاوبونەوە و ئاوارەبوونی چەوەکانی کەناری دەریاچەی سیروان، چەوێک لە سەقفی مزگەوتی کوێرەدێیەکی ناوچەی بلە و بارزان، چیرۆکی کەڕبوون و ئازارێکی بەسوێی خۆی و دەستەخوشک و برا چەوەکانی بەم شێوەیە بۆ گێڕامەوە:
ساڵانێک بوو، بەهۆی بەڵێندەر وەستایەکی گەرمیانییەوە، کۆمەڵێک چەو لمی دەریاچەی سیروان کەوتبووینە سەقفی مزگەوتێکی خنجیلانەی ناوچەیەکی دوورەدەستی بلەو بارزان! هەرچەندە لەناو ئەو سەقفەدا، گەرمای هاوین و سەرمای زستان، ڕۆژ بەڕۆژ پیرتر و هیلاکتری دەکردین، بەڵام ڕازیبوین بە چارەنووسی خۆمان و زۆرجار دەمانوت: مادام لە خاکی کوردستانین و وەک چەوەکانی تر، گۆڕ غەریب نەبووین، سوپاسی خوا دەکەین!
چەند ساڵێک بەم شێوەیە لەو سەقفەدا ماینەوە و ئاگامان لە چیرۆکی نوێژخوێنانی سەدان پیرەپیاوی ڕوخسار نوورانی و گەنجی دڵپاک و موسوڵمانی راستەقینە بووین. دەیانجار لەناو ئەم مزگەوتەدا، بە دەنگی گریان و کڕنووشی پڕ لە ترس و بەندایەتی پیاوانی ئەم گوندە بۆ خودا، ئێمە لەم سەقفە ڕەق و تەسکەدا، ڕاچڵەکیوین.
ئێوارەیەکی وەرزی بەهاربوو، جیا لە ئێوارانی تری نوێژخوێنان، مەلا و هەندێ لە ڕیش سپی و پیاوانی گوند و کۆمەڵێک گەنج، پاش نوێژکردن، زیاتر مانەوەو زیاتر نزا و پاڕانەوەیان لە خودا هەبوو!
مەلا، بە دەنگێکی بەرز و قوڕگێکی پڕ لە گریان و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، هاواری دەکرد: خودایە، ماڵەکەت و ئێمە لە چنگی دوژمنان و نەوەکانی ئیبلیس بپارێزە! نوێژخوێنان و خەڵکەکە هەموویان بە دەنگێکی بەرز و دوو دەستی ڕووە و ئاسمان دەیانووت: ئامین… ئامین!
مام چەو، چ باسە و هیچ شتێک هەیە و تۆ بیزانیت و ئێمە لێی بێ ئاگابین؟ (چەوێکی هاوڕێم لەوسەری سەقفەکەوە، وایپێوتم!) ئاگام لە هیچ نیە، بەڵام پێدەچێت ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوبدات (هەر لەخۆمەوە، وام بە چەوی هاورێم وت!)
ئەو ئێوارەیە، تا درەنگانێکی شەو، دەنگی تەهلیلە و زیکری نێو مزگەوتەکە بەردەوام بوو. چەوێکی تر، پێیوتم: سەیرێکی ماڵانی گوند بکە، چراکان هەموویان ڕووناکن و خەڵکەکە هەمووی بێدارە! ئەمە زەنگێکی ترسناک و پێشهاتی ڕوداوێکی تاریکە لەم گوندەدا! (وام بە چەوەکانی تری سەقفی مزگەوتەکە وت)
پاش نوێژی بەیانی، ترس و دڵەڕاوکێیەک جوانی ئەو سەرەتای بەهارەو سەوزیی ئەو دەشت و دەرەی کردبوویە بیابانێکی غەمگین و دڵشکاو! لەگەڵ ڕوناکیی بەیانیدا، چی مەحشەر و کارەساتێک ڕووی لە گوند کرد! (چەوێک وایگێڕایەوە)
لە بری دەنگی باڵندە و دەنگی زەنگۆڵەی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات و دەنگی منداڵانی گوند، دەنگی زیل و ئۆتۆمبێلی سەربازی و مارشی مەرگدۆستیی جەلادەکان، خۆیکرد بەم گوندە دڵگەش و گەشەدا!
یەکەم شوێن، یەکەم بنکە، یەکەمین چاوی برسییان لەم مزگەوتە بوو! بە پۆساڵە ڕەشەکانیان، پەلاماری دارو بەرد و کتێب و بەرماڵ و قورئان و پیرۆزییەکانیاندا! زیل و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان دەوریی گوندیاندا، دەنگی گریان و هاوار و لاڵانەوەی ژن و کچ و منداڵ و پیاوانی ئەم گوندە، نەک سەقفی مزگەوت، عەرشی خوایان هێنایە لەرزە! بەڵام ئەوان بێ باک و دڵرەقبوون. لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا، ئەم بەهەشت و سەوزاییەیان کردە بیابانێکی کاکی بە کاکی! چ مرۆڤ و منداڵ و ژن و کچ بوو، بە زیلەکانیان بردنیان، هەموویان بردن! دواتر دڵڕەقانە، بەناوی ئەنفالەوە، کەوتنە خاپورکردنی خانووە خۆڵ و گچکەکانی ئەم گوندە! دواهەمین شوێن دەستیان بۆ برد، ماڵەکەی خودا بوو! ئا.. ئا.. ماڵەکەی خودا، ئەم مزگەوتە بوو!
چەند سەربازێکی تەیحان، بە پێڵاوەکانیانەوە هاتنە ناو مزگەوت و بۆ مینبەرەکە، دەستیان پێکرد و پڕیان کرد لە کەرەستەی تەقاندنەوە! ئێمەش لەسەرەوە واقمان وڕمابوو، یەک لەبەر ئەم پاکتاوکردنەی خەڵکی ئاوایی، دوو لەبەر تەقاندنەوەی ماڵەکەی خودا!
دیارە چارەنووسمانە و دەبێت ئەم شوێنە تەنگەی سەقفی ئەم ماڵەی خواشمان پێڕەوا نەبینن! (چەوێک بە گریانەوە وایوت)
سەربازەکان، بەردەوامن لە هێنانە ژوورەوە کەرەستەی تەقینەوە (کەمێک بیدەنگیی) ئێستا گوند، ڕوخساری گۆڕاوە، لە شوێنكی دڵگیرەوە گۆڕاوە و لەسەربازگەیەک جەنگ دەچێت! جگە لە سەرباز و ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازیی هیچی تر، نابینرێت! دواهەمین شت بردیان، مەروماڵات و مریشک و قاز و قەلی گوندەکە بوو!
یەک یەک و دوو دوو سەربازەکان، لە مزگەوتەکە دووردەکەونەوە دەچونە نزماییەکەوە و هەموویان ڕوو لە مزگەوتەکە دەکەن! دوو سەربازییان، بۆکسێکی ڕەشی بچووکیان بەدەستەوەیە و بە دوو وایەری درێژ، روو لە مزگەوتەکەیە. هەموویان لە مزگەوتە دەڕوانن و بە هەردوو دەست بە توندی پەنجەیان خستوەتە ناو کوونی گوێچکەیان و هەموویان لە مزگەوتەکەیان دەڕوانی و ئێمەش لەم سەقفی مزگەوتەوە لەوانمان دەڕوانی!
بێدەنگییەکی قوڵ و چاوەڕوانی ژماردنی (یەک … دوو… سێ)ی بەرپرسەکەیانن! لەگەڵ وتنی ژمارە (سێ) چ ڕوویدا، خودایە! دەنگێک، مزگەوتەکە و عەرشی خودا و درەخت و ئاسمان و زەوی و دارو بەردی ناوچەکەی پێکەوە لەرزاند! سەربازەکان، بە دەنگی بەرزی (ئەڵڵا و ئەکبەر) و ئێمەش لەناو دەنگی کاسبوودا، بەرزبووینەوە بەرەو ئاسمان و بارەگای خودا! دەنگێک، گوێچکەی ئێمە و گوێچکەی سرووشت و گوێچکەی مرۆڤایەتی، لەئاست ئەم تاوانەدا کەڕ و بێدەنگکرد!
ئێستا، دووکەڵێکی ڕەش لە ئاوایی و لە ماڵی خودا هەڵدەستێت. هەرچی چەوی نێو ئەم سەقفی مزگەوتەش هەیە، شەق و لەتلەت بوون و ئەوەشی دەربازبووە، وەک من، کەڕ و کاس بووە و جگە لە بینین، هیچی تری نەماوەتەوە بۆ گێڕانەوەو بینینی تاوان و دڵرەقی ئەو جەلادانە!
جارێکی تر، چەوەکانی نێو سەقفی ئەم مزگەوتە، ئەنفالکرانەوە! ئەوانەشی بە رێکەوت، لەو خاپورکردنەدا، ڕزگاریان بوو، لە قەهر و ئازاردا، مردن و بۆ هەتا هەتایە، لەو گوندانەی ناوچەی بلە و بارزان، بوون بە ژێر داروبەردو خاکی برینداری کوردستانەوە!
لەناو ئەم ڕۆژی حەشر و تاوانە گەورەدا، بە ڕێکەوتێکی سەیر، چەوێک لە دواوەوەی سەقفی مزگەوتەکەدا ڕزگاری بوو، لەگەڵ دەنگی تەقینەوەکەدا، پەڕی بۆ ئەوبەری ئاوایی!
ئێستا و ساڵانێکە ئەو چەوەی هاوڕێمان، لەدووریی خەڵک و لە گۆشەگیرییەکی قوڵدا دەژی!
ڕۆژێک من و دەستە خوشک و دەستە برادەرە چەوەکانی ئەم سەقفی مزگەوتە، سەردانمان کرد، من گوێکانم نەمابوو بۆ بیستن! چەوێکی تر، هۆش و هزری لەدەستدابوو، چەوێکی ترمان چاوەکانی، ئەوەی بۆی گێڕاینەوە، پیرەچەوێک بوو، وتی ئەو چەوەی لەم کارەساتە ماڵوێرانکەرەدا ڕزگاربووە، ئێستا لەو بەری ئاوایی کاری بووە بە خوێندنەوەی شیعر و چامەی ئەو شاعیرانەی پاش ئەم کارەساتە، شیعریان بۆ گەوەریی ئەو کارەساتە نووسی! دیارترین ئەم کۆپلە شیعرەی (گۆڕستانی چراکان)ی شێرکۆ بێکەس بوو ئەو چەوە، بە دەنگ و قورگێکی پڕ لە گریانەوە، بۆ باڵندە و درەختی سوتاو و پەلکە گیاکانی ئەو گوندەی دەخوێندەوە:
چیتان بۆ بگێڕمەوە! ؟
حیکایەتی ئەو جەستانەی وردە وردە
کرمەڕێز ئەبوون و ئێمەیش کرمەکانمان لە برسانا ئەخوارد! ؟
چیتان بۆ بگێڕمەوە! ؟
ئاخر زریکە چۆن ئەگێڕدرێتەوە! ؟
قیژە چۆن ئەنووسرێتەوە! ؟
عەرعەر چۆن ئەخوێندرێتەوە! ؟
ئەبێ خۆڵ قسە بکا خۆڵ!
ئەبێ چاڵ قسە بکا چاڵ!
مار و مێروو بیگێڕنەوە
ئەو چاوانە و ئەو گۆی مەمک و ئەو کاکۆڵ و زەردەخەنە و مەقامانە
چییان لێهات! ؟
ئەبێ خودا خۆی ڕۆژێ سەرمان لێبا و
پێمان بڵێ ئەو ڕۆژی حەشرە چۆن ڕوویدا!؟
چەوێک چیرۆکی قاچ و پێڵاوەکان دەگێڕێتەوە!
لەناو دڵی غەریبیدا، پاش ساڵانێکی زۆر لە هەڵکەندنیان لە کەنار زێی دوکان، کۆمەڵێک چەو، چیرۆکی زیندانیی خۆیان لەسەر پردێکی ناوچەی پشدەر دەگیڕێنەوە! هەرچەندە پشدەر بۆ زێی دوکان، یەک کەش و ئاوهەوا و یەک خاک و نیشتمانە، بەڵام چەوەکان، لەناو ئەو پردە ڕەق و تەقە و لە پەنا شیش و چیمەنتۆی وشکەوەبوەدا، هەست بە غەریبییەکی قوڵ دەکەن! بەشێک لەو هەستەش، لەو مامەڵەیەوە بۆیان درووستبووە، کە مرۆڤەکان زۆر بێ منەتانە، پێیان پێدا دەنێن و هەندێجاریش ئازار بە ڕۆحی زیندانیکراو و غەریبیشیان دەگەیەنن!
چەوێک دەڵێت: ڕۆژانە، دەیان جۆر مرۆڤ، بە پێ بەسەر ئێمەدا دەڕۆن! مرۆڤ و پێڵاوەکان، هەمەجۆر و هەمەچەشنن! ئەمە جگە لە پێی ئاژەڵ و مەڕوماڵاتی گوندنشینەکانی ئەم ناوچەیە! ئەوەی زۆر ئازارمان ئەدا، ئەو پۆساڵە ڕەشە، غەریبانەیە دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە پێ بەسەر ڕوخسار و کوڵمی، ماندومان دەنێن!
چەوێکی تر، کە گوێی لەم سکاڵایانەی دەستە خوشکە چەوەکانی بوو، خۆی هەڵقورتاند و وتی: خەم و ئازاری من، جیاوازە لە خەم و سکاڵاکانی ئێوە! بەدەر لەوەی من ڕۆژانە چەندین کەس بەسەرمدا دەڕۆن و ئاگایان لە ناڵە و ئازاری ئێمە نیە، شەوان هەندێ کەس بۆ خۆشی و کاتبەسەربردن، بێ بەزەییانە ئاگر لەسەرماندا دەکەنەوەو سەر پرد و ژێر پردەکان دەکەنە شوێنی دانیشتنیان، دوێنێ شەو، بە بۆنێکی پیس و ناخۆش خەوی زڕاندم کە چاوم هەڵبڕی، چەند سەربازێکبوون، خۆیان لە لێواری ئەم پردە و لەسەر ڕوخساری من خاڵیدەکردەوە!
چەوێکی تر، ئاهێکی هەڵکێشاو بە دەنگێکی کز، وتی: هەموو ئەوانەی ئێوە وتان داخ و ئازارێکی قورسە، بەڵام لای من، هیچی هێندەی ئازاری ئەو زیل و ئۆتۆمبێلە سەربازییانە ئازاری نییە کە شەو و ڕۆژ لێرەوەو بەسەر سنگی ئێمەدا، کەرەستەی سەربازیی بۆ گۆڕەپانی شەڕەکانیان، دەگوازنەوە!
چەوێکی تر وتی: ئەوانەی ئێوە وتان هەمووی راستن، بەڵام خەمی من لە خەمی ئێوە بە ئازارترە، ئاوی سازگار و ڕونی ئەم کوێستانە، بە ژێر مندا دەڕوات و سەریشم ڕۆژانە جەلادەکان بەسەریدا دەڕۆن! لەمەش غەمگینتر، چەندینجار زیل و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەسەر پشتی ئێمە و ئەم پردەدا، کەرەستەی خاپورکردنی ئەم گوندانە و نیشتمانی گواستوەتەوە!
چیرۆکی چەوەکانی نزیک قەڵا!
چەوێکی تر، لەگەڵ دەستەیەک لە خوشک و براکانی، جیاواز لە بیرەوەریی ئەو چەوانەی تر، چیرۆکی خۆی لە سەقفی ماڵە دەوڵەمەند و یەکێک لە خاوەنی گارگەی چەو و لمی شارۆچکەیەکی گەرمیان گێڕایەوە. گێڕانەوەیەک، ڕەنگە جیاوازتر بێت لە چیرۆک و بەسەرهاتەکانی تری چەوە ئاوارەکانی تری کەناری دەریاچەی سیروان. بۆیە لەکاتی نووسینی بەسەرهاتی چەوەکان، ویستم ئەم چیرۆکە نەخەمە پاڵ چیرۆکەکانی تر، بەڵام زۆر بیرمکردەوەو ڕوداوی پەندی گرنگی تێدایە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەو بەسەرهاتەش بخەمە ناو کتێبەکە! کە لەڕاستیدا چیرۆکەکە هەم گرنگە و هەم مایەی پێکەنینێکی قوڵی خوێنەرانیشە!
ئەو چەوە، وتی: هەرچەندە من لە زۆرێک لە چەوەکانی تری هاوڕێم، کەمتر هەستم بە غەریبیی دەکرد، چونکە نزیکبووم لە زێدی خۆم لەکەنار ئاوەکانی سیروان. تەنها چەند کیلۆمەترێک لە دووریی کەنار ئاوەکەوە، گوێزرابوومەوە بۆ سەقفی ماڵی خاوەن کارگەیەکی لم و چەو، لە سنووری شارۆچکەی کەلار.
چەو، چیرۆکی جیاواز و هەمەجۆری ئەو ماڵەی دەگێڕایەوە، بەتایبەتی کە شەوانی زستان، جمەی دەهات لە میوانی هەمەجۆر و هەمەکار. چەو، دەیوت: بەسەرهاتەکان، هەندێکیان مایەی پێکەنین و هەندێکیشیان مایەی خەم و نیگەرانیی بوون! بەڵام من لە هەموو ئەو بەسەرهات و ڕووداوانەدا، ڕوداوێکی ڕویدا، هەرجارێک بیرمدەکەوێتەوە، دەنگی قاقای پێدەکەنم، ڕۆژەڕێیەک دەڕوات!(ئەو چەوە وایوت)
پێمخۆشە کەمێک ئەم چیرۆک و ڕوداوەکانی بەسەرهاتەکانمان، پێکەنین و شادیی گاڵتەجاڕانەشی تێدابێت، بۆیە چیرۆکی ئەفەندییەکی بەرپرسی بەعس و چەند پیاوێکی نیشتمانپەروەرتان لە یەکێک لە دانیشتن و شەوەکانی دیوەخانەی ئەو ماڵە، بۆ دەگێڕمەوە:
شەوێکی درێژی زستان، خاوەن ماڵ، بەتەمای میوان بوو . لەنیوەڕۆوە، بەردەست و ئیشکەرەکانی دەهاتن و دەچوون. ماڵ دەڕازێنرایەوە و ئامادەسازیدەکرا بۆ هاتنی میوانەکان!
شیشی دراوسێم پرسی: مام چەو، هیچ هەیە وا هەمویان مەشغوڵن ؟
منیش وتم: رەنگە میوانداریی هەبێت!
مام شیش لەژێر لێوەوە وتی: جا ئەم ماڵە، کەی میوانی تێدانەبووە؟!
حسێنی خاوەن ماڵ، کە خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی لم و چەو، دەوڵەمەندێکی دەست و دڵفڕاوان بوو، خاوەنی پەیوەندییەکی زۆر بوو لەگەڵ کەسایەتییە جیاوازەکانی ناوچەکە.
ئەم ئێوارەیە دانیشتنێکی تایبەت بوو، قائیمقامی دەربەندیخان و گێڕەوەی چیرۆکەکانی ئەم کتێبەش، (سەلام قەزاز) کە ئەو ڕۆژگارە بەڕێوەبەری ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دەربەندیخان بوو، لەگەڵ هاوڕییەکی زۆر نزیکی خۆی، خەڵکی دەربەندیخان و ناوی مامۆستا غەریب بوو بۆ ئەو میواندارییە بانگێشتکرابوون.
