نهێنی
ڕەسڵ سوڵتانی/ شاعیر و وەرگێر/ کەنەدا
ژنێک ڕێگای بەرەو ئاسۆ و چەک و سەنگەر هەتاوێتی
کوڕێک ژان و خەمی خاکە و پەڵەی داوە بە لاوێتی
بەهاری تۆ دەبم گەر بێی سروودی سەوزی ساڵم بی
لەگەڵ ئەو شاخە وا پێشمەرگە پێناسەی گراوێتی
گەلاوێژ میسرەعی شێعرێکە ڕێبەندانە سەرواکەی
لە ئاڵای پێشەوایەکدا، کە ژین پێناسی ناوێتی
برینێک پووشپەڕی خوێنی هەتا دنیابەدنیایە
بەخوڕ دێ و داری ئازادی کەچی هاواری ئاوێتی
چریکەی سەوزی هاوارێک هەتا تەشقی زەمان ڕۆیی
شەهێنی عیشقی ئەمجارەم دڵم پێدەشتی ڕاوێتی
لە نێو دێڕی دەمارمدا نهێنیی تۆم حەشار داوە
وشک بوو ڕۆندکم ئەمما ئەمن ترسم لە چاوێتی
ئەتۆ پێشمەرگە پێناسەت دەنووسێ و من نیگای ئێستات
لە من ئەو عیشقە کۆن نابێ هەتا دنیایە باوێتی
هەزاران شاخە ئیمانم، ئەگەرچی گوللەئاژن بووم
بەپاییزدا مەڕۆ، وەرزی بەهاری تۆڵە ماوێتی