فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ناڵەی نیشتمان

ناڵەی نیشتمان

پرشنگ کامەران/ نووسەر /  ھەولێر

دەمێکە هیچم نەنووسیوە، بە پێی ئەزموونی خۆم و ئاماژەی زانایان، نووسین گرینگییەکی زۆری هەیە و زۆر گرێ و گۆڵ لە ناخی مرۆڤدا دەکاتەوە. لە زۆر قۆناغیشدا نووسین دەبێتە ئەرک، خۆ ئەگەر تیماریش نەبێت، لابردنی ئۆباڵە لە ملی  بنووس،  ئەرکی سەرەکی نووسینیش، پیشاندانی نەنگییەکانی کۆمەڵگەیە بە مەبەستی چارە و چاکسازی. خۆ پێشکەوتووترین وڵاتی دونیاش هەر لە وێرانەیەکەوە دەستی پێکردووە، عەیب و عارەکانی خۆی دۆزیوەتەوە و کاری لەسەر کردووە. جا ئەگەر ئەرکی نووسین پیشاندانی نەنگییەکان بێت، دەبێ من لەسەر کامە دیاردە بوەستم و لەسەر چی بنووسم؟ کامە حاڵەت چاودێری چڕی دەوێ و کامەیان ئاساییە لە شێنەیی دا ورد بکرێتەوە. لەڕاستیدا هێندە دەردەدارین، نازانم ڕوو لە کامە بکەم و بۆ مەرگی کامە جوانی ڕووی خۆم بڕنم. کارەبا لە سنگی کامە کولتووری زەریف بدەم‌ کە خەریکە دەمرێ، لە بەرانبەر کامە ناکۆکی هاوار بکەم، بۆ جەهلی چ پرۆفیسۆرێک هەر بنووسم و هەر بنووسم، لە بەرانبەر کامە خاوەن بڕوانامەی نەخوێندەوار قاقا بکەم و هیچی لەسەر نەنووسم.
لەبەردەم کامە منداڵی تووشبووی شێرپەجە بە چۆکدا بێم و نەفرەت لە ئەسمانی تڵخ و بێ ئەستێرە بکەم. پەنجە بخەمە سەر کامە برینی نیشتمان و گوێ لە ناڵەی کامە پارچەی بگرم. دەبا لێیگەڕێم، دەرد هێندە زۆرە، کۆمەڵگە پڕ بووە لە دەردەداری بێ ئاگا، دەردی بێ دەوڵەتیش لەولاوە و پلانی دووژمنیش چەشنی شێرپەنجە، بە کپی کاری خۆی لە ژێرەوە دەکات، ناتەباییش خۆراکە بۆ خانە شێرپەنجەییەکان.
یەکەم هەنگاوی چارە و جورعەی هەموو دەردەکانیش، تەنیا و تەنیا بەخۆداچوونەوەی تاکە و یەکڕیزیی و یەکگرتنی گەل و میللەتە.