هەموو چەو و شیش و تەل و لم و چیمەنتۆی سەقفەکە، تووشیی بێتاقەتی کرد، ئەویش هاتنی ڕەفیق حازم چەلووبی، کە بەرپرسی حیزبی بەعس بوو لە ناوچەکە!
چۆن دەبێت، بەرپرسێکی تاوانباری بەعس، لەم دانیشتن و میواندارییەدا بێت!(چەوێک وایوت)
تۆ زۆر پەلەتە! پێش ڕوداوەکان مەکەوە (سەلام قەزاز، گێڕەوەی سەرەکی ئەم بەسەرهاتانە، وایوت)
بەڵام کاک سەلام خۆت دەزانی ئەو بەعسییە جل سەوزە زەیتونیە، نەدەبایە لەم دانیشتنەبوایە!(چەوەکە، وایوت)
حسێن، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و کارو کاسپی، پێویستی بەوەبوو، مامەڵە و دۆستایەتی لەگەڵ هەموو چین و توێژێک هەبێت، بە پیاوە بەعسییەکانیشەوە (نووسەرری ئەم کتێبە وایوت)
چەو، بێدەنگ بوو، چەوێکی تر وردەکاریی چیرۆکی دانیشتنەکەی ئەو شەوەی، بەم شێوەیە گێڕایەوە:
شەوێکی پڕ کەیف و خۆشی و شادی بوو، خواردن و خواردنەوە و کەیف و سەفا، گۆرانی و قسە و پێکەنین دیوەخانەکەی پڕ کردبوو! پرس و بابەتەکان، لە شامەوە دەچوونە شیراز، یەکێک بەسەرهاتێکی دەگێڕایەوە و هەموویان پێکەوە ئەیاندایە قاقای پێکەنین. پێکەنینێک، هەندێجار سەقفی ژوورەکەشی دەخستە سەما!
ئێمە لە سەقفی سەرەوە، لەم دیمەنەمان دەڕوانی، خواردن و خواردنەوە. زڕەی پێک و دووکەڵی جگەرە، قسە و قاقای پێکەنین، هەموویان پێکەوە کەشێکی سەرنجڕاکێش و شەوێکی سووری پڕ جۆش و خرۆشیان درووستکرد.
لەناکاو بێدەنگییەکی کوورت، باڵی کێشا بەسەر دانیشتنەکەدا و ڕەفیق حازم چەلوبی کە لێپسراوی حیزبی حزبی بەعس بوو لە ناوچەکەدا، دوای ئەوەی تێری خوارد و خواردەوە، بە کۆمەڵێک ڕستە و وشەی بێتام، ئاڕاستەی دانیشتنەکەی گۆڕی و لە دانیشتنێکی خۆشی خواردن و خواردنەوەوە، کردیە دانیشتنێکی حیزبی وشک و بێتام! بە زمانێکی سەرخۆشانەوە، وتی: ئێوە هەموتان قەرزاری سەید ڕەئیسن، چونکە سەرۆک، ئێوە و عێراقی لەدەستی دوژمنان پاراست! ئەمە جگە لەوەی بیرتاننەچێت، بڕیاربوو ئەم ناوچەیە و هەمووتان بە ماڵ و منداڵ و کارو کاسپیتانەوە بگوازرێنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواری وڵات، دەبوایە تەرحیل بکرانایە، بەڵام سەرۆک میهرەبانیی نواند و نەیهێشت! ئێوەش زۆر خەم سارد و بێ باک بوون و پاداشتی ئەو شکۆمەندییەی سەرۆکتان نەدایەوە! (ڕەفیق حازم چلوبی وایوت)
(بێدەنگییەکی کەمێک درێژتر!) کەس هیچی نەوت، ئێمە لەسەرەوە هەستمان دەکرد دانیشتنەکە تێکدەچێت و میوانەکان خیشیان کردووە و پڕن لە وتن!
نووسەری ئەم بەسەرهاتانە، مژێکی قوڵی لە جگەرەکەیدا و چاوێکی کەمێک نوقاند و ڕویکردە، چلوبیی و بە دەنگێکی کز و کەمێک گاڵتەچاڕانەوە، وتی: چی بۆ سەید رەئیست بکەین؟
ڕەفیق حازم چەلوبی: بە کەمێ توڕەبوون و لە خۆباییبونێکی زۆرەوە، وتی: بەڕای من، قەڵای شێروانە هێمایەکی کولتووری بەناوبانگ و گەورەی ئەم ناوچەیەتانە، هەوڵبدەن بە هەموتانەوە پارە کۆبکەنەوە، پەیکەرێکی بچوکی کتومتی قەڵای شێروانە بە ئاڵتون درووستبکەن و بەناوی پیاوماقوڵانی خەڵکی ناوچەکەوە، بیبەخشین بە سەرۆکی فەرماندە، لەپای ئەو چاکەیەی لەگەڵی کردوون! کە دروستانکرد لەگەڵ چەند پیاو ماقوڵێک پێکەوە، دەچینە خزمەت رەئیس لە بەغداد و پێشکەشیدەکەین، خۆشم لەگەڵتان دێم!
هەموو بێدەنگبوون و دانیشتنەکە ئاڕاستەکەی تەواو گۆڕا! قڕقێنەیەکی درێژ و بێتام… یەکێک لە میوانەکان، کە دیاربوو زۆری خواردووەتەوەو مەست بووە! ڕەفیق حازم چلوبی، هاوسەنگی تێکچوو! راستە زۆری خواردوەتەوەو ڕەنگە ئەو پێشنیازەشی تەنها قسەی شەوبێت، بەڵام قڕقێنەکە بە تەواوەتی هاوسەنگی تێکدا و هەستیکرد گاڵتە بە بۆچوون و پێشنیارەکەی دەکەن!
نووسەری ئەم کتێبە، ویستی کۆبوونەوەکە بە ئاڕاستەیەکی تر ببات و ئەو قڕقێنەیەش، لەناو پێشنیازێکی تێکەڵاو لە راستی و گاڵتەجاڕی ونبکات! ڕویکردە ڕەفیق حازم و وتی: من پێشنیازێکی ترم هەیە.
حسێنی خاوەن ماڵ و خانەدان، دەستی لەسەر دڵییەتی و دەترسێت دانیشتنەکە بەتەواوەتی لە دەستدەرچێت، بۆیە زۆر حەزینەدەکرد لەسەر ئەو بابەتە بڕۆن و ویستی قسەکەی پێببڕێت و لەوێدا کۆتایی بێت، بەڵام بێسوود بوو!
هەموو چاوەڕوانی پێشنیازیی کاکی نووسەرن:
کۆکەیەکی کرد و بە تۆنێکی گاڵتەجاڕانە و هێواش و لەسەرخۆ، وتی: من پێشنیازی خەڵاتێکی گەورەتر بۆ سەرۆکی فەرماندە دەکەم! هەموویان پێکەوە وتیان: چییە؟
وتی: بۆ تەنها لەم ناوچەی خۆمان، بۆ هەوڵندەدەین لە هەموو کوردستان، پارە کۆکەینەوەو قەڵایەکی هێندەی قەڵای شێروانە لە ئاڵتون بەرامبەر قەڵای شێروانە درووستبکەین و ناوی بنێین قەڵای ئاڵتونی سەدام! سەرۆکی فەرماندەش، ئەرک بکێشێت تەشریف بێنێت و قەڵا ئاڵتونەکەی لە مەراسیمێکی گەورە و فراواندا، بکاتەوە! دانیشتنەکە بوویە بەرەیەکی جەنگ و بەتەواوەتی لە دەستدەرچوو!
رەفیق حازم، هەستیکرد پێشنیازەکەی بووە بە گاڵتە و گەپی دانیشتنەکەیان و ئەمەی پێ قبوڵنەکرا و هەستایە سەرپێ و ڕویکردە، نووسەری مەست و خەیاڵ و وتی: دیارە تۆ گاڵتەم پێدەکەیت! دیارە تۆ بێوەفایت بەرامبەر بە سەرۆکی فەرماندە؟ دیارە دەتەوێت گاڵتە بە پێشنیازەکەی من بکەیت بە سەرخۆشی؟!
نووسەریش، لەوپەڕی مەستبووندا، وتی: بێگومان، گاڵتەدەکەم! چونکە ئەوەی تۆ دەڵێی فیلمی هیندییە و شایەنی ئەوەیە بیکەیتە، بابەتێکی گاڵتەئامێز!
دانیشتنەکە تێکچوو، حسێنی خاوەن ماڵ، خەریکی پاڕانەوە بوو، تا نووسەر لە سێدارەدان بپارێزێت! لە راستیدا، رۆژێک دوای ئەو شەوە و ئەم بەسەرهاتە، هەموو چەوەکانی ئەم سەقفە، گیانمان لەسەر دەستمانبوو، چاوەڕوانی تەقاندنەوەی ئەم خانوە و کەڕبوون و لەتلەت بوون بوین بەدەستی پیاوانی بەعس! بەڵام دواتر زانیمان، ڕەفیق حازم چلوبی، بە بڕێک پارەکردن بە گیرفانیدا، خۆی لەو چیرۆک و ڕوداوەی ئەو شەوە، کەڕکردووە!
***** **************
چەوی یانەیەکی شەوانە!
چەوێک، بەکەمێک نیگەرانییەوە، وتی: هەندێ لە هاوڕێ چەوەکانم ئیرەییان پێدەبردم، گوایە من کەوتومەتە سەقفی یانەیەکی مۆدێرنی شەوانەی بەغدای پایتەخت! بەداخەوە، ئەو چەوانە، تەنها چاویان لە سەما و گڵۆپی ڕەنگاو ڕەنگ و شەوی سووری ئەم یانەیە بوو! تەنها چاویان باوەشی مەستبوون و ئاویزان بوونی کوڕ و کچانی بەغدای دەبینی!
لەراستیدا، منیش خۆم پێشتر هەمان بۆچوونم هەبوو، بەڵام کاتێک لەگەڵ هەزاران دەنکە چەو و تاڵە شیش و لم و چیمەنتۆ، کەوتینە سەقفی ئەم یانە شەوانەی پایتەخت، ئەو بۆچوونەم گۆڕا و پێموایە ئەوێش وەک شوێنەکانی تر، پڕە لە خەم و ئازار و دڵشکان!
سەرەتا وامانزانی ئیتر شەوان بەدیار باوەش و ماچ و سەمای عاشقانەوە وەنەوز دەمانباتەوە و دەخەوین! ئیدی بە دەنگی مۆسیقا و دانس و گۆرانی دەخەوین و خەبەرمان دەبێتەوە! بەڵام دۆستان وانەبوو، لەم یانەیەدا کەوتین بەسەر دەیان چیرۆکی غەمگین و تراژیدیدا، یەکێک لەو چیرۆکانە، تەنها یەکێک لەو چیرۆکانەتان بۆ دەگێڕینەوە:
ڕاستە ئەم یانەیە، کە تاریک دادەهات تا بەرەبەیان سەما و دانس و گۆرانی و لێکپژانی کەسایەتییە دیار و دەوڵەمەند و کوڕ و کچانی خوا پێداوی پایتەخت بوو! لەبیرمە، لە ماوەی چەند ساڵێک لە سەقفی ئەم یانە شەوانەیەدا، دەیان گۆرانی و مەقامات و گۆرانی ئەرابیسکی کۆن و نوێی عێراقی و عەرەبیم لەبەرکرد، کە کوڕان و کچان لەکاتی مەستبووندا دەیانووتەوە!
لە نێو ئەم سەقفەدا، یەکلایەنە بوومە هاوەڵ و هاوخەمی دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی میوانان و سەردانیکەرانی ئەم یانەیە! (چەوێک وایوت)
چیرۆکەکان زۆرن و هەمەجۆرن، بەڵام چیرۆک و بەسەرهاتی ڕیاز حەمدانی، یەکێکە لە چیرۆک و بەسەرهاتە زۆر تراژیدییەکانی ئەم یانە شەوانەیە، بۆیە لەبری هەموو بەسەرهاتەکانی تر، چیرۆکی ئەوتان بۆ دەگێڕمەوە. (چەوێک وایوت)!
چەو، دەڵێت: ڕیاز حەمدانی، ئەندازیارێکی خەڵکی بەغدای پایتەخت بوو. لە شەستەکانی تەمەندا بوو. هەفتانە دوو شەو یان زیاتر، دەهاتە ئەم یانەیەو لە سوچێکی ئەوسەری هۆڵەکە دادەنیشت. زۆربەی هەرزۆری شەوەکان، بە تەنها و جارجاریش هاوڕێیەک یان دوو هاوڕێی لەگەڵ بوو. بەڵام کە دەهات بۆ یانە، وەک دەڵێن لە داڵەوە بۆ داڵ، دادەنیشت و تا دوا پلەی مەستبوون دەمایەوە! درەنگانێکی شەو، یان بەریبەیان، بە لارەلار دەڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام ماوەیەک لە خۆیەوە ونبوو!
ماوەیەک چاومدەگێڕا، ڕیاز حەمدانی دیارنەبوو. هەفتەیەک هاتوو، هەفتەیەک ڕۆیشت، هەر دیارنەبوو!
رۆژێک ئارامیم پسا و هەواڵی ڕیازم لە خاوەن یانەکە پرسی. ئاهێکی قوڵی هەڵکێشا و بێدەنگبوو، هیچی نەووت و ڕۆیشت! جارێکی تر و شەوێکی تر، هەواڵیم پرسییەوە، زانی من سوورم لەسەر هەواڵپرسینی و حەزدەکەم لە چارەنووسی بپرسم خاوەن یانەکە، لەسەر کورسییەکەی دانیشتوو، کەوتە قسەکردن بۆم وتی: ماوەی مانگێکە ڕیاز تووشی گۆڵمەزێکی گەورە بووە، لە (ئەمنی عامە) گیراوەو چارەنووسی لەدەستی قەدەردایە و کەس نازانێ چی بەسەردێت! ڕەنگە جارێکی تر، دنیای ڕوناک بەچاو نەبینێتەوە!
چۆن؟ چی بووە؟ چیکردوە؟ (وام بە خاوەنی یانەکە، وت)
خێری کردوە، لەبەر خێرەکەی، تووشی ئەم گۆڵمەزە بووە! مردوو مراوە لە تەمەنیدا، یەکجار خێریکرد، خێرەکە بوو بە دووپشک و دای بەگەردنییەوە! (خاوەن یانەکە، قاقایەکی گاڵتەجاڕانەی لێدا!)
من و هەموو چەوەکان تری سەقفەکە و شیش و بزمار و لم و تەل و داروبەرد، گوێمان بۆ چیرۆکی ڕیاز حەمدانی گرتووە….
خاوەن یانەکە، قرخەیەکی کرد و قوڕگی پاککردەوە. پێکێک لەبەردەمیدابوو، بە هێواشی لێوی پێوەنا و نۆشیکرد. بەدەنگێکی هێمن و لەسەرخۆ، کەوتە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە:
شەوێک ڕیاز، لەناو خەیاڵ و خواردنەوە و کەشی ئەفسوناویی خۆیدابوو، وردە وردە شەو بەرەو کۆتایی دەڕۆیشت و هۆڵەکە بەرەو چۆڵبوون. لەکاتی هەڵساندا، سەیردەکات جگە لەخۆی، تەنها یەک کەس لەولایەوە ماوەو کەوتووە بەسەر مێزە خاڵییەکەیدا و مەستبووە تا سنووری بێ هۆشیی….
دیمەنی ئەو کەسە، سەرنجی ڕیاز ڕادەکێشێت و دەچێتە لایەوەو بەرزیدەکاتەوە. کەسەکە، بە دەنگ و تۆنێکی تێکەڵ و پێکەڵ، داوا لە ڕیاز دەکات، بەم شەوە درەنگە، تا ماڵی خۆیان بیگەیەنێتەوە، چونکە بەم شەوە درەنگە تەکسی دەستناکەوێت….(کەمێ بێدەنگی و بیرکردنەوەیەکی مەستانە)
ڕیاز، بە هەزار فەلاکەت و لارە لار، کابرای مەست و سەرخۆش دەیگەیەنێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی و بەرەو ماڵ دەیباتەوە. شەقامەکانی بەغدا، بەو شەوە درەنگە، چۆڵ و خاڵییە لە مرۆڤ و ئۆتۆمبێل. ئەمیش بەخێراییەکی زۆر لێدەخوڕێت و دەگەنە بەردەم (ئەمنی عامە) نزیک (ساحەی طیران) باڵەخانەی ترس و تۆقاندن! لێیان تێکدەچێت، یان ڕیاز مەبەستییەتی زوو بیگەیەنێتە ماڵی خۆیان، بە پێچەوانەی ئاڕاستەی شەقامەکەوە دەڕۆن و ناوەستن! پاسەوانەکانی ئەمن، تەقەیان لێدەکەن. حەمدانی لە شۆفێریکردنەکەیدا دەشڵەژێت و چەند فیشەکێک بەر جام و تایە و دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی دەکەوێت و خۆی دەکێشێت بە دیوارێکی لاپاڵی تەنیشت ئەمنی عامەدا! ئەو کەسەی لەگەڵیدا دەبێت، فیشەکێک بەر سەری دەکەوێت و فیشەکێکیش بەر دەستی خۆی دەکەوێت! دەبێت بە ڕۆژی حەشر! ئەوناوە بەو شەوە درەنگە، وەک شارە مێروولەی لێدێت، پڕ دەبێت لە ئەفسەر و پیاوانی ئەمن! کە دەگەنە سەر ئۆتۆمبێلەکە، دەبینن دووکەس خەڵتانی خوێن بوون، بۆنی ئارەق و بۆنی خوێنی گەرمی ڕژاوی هەردوکیان، لە پێشی ئۆتۆمبێلەکەدا، دیمەنێکی ئێجگار ترسناکی درووستکردووە!
سەری هەردوکیان بە تەنیشت کوشنەکەدا، لاربووەتەوە! دەیان سەر و دەیان چاو، لە ڕاسەری ئەم دوو جەستە ساردبوەدا وەستاوون و لێیان دەڕوانن!
رەنگە نەتۆپین، بیانبەن بۆ نەخۆشخانە! (ئەمنێکی پلەدار وایوت. پێدەچێت بەرپرسی ئەو ئەمنانە بێت، ئەمشەو هاتنەسەر ئەم دوو جەستە خوێناوییە!)
ئەو شەوە بەهەڵەداوان دەیانگەیەننە، نەخۆشخانە. تا بەیانی لەژێر چاودێری ورددا دەبن، بەیانی هەواڵ دێت، ڕیاز بریندارە و هاوڕێیەکەی گیان لەدەستداوە!(خاوەن یانەکە، وایگێڕایەوە)
چەو، لەسەر چیرۆکی ڕیاز بەردەوام دەبێت و دەڵێت: تراژیدیاکە، لێرەوە دەستپیدەکات: بەیانی لیژنەیەک لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە، بەدوای ئەو ڕوداوەدا دەڕۆن، دەردەکەوێت، ئەوکەسەی گیانی لەدەستداوە سەربازی هەڵهاتووە لەبەرەکانی جەنگ! ئەمە هێندەی تر قوڕەکەی بۆ ڕیاز حەمدانی خەستکردەوە!
