فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

حه‌رفه‌ دووره‌كانی من و تۆ

حه‌رفه‌ دووره‌كانی من و تۆ

ڕۆژ هەڵەبجەیی/ شاعير / سلێمانی

(1)
ببوره‌ گه‌ر زاهیدانه‌ له‌ تۆ دووام،
به‌بێ هه‌ناسه‌ سه‌وزه‌كانی تۆ،
كه‌ناری ئه‌م ئاوه‌دانییه‌ دڵۆپه‌ ده‌كا
تژی له‌ ته‌ماشای باغه‌یی و مه‌وجدان له‌ مردن!
(2)
بێده‌نگیم پێوه‌ ئه‌ده‌م،
تۆفانی خامۆشیم ئه‌دوورم،
ئه‌و كاته‌ی له‌ تروپكی له‌ رزیندام
ئێواره‌یه‌كی بچوكم داوه‌ به‌خۆمدا،
پڕه‌ له‌ نوێژی تۆ !
(3)
گه‌ر له‌ بیرم بێ بخه‌وم،
ده‌سته‌كانم ده‌كوژێنمه‌وه‌ و
سێوه‌كانم هه‌ڵده‌كه‌م،
گیرفانی خه‌یاڵه‌كانم قوڵتر ده‌كه‌م له‌ تۆ!
(4)
هه‌ندێ جار تا به‌ره‌به‌یان بێدارم بێ تۆ..
چه‌ند حه‌رفێك ڕه‌نگ ده‌كه‌م،
به‌ سمێڵه‌كانی سلفادۆر دالی،
له‌ سه‌رده‌می سریالیستیشه‌وه‌،
كه‌ كراسێك قسه‌ ده‌كا
ده‌كه‌مه‌ به‌ری سپێده‌ تا ئاوا نه‌بیت تۆ!
(5).
ئه‌وه‌چراكانی منن ده‌ستیان پڕه‌،
له‌ لەفافی زیوین…
ئاخر شه‌وه‌كان سه‌ریان ده‌شكێ له‌ فیراقی تۆ،
تاوێك وه‌ره‌ قۆپچه‌ی ئه‌م شه‌وه‌ بكه‌ره‌وه‌،
كه‌ چرا پێده‌كه‌نێ و
فیراق ده‌ڕوات به‌ره‌و فه‌نا بوونی فه‌نا !
(6)
دیواره‌كان بڕێك جار نه‌خۆش ده‌كه‌ون،
چونكه‌ دڵیان ده‌كێڵن به‌ بزماری قسه‌كانی تۆ…
دیواره‌كان قاقا ده‌ژه‌نن..
چونكه‌ بڕێ جار هه‌توانی هه‌تاوی تۆ،
باڵایان دائه‌گیرسێنێ !
(7)
كه‌ كاتێك باران له‌ ئاسمانی چاوه‌كانمه‌وه‌
بینینم تۆخ ده‌كا،
ئه‌وه‌ په‌ژاره‌ی په‌ڵه‌ هه‌ورێكه‌،
بۆ دایكم ده‌گه‌ڕێ ئینجا تۆ!

(
كه‌ كورسییه‌ك ده‌شكێ،
له‌ ڕۆحی ڕۆمانسییه‌تی منه‌وه‌
ئێواره‌م پێكراوه‌ به‌ حه‌رفی شكسته‌،
كه‌چی تۆ له‌ولاتره‌وه‌ ئاخی دره‌ختێكی،
به‌ ده‌زووی تۆپه‌ڵێك خه‌مه‌وه‌ شپرزه‌ !
(9)
مانگ مناڵێكه‌ له‌ كۆڵانه‌كانی ئاسماندا
گه‌مه‌ ناكا..
له‌ باخه‌كانییا بۆنی گوڵ نادزێ،
له‌ حه‌وشه‌كانییا تۆپ تۆپێن ناكا..
مانگ مه‌عده‌نێكه‌ پڕه‌ له‌ مناڵی و ڕۆمانسی
ته‌ماشای من و تۆ گرێ ئه‌داو
كه‌ گوێشی له‌ پیاده‌ڕه‌وی ئاوێك ده‌بێ،
وورد وورد ده‌بێته‌ پێڵاوی!
(10)
زۆر جار شه‌و ده‌كه‌وێت به‌ زه‌مه‌ندا و ده‌شكێت،
له‌ پارچه‌كانی سێبه‌ر هه‌ڵده‌قوڵێ
من ده‌نكه‌ سێبه‌ر ده‌كه‌مه‌ ملوانكه‌،
تۆش پارچه‌ سێبه‌ره‌كانی
ده‌كه‌یته‌ بۆینباخ و شه‌بقه‌ !
(11)
هه‌ر كاتێك مردن فواره‌ی زه‌وقی به‌ر ئه‌داته‌وه‌
ژیان ختوكه‌ی دێ،
مردن جێنوێنی له‌سه‌ر چرپاكه‌ی ژیانه‌،
ژیان هه‌ر به‌و ده‌گاته‌ ئۆرگازم ،
نه‌ك من و تۆ!
(12)
من كه‌ی خه‌ڵكی ووڵاتی كاتم
تۆ ده‌ڵێی چی؟؟
كات شمشێره‌و هه‌موو شته‌كان سه‌ر ده‌بڕێ….
كه‌چی شیعری من ووڵاتی كات سه‌ر ده‌بڕێ !
(13)
ئاوه‌دانی له‌ دره‌ختا نیشته‌جێیه‌
نه‌ك له‌ حه‌رفه‌ دووره‌كانی من و تۆ
ئه‌و كه‌ سه‌وزی ئاوڕشێن ده‌كا،
ده‌بێته‌ ماڵی چۆله‌كه‌ و كۆتر و كه‌ناری و كه‌نه‌سمه‌ !
(14)
من وتۆ له‌یه‌ك ناچین،تۆ جانتایه‌كت هه‌ڵگرتووه‌
قورس به‌ حه‌رفه‌ دووره‌كانی دوێنێ،
ئه‌مه‌ نامه‌یه‌ك بوو له‌ ده‌ستی (با) به‌ جێما
من جانتایه‌ك له‌ دڵمایه‌ قاچه‌كانم،
ده‌كاته‌وه‌ بۆ سه‌فه‌ر فڕینی تیا هه‌ڵده‌گرم،
ئه‌مه‌ نامه‌یه‌كه‌ ڕه‌شنووسی مناڵیم !
(15)
گه‌وجێتی ئه‌قڵ ڕاو ده‌كا،
هه‌ندێ جاریش ده‌گاته‌ من و تۆ،
ئه‌و كاته‌ی پێكێك ژه‌هر،
له‌شه‌رابه‌كانی ئه‌زموونه‌وه‌ فڕ ده‌كه‌ین…
ئه‌و كاته‌ی به‌ گره‌وی گه‌مه‌وه‌ ده‌ست شكاندن،
له‌گه‌ڵ شێردا ده‌كه‌ین !