غەزەل
ڕەحيم لوقمانی/ شاعير / سەقز
وەرن هاوڕازی ئازارم کە چاوم ئەسرەبارانە
لە سۆزی سازی دڵ تێگەن کە چەن ناسازی یارانە
ئەگەر سازاوی ئەم ژینەم دەروونم پڕ لە ناڵینە
کە شێعر و سازی ناکۆکیم لە دەزگای داخ و سووتانە
زەمانی پەستی و تاوان، نەمانی عیشق و ئازادی
بە زانین دڕکی چاوانی، نەزانین شەوکەت و شانە
ئەوەی “بیر و وتە و کردەی” بە چاکیی بێ نییە ناوی
ئەوەی ناپاک و سە دڕوو بێ، ڕمی حوکمی لە سەرمانە
“مەم و لاس و وەلی” شەیدا، بە عیشقی پاکەوە سووتان
کەچی “زین و خەزاڵ و شەم” دڕووی “بەکران” لە دڵیانە
هەڵۆی باوەڕ تەرەی کۆچن لە داخی گەمژە میرانێ
قەلی بێشەرمی گەنداوان ئەمیری باخ و بێستانە
ئەگەر دڵپاک و یەکرەنگی بەڵابارانی وەک شاعیر
ئەوەی نەنگی لە لا فەرزە لە هەر لا بەرزی بانانە
لە پۆزی هۆزی بێشەرم و ریاکاران کوان هۆزان؟
هەتا کەی وا تەراتێنی نەزانان و نەیارانە
خەزان گەرچی لە باخی دا و گوڵ و شالووری مەی بردن
بەهارم تازەگوڵ زۆر و هەزارانم هەزارانە…