دوای چەند رۆژێک، ڕیاز گوێزرایەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی ئەمنی عامەی بەغدا و دەنگۆی ئەوە هەیە لانی کەم بیست ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنن! ئەمە ئەگەر شانسی هەبێت و گەر بە تاوانی دەستتێکەڵکردن و هاوکاریکردنی سیخوڕان و دوژمنانی نیشتمان، لە سیدارەنەدرێت (چەوێک وایوت)
وانەی ئاین و بەزمەکانی قوتابخانەی ئەیوبییە!
قوتابخانەی ئەیوبییە، یەکێکە لە قوتابخانە دێرینەکانی شاری سلێمانی، لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا درووستکراوە. بەشێکی زۆری کەسایەتییە دیار و بەناوبانگەکانی ئەم شارە، لەم قوتابخانەیەدا خوێندویانە.
شێوازی بیناسازیی قوتابخانە، سەرنجڕاکێشە و پێشتر لەلایەن وەستا کارامە و دەستڕەنگینەکانی سنە و سابڵاخ و سلێمانی درووستکراوە. لە بینینی بینای ئەم قوتابخانەیەدا، ڕووخسارێکی تایبەتمەندی بیناسازیی کوردییانە دەبینرێت. هەربۆیە بەشێکی زۆری کەرەستەی شیش و لم و چەو و چیمەنتۆ و بەرد و کەرەستەکانی تری درووستکردنی ئەم قوتابخانەیە، بە تایبەتی هێنراون بۆ ئەوەی قوتابخانەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشی لێدرووستبکرێت!
گوایە، ئێمەش هەڵبژاردە و جۆرە تایبەتەکانی ئەو ڕۆخی سیروانەین و هێنراوینەتە سەقف و گۆڕەپان و بانێژە و دیوارەکانی ئەم قوتابخانە ڕەنگینە! (چەوێک، بەیانییەک لەبەر خۆیەوە ئەم قسانەی دەگێڕایەوە!)
لەناو سەدان بارهەڵگر و دەمی چەندین شۆفڵ و هەزاران شەپۆلی لم و چەودا، ئێمە جیاکراوینەتەوە بۆ درووستکردنی قوتابخانەیەکی تایبەت، بۆ شاری بابان و بۆ قوتابخانەیەکی رەنگین بەناوی ئەیوبییە!(چەوێکی تر وایوت)
من هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان خۆمان و دەستە چەوەکانی ترمان، کە بران بۆ بیابانەکانی عەرعەر و ناوەرواست و خواروی عێراق! چونکە ئێمە پێشتر زۆر پێشتر لە زێدی خۆنمان هەڵکەنراین! بیرتانە ئێمە لە چ بەهەشتێکی سازگاری کوێستانەکان بووین و دواتر چیمان بەسەرهات و چارەنووسمان بە چی گەیشت؟!(چەوێکی تر وایوت)
چەوێک، لەناوەراستی سەقفەکەدا، باوەشکێکی قوڵیدا و وتی: بەڕای من، ئەم دەردەدڵانە هیچ ئامانجێک بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانمان ناپێکن، وا چاکترە لەناو ئەم کتێبی گێڕانەوەیەی (سەلام قەزاز)دا، چیرۆکێک لەو چیرۆکانەی رۆژانی قوتابخانە و پۆل و وانەکانی ئەم قوتابخانە دێرینەی ئەیوبییە بگێڕینەوە، چونکە بیریشمان نەچێت ئێمە لەناو دەستەخوشک و براچەوەکانی تری دەریاچەی سیروان بە چەوە پاڵفتە و هەڵبژێراو چەوە بەخشندەکان ناسرابووین، هەربۆیە هێنراینە ئەم سەقفی قوتابخانەیەوەوە!
(بێدەنگییەکی قوڵ، باڵی کێشا بەسەر قسەکاندا. کەس هیچی نەوت! چییە بۆ بێدەنگن، چەوێک وایوت!)
دوو چەو، لە بانێژەی ڕاستی سەقفی قوتابخانەکەدا، چپ و هوڕ و ورتە ورتیانە. یەکێکیان وتی: گەر پێتان خۆشە، من چیرۆک و بەسەرهاتێکی وانەی ئاین و بەزمەکانی مامۆستا مەلا عەبدولرەحمان و ڕەئوف قەشمەری قوتابی یەکێک لە پۆلەکانی ئەم قوتابخانەیەتان بۆ دەگێڕمەوە…
بۆ نا، پێمانخۆشە. (هەموو چەوەکان، پێکەوە وایانوت)
چەوەکان، بێدەنگن و جەستەو گیانیان گوێ قوڵاخ بوون، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی وانەی ئاین و قەشمەریاتەکانی ئەو مامۆستا و قوتابیە!
چەو، بە دەنگێکی گڕ و بە شێوازێکی مەلایانە، وتی: ئەم ژوورە دەبینن، ئا ئەم ژوورە، “دەستێکی بۆ ژورێکی بچوکی ڕەنگ قاوەیی کۆن و پەنجەرە ژەنگاویی قوتابخانەکە ڕاکێشا” هەمووتان سەیریبکەن و وێنای ئەو چیرۆکە لە ئەندێشەتان بکەن، کە ئێستا بۆتان دەگێڕمەوە: (هەموویان تۆزێک وەستان و لە ژوورەکە ڕامان). کەمێکی تر بێدەنگی و هەموو بە تاسەوە چاوەڕوانی ئەو بەسەرهاتەن، کە ئەو چەوە بۆیان دەگێڕێتەوە:
چەو، دەستی بە قسەکانی کرد: لەم قوتابخانە و بە دیاریکراویی لەم پۆلەدا، مامۆستایەکی وانەی ئاین هەبوو، ناوی مەلا عەبدولرەحمان بوو. پیاوێکی باڵا مامناوەندیی، کەمێک سەر ڕوتاوەو ڕیشێکی تەنکی هەبوو. بۆ شاردنەوەی سەرە ڕوتاوەکەی، کڵاوێکی ڕەنگ بێجی تۆخی خووری لەسەر دەکرد، دەنگێکی گڕی ناخۆشی هەبوو، بەینی خۆشمان بێت تۆزێک شێتۆکەش بوو! (هەموویان دایانە قاقای پێکەنین، زۆر لەسەری مەڕۆ و چیرۆکەکەمان بۆ بگێڕەوە) (چەوێکی باریکەلە، لەو سەری سەقفەکەوە وایوت!)
وانەی ئاین، لە بری وانەکانی بەخشندەیی و لێبوردەیی و رێزگرتنی دایک و باوک و رێزی گەورەکان و میهرەبانی بەرامبەر بچوکەکان، لای ئەم مامۆستای پێچەوانە بوەتەوە!
ئەو، لە وانەی ئاین، بەردەوام ئەو ئایەتانەی بۆ دەخوێندینەوەو تەفسیرو ڕاڤەی دەکرد، کە ترس و تۆقاندن و باسی مردن و ئاگر و تواندنەوەی قوڕقوشم بەسەری گوناهباراندا دەکرد! (هەموو چەوەکان چاویان بڕیوەتە چەوی گێڕەوەو هەموو جەستەیان بووە بە گوێ بۆ بەسەرهاتەکانی ئەم چیرۆکە):
ئایەتێک هەبوو، خوێندکارەکان لەبری ئایەت و وتەی خوای گەورە، ناویان نابوو، ئایەتەکەی مامۆستا عەبدولڕەحمان، هەمیشە و لە هەموو وانەیەکدا، دەیخویندەوەو قوتابییەکانی ناچاردەکرد بەدوایدا بیڵێنەوە! ئەمەش ئایەتەکە بوو:
چەو بە دەنگێکی گڕی مەلایانە، کەوتە خوێندنەوەی ئەم ئایەتە، کە لە سورەتی الحجرات، ئایەتی شەشەمە:
يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ.
هەموو قوتابییەکان، وەک فەقێی جاران، بەدوایدا دەیانوتەوە، بەڵام ڕەئوف کە یەکێک بوو، لە قوتابییەکان، لە هیچ وانەیەک باش نەبوو، بەتایبەتی وانەی ئاین. لە جیاتی ئەوەی لە ئایەتەکە بڵێت: إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ، دەیوت: فاقس! کە مەلا عەبدولرەحمان گوێی لەم وشەیە بوو، تەواو دەهری و توڕە دەبوو لە رەئوف دەستیدەکرد بە جنێودان، دوای چەند خولەکێک و ئەستەغفیوڵڵاکردن، بایدەدایەوە دەستیدەکرد بە ئامۆژگاریکردنی رەئوفی داماو!
مامۆستا عەبدولڕەحمان، زۆر لەگەڵ ئەم خوێندکارە خەریک بوو، بە قسەی خۆش و بە ترساندنی بە ئاگری دۆزەخ! کە نەڵێت فاقس بڵێت فاسق بەڵام بێسود بوو!
هەمو وانەکە بوو بە چەلەحانێی مامۆستا مەلا عەبدولرەحمان و رەئوف، لە سەر فاسقی مامۆستاو فاقسی رەئوف
ڕۆڵە، ڕەئوف، کوڕم ڕەئوف، بەخودا، لەسەر ئەم بێ عەقڵییە بەردەوام بیت، سەد و بیست ساڵ لە ئاگری جەهەنمدا، دەسووتێیت! ئەه برا گیان سەد و بیست ساڵ، بۆچی چییە؟! (چەوەکان پیکەوە وایان وت)
ئیتر نە مامۆستا ڕازی بوو فاسقەکەی بکات بە فاقس نە رەئوفیش فاقسی گۆڕی بۆ فاسق!
مامۆستا عەبدولڕەحمان و رەئوف نەگەیشتنە یەک! هەردولا سوربوون لەسەر وشەی خۆی! ئیتر زۆرجار مامۆستا بە شەق و زلە، بەردەبوویە جەستەی بچوکی ڕەئوف، ئەمەش بێسودبوو!
مامۆستا وازی لە وانە وتنەوە هێناو ڕەئوفی بردە ئەو سوچەی ژوورەکەوە و قسەی بۆدەکرد:
کوڕم ڕەئوف، تۆ دەزانیم فاقس واتای چی؟
نا… (ڕەئوف وایوت)
واتە: مریشێک هێلکە هەڵبهێنێت، بەڵام فاسق، کەسی داوێن پیسی هیچ لەبارا نەبووە! (مامۆستا عەبدولڕەحمان وایوت)
قوتابی پۆلەکە، هەموویان دایانە قاقای پێکەنین!
دوای تێهەڵدانی خەست و خۆڵی ڕەئوف، رەئوفی نەگبەت، قوتابێکان بەزەییان بە رەئوفداهاتەوە و ویستیان ئاوێ بکەن بە ئاگرەکەدا، یەکێکیان خۆی بۆ نەگیراو وتی: جا چییە مامۆستا، جیاوازی چییە لە نێوان فاقس و فاسق، وەڵا فاقسەکەی ڕەئوف جوانتر و باشترە لە فاسقەکەی جەنابت! خۆ ئەوەی رەئوف هێلکە ئەکات!
قاقای پێکەنینی خوێندکارەکانی پۆل و قاقای پێکەنینی چەوەکانی سەقفی پۆلەکە، تێکەڵاوی یەکبوون! کەشێکی گاڵتەجاڕانەی درووستکرد، چ لەناو خوێندکارەکانی ئەو ڕۆژگارەی قوتابخانەی ئەیوبییە، چ لەناو چەوەکانی سەقفی قوتابخانەکەدا!
ئەم وانەیە و ئەم بەسەرهاتەی ڕەئوف و مەلا عەبدولرەحمانی مامۆستا، پێمان دەڵێت: لەبری ئەوەی لە وانەی ئایندا، ڕووی میهرەبانی و سۆزی ئاینی بە منداڵان بوترێتەوە، بەداخەوە، دیوی ترس و تۆقاندن و ئاگر و سوتاندن و سەربڕین، پیشانی منداڵان دەدریت!(پیرەچەوێک لەوسەری سەقفی قوتابخانەکەوە وایوت)
چەوەکانی سەیوان و دوو چیرۆکی جیاواز!
پاش ئاوارەبوون و ڕاگواستنی ئەو هەموو چەوەی ڕۆخی دەریاچەی سیروان بۆ ناوچە جیاوازەکان، کۆمەڵێک چەو، لە شوێنێکی جیاواز، چیرۆکی سەیر و شوێنەکەی خۆیان دەگێڕنەوە! چیرۆکی چەوەکان بە تەنها بەسەرهاتی خۆیان و مرۆڤ و شوێنەکانیان نییە، هێندەی ئەوەی بەسەرهاتی جیاوازییانە لە جوگرافیا و ڕوداوی جیاوازدا!
لەم بەشەدا، دوو چیرۆکی جیاوازی چەوەکانی گردی سەیوان، دەنووسینەوە.
یەکەمیان:
بەسەرهات و چیرۆکی شەهیدێکی کفن سوور.
دوەمیان:
چیرۆکی گردی سەیوان و شاعیرانی کورد.
گۆڕستانی سەیوان، بە ئاستێک ناوبانگی دەرکردووە، کەم شاعیر هەیە لەو شارەدا، لە شیعرێک یان چەند شیعرێکیدا، ستایشی جوانی و سەرنجڕاکێشییەکەی ئەم گردەی ناوەڕاستی شاری نەکردبێت!
چیرۆکی یەکەم:
گفتوگۆی چەوێک لەگەڵ شەهیدێکی فولکەی نالی!
پێش ئەوەی بچینە کۆڕی دەمەتەقەی چەوەکانی گردی سەیوان، ئێوارەیەکی درەنگ، بۆ پیاسە و کەش گۆڕینی تایبەتیی خۆم، چوومە گردی سەیوان. ماوەیەک خۆم بە خوێندنەوەی شیعر و ناوی مردوانی سەر ڕووخساری کێلی گۆڕەکانەوە سەرقاڵکرد، پێش گەڕانەوەم کەوتم بەسەر ڕوداو و بەسەرهاتێکی زۆر گرنگ، کە پێمخۆشە، بۆ خوێنەرانی بنووسمەوە:
چەوێک، لەکێلی شەهیدێکی گەنجدا، شیعریی بۆ شەهیدە دەخوێندەوە! ئەم دیمەنەش سەرنجی زۆر ڕاکێشام. بۆیە لەو لاوە بەدیار ئەو ڕوداوەوە وەستام و لە ژێر سێبەری دار ئەرخەوانیەکی پڕ شکۆ، پاڵم دایەوە و تەماشای ئەو دیمەنە جوان و گفتوگۆ ئارامەی ئەو شەهیدە و چەوەکانی کێلەکەیم دەکرد!
بەیانییەک، سەرەتای ڕۆژ بوو، دوکاندار و کاسبکاران وردە وردە دەهاتنە سەرکار. خۆم و چەند هاوڕێیەکم، لە ئەمنی سلێمانییەوە و بە دەست و چاو بەسراویی بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێناینیانە بەردەم فلکەی نالیی!
من لە هەموو هاوڕێکانم، تەمەنم زیاتر بوو. تەنها بەو بەهارەوە، هەژدە بەهار ژیابووم! ڕیزیان کردین بۆ گولە بارانکردن! هێنانی ئێمە بۆ فولکەی نالی، ڕێکەوت نەبوو، مەبەست و ئامانجداربوو! گولەبارانکردنیشمان بەبەرچاوی هاوشاری و خەڵک و کاسبکارانەوە هەر مەبەست بوو!(گەنجە شەهیدەکە، چیرۆکی خۆی وا بۆ چەوەکانی کێلەکەی دەگێڕایەوە!)
بۆچی کوشتن و خوێنڕشنتان؟ بۆچی گولە بارانکردنتان؟! (بە چاوی پڕ فرمێسکەوە، یەکێک لەچەوەکان وایوت!)
گەنجە شەهیدەکەی فولکەی نالیی کەمێک بێدەنگبوو، دواتر، بەردەوام بوو لە چیرۆکی گولەبارانکردنی خۆی و هاوڕێکانی:
هەموومان ڕووەو سەیوان و پشت لە خۆرئاوابوونی شار، ڕیزکراین! سەربازێکی کەلەزلی ڕەشتاڵەی ورگن هات تەنیشتمان و یەکە یەکە، تۆزێک پەڕۆکەی ناوچاوی لابردین، بۆ ئەوەی ببینین لە کوێدا گولەباران دەکرێین! ئەو شوێنەی چەند هەفتەیەک پێشتر، بەیاننامەو درووشمەکانی “کەم ژیان و کەڵ ژیان”مان تێدا بڵاودەکردەوە! لەولاشەوە سەرباز و ئەمنەکان، بە زۆر خەڵکی کاسبکار و ڕێبواری ئەو ناوچەیەیان ناچاردەکرد بوەستن و چاوەڕوانی گولەبارانکردنمان بن!
یەکێک لە چەوەکان وتی: بەڕاستی چیرۆکێکی غەمگینە! بەڕاستی گوناه و تاوانێکی گەورەیە، کۆمەڵێک گەنجی سەر پڕ لەخەون، بەو شێوە دڕەندەییە، لە شارەکەی خۆیان و لەبەرچاوی کەسوکار و هاوشارییەکانیان گولەبارانبکرێت!
ئەی بۆ ڕاتاننەکرد؟ ئەی بۆ ئەو هەموو خەڵکە، هاوکارتان نەبوون بۆ ڕاکردن!(چەوێک بە ترس و لەرزەوە ئەو پرسیارەی کرد!)
شەهیدەکە، وتی: ئەوە بەڕاستە؟ لە شەقامی سەرکارێز، لە بەردەم فولکەی ئێستای ئاسۆی دەلاک، تا بەردەم گەراجی ئەسحابەسپی، زیل و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و ئەمن و سەرباز وەستێنراوبوون و هەموویان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیان بوو، هەر جوڵەیەک بکرایە، نەک ئێمە، چ کەسێک لەوێدابوایە گولەباران دەکرا و شارەکە دەبوویە لافاوی خوێن!
چەوێکی کێلی ڕاسەری ئەم شەهیدە، بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە، وتی: بەڕاستی ڕۆژێکی غەمگین و تاریک بووە!
گەنجەکە شەهیدە، لە گۆڕەکەیدا و لەناو کفنە ئاڵ و خوێناوییەکەیدا خۆی خست بەم دیو و ئەودیودا و وتی: نابینن، تا ئێستاش کفنەکەمان خوێنی ئەو ڕۆژەی پێوەماوە؟!
کە گوێم لەم قسەیەی شەهیدەکە بوو، قوڕگم پڕبوو لە گریان و کە پاڵم دابویەوە بە دار ئەرخەوانەکەوە، لە ئازاری ئەم قسەیەدا، خلیکسام و کەوتمە سەر زەوی و چاو و گوێم بە تەواوەتی تێکەڵ بەم چیرۆکە کرد!
