فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 چێژ و خەياڵ و وشە

هاشم ئەحمەد سەڕاج/ شاعير / هەولێر

شيعرى زيب

 

 

55

کە دیم

چاویان بەکل ڕشتبوو

چەنێ

باریک وتەنک وبنێس

دەدرەوشایەوە

خودا

ڕەنگە

جەستە

لە دوایین پلەى

ئیرۆتیکدا

بە تیکە تیکەکراوى

بخورێت

56

جوانیت

ئارامییەکى

واى

پێبەخشیوم

نە

لیا

نە

سۆفیا

ئەوەیان

پێ

نەداوم

57

چەند خۆشە

بە پایسکلێکى تایە سپى

ڕوولە

شەقامەڕەشەکانى جیهان

بکەین

و

هەرگیز بیرلە گەڕانەوە

نەکەینەەوە

58

ژیان

کۆمەڵێک

گەمەى سپییە

مەرگ

گەمەیەکى ڕەش

59

بۆم نووسى

کەواتە

ئەوە

جوانییە

لەڕیگەى

ئاگرى عیشقەوە

کەینونەى ئاڵۆزى

زمان

مەستدەکا

60

نازت

لە جوانی لەشتەوە

سەرچاوەدەگرێ

شانازیت

لە ڕستە پڕەکانى

گیانى بەتاڵت

61

تۆ چەپکێ

جوانى فیردەوسیت

بە من

بەخشى

من چەپکێ

دنیابینى دۆزەخى

62

چۆڕێ

لەو بەخششەخواییەم

پێببەخشە

چەند لە

شەرابى فیردەوس دەچێ

هەم لە

لیسپى ڕەشت

دادەچۆڕێ

هەم لە

ڕووخسارى پڕلە خەندەت

63

پۆشاکە ڕەش و سپییەکەت

داکەنە

حەزدەکەم

چەشنى

پیتگەرایەکى شێت

چەمکى وشە شاراوەکانى

لەشى برۆنزیت

لیکبدەمەوە

64

لێنەگەڕاى

تەنها بۆ یەک جار

باڵاى بڵندت لە ئامێزبگرم

و

لە رێحانەى لەشتەوە

عەترى گوڵەباغى ڕۆحت

هەڵمژم

65

خودا تۆى دا

تا بەیەکەوە

هەم

بیابانەکاتى ڕەنگ

خاپووربکەین

هەم

دەریاکانى وشە

66

عیشقى نارنجیت

نەبوایە

نە

وشە

دەهاتە سەما

نە

هزرى پەرش و بڵاوم

67

هەڵوەداى

جووڵەى فۆرمى

ڕووخسارتم

نازانم

لە ئەفسوونى

کام جوانییەوە

سەرچاوەى گرتووە

68

ئاخر

منى کاتى

لە بەرامبەر

فۆرمى ڕووخسارى

هەمیشەییت

جگە لە

ڕێبوارێکى گومڕا

شتێکى تر نیم

69

خەیاڵى سپیت

گێژەڵووکەیەکە

لە

مەرجان

چیوا نەماوە

گیانم

هەڵتەکێنێ

70

کێکى ڕوومەتى ئاڵت

تامى سەرجەم

ڤانێلاکانى

ژیانم

پێدەبەخشێ

مەرگ نا

71

چەنێ

قەشەنگى

قۆپچەزەردەکانى

پۆشاکى

ڕەشت

بڕژێتە

ناو

فەخفورییەکى سپى

لەشى برۆنزیت

دنیا

بەلەنجە دێنێ

72

هەرجارێ

چاودەبڕمە

چاوە زەردەکانت

هەست دەکەم

منى نەدار

خاوەنى

سەرجەم جوانیەکانى

دنیام

73

جوانیت

لەجیهانى بێبڕواییمدا

دەدرەوشێتەوە

فۆنیمى نەرمى دەنگت

لە جیهانى ڕۆح

74

ئێستا

لەچێژى جوانیتدا

دەژیم

و

هەستدەکەم

جیهان

بەرەو نەمان

دەڕوات

75

ئەوە

جوانیتە

مۆرفیمەکان

دەجووڵێنێ

ڕیتمە

سپییەکانیش

76

نەخشى ڕووخسارت

بخۆمەوە

دەبمە

گەردوونێک

لە

جوانى

77

بوونم

تۆپێکى شینى شووشەیى

ببوایە

دەمخستە نێو زەمیلە زەردە

هەڵواسراوەکەى

بەر دەرگاى

ژوورى نووستنت

شەوانە

وازیت پێ

بکردایە

78

جوانیت

لە چالاکییە ئاڵەکانى

ژیاندا

نیشتەجێیە

لە وێناکردنى سپیشم

79

مرۆڤ

بوونەوەرێکى سەیرە

لەگەڵ ئەوەى

دەزانێ

ڕۆژێ لە ڕۆژان

دەمرێ

کەچى

یارى بەپیتەکان دەکا

و

لە مۆسیقاى زماندا

بەدواى جوانیدا

دەگەڕێ

80

من

دەڕۆم

ئەوان

دەمێنن

ئەتموسفێریکى ڕەنگاوڕەنگ

دەخوڵقێنن

و

دێن

81

چەند بەلەز

تێدەپەڕێ زەمەن

ئێمەش

غەفڵەتگیر

سەرقاڵى

یارییە جوانەکانى

لەشین

82

تۆ

لە گەمەکانى جەستەدا

گۆپکەکانت

