فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

رۆژانە سەد وشە دەنووسم ٨١٦

رۆژانە سەد وشە دەنووسم

٨١٦

شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم

دەزانم پەنجەرە، دەرگە، ئاسمانیش بۆ باران دەکەیتەوە، دڵت باشە! ناخەوی، چراکە ناکوژێنیتەوە تا هەموو پاسارییەکان دەگەنەوە هێلانەکانیان، تا منداڵەکان نووسینەکانیان بۆ داری مامۆستاکانیان تەواو دەکەن! نانوویت چۆن پەپولەی خەو لە چاوەکانت باڵە رەنگینەکانی لە باوەشین رادەگرن، تا من بەنووسینەوە حەیران بم!
بنوو پێویست بەوە ناکات لێبووردن لە کەس بکەیت، کرنۆشت بۆ گوڵ بردەوە کە چوویتە پارکەکە، بەردەم ئینجانەکانی سەر قاڵدرمەکەش، بەڵام تۆ زۆر دڵۆڤانی بە هەمووان دەڵێیت سوپاس، زۆرتر بۆ خەڵکەکە، بە میلەکانی سەعات، بە سێبەر، چایەکی تاڵی میوانداری، بەو چۆلەکەیەی لاسایی دەنگی ”حەسەن زیرەک” دەکاتەوە، بە خوداش، بەس بە من ناڵێیت سوپاس، ئەگەرچی من لە هەمووان زۆرتر دڵڤینی تۆم!