نامەیەک بۆ مرۆڤە رامنەکراوەکە!
– بۆ خریستۆس براڤۆ – ٢
وەرگێڕانی ئومێد قەرەنی/ شاعیر/ هەولێر
ئەگەر ئەم نامەیەت پێگەیشت
هەر چۆن هەیە دڵنیامکەوە لەو پەیامەی
لەو چارەنووسەی دەیزانم و دەیبوغزێنم
خەونەکانم بۆ لێکدەوە
لە شنەبای پەنجەرەکە تێپەڕە و
بە دزییەوە گەڵایەکان بلاوێنەوە
وەگەرنا با وە سەمایان دەخا.
ئەو شەوانەی خەستەخانە دەروونییەکان دەدرەوشێنەوە
بە گۆرانییەک لە پشتی پەرژینەکەوە دەستپێدەکەی
بە دێڕەکان هێرشدەبەی.. لە تاریکیی هەنگاودەنێی
زایەڵەی نیشتمانی یاخییە غەمگینەکانی.
من لە گۆرانییە ناسازەکەی ئێستاوە بۆت دەنووسم
ناوم (لێفتێریس)ە و نە پەرژینێک دەبینم نە ئاسمان؛
لێرە برووسکەکان لە سینەدا دەگرمێنن.
میکانیزمە نامۆیەکان.
گوتی ”وەرە ژوورەوە”
ئەمنیش وەمکرد
دەتگوت ئەوە یەکەم جارە بەر ”با” کەوم
دەنگیشی دەهات ”وەرە ژوورەوە”
ئەو پێیگوتم.. ئەمنیش وەمکرد..
پازلی هەزار پارچەیی.
هەڵەگەلێک ڕوویاندا
لە نێوەڕاستی ژوورەکەدا
لەسەر بەڕەکە پەرشوبڵاوبوونەوە
پارچەکانی، بە هەزار ناوەوە
ڕوخساری مە بوون.
سوور .
لە دیمەنەکە
تەنیا شتێک کە وەبیرم نایە
ئەو گوڵەیە کە پۆشیبووت
بۆنی سرووتی لیتانی ٣
لە هەموو شوێنێک دەپڕژاند.
ئەرێ وەبیرمە، پەلکەکانی پەژموردە بوون
ئەوەشم لەیادە!
دەکۆشام پێت بڵێم، دەڵێ
کە مردبووم
یان، ڕەنگە… نا!
سوور بوو.
_________________________________________
١- لێفێتێریس چۆنیس (Lefteris Tsonis – Τσώνης Λευτέρης): ساڵی ١٩٨٤ لە ئەسینا لە دایکبووە. هەر لەوێش دەژیێ و کاردەکا، دوو کۆمەڵە شیعری بڵاوکردۆتەوە: (”مەیزانیی”، بڵاوکراوەی ئێکاتی، ٢٠١٥) و (”کرتەی تاریکییبەخشی دوگمەکە”، بڵاوکراوەی ئێکاتی، ٢٠٢٣). لێفتێریس چۆنیس بەوە دەناسرێتەوە کە خوێنەر پەلکێشی نێو گێژەلوولکەی وشە و زمان دەکا، جیهان لە شیعرەکانیدا وەک ڕەنگدانەوەیەک لە پڕێکدا دەکرێتەوە و وندەبێ.. چونکە وێنەکان وەکو ئەوەن کە لە ناکاو هەڵکرێن و بکوژێنەوە، لە شیعرەکانی تەنها جەخت لەسەر ڕووی دەرەوەی شتەکان ناکاتەوە بەڵکە رەهەندە ناوەکییەکانیش ئاشکرادەکا، چیڕۆکی گچکەگچکەن کە گەشتی دەروونیی شاعیر و خەڵکی دەوروبەری وێنە دەگرن، بێدەنگییەکان هەڵدەکۆڵن. شیعرەکانی لێفتێریس لە ئەنتۆلۆژیایی شیعری هاوچەرخی یۆنانیی جێگیرکراون و بەردەوام لە ڕۆژنامە و گۆڤارە چاپکراو و ئەلیکترۆنییەکان بڵاودەکرێنەوە.
٢- خریستۆ براڤۆ: لە (لێفتێری – نووسەری شیعرەکە)م پرسی: – بۆچی ئەم شیعرەت بۆ خریستۆس براڤۆیە؟ گوتی: – ئاخر خریستۆس بە شیعرە کورتەکانی راستەخۆ لەگەڵ دڵمان قسەدەکا تەواوی یادەوەریمان زیندوو ڕادەگرێ، زۆر جار بەسەر نەوەی وێژەیی هەفتایەکان هەژمار دەکرێ.. لێ ئەو زۆر تایبەت بوو و ڕێچکەیەکی جیاوازی شیعرییشی هەیە، شیعرەکانی چڕوپڕ و مۆسیقا ئامێزن و دەچنە قووڵایی ڕووداوەکان، ئەو سەختیی و نائومێدییەی کە ئەو کات خەڵکەکەمان تێیدا دەژیان زیندووڕاگرتوە.
خریستۆس لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا نەژیاوە، لێ باوکی و هاوگوندییەکانی ڕووداوەکانی شەڕیان بۆ گێڕاوەتەوە کە کاریگەرییان لەسەری درووستکردوە، ئەو لە ساڵی ١٩٤٨ واتە ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی جەنگ لە دایکبووە، باوکی جەنگاوەری سەر بە سوپای دۆڕاوەکان بووە لە شەڕی ناوخۆدا، داپیری فێری گێڕانەوەی سەربردە و ئەفسانە و گۆرانییە میللیەکانی کردوە، بیروەرییەکان و نووسینەکانی بە شێوەیەکی فرە سەرنجڕاکێش دەچنە نێو ناخ و جێپەنجەی خۆیان دەنەخشێنن. خریستۆس لە ساڵی ١٩٨٧ بە نەخۆشیی لە تەمەنی ٣٩ ساڵیی کۆچی دوایی کرد.
٣- لیتانیا (λιτανεία): واتە ڕێپێوانی ئایینی، سرووتێکی دینیی مەسیحییەکانە.