کات چێشتەنگاوە، جوڵەی هەموو شت وەستێنراوە بە جوڵەی ژیان و دار و درەخت و ئۆتۆمبێل و مرۆڤەکانیشەوە! ئەوان، دەیانویست ئێمە لەکاتی گولەبارانکردندا، سەر بۆ زەوی نەویکەین! بەڵام ئێمە سەرمان بۆ ئاسمان بەرزکردبوویەوە! چەند ڕۆژێک پێش گولەبارانکردنمان، ڕێکەوتبووین هەموومان لە چرکەی پێش یەکەمین گولە، پێش خوێناوی بوونی جەستەمان، هەموومان پێکەوە بڵێین: “مەشخەڵانی شۆڕشی نوێی ئەمجارە…”
(هەموو چەوەکانی کێلی گۆڕەکە دەستیان بە گریانکرد!)
شەهیدەکە، بە دەنگێکی نەرم و لەسەرخۆ وتی: چەند سەربازێک چاویان کزکرد و پەنجەیان خستە سەر پەلەپیتکەی تفەنگ و پێش ئەوەی بەرپرسە ستەمکارەکەیان، بڵێت: بیتەقێنن! ئاسمانی ئەو شوێنە و عەرشی خوا و درەخت و عەمود و هۆش و بیری خەڵکەکە، هەمووی پێکەوە کەوتە لەرزە! بە وتنەوەی سرودی مەشخەڵان و لەیەکەم دێڕی سرودەکەدا و کە گەیشتە (هەژاران!) جەستەی لاواز و ورەی بەهێز و پۆڵاینمان، بوویە شاخێکی بەرز و شکۆدار، لەناو فولکەی نالیدا چەسپا و هەموومان، پێکەوە خوێنمان ڕژایە سەر خاکی کوردستان و بەردەم فولکەی نالیی!
گەورەترین شانازییە، نالی لە غوربەتی نیشتمان بمرێت و خوێنی ئێمە، قوربانی غوربەتی ئەو و نیشتمان بێت! (شەهیدەکە وای بە چەوەکان وت)
“مەشخەڵانی شۆڕشی نوێی ئەمجارە!” دوای ئەو بەسەرهاتە، نەک چەوی کێلی ئەم شەهیدە، زۆرێک لە چەوەکانی ئەو گردی سەیوانە و درەخت و تاشەبەردی گۆڕهەڵکەنەکانیش، پێکەوە ئەو سروودە نیشتمانییەیان وتوە!
ئەوان وایانزانی کۆمەڵێک گەنج لەبەرچاوی خەڵکدا گولەباران بکەن، خەڵکەکە چاو ترسێن دەکەن! نا نا بە پێچەوانەوە، بەم گولەبارانکردنە، ئێمە بووینە هەوێنی ئازادیی و ڕۆحی بەرخودانی ئەم شارە و لەناو چیرۆک و شیعر و تێکستی دەیان نووسەر و شاعیردا، وەک پاڵەوانی نەمر نووسراینەوە! (شەهیدە گەنجەکە وایوت!)
شەهید نەمرە وەکو شاخ
وەکو بەفر، وەکو درەخت
وەکو بەهار و گوڵەباخ
شەهید ئاوە، تینوێتی زەوی دەشکێنێ
پەنجە و دەستە
ئازاری خاک ڕائەژەنێ
(چەوێک بەدەم هەنسکی گریانەوە، ئەم شیعرەی دەوتەوە!)
دیمەن و گفتوگۆی ئەو شەهیدە و چەوەکانی کێلەکەی بەردەوامە، بەڵام کات درەنگ و شەو باڵی کێشا بەسەر سەیوان و شاردا، وردە وردە، بە تولەڕێی نێو گۆڕەکان دێمە خوارەوە، بۆ ئەوەی چیرۆکی دوەمی چەوی کێلەکان و گردی سەیوان و پەیوەندی نێوانیان پێکەوە بۆ خوێنەران بنووسمەوە….
چیرۆکی دووم:
سەیوان و شیعری شاعیرانی کورد بوو!
شەوێک لە بەرزاییەکی گردی سەیوانەوە، کۆمەڵێک چەوی کێلی گۆڕەکان و چەوی ئەو زەوییە چیمەنتۆکراوەی گڵکۆی گۆڕستانەکە، کەوتبوونە قسە و گفتوگۆکردن لەبارەی سەیوان و چیرۆک و بەسەرهاتە جیاوازەکانی و پێگەی سەیوان و ئەم گردە، لەلای خەڵکی ئەم شارە و لە شیعری شاعیرانی کورددا!
کۆڕ و کۆبونەوەی ئەو شەوە سەدان چەوی کێلی گۆڕەکان، لە دامێنی گردی سەیوان، دەیان چیرۆکی جیاوازی تێدا باسکرا، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، کە شایەنی ئەوەیە بۆ خوێنەرانی بنووسرێتەوە….
من تێناگەم پیرۆزی ئەم سەیوان و گۆڕستانە چییە وا لەناو شیعری دەیان شاعیری ناوداری کورددا هەیە و بە وشە و شیعرەکانیان، لاواندویانەتەوە! (چەوێک وای وت)
ئەم سەیوانە، نەک گۆڕستان، زیندان و شوێنی لە سێدارەدانیش بێت، لای خەڵکی ئەم شارە پیرۆزیی و جوانی خۆی هەیە!(چەوێکی تر وایوت!)
ڕەنگە، هەڵکەوتەو بەرزیی و بایەخی شوێنەکەی بێت، وا شاعیران بە باڵایدا هەڵدەدەن! (پیرە چەوێکی تر وایوت!)
شەوێکی هاوینی بێدەنگە و گەرمەی قسە و گفتوگۆی چەوی کێلی گۆڕەکانی گۆڕستانی سەیوانە، ئەو شەوە، یەکێکە لەو شەوانەی چەوەکان، لە بەرزایی سەیوانەوە ڕووە سلێمانی گەرمەی قسە و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی خۆیانە لەگەڵ ئەوکەسانەی سەیوان بووە بە ماڵی هەمیشەییان!
چەوێک، دەپرسێت: بەدەر لەم کەسانەی ساڵانێکە میوانی سەیوانن و لەگەڵ ئێمە بەسەر ئەم گردەی شارەوەن، کەشێکی غەمگینی وای درووستکردووە، ئەو کەسانەی بە پیادە، یان بە ئۆتۆمبێل ئەدەن بەلای ئەم سەیوانەدا، ئاهێک هەڵدەکێشن و خەم بۆ مردوان دەخوان!
چەوێکی تر دەڵێت: هەمووی هەر باسی مردوان دەکات، کەس ئێمەی بیر نییە!
چەوێکی تر، کە لە کێلی گۆڕێکی پەنجا ساڵەدایە، لەو چەوە ڕادەپەڕێت و دەڵێت: مام چەو، ئەوەی دەیڵێیت وانیە و خواردنی مافی ئەو هەموو لاواندنەوەیە، کە شاعیران بۆ سەیوانیان وتوە!
قسەکەی پێدەبڕێت: ئاخر بۆ سەیوان؟ بۆ مردوەکانی ئەم گۆڕستانەیان وتوە!
جارێکی تر، چەوەکەی تر: نەخێر، شاعیران بە زۆری باسی سەیوانیان کردوە! سەیوان، لە درەخت و بەرد و خۆڵ و کێلی گۆڕەکان پێکهاتووە، تەنانەت گەر سەرژمێری بکەیت، ماڵەکانی ئێمە “کێلەکان” لە درەخت و دارو بەردی سەیوان زۆرترە، کەواتە زۆرینە ئێمەین و ئەو شاعیرانە، ئێمەیان لاواندوەتەوە!
چەوێک بە هەڵەداوان، خۆیکرد بەناو گفتوگۆی لابەلای ئەو دوو چەوەدا، وتی: ئەرێ واز لەم گفتوگۆ بێ ئەنجامە بێنن، چی شاعیرێک شیعری بۆ سەیوان نووسیووە؟
جا کێ نەینووسیووە؟ (چەوێکیان وایوت)
کەمێ بێدەنگی باڵی بەسەر گفتوگۆی ئەو شەوەی چەوەکانی سەیواندا کێشا!
چەوێکی تر وتی: چەند شەوێک پێش ئێستا، خەوم لێزڕابوو! هەرچیمدەکرد نەمدەتوانی بخەوم، خەیاڵم بۆ شتی زۆر سەیرو جیاواز دەڕۆیشت، لەناکاو خەیاڵم بۆ شیعر و ناوی ئەو شاعیرانە، ڕۆیشت کە شیعرییان بۆ ئەم شوێنەی ئێمە، بۆ سەیوان نووسیووە!
هەموو چەوەکان واقیان وڕما و ئەم قسەیەی ئەو چەوەیان بەلاوە سەیربوو! پێکەوە وتیان: فەرموو ناوی شاعیرەکانمان پێبڵێ!
چەو، کەوتە ژماردنی ناوی شاعیرانی کورد، کە شیعریان بۆ گردی سەیوان، نووسیووە:
(حاجی تۆفیقی پیرەمێرد) ئا ئەوە، ئەوسەر سەیریکەن، ئەوە گڵکۆکەی خۆیەتی لە مامە یارەی ئەوبەرمانە، ئەم حاجییە، زیاد لە چەند شیعرێکی بۆ جوانی و ڕازاوەیی ئەم سەیوانەی ئێمە نووسیووە.
نالی و سالم، لە چامەکەیاندا بۆ یەکتر، چەند جارێک ناوی سەیوانیان بردووە!
مستەفا بەگی کوردیی، لە چەند شیعرێکیدا، بە جوانی و ڕازاوەوە، ناوی گردی سەیوانی بردووە!
ئەمە جگە لە شاعیرانی وەک (شێخ ڕەزای تاڵەبانی، ناری، بێکەس، زێوەر، مەدهۆش، کامەران موکری، عورفی و ئەخۆل و…..) چەند شاعیرێکی تر، شیعریان بۆ ئەم گردی سەیوانە نووسیووە!
بەم قسانەی چەو و ناوهێنانی شاعیرانی کورد، ئاڕاستەی کۆبوونەوەکە گۆڕا، کەشێکی ئارامتر و گەشتر باڵی کێشا بەسەر قسەکردنەکاندا، پێشتر، چەوەکان بە کەمێک نیگەرانییەوە باسی گۆڕستانیان دەکرد!
چەوێک، پێشنیاری کرد بۆ ئەوەی ئەم شەوەمان بکەینە کۆڕی ڕێزلێنان لە گردی سەیوان و ڕازاندنەوەی بە بۆنگوڵاوی شیعری شاعیران، هەر کەس شیعری ئەو شاعیرانەی لەبەرە، تەنها دوو کۆپلە بخوینێتەوە، ئەمشەوەمان لەبری خەم و خەفەت، دەیکەینە کۆڕی شیعر و وشەی بۆنی گوڵاوی شیعری شاعیران…
چەوەکان، پێشنیارەکەیان پەسەندکرد… ئەو شەوە، شار لەناو بێدەنگیی و تاریکی خۆیدا ڕاکشابوو! ئەو چەوەی ئەم پێشنیارەیکرد، وتی:
سەیوان، نەزیری گونبەدی کەیوانە سەبز و ساف
یاخۆ بووە بە دائیرەیی ئەنجومی قوبوور؟ !
ئەمە دوو دێڕی مەلا خدری نالییە، بزانن سەیوان چەند گرنگ و بایەخداربووە لای نالی مەزن!
هەموو چەوەکان، لەناو وێنە خەیاڵی ئەو دوو دێڕە شیعرەی نالی، تووشی شۆک و بێدەنگییەکی قوڵ بوون! پیرە چەوێک، ساڵانێکی زۆرە لە سابات و گردی سەیوان، لەناو کێلی گۆڕی مامۆستایەکی دێرینی ئەم شارەدایە، ڕوویکردە چەوەکانی تر و وتی: ئەم دوو کۆپلە لە شیعری نالیی، لە چامەکەیدا بوو کە لەناو دڵی غەریبیدا، لە ئەستەمبوڵەوە بۆ سالمی نارد، منیش بە کۆپلەیەک لە شیعری سالمی ساحێبقڕان، کە لە سلێمانییەوە، وەڵامی مەلا خدری نالی ئەداتەوە، بەشداریی ئەم کۆڕی شیعرییەتان دەکەم کە لەناو وەڵامەکەی سالمەوە بۆ نالی و باس لەم گۆڕستانەی ئێمە دەکات، کە چەند کەسایەتیی جیاواز و جۆراوجۆری تێدایە و دەڵێت:
سەیوان پڕە لە شەخسی ستەمدیدە خوار و ژوور
هەر قەبری پڕ غەمانە، لەهەر لا دەکەم نەزەر!
چەند جارێک ئەم کۆپلە شیعرەی خوێندەوە، بەناوهێنانی (سەیوان) هەموو چەوەکان، چاویان پڕ دەبوو لە فرمێسک و نیگایان پڕ دەبوو لە بینین!
چەوێک، لەناو یەکێک لە کێلەکانی پێشمەرگەیەکی شەهیدی کەرکوکیدایە و لە گردی سەیوان نێژراوە، هاتە گۆ و وتی: ئازیزان: بیرتان نەچێت، هەر شاعیرانی ئەم شارە، ستایشی جوانی و سەرکەشی ئەم گردی سەیوانەیان نەکردوە! شێخی شاعیران، شێخ ڕەزای تاڵەبانی بەناوبانگترین شیعریی، بۆ ئەم سەیوانە و ئەم شارە کەڵەگەت و یاخییە، نووسیووە:
لەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید
مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت، گردی سەیوان بوو!
هەموو چەوەکان، پێکەوە وتیان: ئەڵڵا… ئەڵڵا!
چەوێکی تر، لە کێلی گۆڕی گەنجێکی عاشقدا، وتی: من زۆرجار و زۆر شەو، بەدیار شیعرەکانی زێوەری شاعیرەوە خەو دەمباتەوە! شیعرەکانی پڕن لە وێنە و دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێشە، یەکێک لەو شیعرە جوانانەی وەسفی جوانی و ڕازاوەیی سەیوان دەکات و دەڵێت:
من بە سەد ئیسویچرە و چین و خەتای ناگۆڕمەوە
ئەرخەوانی گردی سەیوان، ئاوی کانێسکانی خۆم!
چەوێکی تر، لە کێلی ژنێکی بێتاوان کوژراودا، وتی: هەرچەندە من لەوەتەی لەڕاسەری ئەم خانمە بەناحەق کوژاوەدام، هەمیشە دڵخۆشی بە شیعر جوان و ژیاندۆستی ئەدەمەوە، بەڵام ئەو بە هیچ شتێک سوکنایی نایەت بە شیعرە تەڕ و نازدارەکانی کاکە حەمەی بێلوو “ناری” نەبێت، بۆیە لەناو یەکێک لە شیعرە بەناوبانگەکانی ناری، لە کۆپلەیەکدا زۆر جوان باسی سەیوان و ئەم شارەی کردوە، ئەوەتان بۆ دەخوێنمەوە:
لە پایەی گردی سەیوانی فیراقت بێ نەوا ماوم
لە ناز و نیعمەت و گەنج و مەتاعی ئەهلی شارم چی!
چەوێکی تر، قرخە قرخێکی کرد و قوڕگی پاککردەوە و وتی: ئایزان، شاعیری جواننووس کامەران موکریی، لە شیعری سروودی سەرکەوتن، کە بۆ شێخ مەحمودی نووسیووە، باس لەم مەنزڵەی ئێمە، لە گردی سەیوان دەکات و دەڵێت:
لەسەر کۆمەڵێ ڕم، تفەنگ
دڕندەکان بێدەنگ بێدەنگ
بردیانی بۆ، گردی سەیوان
قەدەغە بوو، هاتن، گریان!
خانمە چەوێک، دەمێک بوو دەیویست بەشداری ئەم کۆڕی لاواندنەوەیە بکات، دەستی هەڵبڕی و بە دەنگێکی ناسک و تەڕ، وتی: بەلای منەوە، مەدهۆش، بە پێنج خشتەکییەک، زۆر بە جوانی سەیوان دەلاوینێتەوە، لە شیعری (سکاڵا لەسەر سەیوان) لەسەر پێنج خشتەکییەکی شیعری ئەخۆل، بەم جۆرە وێنەی سەیوانی نووسیوەتەوە:
ئەى گردى سەیوان، شیرین لە نێوان
ئەى شوێنى سۆزو ناڵەى پەشێوان
دایم پێت ئەڵێم لەگەڵ قوڕ پێوان
ئەى گردى سەیوان، سەیوانى سێوان
ئەى گەنجى گەوهەر تا بەسەر لێوان!
چەوێک، کە لە کێلی گۆڕی گەنجێکی شاعیردا بوو، بەشداریی ئەو کۆڕە شیعرەی ئەو شەوەی سەیوانی کرد و وتی: ئازیزان: تا بەیانی شیعر بخوێنینەوە وەسف و سەنای سەیوان تەواو نابێت، سەیوان لە یادەوەریی خەڵکی ئەم شارە و شیعری شاعیراندا، پایەیەکی گەورە و پتەوی هەیە. من بۆ خۆم، لە دەمی ئەم شاعیرە گەنجەوە، کە لەم گۆڕەدا راکشاوەو من لەناو کێلی گۆرەکەیدام، دەیانجار گوێم لە شیعری ئەو شاعیرانە و شاعیرانی تریش بووە کە خوێندویەتییەوە و دڵی خۆی پێداوەتەوە، بەڵام لەناو هەموو ئەو شیعرانەدا، شیعرێکی عارف عورفی، زۆر سەرنجی ڕاکێشام، پێموابێت لە هەموو ئەو شیعرانەی ئێوە خوێنتانەوە، جیاوازترە، بۆیە بە یارمەتی ئێوە، چەند دێڕێک لەو شیعرەی عارف عورفیتان بۆ دەخوێنمەوە…
هەموو چەوەکان پێکەوە وتیان: فەرموو … فەرموو
گردەکەی سەیوان مەڵبەندی جوانان
خانەی ئاخری گشت نەونەمامان
لەلات میوانن لە پیر و لە جوان
حورمەتیان بگرە بە دڵ و بە گیان
ئەو ئەرخەوانەی کە لێت ڕواوە
بە ئاوی خوێنی جگەر تێراوە
چەو، ئەم شیعرەی تا کۆتایی خوێندەوە.. وردە وردە کازیوە بەیان و ڕوناکی ڕۆژێکی نوێ، لە ئاسمانی شاردا، دەرکەوت و دەنگی ئەڵڵاو ئەکبەری مینبەری مزگەوتەکان، ئاماژەی لە دایکبوونی ڕۆژێکی نوێی ئەم شارەی ڕادەگەیاند….
چەوێک وتی: ڕەنگە ئەمشەو تا بەیانی نەمانهێشتبێت مردووەکانی سەیوان پشووبدەن، گوێ و ڕۆحیانمان پڕکرد، لە شیعری شاعیران.. با بەم شیعرەی عارف عورفی، کۆتایی بە کۆبونەوەی ئەمجارەمان بێنین و تا کۆبونەوەیەکی تر، هەرکەس لە کێلی خۆیدا ئارام بنوێت!
هەموو پێکەوە وتیان: ڕۆژێکی شاد و شەوێکی ئارام
بانگردێن و مارەبەجاش!
سەرەتای ڕۆژەکانی چلەی زستانە، بەفر کڕێوە دەکات. تا چاو بڕکات سپییایی زەمینی ئەو ناوچەیەی داپۆشیووە. گوندەکە یەک پارچە بووە خامێکی سپیی و بە ئارامیی لەسەربان و کۆڵان و دارودرەخت و کانی ڕاکشاوە. جارجار کزەبایەکی سارد، هەڵدەکات و کلوە بەفرەکان، پەرش و بڵاودەکاتەوە.
