فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پارچە شکاوەکانی ئولفەت

پارچە شکاوەکانی ئولفەت

ئاسۆی مەلا/ شاعير / ئەمەريکا

 

ژاوە ژاوە لە دەورم،

دەڵێی رۆژی حەشرە،

کەچی من لەو شنە بايە تەنياترم ،

کە لە سپێدەکەی خۆی جێماوە،

تۆ لێرە نييت!

 

گەڕەکەکەتان ؛

باخێ بوو لە باخەکانی بەهەشت،

تۆيش تاکە حۆر عەين!

ئێستا؛

چاڵێکە لە چاڵەکانی دۆزەخ،

تۆ لەوێ نييت!

شار خۆڵی مردووی نەکراوە بەسەرا!

لێ، خاک و خۆڵەکەی مردووە،

تۆ ئەم شارەت جێهێشتووە!

خاکی مردوو نە گوڵێکی لێ دەڕوێ،

نە پەپوولەيەک سەمای لە سەر دەکا،

تۆ هيچ سپێدەيەک هەڵنايەيت!

پارجە شکاوەکانی ئولفەت کۆدەکەمەوە و

بە بوخچەی ماڵئاوایی دەسپێرم،

چيتر باوەش ناکەمەوە بە خەمەکانی شارێکدا،

تۆ و پەپوولە و سەمای تێدا نەمابێت!