سەنگەر
ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی/شاعیر / بۆکان
لاوی کوردم لانەواز و بێکەس و کۆچەر منم
ئۆف و ژانم پڕ لە زامم دڵ بە سۆی خەنجەر منم
سینگەقەڵغانی بەڵایە و سەرمە سەرگەردی وەتەن
هێزی تۆڵەی شاخ و هەردی پڕ ورەی سەنگەر منم
تا ورەی شاخم هەبێ چەشنی قەڵا خۆڕاگرم
بۆ وشەی خوێن و خەڵات و بەرگری دەفتەر منم
وەک فریزووم ڕیشەکەم ناخی لە خاکی هیممەتە
بۆ بەقای دوا ڕۆژی هەرمان ئاوی ئەسکەندەر منم
دڵ بە قوربانی وڵاتی زەرد و بێ نەشئەت دەکەم
بۆ وڵاتی خۆم غولامم شاعیری ڕەنجبەر منم
ژیلەمۆی نەورۆزی سووری مەوتەنی بێنازی خۆم
بۆ دڵی داگیرکەری دڵ پڕ له قین نەشتەر منم
خۆم دەسەلمێنم بە دونیا گەر چەکی زانست هەبێ
با بزانن خاکی خۆمە و خاوەن و سەروەر منم
چەندە تینووی ئاوەدانی نیشتمانم ئەی خودا
ڕۆڵەکوردی بێ غەشی سەردارەکەی بێ سەر منم
من کوڕی شێرم لە زوححاکی زەمان باکم نییە
کوتکی پۆڵایینی کاوەم کاکی ئاسنگەر منم