لەسەربانی خانووەیەکی خۆڵینی دارەڕای یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی حاجی ئۆمەران، بانگردێنێک وەک گورگ لورە لورییەتی و لورەکەی تێکەڵ بووە بە هەنسک و گریان! لە دوورەوە کە سەیرت دەکرد، بانگردێنەکە بەهۆی بەفری چەند ڕۆژەوە لەسەری، گەورەیە و دوو هێندەی خۆی دەردەکەوێت!
بە گەشتێکی تایبەتیی ڕێمکەوتبوویە ئەو گوندە دڵگیرە. دیمەنی بانگردێنە بەفراوییەکە، لە هەموو دیمەنەکانی تری گوند، زیاتر سەرنجی زیاتر ڕاکێشام و لە دەرەوەی ماڵەکەوە لەو دیمەنە جوانەی بابگردێنەکە ڕامام، هەستم بە توڕەبوونی بانگردێنەکە دەکرد! (نووسەری گێڕەرەوەی ئەم کتێبە وایوت)
من لە خوارەوەو ئەو لەسەربان، ڕوم تێکرد و پێموت، هیچ بووە بانگردێنی ئازیز وا توڕەو نیگەرانیت؟
زۆر شت بووە، گەر حەوسەڵەی گوێگرتنت هەیە، چیرۆکی فێڵبازیی و ساختەچێتی ئەم خاوەن ماڵەمت بۆ دەگێڕمەوە؟!
بۆ نا؟ هیچ ئیشم نییە و گوێ لە ڕازەکانی تۆ دەگرم!
بانگردێن، کەمێک خۆی ڕاوەشاند و بەفرەکەی لەسەر سیمای کردەوە و دەستی بە ڕاز و نیگەرانییەکانی خۆیکرد:
چەند ساڵێک لەمەوبەر، دوای ئەوەی ئێمەیان لەگەڵ هەزاران دەنکە لم و چەوی تر، لەو ڕۆخی کەناری سیروانە بەرەو ئەم ناوچەیە هێنا، سەرەتا دڵمانخۆش بوو، کەوتینە ناوچەیەکی کوێستان و دڵگیری کوردستان! بەڵام دڵخۆشییەکەمان کاتی و کوورت بوو! کەوتینە بەردەستی وەستا و بازرگانێکی قاڵبی چیمەنتۆ، ئێمە و سەدان چەوی تری لەناو چەندین بانگردێندا کەپس و زیندانکرد! دواتر لە بازاڕدا، فرۆشتینی و هەریەکەمان کەوتینە گوند و ناوچەیەکی ئەم بناری کوێستان و گوندە دڵگیرانەی ئەم ناوچەیە!
شانس یاوەرت بوە مام بانگردێن، چیت دەوێ لەم کوێستانە دڵگیرەدا لەنگەرت گرتووە.(نووسەری ئەم کتێبە وایپێوت)
نا، شانسم نەبوو، گرفت لە کوێستان و گوندی دڵگیر نییە، گرفت لەو کەسەیە کە من سەربانی بۆ ئەکوتمەوەو بانەکەی لە تکە و دڵۆپەی باران دەپارێزم! حەزدەکەم گوێ بگریت لە راز و گلەیی و ئازارەکانم!
(بێدەنگ بووم و گوێم بۆ مام بانگردێن گرت!)
هەرجارێک ئەم خاوەن ماڵە، یان خزمەتکارەکانیان دێنە سەربان و ئەو ڕەشوە دەگرن کە بەو دوو ئەڵقەوە بە منەوە بەسراوە و بەم سەربانەدا دەمهێنیت و دەمبات، حەزدەکەم جارێک پاڵی پێوەنێم خۆم و خۆشی بکەوینە خوارەوە و هەپوورن بە هەپوورن بین!
بۆ بۆ؟ بانگردێن بۆ؟ ئەو هەموو هەستی تۆڵە و دڵرەقییە چییە؟! (نووسەری گێڕەرەوە وایوت)
ئاهێکی قوڵی هەڵکێشا و توخوا قسەم پێمەبڕە و با تا کۆتایی، ڕووخساری راستەقینەی ئەم خاوەن ماڵە ساختەچییەت بۆ بگێڕمەوە!
(بێدەنگییەکی کوورت)
بەیانیان زوو، ئێواران درەنگ، پێش باران و پاش باران، ئەو کاتەی خۆڵی سەربان، شێدار و تەڕە، دەیانجار دەمباتە ئەوسەرو دەمهێنەتەوە بۆ ئەمسەری بانەکە. هەندێجار سەرم وا گێژدەخوا و حۆلدەبم، لەو مرۆڤە مەست و سەرخۆشانە دەچم ئالودەی هەمیشەیی مەی بوون! بەهەرحاڵ با بیرمنەچێتەوە باسی ئەو خاوەن ماڵەت بۆ بکەم!
نووسەری هێژا…. من لەسەربانی ماڵێکدام، لەخوارەوەو لە ژوورەکانیدا، دەیان مارە بەجاشی تێدا کراوە!
چی؟ چی؟ مارەبەجاش چییە؟
پەلەمەکە، بۆت باسدەکەم….
ئەم پیاوە، بەناو خۆی بە ئاغا و کوێخا دەزانێت، بووەتە دادوەریی خێزانی خەڵکی ئەم گوندە و گوندەکانی ناوچەکە. ئەو ژن و پیاوانەی پێکەوە ناگونجێن و پیاوەکە سێ بەسێ ژنەکەی خۆی تەڵاق دەدات، ژنەکە دەهێنن بۆ لای ئەم خاوەن ماڵە و شەوێک لای دەبێت و بە ئارەزووی خۆی لەگەڵیدا دەخەوێت و لەگەڵیدا دەیکات و دواتر تەڵاقی دەدات و جارێکی تر، هاوسەرەکەی مارەی دەکاتەوەو دەیکاتەوە بە ژنی خۆی!
مام بانگردێن پرسیار دەکات و دەڵێت: من نەمبیستووە لە زمانی کوردیدا، وشەیەک هەبێت دەقاو دەق مانای وشەی(تەڵاق)ی عەرەبی بێت. تۆش عەرەبییەکەت باشە، وەک من بیستوومە (تەڵاق) بە عەرەبی بە مانای بەردان و ئازادکردن دێت! لای ئەوان، ژن زیندانە لای مێردی و کە تەڵاقیدا، واتە ئازادی دەکات.
ئەرێ کاک سەلام وایە؟
بێگومان وایە (نووسەری گێڕەرەوەی ئەم بەسەرهاتانە وایوت)
چۆن شتی وا دەبێت؟ چۆن یاسا و ئاین بەمە ڕازی دەبێت؟! (مام بانگردێن وایوت) چۆن؟ منیش چەندجارێک کەوتمە گفتوگۆیەکی توند لەگەڵیدا و پێمدەوت: ئەمەی تۆ دەیکەیت زینایەکی تەواوە! هەر وشەی زینای دەبیست، دەهریی دەبوو! چەند جارێک گووڕی خواردوتەوە پاڵم پێوەنێت و لەم سەربانە فڕێمداتە خوارەوە! جارێکیتریش، یەکێک لە رەنجبەرەکانی لەم سەربانەدا خۆڵەکەی پێدەکوتیمەوە، ئەو لە خوارەوە سەیرێکی کردین و بە پەیژە دارینەکە هاتە سەرەوە بۆ لامان و پێیوتم: بانگردێن، ماوەیەکە زۆر چاوەچاودەکەیت و قسەی بەرز و نزم دەکەیت، بەردەوام بیت لەمە یەک پاڵت پێوەدەنێم و لەم سەربانە دەتخەمە خوارەوە!
منیش تووڕەبووم و پێموت: بێ منەتبە و فڕێمدە خوارەوە با پارچە پارچەبم و ڕزگارم بێت لە بینین و گوێ لێبوون لەو چیرۆکە بەدڕەوشتییانەی تۆ!
بەڵام ئەو زۆڵ و حەرامزادەبوو، دەیزانی من فڕێداتە خوارەوە سەربانەکەی تکەدەکات و ماڵەکەی پڕدەبێت لە ئاو!
جارێکی تر، بینیم ئاغا زۆر زەوقی هەبوو، پێدەچوو ئامادەسازیی بکات بۆ هێنانی ژنێکی تر بۆ مارەبەجاش!
دەستی خستبوویە کەلەکەی و لەو کۆسارەی ئەو بەر ئاوایی دەڕوانیی. منیش لەسەربانەکەوە، لێمدەڕوانی و زۆر شەکەت و ماندوو بووم و سەرمگێژی دەخوارد، پێموت ئاغا، دەڵێی لەچاوەڕوانی هاتنی ژنێکی تردایەت بۆ مارە بەجاش؟
هەر کەناوی مارە بەجاشم برد، دەهریی بوویەوە، گوڕی خواردەوە بە پەیژەکەدا هاتە سەرەوەو ویستی پاڵم پێوەنێت بمخاتە خوارەوە! نازانم بۆ پەشیمان بوویەوە! کەمێک قاچەکانی خستە سەر سەرم و دەستێکی هێنا بە ناوگەڵیدا و هەردوو چاوی گرتبوویە ئەوسەری ئاوایی…. (بە بێدەنگییەکی چەند خولەکی بەم شێوەیە مایەوە)
منیش بە دەنگێکی کز و کەمێک فێڵزانانە، پێموت، ئاغا گیان، پیرۆزە و کەی دەگات؟
تۆزێکی تر، خۆشم نازانم بۆ وا دواکەوت، ئەمەیان تایبەتە! (ئاغا، وایوت!)
زمانی ئاخافتنم لەگەڵدا گۆڕیی، بە زمانێکی هێمن و نەرم، پێموت: باشە ئاغا گیان، ئەم کارەی جەنابتان دەیکەن گوناه نییە و لە شەرعدا ڕێگەپێدراوە؟
بەڵێ.. ئەی چۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆن! ئەوە ئایەتی خوا و فەرمودەی پێغەمبەری ئازیزمانی لەسەرە، ئەمەی منیش دەیکەم بۆ رەزامەندی خوا و پێغەمبەری خودایە و بۆ پاراستنی خێزانەکانە لە پەرتەوازەیی… زانی من بەو زمانە نەرمە قسەدەکەم، حەزیدەکرد درێژە بە گفتوگۆکە بدات.
یەک دووجار، ئەمسەرو سەری سەربانیکرد و هاتەوە لام و وەک ئەوەی گوتارێکی ئاینیی پێشکەش بکات، بە دەنگی بەرز و حەماسی وتی: مام بانگردێن، حەزدەکەم بزانیت ئەم پرۆسەیە وەک پێموتی لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر د.خ باسکراوە و لە ئایەتێکدا بە ڕوونی دەفەرمووێت: (فَإِن طَلَّقَهَا فَلَا تَحِلُّ لَهُ مِن بَعْدُ حَتَّىٰ تَنكِحَ زَوْجًا غَيْرَهُ) واتە: ئەگەر لەدواى ئەم دوو جارەش، بۆجارى سێیەم ژنەکەى تەڵاقدا، ئەوە ئیتر جارێکى تر ئەو ژنەى بۆحەڵاڵ نابێت تا دەچێ شوو بە پیاوێکى تر دەکات و لەگەڵیشى دەخەوێت” ئەوسا بە ئارەزووى خۆیشى تەڵاقى دەدات، یان دەمرێت، ئەوجا ئیتر ئەمیش دەتوانێ -پاش عیددە- مارەى بکاتەوە. هەر ئەمەیە”تەحلیل”ى شەرعیى کە لە قورئاندا هاتووە، ئیتر بێجگە لەمە بەهەر جۆرو شێوەیەکى تر ئەم مەسەلەیە دەسکارى بکرێ، نابێ و ناگونجێ لەگەڵ ئاینەکەماندا!
هاتە لامەوە و وتی: کەواتە مام بانگردێن، حەزدەکەم ئەوە بزانیت کە جگە لەمە کە ئایەتەکە خۆى دیاریکردووە هەر جۆرێکى تر ئەو تەڵاقە چاکبکرێتەوە پێچەوانەی شەرعی ئیسلامە و ناشەرعیى و ناپەسەندەو فرت و فێڵە.
(تۆزێک بە ناز و نووزە و خۆ بادانەوە) وتی: جاکەوابوو، ژنى سێ بەسێ کراو، واتە سێجار تەڵاقدراو، بەدوو مەرج نەبێت، بۆ مێردەکەى حەڵاڵ نابێتەوە، ئەونیش:
یەکەم: بەشێوەیەکى شەرعى مارە بکرێت لەپیاوێکى ترو لەگەڵیدا بخەوێت، ئەوسا یا بەئارەزووى خۆى ژنەکە تەڵاق بدات، یان بمرێت!
دووەم: ئەبێ هەردوولا “ژن و پیاوەکە” یەقینیان هەبێت، پاش گەڕانەوەکە دەتوانن پێکەوە بژین و ئەو حاڵەتەى پێشوو دووبارە نەبێتەوە!
ئێستا تێگەیشتی مام بانگردێن، بۆ من ئەم کارەدەکەم؟ بێگومان لە پێناو خوا و بەرنامەکەی خوا! (خاوەن ماڵ، وایوت)
لەم قسانەدابووین ئەو ئێوارەیە، بە زۆر ژنیان هێنا. ژن چیی؟ پەریزادەیەکی ئەفسانەیی بوو! بەهەزار هاوار هاوار و قیژە ژنە نەدەچوویە ژوورەوە. بە چەند پیاو و ژنێک بردیانە ژوورە بۆ لای ئاغا و دەرگایان لەسەر داخستن و ڕۆشتن!
ئاغا و پەریزادە، دوو بەدوو لەو ژوورەدا! چیم بینی و گوێم لە چی بوو، ڕاکە راک و هاوار هاوار و قیژە قیژ… تا بەری بەیان، ئەم بەزمە بەردەوام بوو، کە رۆژ بوویەوە. خەڵکەکە، چەند پیاو و ژنێک بوون، هاتنەوە ژنەیان بردەوە!
پێش ڕۆشتنەوە، ئاغا و یەکێک لەپیاوەکان، پێدەچوو هاوسەری ژنە بێت، هاتنە ئەم نزیک ئەم گوێسەبانە و کەوتنە چرپەچرپ بە دەنگێکی کز و هێواش. منیش خۆم مەڵاسداو گوێم لێدەگرتن:
ئەم ژنەی تۆ زۆر ناڕەسەن و ئینکارە! تا بەیانی خەریک بوو، نەیهێشت بۆی بەرم و لەو تاوانە پاکیبکەمەوە و ئێستا ببێتەوە بە هاوسەری تۆ!(ئاغا وایوت)
چیبکەین؟ چارەسەر چییە؟ (هاوسەرەکەی وایوت)
نازانم، مەگەر بیبەنەوە، ئامۆژگاریی بکەن، یان بیبەنە سەر شەخسێک و دوعای بۆبکەن و جارێکی تر و شەوێکی تر، بیهێننەوە!(بانگردێن، ئاهێکی قوڵی هەڵکێشا) توخوا خۆشتر نەبوو، لەو کەنار ئاوی سیروانە بوومایە و شەپۆلە توڕەکانی ئاو، بیبردمایە بەرەو ناوچە عەرەبنیشینەکان، نەک لەم کوێستانەی خۆمانبم و ئەم هەموو خەم وخەفەتە بچیت بە ڕۆحما ؟!
هیچم نەوت و بێدەنگییەکی قوڵ باڵی کێشا بەسەرمدا (نووسەری ئەم کتێبە وایوت)
چەوەکان و کوێرکردنەوەی کانییەک!
دوو دیمەنی جیاواز!
دیمەنی یەکەم: پانۆرامایەک بەدەم ڕێگاوە!
کۆمەڵێک چەو، جیا لە چیرۆکی هەموو چەوەکانی تری ئەم کتێبە، چیرۆکێکی غەمگین و پڕ لەئاه و حەسرەتێکی قوڵ دەگێڕنەوە! چیرۆکێک بەدەر لە ئاوارەبوون و ڕاگواستنیان لە کەنار دەریاچەی سیروان، لەم شوێنە نوێیەش خراونەتە زیندان و قاڵبێکی زۆر ئازاربەخش و ناخۆش!
لەناو بارهەڵگرەکەدا، لە دەربەندیخانەوە بەرەو تانجەرۆ و لەوێشەوە بەرەو قەرەداخ و دواتریش بۆ گوندێکی تەنیشتی قۆپییە سەخت و کەڵەگەتەکان، هەموو چەوەکان، لە خۆشی و شادییەکی زۆردابوون و بەدەم ڕێگاوە خەریکی گۆرانی و سەما و هاوار هاواربوون!
چەوێک، دەیوت: ئەوچاکتر، لە سەرمای زستان و تاوی هاوینی گەرم و تەم و بوخاری ئەو سیروانە ڕزگارمان بوو!
چەوێکی تر، لەگەڵ تاسەی ئۆتۆمبێلەکەدا و هەڵتەکانی و جوڵەپێکردنیان و نزیکبوونەوە لە قەرەداخ، دەیوت: ئەڵڵا ئەم ناوچەیە، چەند ڕەنگین و دڵگیرە!
چەوێکی تر دەیوت: ئەم ناوچەیە زێدی پیاوچاکان و مرۆڤە جوامێرەکانە! زیندان لەناو ئەمانەدا، شادیی و ئازادییە!
چەوێکی تر، کەمێک زمانی دەگیرا و ویستی قسەبکات و نەیکرد، دووجار گوڕی دایە بەرخۆی و نەیتوانی! هەم زمانی دەگیرا و هەم حەزینەکرد قسەکەی ناخی بکات!
چەوەکەی تەنیشتی وتی: چیتە مام چەو، بۆ قسەناکەیت!
ه ی چ نیییییییە. و ی وی ستتتتتتتتتتت م شتێێێێێێێ ببڵێم! (چەوەکە زۆر زمانی گرتی بە ترە تر، ئەم وشانەی وت!)
چەوێک لەولاوە خۆی هەڵقورتاند وتی: بەخوا دەبێت بیڵێت! ڕەنگە ئێمە لە هەموو چەوەکانی ئەو کەنار ڕوبارە شانسمان زیاتر بێت، کە بەرەو ئەم شوێنە دڵگیرە هاتووین، تێناگەم بۆ قسە ناکەیت! سا وەڵا دەبێت، چیت لە دڵدایە بیڵێیت!
هەموو چەوەکان هاتنە نزیک ئەو چەوەی زمانی دەگیرا! لێیکۆبونەوە و پێکەوە بە دەنگێکی بە کۆمەڵ وتیان: چییە مام چەو، چی رویداوە و چی دەزانیت و لە ئێمەی دەشاریتەوە؟!
ه ی ی ی ی ی چ! (بە ئەستەم ئەم وشەیەی وت و زمانی دەیگرت!)
پاڵەپەستۆی چەوەکانی تر زیاتر بوون لەسەری. ئەویش وتی: بێدەنگبن و ئیستا بۆتان باسدەکەم! وردە وردە بەناو لۆفە و ڕێگا پێجاوپێچەکانی قەرەداخ، بارهەڵگرەکە بەخۆی و چەوەکانییەوە لە شوێنی مەبەست نزیکدەبێتەوە!
