فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شەترەنج

شەترەنج

کورتە چیرۆک

د. مستەفا زەنگەنە/ نووسەر/ هەولێر

 

لەژوورەکەم چوومە دەرەوە، لەپێش دەرگاکەی دا ،کچێک و کوڕێک ،لەسەر مێزێک،بەرامبەر بەیەک دانیشتبوون شەترەنجیان دەکرد.کەمێک لەپشت سەریانەوە ڕاوەستام، بینیم، زوربەی سەربازەکانی کچەکە کوژراون، هەرکەسێک ئەوکوشتارەی بدیبایە،یەکسەر دەیکوت کچەکە دۆڕاوە، گوتم:- کوڕی باش بۆخۆت هیلاک ئەکەیت، ئەو خاتوونە یەک داشیشی بمێنێ هەر تۆ دۆڕاوی.هەردوو سەریان بەرز کردەوەو،کوڕەکە گوتی:-جائەو چیی ماوە تابیباتەوە، بەدوو جووڵەی تر کش مەلیکی لێ ئەکەم….
ئیدی من چوومە لای چایچییەکەی بەرامبەرم، کوڕێکی فلپینییە،ژن و مناڵی هەیە، هەشت ساڵە لێرە دەژی و نەچۆتەوە بۆ لای ژن و مناڵەکانی، خەریک بوو بە مۆبایلەکەی قسەی لەگەڵ ژنەکەی و دوو مناڵەکەیدا دەکرد،چایچییەکە گوتی:- مامۆستا فەرموو
ــــ نانا من هیچم ناوێ تۆقسە لەگەڵ مناڵەکانتدا بکە.ئەوە لەکارەکەی من گرنگترە.
ـــ ئەو کوڕەم تەمەنی حەوت ساڵەو هێشتا یەکمان نەدیوە، حەوت ساڵە بەس بە مۆبایل یەک دەبینین وقسە دەکەین، چی بکەم پارەی گەڕانەوەو هاتنەوەم نییە، گرنگ ماڵ و مناڵەکەم بەخۆشی بژین.مانگی سێ گەڵاو نیو وەردەگرم، سێی بۆ ئەوان دەنێرم.
بەخەمباری چایچییەکەم جێهێشت و بەرەو ژوورەکەم گەڕامەوە.. کچ وکوڕەکە بانگیان کردم.
ـــ مامۆستا چۆن زانیت کچەکە دەیباتەوە؟ لەکاتێکدا من لەپێش بووم.
منیش بەدەم بزەی پێکەنینێکەوە پێم گوتن:-
هەموو شەڕێک و هەم و یارییەک کۆتاییەکەی دەسنیشانی براوەو دۆڕاو دەکات.جگە لەوەش بەدرێژایی مێژوو، لەشەڕی نێوان ژن و پیاودا، هەر ژن براوە بووە، بڕۆ سەیری هاروون ڕەشیدو هیتلەرو، دۆستۆڤسکی و کلینتن و سەرکردەکانی دنیابکە. هەرهەموویان بەرامبەر بەژن دۆڕاون، تەنانەت، کاتێ مەم و میرزەینەدین، گەمەی شەترەنجیان کرد، ئەوەسیحری چاوەکا ن و دیتنی ڕوخساری زین بوو وایکرد مەم سەرقاڵی ئەوان بێت و ئاگای لەیارییەکە نەبێت ولەکۆتایشدا بدۆڕێنێت، ئێستاش لەم یارییەدا،دڵنیام تۆ، هیندەی بیرت لای جوانیی ڕوخسارو جووڵەی دەست و پەنجەی ئەم خاتوونەبووە ،هێندە بیرت لای جووڵەی داشەکانی شەترەنجەکە نەبووە، بۆیە من دڵنیابووم ،کەتۆ دەدۆڕێنێ…بەجێمهێشتن ،لەکاتێکدا وەزیرو مەلیکی کوڕەکە، بەکوژراوی لەسەر تەختەی شەترەنجەکە بەجێ مابوون، نەفیلە خەرتووم بڕاوەکانی نە منارە بەلادا هاتووەکانی نە ئەسپە خرچاوەکانی نە سەربازە هەڵهاتووەکانی لە مەلیک و وەزیریان دەپرسییەوە، ئاخر مێژوو ئەوەی سەلماندووە،کەدۆڕاوەکان بێ کەس دەمێننەوە،.کە چوومە پشتی مێزەکەی ژوورەکەم، بیرم بۆ ئەوە چوو، ئەوە خۆبەدۆڕاندانێکە، تادڵی خۆشەویستەکەی خۆش بکات وهیچی تر.ئای کە زۆڵە،باش ئەزانێ چۆن دان ڕۆ بکات؟!!!!!