هەلا هەلا دەکرێن

تابلۆى سپى پشتى باریکت

لیرلیر

83

پۆشاکە ڕەشەکەت

فڕێدە

بە ڕووتى گەلە جوانى

کێلە بەفرێکى زەردیش

لە ئامێزبگرى

جوانتر

84

ئەوەى

لە چاڵى ڕوومەتت

بخواتەوە

تا ڕۆژى پەسڵان

مەست و مەنگە

85

ویستم

گوڵاوى پۆشاکى

هەڵمژم

لەتێکى لەشى

دەرخست

دەتگوت

شەختەى مانگە

و

بەرامبەر خۆرێکى سەوز

دەدرەوشێت

86

شەوان

لەبەر ئاوێنەى

سینەت

قژم دادەهێنم

سپێدان

لەبەر ئاوێنەى

کوڵمت

شیعر

87

هێڤى هەمیشە

لە فەیسبووک

دەنووسێ

ژیان

بریتى نییە

لە ڕاکە ڕاک

بەپێچەوانەوە

بریتییە

لەچێژى

ڕاکردن

88

تۆ

بەلەرەى

سینەى بڵندت

بنازە

من

بە چاوە زەردەکانت

89

حەزدەکەم

لە نزیک

چرپا ئاڵەکەت

بوەستم

و

لە خۆوە

نیگاى

گەمەى پووزە سپییەکانت

بکەم

90

ئێستا

لە وێناکردنیکى ئاڵۆزدا

دەژیم

نە بیر لە

بوونم دەکەمەوە

نە لەو

زەمەنە سپییەى

هێدى هێدى

شتگەلە جوانەکانمان

لێ دەسێنێ

91

لێرە بە دواوە

دەبێ بە هێمنى بژیم

دیدارت

جیهانێکە

لێوانلێو لە

ژاوەژاوى سپى

92

دەمویست

مەرجانەکانى وشەت

بەسەرا دابارێنم

ئەنجا

لە ناوکۆیى ڕستەیەکى سپیدا

سەرخەوێ بۆ ئەبەد

بشکێنین

93

تێکست

خاوەندى

زمانێکى سپییە

هەنگوینى

بۆ

نەیاران

ژەهرى

بۆ

دۆستان

94

ئەگەر

جەستەى برۆنزیت

بەرەو

فەرامۆشییەکى ڕەها

بەرم

پێویستە

ئارەزووەکانم

لە بوونى ڕەوشتدا

بتوێنمەوە

95

کاتێک

جوانیت

دەردەکەوێ

بوونى زمان

پێوەندییە سپییەکانى

دەپچڕێنێ

96

دەبا

تا ساتى گیانەڵا

پێبکەنین

و

بەپێکەنینێکى سپى

ماڵاوایى

لەم وەهمە جوانەى

بوون بکەیین

97

چەندم پێخۆشە

لەپڕێکا

بڵێسەى عیشقى ئاڵت

خامۆش بێ

و

منیش

دەسبەردارى

کردەى شیعربم

98

ئێستاش

نازانم

جوانى شێوەت

لەنێو

ڕووداوى شیعر دایە

یا

ڕووداوى شیعر

لەنێو

جوانى شێوەت

99

چەند

ترسناکە زەمەن

ئاشنات

لێ دەکات بە بێگانە

بێگانەیش

بە

ئاشنا

100

ئەگەر

لە دیزاینى زماندا

نیشتەجێبم

ماڵاوایى

لە زیندەگى

ناکەم

101

هزرە سپییەکانت

بە زمانى زەین

دەنووسمەوە

جوانیت

بە زمانى دڵ

گرتە برۆنزییەکانى لەشت

بە زمانى ئیرۆس

102

هەر چەند

بیر لەواتا سپییەکانى بوون

دەکەمەوە

پرشنکى ڕەشى

وێنە هەڵواسراوەکانى

_مەچکۆ_ م

بۆ شیناکرێتەوە

103

بوون

لەتە هەڵمێکى سپییە

لە ئاگامەندییەکى ناتەواودا

دەردەکەوێ

و

لە ئاگامەندییەکى تەواودا

لەنێو دەچێ

104

شیعر

بەدواى ڕەنگى

واتاى بووندا

دەگەڕێ

و

چرکە سپییەکانى ژیانیش

دێنیتە

نێو

بازنەکانى زمان

105

ئێمە

بە ڕێکەوت لەدایکبووین

بە ڕێکەوت عیشقمان کرد

و

خانەوادەمان پێکهێنا

بە رێکەوتیش

لە نیو دەچین

106

هێما گەلێک

لە ڕووخسارت بەدیدەکرێ

نازانم لە

لمى دەریاکانى فیردەوس

سەرچاوەى گرتووە

یا لە سەڵساڵى

زەمهەریرەکانى دۆزەخ

107

خۆت دەرخە

ئاگامەندیم

ئاگرى ئارەزووە چەپەڵەکانى

دامرکاندووە

تەنیا

چێژ

لە دەرکەوتنى

باڵاى بڵندت

وەردەگرێ

108

بۆ ئەوەى

چرکە زەینییەکانت

بپارێزى

پێویستە

سیماى ڕووبینەکان

فەرامۆش کەى

109

من

هێرمینۆتیکییەکى شێتم

بە دەرکەوتنى

فینۆمینەى باڵات

زەمیلە شینەکانى شیکردنەوە

قڵپ دەکەمەوە