لەڕاستیدا. دوێنێ شەو، بە چەند کاتژمێرێک پێش ب ب ب ب ب ب ا رررررررر کردنمان لە کەنار دەریاچەوەکەوە بۆ ئێرە. (کەمێک بێدەنگی) (ئەو چەوەی زمانی دەگیرا وایوت!)
چەوەکانی تر هەموو پێکەوە: ئێ…. ئێ بە دەنگێکی بەرز، دە بیڵێ چیبووە؟!
خەوێکی ناخۆشم دی! (ئەو چەوەی زمانی دەگیرا وایوت!)
چییییییی؟ خەوی ناخۆش؟! (هەموو چەوەکان پێکەوە!)
بە دەنگێکی هیواش و لەسەرخۆ وشەکانی دەوت، بۆ ئەوەی کەمترین سات زمانی بگیرێت و بە کەمترین وشە، چیرۆکی خەوەکەی بە هاورێ چەوەکانی بگەیەنێت! (ئەو چەوەی زمانی دەگیرا، وایوت!)
لەخەوما، هێناینیان بۆ شوینێکی زۆر خۆش و پڕ لە سەوزایی و دارودرەختی بەرز. کە هەڵیانڕشتین، هەموومان لە خۆشیا هەڵدەبەزین و سەمامان دەکرد. (کەمێک زمانی گیروا و بەردەوام بوو)بەڵام خ خ خ خ خ ۆ ۆ ۆ ۆ ش ی یەکەمان، کاتی بوو! لەناکاو فڕۆکەیەک هات و لە ئاسمانەوە، ڕەنگێکی ڕەش و دووکەڵیی لە ئاسمانەوە بەسەرماندا باراند و هەموومان ڕوخسارمان ڕ ڕ ڕ ڕ ڕە ش ڕ ڕ ڕ ڕ ە ش، هەڵگەڕا!
بێدەنگییەکی قوڵ ناخی هەموو چەوەکانی داگیرکرد! چەوێک لەوسەرەوەو بە دەنگێکی کز، وتی: خێری پێوەبێت، با ئەوەندە نەرێنیانە، بیرنەکەینەوە و کەمێک گەشبین بین! وا گەیشتین بزانین چ چارەنووسێک چاوەڕوانمانە! دەنگی وەستانی بارهەڵگرەکە و کەوتنی چەوەکان بەملاولادا شەکەت و کەنەفتی کردبوون.
(خڕڕڕڕڕڕڕ) دەنگی هەڵڕشتنیان لەزەوییەکی تەنیشت پیرەکانییەکەدا و کەوتنیان بەسەریەکدا!
دیمەنی دووەم:کوێرکردنەوەی کانییەکی دێرین!
لەگەڵ هەڵڕشتنیان و دەنگی کەوتنیان بۆ سەر زەوییەکە. دەنگی ترپەی دڵی زەوی و ترپەی دڵی کانیاکە و ترپەی سرووشت، پێکەوە ئاوازێکی ئێجگار غەمگینی بەخشییە، ئەو سرووشتە جوان و داگیرکراوەی قەرەداخ! (بێدەنگییەکی قوڵ)
دیمەن و ڕوداوەکە بەم جۆرەیە: کۆمەڵیک سەرباز، چەند کرێکار و وەستایەک. چەند ئامێرێکی چیمەنتۆ گرتنەوە و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی سەربازیی، هەموو چواردەوری کانیاوییەکی دێرین و سازگاریان داوە! کەشێکی غەمگین و ترسناک باڵی بەسەر ئەو شوێنەدا کێشاوەو “کانی”ش لە داخدا، زمانی شکاوە! بە گەیشتنی چەوەکان، کارەکە خێراتر بوو، کانی لە چاوەڕوانیی کوێرکردنەوەو پڕکردنەوەیدایە!
دەستپێدەکەین! (بەڵێندەرە، عەرەبەکە بەدەنگی بەرز وایوت!) کرێکارەکان، یەک یەک و دوو دوو… بەردی گەورەیان خستە سەر دەمی کانیەکە و ئامێرەکان و کرێکارەکانیش، دەستیان کرد بە تێکەڵکردنی چیمەنتۆ و لم و چەوەکان. بە ئاوە سازگارەکەی کانییەکە جەبلەی چیمەنتۆکەیان گرتەوە و ئامادەیانکرد بۆ کوێرکردنەوەو پڕکردنەوەی ئاوی ئەو کانییە سازگار و دێرینە!
چەوەکان، لەداخدا، هەندێکیان دڵیان وەستا! هەندێکیان زمان و هەندێکی تریشیان، ئەژنۆیان شکا! ئەوانی تریشیان، تووشی شۆکێکی قوڵ بوون، لەم دیمەنە ترسناکەدا!
لەناو ئەم هەراو زەنای کوێرکردنەوەی کانییەدا، پێش تێکەڵاوبونیان بە لم و چیمەنتۆ، چەوێک بە چپە و بە هێواشی بە چەوێکی تری وت: ڕاست بوو، خەوەکەی هاتە دی!
چەوێکی تر: ئەو چەوە (زمان ترە.. زمانشڕە) هەر زوو بۆی خوێندین، ئەمە چ ڕۆژگارێک بوو تێیکەوتین، ئێمە بوینە هۆکاری کوێربوونەوەی کانییەکی کوردیی!
ئیدی چەوەکان، بە دڵشکاوی و بێزارییەوە، لەگەڵ لم و چیمەنتۆدا، بوونە قەپاغی هەمیشەیی لەناو سەکۆ و سەقفی کوێرکردنەوەی ئەم کانییەدا!
پاش چەند هەفتەیەک، چەوێک دەردە دڵی خۆی دەکرد و دەیوت: کە ئازارێکی بەسوێیە! ماوەیەک پێش ئێستا، ژنانی پۆشاک ڕەنگین و دڵپاکی ئەم گوندە، کچانی جوان و میهرەبان گۆزە لەشان و سەتڵ بەدەست، دەهاتن و لە ئاوی ئەم کانییەیان دەبردەوە!
چەوێکی تر دەیوت: ئێوارانی درەنگ و بەیانیانی زوو، پۆل پۆل پێشمەرگە دەهاتن و لەکەنار ئەم کانییەدا پشوویان دەدا و ئاویان دەخواردەوە!
چەوێکی تر، بە چاوی فرمێسکەوە دەیووت: داخی هیچ نیگەرانم ناکات! داخی ئەو ئاسکە کێویانە و ئەو پۆڕ و کەوانە نەبێت، بە شادیی و ئارامییەوە دەهاتنە سەر ئەم کانییە و بەدڵشخۆشییەوە ئاویان دەخواردەوە و دەرۆشتن! ئەی ئێستا؟ ئای کە ئازارێکی بەسوێیە ئەم دیمەن و بەسەرهاتانە!
چەوێکی تر: بە چاوی فرمێسکەوە هاواری دەکرد: سەیرکەن سەیرکەن… سەیرکەن. ئەوە پاشماوەی ئاگر و تڵپی چایی و لێواری نانەوشکەی ئەو شوانە بوو، کە خۆی و ڕادیۆکەی کەلەکەی و خۆی و مەڕوماڵەتەکەی، لەم کەنار کانییەدا، ڕۆژانێک پێش ئێستا پشووی درێژیان دەدا!
چەوێکی تر: خەمی من، لەخەمی هەمووتان جیاوازترە! خەمی من، خەمی دڵی ئەو پێشمەرگانە و ئەو خەڵکە دڵپاکەی ئەم گوندەیە! دەزانم… چاک دەزانم، ئێستا ئەوان گلەیی لە ئێمەدەکەن و دەڵێن.. ئاخ و سەد حەیف، بۆ چەوی گەرمیان و چەوی کەنار ئاوەکەی سیروان، چۆن بوونە سەربازیی ئەو دڕندانە و چۆن بوونە هۆکاری کوێربوونەوەی ئەم کانیە نازدارە!
ئۆففففففف چەند بە ئازارە ئەو گلەیی و رەخنەیەی ئەوان… ئۆفففففف چەند غەمگینە سەردەمی ئەم کانییە و داخستنی ئەو سەرچاوەی ئاوە شیرینە!
ئەشکەنجە و ئازادیی!
ئێمە لە کەنار ئاوێکی سازگاری ئەم کوردستانە بووین. باوباپیرانیشمان پێش دەیان ساڵ لەوەوبەر، لە کوێستانەکانەکان و بنار شاخەکان ، کەوتبوونە ئەو ڕۆخی سیروانە! کاتێک بەڵێندەرێکی عەرەبی بەعسی، ئێمە و سەدان بارهەڵگری لە برا و خوشکی لم و چەوی هێنا بۆ درووستکردنی ئەم زیندانە سوورە! خەریک بوو لە مەراقدا بمرین! چەند جارێک هەوڵی خۆکوشتن و خۆ خستەخوارەوەماندا لە ڕێگەی کەنار ئاوەکانی سیروان بۆ ئێرە، بەڵام بێسوود بوو! (چەوێک بە غەمگین و بە دەنگێکی کز وایوت!)
چەوێکی تر، قسەکانی لە دەمی ئەو چەوە وەرگرت و وتی: من ئێستا لەناو ئەم بینایەدا، هەست بە ئازادیی و دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم، باوەڕبکەن وادەزانم لەکەنار ئاوە سازگارەکەی سیروانم! دەزانن بۆ؟
(هەموو پێکەوە وتیان: بۆ؟)
هاوڕێیان ئێستا ئێمە گوێمان لە چییە و جاران گوێمان لە چی بوو؟ نەوەستا وەڵامی بدەنەوەو خۆی کەوتە وەڵامدانەوەی خۆی…… بەشێوەیەک دەتوت گوتاربێژە و گوتار بۆ سەدان خەڵک دەبێژێ: من بۆخۆم، لەگەڵ شیشی دراوسێ و لم و چیمەنتۆ و داروبەردی ئەم زیندانە سوورە، شەوی واهەبوو لەتاو ناڵە و ئازاری کوڕان و کچانی ئازا، خەو نەدەچووە چاوانمان!
شەوی واهەبووە، جەلادەکان، تا بەیانی “خوێ”یان دەکردە جەستەی برینداری زیندانییەکانەوە! چەندین بەسەرهاتی ئازایەتی و جوامێریی سەدان گەنج و کوڕ و کچی زیندانیکراوی ئەم شارە و کوردستانم لەم زیندانەدا بینی، نەک بە کتێبێک، بەدەیان کتێب تەواو نابێت! (چەو دەستیکرد بە گریان و چیرۆکەکەی پێتەواو نەکرا!)
چەوەکانی تر بێدەنگبوون و چەوێک وتی: وەڵام پێمخۆشە قسەکانت تەواوبکەیت، ئێستاو ئەوسا زۆر جیاوازە!(بێدەنگی)
بێگومان وایە و زۆر جیاوازە (چەوەکە وایوت و دەستیکردەوە بە قسەکردن): هاوڕێیان، خۆتان دەزانن ئێستا لەبری ئەو دیمەنی خویڕشتن و ئازار و ئەشکەنجەدانە، زۆربەی ڕۆژان دەبینن لەم کافتریا دەیان کوڕ و کچی جوان، بە دەم قاقای پێکەنین و شادییەوە، کاتەکانیان بەسەردەبەن. لەو گەلەرییەی ئەوسەر، دەیان کەڤاڵ و تابلۆی رەنگاو رەنگی هونەرمەندان نمایش دەکرێت. هۆڵی سینەماکەی یەڵماز گوینای، هەفتانە فیلم و مەراسیمی هونەریی تیدا بەڕیوەدەچێت! ئیتر چۆن دڵخۆش نەبین!؟
ئەو هۆڵانەی ئەوسەریش، بوونەتە مۆزەخانەیەکی مێژوویی ئەم گەلە، تا ژیانیش مابێت، تاوانەکانی بەعسی تێدا لەیادناکرێت!
لە راستیدا، من بۆ خۆم لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئەو ڕۆژانەی شەڕی ناوخۆی لێدەرچێت، هیچ ڕۆژێک، لەم سەقفی زیندانییەدا هەستم بە ئازار نەکردووە، بە پێچەوانەوەش زۆر دڵخۆشم کە لە سەقفی گەلەریی و هۆڵی مۆزەخانە و کافتریای گەنجانی ئەم شارەدام!
هەموو چەوەکانی تر، بە قوڵی گوێیان لەو چەوە دەگرت و پێکەوە وتیان:
(وەڵا ئێمەش… وەڵا ئێمەش!)
چەوێکی تر وتی: هەرچەندە هەموومان وتمان ئەم ڕۆژانەی ئازادیمان زۆر پێخۆشە، بەڵام کاتێک چەوی هاوڕێم چیرۆکی ئەو ڕۆژانەی زیندانییەکانی دەگێڕایەوە، منیش خەیاڵم ڕۆیشت و چیرۆک و بەسەرهاتێکی زۆر غەمگین و دڵتەزێن، لەهەمانکاتدا پر لە ئازایەتی و جوامێریم هاتەوە یاد…
پێمخۆشە بە کورتی بۆتان بگێڕمەوە:
بەیانییەکی زوو، پیاوێکیان هێنا بە بە بیجامە و پۆشاکی خەوەوە، هەردووچاوی بەسەرابوو. لە قسەی جەلەدەکانەوە تێگەیشتم ئەمە شاعیرێکی دیاری ئەم شارەیە! زۆر هەوڵیاندا لەگەڵی بە قسەی خۆش، هەموو دیکۆمێنت و نامە و تەنانەت وێنەی خۆیان پیشاندا کە لەناو پێشمەرگەدایە. ئەو ئینکاری دەکرد و دەیوت من نیم و بێ ئاگام لەو شتانەی ئێوە باسیدەکەن! کەوتنە لێدانی، دواتر جەستەی شەڵاڵی خوێن بوو. دوانیان بە مشتی دەستیان خوێیان دەکردە شوێنی برینەکانی جەستەی! بە رووخساریدا دیاربوو تا بێت ئازاری زۆرتر دەبوو! بەڵام تا ئازاری زۆرتربوایە، ئەو ئازاتر دەردەکەوت! زۆریان لێکرد شتبڵێ، کەوتە تفکردەنە ناوچاوی ئەمنەکان!
ئەمەندەیان لێدا، هۆشی نەما و وەک جەستەیەکی بێ رۆح لە شوێنی خۆی کەوت! ڕۆژ و شەوێک ئەو جەستە بێ ڕۆحە لەناو خوێنی خۆیدا بوو! پاشتر پزیشکیێکیان بۆ هێنا و کەمێ زامەکانیان سارێژکرد، پاش چەند ڕۆژێک کەوتنەوە پرسیارکردن لێی! سەیربوو، لە جاران ئازاتر و ئەمجارە قەشمەریشی پێدەکردن و گاڵتەی بە بەرپرس و سەرۆکی فەرماندەیانی دەکرد! ئۆففففففف لە جوانی و ئازایەتی ئەو شاعیرە!
بردیان، دوای چەند ڕۆژێک دیاربوو ونیان کرد!
یەکێک لەچەوەکان وتی: من دەیناسم، زیندانەکانی ئەم ژورەی من باسی ئازایەتییان دەکرد، بە ئێستاشەوە، هاوسەر و کەسوکارەکەی عەوداڵی دۆزینەوەی جەستە و تەرمەکەی ئەون! بەڵام بەداخەوە، ڕۆحی ئەویش، لەگەڵ ڕۆحی دەیان نووسەر و شاعیری تری کورد، گۆڕ غەریب بوو!!
چەوێکی تر وتی: هاوڕێیان، من پێشنیاردەکەم چیرۆکی غەمگینی ئەم ئەمنە سوورە نەگێڕینەوە! لانی کەم، با ئەم کتێبە نەبێتە کتێبێکی غەمگین و پڕ لە چیرۆکی تراژیدیی!
هەموو چەوەکان پێکەوە سەریان لەقاند و وتیان: (بەڵێ وایە… بەڵی وایە….)
چەوەکانی ئەمنە سوورەکە!
کڵپەی ئاگر و دوکەڵە، دەنگی هاواری ترس و شادی بەجۆرێک تێکەڵاوبوون، بە ئەستەم جیادەکرێنەوە! خەڵکێکی زۆر، لە سوچی کۆڵان و ماڵەکانەوە چاویان بڕیوەتە ئەو قەڵای زۆرداریی و ستەمەی، ساڵانیکە بوەتە مۆتەکەی ئەم شارە!
هەموویان، ڕۆژانە ناوی دەبەن و لەبەر دیدەیانە، بەڵام کەس یان کەم کەسی ئەم شارە چیرۆکی درووستکردنی دەزانێت! ئەوەندە هەیە ئەم قەڵای ستەم و زۆردارییە لەبەرچاوی خەڵکی شار، بوەتە مۆتەکەیەک و حەزدەکەن ڕۆژێک بێت لە بناغەوە هەڵتەکێنرێت!
لەڕاستیدا بیرۆکەی درووستکردنی قەڵای ستەمکاریی، بۆ سەرەتاکانی ساڵانی شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە، دروستکردنی ئەم زیندانە بۆ چاوترسێنکردنی گەنج و شۆڕشگێڕەکان بوو. زیندانەکە لە رێوشوێنێکی ئەمنی زۆر توند و پڕ لە نهێنیدا درووستکرا و لەلایەن خەڵکەوە ناونرا: “ئەمنە سوورەکە!”
ئێوارەیەکی درەنگە، من و سەدان گەنجی سەر پڕ لە خەون و داخ لە دڵی ئەم شارە، بە خەونی ئازادکردنییەوە بەدەوربەری ئەمنە سوورەکەوە بە چەک و تفەنگەکانی شانمانەوە، چاومان لەسەر قەڵای ستەمکاریی بوو! چاومان لە ترس و مردن نەبوو! پێمان وابوو، تا ئەم قەڵایە نەڕوخێ، مەحاڵە خۆری ئازادیی لەم شارەوە هەڵبێت! “نووسەری ئەم کتێبە، لە بەشێک لە یادەوەرییەکانیدا وای لە بارەی ئەمنەسوورەکەوە، نووسییوە”
ئەو بەیانییەی شار خرۆشا و خەڵکی ئازاردراو و قوربانیدەری ئەم شارە وەک شارە مێروولە خرۆشا. لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی بنکە و بارەگا سەربازیی و ئەمنییەکانی ئەمشارەیان پاککردەوە. تاکە شوێنێک بوبویە مەڵۆی جەلادەکان، ئەمنە سوورەکە بوو!
چێشتەنگاوێک، لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێ دێرینەکانم، کە هەردووکمان زیندانی سیاسیی سەردەمی ڕژێمی بەعس بووین. لەکافتریای ئەمنەسوورەکەوە، بەدەم یادەوەریی ڕۆژانی زیندانەوە، تەماشای بینای ئەمنەسوورەکەمان دەکرد، کە ئێستا بووەتە “مۆزەخانەی تا لەیادمان نەچێت” من و کاک تەحسین قادر ساڵی ١٩٨٨ لە ئەمنی عامەی بەغداد زیندان بووین، کە جەنگی (ئێران /عێراق) وەستا بە لێبوردنی گشتی ئازادکراین. بەڵام هاوڕێکەم بۆ جاری دووەم گیرایەوە لە ئەمنە سورەکە زیندان بوو ! گەر ڕاپەڕین نەبوایە، لە سێدارە ئەدرا! بیرمە سەرەتای ئازادکردنی ئەم زیندانە سوورە، لەو سوچەوە، لەو ماڵە بڵند و بەرزەوە، بە قازیفە لەم دیوارە ئەستوورانەمان ئەدا! تەنانەت، هەندێ لە خاوەن ماڵەکان دەترسان، ئەم ڕاپەڕینە شکست بێنێ و دواتریش ئەوان وەک پۆڕی خووراویان لێبێت بەدەست بەعسییەکانەوە!
