فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شوێنەواری سێ ئاش

شوێنەواری سێ ئاش

عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر و ڕۆماننووس / فيلەندا

 

لە کەرکوك و گەرمیان بە ئاش ئێژن ئاسیاو، واتە بەرداشەکانی بە ئاو ئەخولێتەوە. لە یادەوەری مندا، لە سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو سێ ئاش هەبوون :

١- لە ڕۆخی ئاوی خڕی خاسە، لە دامێنی باخەکانی زێویە ئاشێك هەبوو بە ناوی ( ئاسیاوە سورەکە) چونکە ئاشگە و مینارەکەی بە بەردی سور و قشڵ دروستکرا‌بوو. ئەوەيش تیاترۆخانەیەکی پاریسی وەبیرم هێناوە کە ناوی ئاشی سور بوو لەوێ، لە سەدەی هەژدەهەمدا هونەرمەندی کورتەباڵا ( هەنری تۆڵۆز لۆتریك) نیگاری سەماکەران و گۆرانیبێژانی کێشاوە .

٢- ئەم ئاشە لەو دیوی بەستی خاسە لە بەرزاییەکەی کۆشکەلی بوو. لەوێ حەمیدی دەسکۆڵ چایخانەیەکی دڵگیری دانا بوو، لەوێوە باخەکانی زێویە و ئاسیاوە سوورکەمان لێ دیار بوو هەروەها چەند گەنجێك بۆ بژێوی خۆیان ئۆتۆمبێلی خەڵکیان لە ئاوی خاسە دەشۆرێ . پاشان لەو جێیە قازی شار کۆشکێکی گەورەی دروست کرد.

٣- شوێنەوارێکی دیکە لە سەرەتای شاترلو بوو لە پشت باڵەخانەکەی شوکر نەجار.

کە قوتابی ئامادەیی بووم لە ناوەندی ساڵەکانی پەنجاکاندا لەگەڵ مامۆستاکەمان مەحموود عوبەیدی و قوتابیەکی ئەرمەنی نیگاری هەر دوو ئاشەکەی ئەم دیو و ئەودیوی بەستی خاسەمان کێشاوە نیگارەکەی من مرەکەبی ڕەشی چینی بوو. هەروەها کە دەچووم بۆ ئاوایی ( حەفتەغار) لە شارۆچکەی داقوق مینارەی ئاشێکم دەبینی نازانم ئێستا ماوە یان ڕماوە. لە شاری تامپرێی فینلەندايش، لە بەرزاییەکی نزیکی ماڵمان شوێنەواری ئاشی با هەبوو ، بەرداشەکەی لەوێ بۆ یادگار دانرا بوو ئاشگە و پەروانەکەی لە تەختەی داربوون.

ناو بە ناو وەستای بیرازکەر دەهاتن بۆ زبرکردن و تیژکردنی بەرداشەکان هەروەهايش بە کۆڵاندا دەسوڕانەوە بۆ بیرازکردنی دەستاڕی ماڵان.

لە یادمە لە خوار قەیسەری کەرکوك ئاشێکی کارەبایی هەبوو بەرامبەر مزگەوتی فەرهاد ( مینارە نەخشینە) .

ئێستا با هەموومان پێکەوە چاوبنوقێنین و یەك سەدە ساڵ بچینە دواوە. ئەوسا دەبینین پۆل پۆل چۆلەکەپاساری دەڕژێنە ناو ئاشەکان و ، ئەو گەنم و جۆیانە دەقۆزنەوە کەوا لە گونیيە و تەلیسەکان ڕژاون. سەرتاپای ئاشەوانەکە ئارداوییە دیمەنی ئەوەنە سەیرە کە ژنی قوربەسەر دێنێتە پێکەنین!!! ئەم دیمەنەش ئاشەوانێکی شاعیر ، شاعیرێکی ئاشەوانمان دێنێتە یاد ( قانع) لەگەڵ دەنڴ و سووڕی بەرداشەکاندا پڕ بە چەندین دیوان شیعری نیشتمانی و نایابی بۆ هۆندینەتەوە سڵاو لە ڕەوانی شادی.