ئەم زیندانە سوورە، کە ئێستا بووە بە مۆزەخانە و کافتریا و گەلەری شێوەکاریی و هۆڵی سینەما، ڕۆژگارێکی قەڵایەکی پۆڵاینی ستەمکاریی بەعسییەکان بوو!(نووسەری ئەم کتێبە، دەستپێکی ئەو چیرۆکانەی یادەوەریی واگێڕایەوە)
لە بەشێکی تری بیرەوەرییەکانی ئەو ڕۆژانەی ئەم نووسەرەدا، دەنووسێت: یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین، شەقامەکەی بەردەمی ئەمنە سورەکە، بۆ خوار ماڵی عەباسی شەرعی لە کۆڵانەکەدا دووەم ماڵمان هەڵبژارد کە لەوێوە تەقەبکەین لە ئەمنە سورەکە. من لەگەڵ چوار پێشمەرگە کە لە شاخەوە دابەزیبوون، دەستمانکرد بە تەقە و پێشمەرگەیەک گولەیەکی ئاڕ، بی، جی، نا بە ئەمنەسورەکەوە و دەنگی تەقەی ئەمنەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر کپکرد! دوکەڵێک بەرزبوویەوەو لە ناوەوەو سەرەوەی دوکەڵەکەشدا، چەندین پارچە چەو و چیمەنتۆ چوون بە ئاسمان و کەوتنە سەر زەوی!
لەڕاستیدا ئەو ڕۆژگارە نەمزانی ئەو چەوانە، هەڵگری ئەم هەموو ئازار و خەمە قوڵەن! ئەوان، چەوەکان بوونەوەری ڕەسەنی ئەم سرووشتەن، پێیانخۆشبوو لێیانبدرێت بە گولە و قازیفە، بەس لەو دیواری زیندان و ئەشکەنجەیەدا، بێنە دەرەوە.
) تا نیوەڕۆیەکی درەنگ، هەردووکیان چیرۆکی ئەو ڕۆژانە و چۆنیەتی درووستکردنی و کەرەستە تایبەتەکانی نێو زیندانەکەیان کرد! لەکاتی هاتنە دەرەوەشدا لە کافتریاکە، دیمەنێک سەرنجیڕاکێشان، کە ئەویش شوێنی چەند گولە و تۆپێک بوو بە دیواری پێشەوەی زیندانەکە، کە مێژووی شوێنی ئەو گولەبارانە ، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی رۆژانی ڕاپەڕین و ئازادیی سلێمانی لەدەستی بەعسییەکان! هەردووکیان کەمێک لەو دیمەنە ڕامان و بە بێدەنگی رۆشتن! (پاش کەمێ بێدەنگی) چەوێک، لەو بەرزاییەوە چاوی لە هەنگاوەکانی “سەلام قەزاز، گێڕەوەی بەسەرهاتی چەوەکان” بوو، تا ڕۆشتە ناو ئۆتۆمبێلەکەی. ڕوویکردە چەوەکانی تر و وتی: بینیتان؟ ئەمە دوو قوربانی و دوو شایەتی ئەو ڕۆژە تاریکانەبوون! دوو ئەندازیاری پیشەگەر و بێوەی ئەم شارە، ئەم پیاوە ئەناسمەوە لەکاتی گرتنی ئەمنەکە، من لە سەقفی ژورێکی بچوکی قاتی دووی ئەم خانوەدا بووم، کە ئەوسا ماڵی نامیق قەزاز بوو، پەنجەرەی ئەم ژورە بچوکە ڕێک بەرانبەر ئەمنە سورەکە بوو، تەنها ئەم جادە بچوکەیان بەین بوو، ئەم پیاوە ئەوسا گەنج بوو لەم ژورە بچوکەوە کە نزیکەی ٢٠ مەترێک دوورە لە ئەمنە سورەکەوە، تەقەی لێدەکردن هەر خودا دایەوە زۆر فیشەکی ئەمنەکان بەلای سەریدا ئەهاتن و تاڵە مویەکی دەما بەر سەریبکەون! زۆربەی فیشەکەکان، بەر ئێمە دەکەوت لەسەقفی ژەورەکەدا. بەڵام ئێمە دەمانوت قەزای تۆ لە ئێمە بکەوێت!
چەوێکی تر وتی: باشە بۆ لەکاتی چوونە دەرەوەدا وا سەیری ئێمە و ڕووخساری برینداری ئەم بینایەیان دەکرد؟ (هەموویان لچێکیان هەڵقورچاند… نازانین!)
ئەو خەیاڵانەی لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا مردن!
مەنسوور ئەرکەوازیی، پیاوێکی کامڵ و لەسەرووی شەست ساڵانەوە، پێدەچێت بەشێکی زۆری تەمەنی لەناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەیدا بەسەر بردبێت! بەیانییانی زوو، پێش هەڵهاتنی گزنگی خۆر، لە خانەقینەوە، بە خۆی گەڵابە (M A N) ەکەی و سەرو قژێکی لول و هەڵپرووسکاو، تا دەگاتە گوێ چەمی سیروان، بە دەنگی خودادا عەلی بەسەردەبات! هەندێجاریش لەگەڵ بەیت و ناڵە و هەستی پڕ جۆشی خوداداد، ئەمیش بەدەم شۆفێرییەوە (ئەڵڵا… ئەڵڵا)یەک دەکات و یادی ڕۆژانی منداڵی خۆی، لە کۆڵانەکانی خانەقین و کەناری ئاوی ئەڵوەن دەکاتەوە. زۆرجار بە شۆفێرەکانی تری هاوڕێی دەگوت: “بە ئیمام عەلی، لە تەواوی کوردستان و لە شارو جەوەڵی ئەم وڵاتە، نەمدیگە، کەس ئەرای خوداداد ئەڵوەن، بان سەرو خەیاڵی من بلاوێنێتەوە”!
ئەو، ئالوودەی دەنگی خوداداد بوو. بێ ئەنداز حەزی لە گۆرانی و قەتار و گۆرانی و ئەڵاوەیسییەکانی بوو. هیچ گۆرانییەکی نەبوو، وەک خۆی و بە دەنگی خۆی نەیڵێتەوە.
مەنسور ئەرکەوازیی، وەک من گێڕەرەوەی ئەم چیرۆک و داستانە جیاوازانە، ئەویش دەیان و سەدان چیرۆک و یادەوەریی لەگەڵ”چەو”ەکان، هەبوو. بەڵام بەداخەوە، بەشی هەرە زۆری چیرۆکەکانی لەناوچوون و دەرفەتی نووسینەوەیان نەبوو!
ڕۆژێک لە بەنداوی دەربەندیخان، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندازیاری بیانیی سەرقاڵی گرفتی بەرهەمهێنانی کارەبا بووم. مەنسور، هاتە لام و سڵاوی لێکردم. “نووسەری چیرۆکەکانی ئەم کتێبە وادەڵێت”
پێکەوە لە بانێژی بەنداوەکەدا، ڕووەی خۆرهەڵات و شاخی شەمێران، دانیشتین و بەدەم فیشی جگەرەکانی دەستمانەوە، کەوتینە ئاخافتن لەبارەی بەسەرهاتی چەوەکان و ئەو بەسەرهاتانەی ڕۆژگاری ڕابردوو.
کا ک سەلام، بیستگمە، چیرۆکی چەوی ئەم جەوەڵ و ڕۆخەی سیروانت نووسیگەسەوە؟ جا کەس ها لەم بان و ناوچەیە، هێندەی من، چیرۆکی ئەو چەوی جەوەڵانەی لاوێت! خۆت دەزانی من چل ساڵ ڕەوەقە، بەردەوام و هەموو ڕۆژێک وە (مان)کەم، چەوم ئەڕای تەواوی مەملەکەت بردگە!(مەنسور ئەرکەوازی وایوت)
ئەو ڕۆژە من بەهۆی هاتنی تیمی ئەندازیارانی بیانی بۆ بەنداوەکە، زۆر سەرقاڵبووم، تەنها ماوەی دوو جگەرە خواردن پێکەوەبوین. بۆ ڕۆژی دواتر، هاتەوە بۆ لام و وتی: کا سەلام زۆر مەبەستمە و گەرەکمە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆم و چەوەکانی ئەو جەوەڵەت بۆ باسبکەم. “سەلام قەزاز وا باسی مەنسور ئەرکەوازی شۆفێری نووسییەوە”
ڕۆژێک و دوو ڕۆژ و چەند رۆژێک پێکەوە دانیشتین و هەندێ بەسەرهاتی زۆر کاریگەریی خۆی و چەوەکانی بۆ گێڕامەوە. بەڵام ئاخ و سەدان ئاخ…. (بێدەنگییەکی قوڵ، نووسەری ئەم کتێبەی داگیرکرد!)
ڕۆژێک پاش چەندین دانیشتین و قسەکردن پێکەوە، بڕیاربوو بەش بەش و لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی، چیرۆک و بەسەرهاتەکانی خۆی چەوەکانی سیروان، بە ڕیکۆردەرێک تۆمارکەم! ئەو ڕۆژە تا چێشتەنگاو دواتر نیوەڕۆ و عەسر چاوەڕوانمکرد و نەهات! گەڕامەوە بۆ سلێمانی و بەیانی کە هاتمەوە بۆ بەنداوەکە، کەوتم بەسەر هەواڵێکی سیاە و غەمگیندا. (سەلام قەزاز وادەڵێت)
بەداخەوە بۆ ئەم هەواڵە ناخۆشە! دەرگای ئۆتۆمبێلەکەم کردەوەو دابەزیم، یەکێک لەکارمەندانی بەنداوەکە، بەرەو پیرم هات و وتی: کاک سەلام، بەداخەوە، دوێنێ لەکاتی گەڕانەوەی مەنسور، لە دەربەندیخانەوە بۆ خانەقین، تووشی ڕوداوێکی سەختی هاتوچۆ بووە و گەرماو گەرم گیانی لەدەستداوە! چییییییی……. (بێدەنگبووم و لە شوێنی خۆم تاسام! نووسەری ئەم چیرۆکانە وا دەڵێت!)… ئاخ و سەد ئاخ، بۆ خۆی چیرۆکەکانی! بەڕاستی کەمتەرخەمبوم و نەمتوانی تەواوی ئەو چیرۆکانەی کە خۆی دەیوت و چەندین ساڵە لە خەیاڵیدایە بۆی بنووسمەوە: ”
ئەو ڕۆژە، زۆر بیرم لە مەنسورو خەیاڵ و چیرۆکەکانی دەکردەوە. بەراستی هیچم بۆ نەدەکرا و هیچم پێندەکرا، ئەوەندەم دەزانی گەر ئەو ڕوداوە نەبایە و ئەو چیرۆکانەی بۆ بگێڕامایەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەم کتێبەی ئێستا خوێنەر دەیخوێندەوە لە بری (29 چیرۆک) زۆر زیاتر دەبوو، چیرۆکی کاریگەرتر و ناخ هەژێنتری تێدادەبوو!
ئەو ڕۆژە تا گەیشتمە ماڵەوە، بەردەوام لە ڕێگە و لەسەر کار، بیرم لەو دەکردەوە. لەکاتی گەڕانەوەشدا، لە ڕێگە سەرەکییەکە، هەر بارهەگڕ و گەڵابەیەکم دەبینی، سەرمدەنا بە جامی ئۆتۆمبێلەکەمەوەو تێر تێر لێمدەمڕوانی و بیری مەنسور ئەرکەوازیم دەکەوتەوەو بۆ چرکەیەکیش لە خەیاڵم دەرنەدەچوو! شۆفێرەکەشم هەستی بەو خەیاڵە قوڵانە دەکردو زوو زوو، قسەیدەکرد و پرسیاری لێدەکردم بۆ ئەوەی لەو کەشە غەمگین و تاریکە دامببڕێت!
هاتمە ماڵەوە، پێچەوانەی ڕۆژانی تر و ئێوارانی تری پاش گەڕانەوەم لەکار، بێدەنگبووم و بێدەنگییەکی قوڵ داگیریکردم. لەسەر پشت پاڵکەوتم و چاوم بڕیبوویە سەقفی سەرەوەی ژوورەکەوە و هەردوو دەستیشم لە پشتی سەرم، دانابوو. خەیاڵ بردمییەوە بۆ لای مەنسور و چیرۆکەکانی. زۆر بیرمکردەوەو زۆر خەیاڵم جوڵاند، لەو چیرۆکانەی بۆی باسکردم تەنها ئەم چیرۆکەیم بیرماوە، لێرەدا بۆ خوێنەرانی دەنووسمەوە:
مەنسور ئەرکەوازیی و چەوەکان…
لەناو ئەو کۆمەڵە چیرۆک و بەسەرهاتەی بۆی گێڕامەوە، ئەم چیرۆکەم لەهەموویان پێکاریگەرتر بوو، بە خەیاڵ و قەڵەمەکەی خۆم، بۆتان دەنووسمەوە. “سەلام قەزاز وای نووسی”
ئەوەندەی لەگەڵ ئەوان بووم، کەمتر لەگەڵ خەڵکیی. بەیانیان پێش هەڵهاتنی خۆر، تا ئاوابوونی خۆری ئاسمان. هەندێجاریش تا نیوەشەوان و بەرەبەیانێکی زوو، لەگەڵ ئەوان بووم. لەناو پشتەوەی ئەم گەڵابەیەدا (M A N)دا، هەمیشە پر بوو لە چەو، چەو و خەیاڵەکانیان، چەو و بەسەرهاتە جیاوازەکانیان! دەبێت ئەوەش بڵێم، من زیاد لە چل ساڵە ئەم کارەدەکەم و ئەم پیشەییەشم لە بابمەوە بۆ ماوەتەوە. بابم هەمیشە دەیوت: ڕۆڵە مەنسور، دەبێت وەک منداڵ و عەولادی خۆت سەیریی ئەو چەوانە بکەیت. ئەوانە بێ زمان نین، ئەوانە شوناس و هێمای گەورەی نیشتمانمانن. جگە لەوەی، ئەوە پەیداکەری نان و قوتمانە، دەبێت وەک مرۆڤ و بنیادەم مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت.
ئەرکەوازی دەیگوت: ئەم قسەیەی بابم، هەمیشە و لەماوەی ئەو چل ساڵەدا، لە گوێ و ناخمدا بوو. ئەوەی لەو ماوە درێژەدا جێگەی سەرنجم بوو، ئەو هەستە قوڵ و مرۆڤدۆستانەبوو لە ناخی چەوەکانی سیرواندا هەبوو! هەمیشە باوەڕم بەو وتە مەزنە هەبوو، کە دەیوت: تەنها مرۆڤ، زمانی ئاخافتنی نییە، بەڵکو هەموو بونەوەرەکانی سەرزەمین، زمانی قسەکردنیان هەیە، بەڵام هەرکەس بەزمانی خۆی و چەوەکانیش بە زمانی خۆیان!
ئەوەی لام من گرنگە و بۆتانی باسکەن، لەبارەی ئەم بوونەوەرانەی سرووشت ئەوەیە، کە ڕاستە چەوەکان لەکاتی بارکردن لە ڕۆخ و کەناری سیروان، غەمگین و بێتاقەت دەبوون، بەڵام ئەوەی زۆر زۆر سەیر بوو، گەر ئێمە و گەڵابەکانی تر، بۆ شوێنێکی کوردستان و شوێنێکی خۆش و سود بەخش بڕۆشتینایە، تا دەگەیشتینە مەنزڵ، ئەوان لە پشتی گەڵابەکەوە، بەدەنگ و ئاوازی خۆش گۆرانییان دەوت، گۆرانی شادیی و کامەرانیی!
بیرتانە جارێک ئێمەیان برد بۆ ناوچەی بیتوێن، بۆ درووستکردنی پرد؟ ئەو ڕۆژە چێشتنەگاو لە کارگەوە و لە کەنار ئاوی سیروانەوە بەرەو پشدەر کەوتمە ڕێ، تا ئێوارەیەکی درەنگ، من لە پێشی گەڵابەوە گوێم لە خوداداد عەلی دەگرت و وەک هەمووجارەکانی تر، ئالوودەی دەنگی بووم، ئەوانیش لە پشتەوە بە دەنگ و میلۆدی خۆیان، بە زمانی تایبەتی خۆیان، قەتار و ئەڵاوەیسی و مەقام و هۆرە و بەند و گۆرانی جۆراوجۆری کوردیان دەوت!
جارێکی تر، لەگەڵ بارکردنیان بۆ گەڵابەکە، یەکێک لە کرێکارەکانی ئەوێ پێیوتبوون: خۆتان ئامادەکەن بەرەو موسڵ، بەرەو زیندان و شاری سێدارە، دەتانبەن بۆ درووستکردنی بانێژە و سەقفی زیندانێک! خوا عەلیمی حەقە، ئەو بەیانییە زووەی لە سیروانەوە بەرەو موسڵ بەڕێکەوتم، لەماوەی نزیکەی هەشت سەعاتدا، ئەو چەوانە دەگریان و لاواندنەوەیان دەوت، زۆرجاریش هەندێ لە چەوە بە تەمەنەکانیان، لە قەهر و بێزاریدا “نازم غەزالی و فەریدەتڕەش”ێکیان پێدادەکرد! ئیدی تا ئەوێ داد و فیغانیان بوو!
ئەوانیش وەک ئێمە و باڵندەکان، وەک ئێمە و بوونەوەرەکانی تری ئەم سرووشتە بەرینە، خاوەنی زمانی ئاخافتن بوون. بەڵام زمانی مرۆڤ نا، زمانێکی تایبەت بە خۆیان!
بەهەر حاڵ، لەم چیرۆک و بەسەرهاتانەی کۆتایی ئەم کتێبەدا، دەبێت بڵێین ڕۆحت شاد و یادت هەمیشە شاد، مەنسور ئەرکەوازیی.
چەوێک، چیرۆکی قاچپەڕینی سەبیحە دەگێڕێتەوە!
چیرۆکی ئەم بەشە، تێکەڵەیەکە لە ڕاستی و کەمێک خەیاڵ. بەڵام بەسەرهات و ڕوداوێکی ڕاستییە و کەمێک خەیاڵ، ڕۆڵی هەیە لە گێڕانەوەیدا!
گەر چیرۆکی چەوەکان، لە هەموو بەشەکانی ئەم کتێبەدا، ڕەگەزی خەیاڵ زاڵبوبێت بەسەریدا، بە پێچەوانەوە، ئەم چیرۆکە، ڕوداوێکی ڕاستی و سەرسوڕهێنەرە. ڕوداو و بەسەرهاتێکی نووسەری ئەم کتێبە، کە ڕێکەوت ڕۆڵێکی سەیر و سەرسوڕهێنەری هەبووە لە ڕوودانیدا!
شەوێکی درێژی پایزە، چەند چەوێک لە سەقفی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، خەویان لێزڕاوە و خەریکی گێڕانەوەی بیرەوەریی پزیشک و نەخۆش و کەسەکانی ناو نەخۆشخانەن.
هەر چەوێک، چیرۆکێکی دەگێڕایەوە، کە چەند ساڵێک لەوەوبەر لەم نەخۆشخانەدا بینیوویەتی و مایەی سەیر و سەرسوڕمانی بووە! ئەو شەوە، چەوەکان، دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی نێو نەخۆشخانەکەیان گێڕایەوە. بەڵام شەو، لەبەر درێژیی هەر تەواو نەدەبوو!لەناکاو بێدەنگییەکی قوڵ لەناو گفتوگۆکەدا درووستبوو!
چەوێک، لەوسەرەوە هاتە گۆو وتی: هاوڕێیان ئێوە بەم شەوە ساردە زۆر چیرۆکی ڕاستی و کاریگەرتان گێڕایەوە، من بە وردی گوێم بۆگرتبوون. بەڵام لەڕاستیدا من خۆم شایەتی چیرۆکێکم، لەهەموو ئەو چیرۆکانەی ئێوە کاریگەرتر و سەرسوڕهێنەرترە! ڕوداوەکە هێندە کاریگەرە، ڕەنگە ئێوە و کەسانێکی تریش کە دەیبیستن، گومانتان لێیهەبێت! بەڵام وەڵا، بە بیلا، بە تەڵڵا، چۆنم بینی و چۆنم بیست، ئەو چیرۆکە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی، بەو شێوەیە بۆتاندەگێڕمەوە!
هەموو پێکەوە وتیان: گوێمان لێتە و بە خۆشحاڵییەوە، چاوەڕێی ئەو بەسەرهاتەی سەرسوڕهێنەرەی، تۆش دەکەین.
ئحم … ئحم…..هەمووتان نووسەری ئەم کتێبە دەناسن؟ چەوەکان، سەریان بۆ لەقاند و بەڵێیان بۆکرد!
چەوێک لەوسەری سەقفەکەوە وتی: تەنها لەڕێگەی بەسەرهاتەکانییەوە. تەنها لەڕێگەی چیرۆکەکانییەوە.
ئمممم. منیش تەنها ناوبانگیم بیستبوو. بەڵام لە ڕوداوێک لەم نەخۆشخانەیەوە، کە خۆم بینینم و ئاگاداریبووم زیاتر ناسیم (چەوەکە وایوت)
ڕۆژێک، گەنجێکی دەربەندیخانی بەناوی دانای مامۆستا غەریب، ئا لەو ژووری نەخۆشخانەدا ڕاکشابوو”دەستی بۆ یەکێک لە هۆڵەکانی نەخۆشخانە درێژکرد” پێموابێت ئۆتۆمبێل لێیدابوو. نووسەری ئەم کتێبە، هاوڕێی نزیکی باوکی دانابوو. دانا کوڕی ئەو مامۆستا غەریبەیە کە لە بەشی “چیرۆکی چەوەکانی نزیک قەڵا!” شەوەکەی ماڵی حسێنی خاوەن کارگەی لم و چەو، لەگەڵ نووسەری ئەم کتێبە و ڕەفیق حازم چەلوبی بەرپرسە ئەمنەکە. هەموو پێکەوە وتیان: ئۆۆۆۆۆ ….. دەزانین، دەزانین بیرمانکەوتەوە.
یەک دووجار نووسەری ئەم کتێبە هات بۆ نەخۆشخانە. یەکەم جار بۆ سەردانی کوڕەکەی مامۆستا غەریب بوو کە ئۆتۆمبێل لێیدابوو، لە هۆڵی ئەوسەر، ئەوەی نەخۆشی بەپەلە و برینداری بۆ دێنن هاوار و گریان درووست بوو. ئەمیش لە شوێنی خۆی وەستا و کەمێک لە دیمەنەکە ڕاما و دواتر ڕۆیشت بۆ ناو قەرەباڵغییەکە. “هەموو چەوەکان، بە تاسەوە گوێیان بۆ گێڕانەوەی ڕوداوەکە گرتووە” ئێ … ئێ دوای ئەوە چی بوو؟ “چەوێک وایوت”
پەلەمەکەن ورد ورد هەموویتان لە نوکەوە بۆ نوک بۆ دەگێڕمەوە!“چەوەکە وایوت”
کە سەلام قەزاز، گەیشتە ناو قەرەباڵغییەکە و پرسیاری کرد، چییە و چی بووە؟ من لەسەرەوە ورد ورد لەو دیمەنەم دەڕوانی.
چییە؟ چی بووە؟ ئەمە کێیە؟ “نووسەرری ئەم کتێبە وای بە دایک و کەسوکاری کچەکە وت”
کاکە گیان، ئەمە کچمە، ناوی سەبیحەی مام خورشیدی خاڵە مەولودە. خەڵکی مێرگەپانین، لوغم پێیدا تەقییوەتەوە و قاچێکی پەڕیووە، خوێنی زۆرمان بۆ پەیداکردوە، بەڵام پزیشکەکان دەڵێن دەبێت بتڵێکی تری بۆ پەیدابکەن ئەوسا نەشتەرگەریی بۆ دەکەین! نەشتەرگەرێکە، لەبەر ئەم بتڵە خوێنەدا، پەکیکەوتووە “دایکی کچەکە، وایوت”
بەسەرچاو، من ئامادەم خوێنەکە ببەخشم! هاوار و گریانی ژن و کەسوکارەکەی بوویە شادیی، لەماوەی چەند خولەکێکدا، خوێنەکەی بەخشی و نەشتەرگەرییەکەیان بۆ سەبیحە کرد بەڵام داماوە قاچەکەیان هەربڕییەوە!
چەند رۆژێک پاش ئەم ڕوداوە، جارێکی تر سەلام قەزاز، هاتەوە بۆ لای دانای مامۆستا غەریب و دیسانەوە لە هاتنە دەرەوەیدا، بە پێوە سەرێکی لە سەبیحەدا و هەواڵی پرسی.
دایکی سەبیحە وتی: زۆر زۆر سوپاس بۆ بەدەمەوە هاتن و جوامێریتان. ئێستا زۆر باشە و سەبیحە لە مردن ڕزگاری بوو.، سەلامی بردە سوچێکی ژورەکەوەو پێیوت . سەڵاح چاوشینی برات تۆی ناردو بۆ لامان؟
سەلام قەزاز، لەشوێنی خۆی وشکبوو؟ کێ؟
سەڵاح چاوشینی برات؟ (دایکی سەبیحە وایوت!)
تۆ سەلام قەزاز نیت؟ برای سەڵاح چاوشین؟
تووشی شۆک بوو؟ لەڕاستیدا دەترسا و لەو ڕۆژگارەدا، بەعسییەکان، بە بیانوویەکی بچووک دەگەڕان بۆ قەتڵ و عامکردنی کەسوکاری پێشمەرگە! بەتایبەتیش ئەو پێشمەرگانەی بەرپرسیارێتیان لەناو شۆڕشدا هەبوو! “چەوەکە وای بە چەوەکانی تر وت”
بەهەرحاڵ، سەلام قەزاز “نووسەری ئەم چیرۆک و بەسەرهاتانە” خۆی بێبەریکرد و وتی من وەک هەستێکی کوردانە و مرۆڤدۆستانە، ئەو خوێنەم بەخشیووەو هیچی تر! هیچ برایەکم نییە بەناوی سەڵاح! ڕەنگە تۆ لێت تێکچووبێت!
غەڵبەغەڵب و دەنگە دەنگێک لەناو چەوەکاندا، درووستبوو!
ئەرێ بۆ نەیوت بەڵێ من برای سەڵاح چاوشینم! “چەوێک وایوت”
کوڕە کێ لەو ڕۆگارە دەیوێرا بڵێ من برای پێشمەرگەیەکی فەرماندەم!“چەوێکی تر، وایوت”
ئەم ماستە موویەکی تێدایە!”چەوێکی تر وایوت!”
پەلەمەکەن، نهێنییەکە لێرەدایە “چەوی گێڕەرەوە وایوت”
پاش نزیکەی دە ڕۆژ، بەسەر ئەم ڕوداوە و ئەم خوێن بەخشینەدا، بەیانییەکی زوو، کاتێک نووسەری ئەم کتێبە “سەلام قەزاز” دەگاتە دەوامی ڕۆژانەی خۆی، پیاوێکی نەناس دێت بەرەو پیریی و سڵاوێکی گەرمی لێدەکات. دەستدەخاتە ناو دەستی و پاکەتێک “بنێشتێکی سەهم” دەخاتە ناو دەستییەوەو بە بێدەنگی دەڕوات!
ئەویش تێدەگات و دەچێتە ژوورەکەی خۆی و دەرگا دادەخات، بە نهێنی پاکەتە بنێشتەکە هەڵدەپچڕێت، لەسەر کاغەزی بنێشتەکە، نامەیەک نوسراو بوو …..
سەلام گیان سڵاو…
لە نەخۆشخانەی گشتی، لە نهۆمی یەکەم، ژوری ژمارە ٦ نەخۆشێک هەیە کچێکە بەناوی سەبیحەی مام خورشیدی خاڵە مەولودە. خەڵکی گوندی مێرگەپانن.(لێرەدا نووسەر تووشی شۆک دەبێت، ئەمە چییە؟!) خێزانێکی شۆڕشگێڕ و خزمەتکاری شۆڕشن. ئەو کیژە، بەیانییەک دایک و باوکی ماست و پەنیریان پێداناردبوو بۆ بارەگاکەی ئێمە، لە گەڕانەوەیدا، مین تەقیوەتەوە پێیدا و ئێستا لەو ناونیشانەیە لە نەخۆشخانە. سەردانیان بکە، بزانە چییان پێویستە بۆیان بکەیت.
براتان:
سەڵاح چاوشین
هەموو چەوەکان پێکەوە: (بەخوا ڕوداوێکی سەیرە!)
باشە سەلام قەزاز، چۆن دڵی خەبەریدابوو؟ چەوێک وایوت!
بەراستی ڕوداوێکی سەیربوو، تۆ بڵێیت ئەو هێزە نهێنییە چی بێت، لە هەناوی مرۆڤدا؟ چەوێک تر وایوت!
هەموو چەوەکان پێکەوە وتیان: بەڕاستی چیرۆکەکەی تۆ، هەم سەرسوڕهێنەر بوو، هەم مایەی تێڕامان و لەسەر وەستان…
ساتەکانی کۆتایی خەیاڵ!
چیرۆکەکانی سەرەتا و کۆتایی
ئێوارەیەکی درەنگی سەرەتاکانی ساڵە. دەرەوە سارد و سەرما و کڕێوەی بەفر و نمەی باران و ئاماژەکانی دەرکەوتنی سەهۆڵبەندان و بەستەڵەک دەرکەوتووە! پاش گەڕانەوەم لەکار، لە ژوورەکەی خۆم بەرامبەر پەنجەرەکە و ڕووەو باخەکەی دەرەوەمان دانیشتووم و بەدەم خواردنەوەی “چا” گەرمەکەی بەردەمم، نیگام بۆ دوورایی ئەوسەری باخچە و حەوشەی ماڵەکەمان دەڕوات و خەیاڵ لە شوێنی دانیشتنەکەم بردمی و گەشتێکی دوور درێژی پێکردم بۆ ڕۆژگارە جیاواز و هەوراز و بەرزو نزمییەکانی ژیانی ڕابردووم!
ماوەیەک لەناو ئەو بێدەنگیی و خەیاڵەدا، مامەوە و جارجار مژێکی قوڵ لە جگەرەکەی دەستم دەدەم و قومێکیش لە چا کەی بەردەمم. کەمێک دەوەستم و دواتر ئەو لاپەرانەی بەردەمم هەڵدەگرم و دەست بە خوێندنەوەی دەکەم.
لاپەڕەکان پێشتر هەندێ سەرنج و تێبینیم تێدا نووسیوون و هەندێ دێڕی ئەو لاپەڕانەش دەخوێندەوە و لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕ و وشە و سەرنجێکدا، خەیاڵم دەچێت بۆ چەند شوێنێکی جیاواز!
لەولاشەوە تەلەفزیۆنی ژوورەکە داگرساوە و بە دەنگێکی کز، بێژەرەکە خەریکی خوێندنەوەی هەواڵە درۆکانی رۆژە! بە گشتی ئەمە دیمەنی ساتەکانی کارکردن و کۆتاییهێنانە بە نووسینی خەیاڵەکانی ئەم کتێبە!
پەردەی ژوورەکەم و گڵۆپە زەردە کزەکانی ژوورەکە، جیاوازییەکی گەورەی لە نێوان ژوورەوە و دەرەوە درووستکردووە! ماوەیەک ئەم بێدەنگی و بیرکردنەوە هەمەجۆرانە درێژەی کێشا. ئا…. جارجار پەنجەکانی دەستی ڕاستیشمم، دەخستە ناو قژم و سەرمم دەخوراند، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ دڵەڕاوکێ و نائارامیی لەسەر ڕوداو و پرسێکی تایبەتیی لە خەیاڵی مندا! بەڵام لە راستیدا، نا ئارامییەکە، پەیوەندی بە هیچەوە نەبوو، بە نووسینی کۆتاییەکانی ئەم کتێبەوە نەبێت کە لەم چرکەساتەدا خەریکی کۆتایی هێنانم بەو دێڕ و بەشانە!
چەندجارێک کۆتاییم نووسی و بڕیارمدا ئەمە دێڕەکانی کۆتایی کتێبەکە بێت، بەڵام بە دڵم نەبوو، لە کۆمپیتەرەکەدا دەمسڕییەوە!
بەیانیان زوو، پێش دەموچاوشۆرین و نانخواردن، هەر بیرۆکەیەکم هەبوایە لەو لاپەڕە بچوکانە بە خێرایی دەمنووسی و دواتر چێشتەنگاو یان نیوەڕۆو عەسران، دادەنیشتم و دەکەوتمە ڕەشنووسکردنی بیرۆکەکان، بەڵام چەند ڕۆژێکە سەرنجەم ئەو بیرۆکە و خەیاڵانەی لەبارەی چیرۆکە جیاوازەکانی ئەم کتێبەوە هەبووە، هەمویم نووسیووەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە کۆتاییەکەیەتی! بەڵێ کۆتایی! لە ڕاستیدا دێڕ و بەشی کۆتایی هەموو نووسین و کتێبێک زۆر بە ئازار و ئەستمە، چونکە قوفڵدانە لە دەرگای دەیان ڕوداو و خەیاڵی پەرشی ڕۆژانی ڕابردووم! بێگومان ئەمەش کارێکی هێندە سادە و سانا نیە و رەنگە بە دە هێندەی ئەم بەشەی کتێبەکە، سەرگوزشتەی ئەو ڕۆژانە تەواو نەبێت، بەڵام ناچارین هەر کۆتایی بێنین بە چیرۆک و بەسەرهاتەکانی، وەک دەڵێن: هەر شتێک سەرەتای هەبێت، کۆتاییشی هەیە!
جا سەرەتا و کۆتایی ئەم کتێبە، دوو دیمەنن، ڕەنگە بۆ خوێنەر، تەواوکەری یەکبن، یان دوو بەشی تەواوکەری یەکبن. بەو پێیەی هەردوو بەشی سەرەتا و کۆتایی کتێبەکە، نووسەری گێڕەرەوەی بابەت و ڕوداوەکان “سەلام قەزاز” لە ماڵەکەی خۆی لە دوو کاتی جیاوازی ڕۆژێکدا ڕوودەدەن و دەست بە نووسینەوەیان دەکات!
یەکەمیان: بەیانییەکی زوو، کاتی خۆرهەڵهاتن و پاش لە خەو هەڵسان ڕۆشتن بۆ سەرکار!
دوەمیان: ئێوارەیەکی درەنگی پاش خۆرئاوابوون و دوای گەڕانەوەی لەکار!
چرکەساتی لە دایکبوونی بیرۆکەی نووسینی ئەم کتێبە، لەو دوو ساتەدا لەدایکبوو. بەیانییە زووەکە و ئێوارە درەنگەکە! بەتایبەتیش، دوەم ساتی ئێوارەکە و کاتی تێڕامان و خەیاڵکردنی و تێڕوانینی بۆ باخچەکەی دەرەوەو دواتر وردبوونەوە لە ماڵ و خانووەکەی خۆی و وردە وردە خەیاڵی رۆیشت بۆ ساتی درووستکردنی خانووەکەی و کەرەستە بەکارهاتووەکانی!
لەناو هەموو ئەو کەرەستانەش، بە پلەی یەکەم: “چەو”کان سەرنجی ئەمی راکێشا! بە پسپۆڕی و کاری خۆی بوایە وەک “ئەندازیارێکی کارەبا” دەبوو، وایەر و گڵۆپ و بۆردی کارەبا و سویچ پلاکەکانی ماڵەکەی سەرنجی ئەمیان ڕاکێشایە و لەوێوە بیرەوەریی خۆی بنوسیایەتەوە! بەڵام نەخێر بە پلەی یەکەم چیرۆکی “چەو” ەکان و لم و شیشی ئاسن خەیاڵی ئەمی پژاند بۆ گێڕانەوەی بیرەوەریی و بەسەرهاتەکانی ئەم کتێبە!
لەناو ڕوداو ەبەشەکانی ئەم کتێبەدا، ئەو کەرەستانەش، گێڕەرەوەی سەرەکین، بە تایبەتیش “چەو”ە. هەرچەندە لە هەندێ بەش و دیمەندا، “لم و شیش” و چەند کەرەستەیەکی تر دێنە گۆ و قسەی خۆیان دەکەن، بەڵام “چەو” کارەکتەرەی سەرەکی و دیارترین فیگەرە، لەم کتێبەدا خەیاڵی ئەم نووسەرەی داگیرکردووە بۆ گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتانە!
ئەو ئێوارەیە خەیاڵ بەتەواوەتی کەنەفت و شەکەتی کردم، ناچاربووم دەست بە نووسینەوەی هەندێ لەو بەسەرهات و چیرۆکانە بکەم. “نووسەری ئەم کتێبە وا دەنووسێت”
ئەوەی خوێنەر، لەم کتێبەدا دەیخوێنێتەوە تێکەڵەیەکە لە راستی و خەیاڵ، هیچ ڕوداوێکیش لەم کتێبەکەدا نیە پێشتر لە ژیانی نووسەردا ڕوینەدابێت، تەنها ئەوەیە ڕوداوەکەمان خستوەتە ناو خەیاڵ و بە زمانێکی ئەدەبی گێراومانەتەوە.
ئەوەی خوێنەر لە کتێبەکە دەیخوێنیتەوە، بەسەرهاتێکە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرو دڵی نووسەری گرتووە، بەڵام سوپاسی زۆر بۆ “چەو”ەکان، وەک کارەکتەر و فیگەرێکی خۆنەویست، ئارەزومەندانە شانیان دایە بەر ئەو کارە قورسە و خەیاڵ و بیرەوەریی نووسەریان خستە سەر شانی خۆیان و سەرجەم روداوەکانیان بە زمانی خۆیان گێڕایەوە!
تەواو…
٢٦/١/٢٠٢٣