فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جێ و ڕێ

جێ و ڕێ

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

بوونێکی هەتاهەتاییت،
وەلێ ون
لە ناشوێندا بەدوای خۆتدا دەگەڕێیت و
نازانیت هونەری دۆزینەوە،
کردنەوەی تەلیسمی شوێن و
نهێنیی شوێنناسییە

ڕێگا ناتباتە هیچ جێیەک
کیسەڵێکی خاو وخلیسک
وەک ڕێبوارێکی سەرگەردان،
خەونی سەدەیەکی خستبووە سەر پشتی و
بە ڕێگادا دەچووە هیچ شوێنێک
وای پێت گوت

ڕێگا بیانووە و هیچی تر
دەنا لە ڕێگاکاندا،
نە توولە و باریک
نە پانوپۆڕ
نە چەپەک و لاتەریک
نە گشتی و ئاوەدان
نە ڕاست و تەخت
نە پێچەلپێچ و تەنگ
هیچ نادۆزرێتەوە

لە بۆشاییدا
کە نە دەستت بە بنمیچی ئاسمانەوە گیر بووە و
نە پێیەکانت لە زەویدا چەقیون
بە ڕۆژ بەدوای تراویلکە و
بە شەویش،
بە شوێن دەنگی تاریکیدا ڕا دەکەیت و
ناگەیتە هیچ کوێیەک

دەبوو لە نهێنیی گزنگ و زەردەپەڕ
لە ڕازی خەرمانەکردنی مانگ
لە مەتەڵی ڕاخوشینی ئەستێرە و
لە جادووی کاکێشان، تێ بگەیت
کە:

لەناشوێن نا،
لەناو شوێندا بگەڕێیت
لە شوێنیشدا،
لە پەنا و پەسێو
لە داڵان و ڕاڕەوی پەنهان
لە سوچی شاراوە و گۆشەی نادیاردا،
بگەڕێ

دەبوو ئاماژەکانی ئاوێنەکە جوانتر بخوێنیتەوە
قووڵتر گوێ لە ئامۆژگاریی ئاوەکە بگریت
ڕێنماییەکانی با باشتر ئەزبەر بکەیت و
لە ئاوازی گۆرانییەکە وردتر ببیتەوە
کە لە هەموویاندا هاتبوو:

لە ڕێگاکان نا،
لە قووڵایی پرسیار و لە قوللەی گوماندا
لەناو شوێن و کات و ناکاتدا،
بگەڕێ

ئەگەر جارێک، تەنیا یەک جار
دۆستایەتیی گومان و
هاوڕێیەتیی پرسیارت بکردبا
ئەگەر جارێک، تەنیا جارێک
دەستت ببردایەتە ناو جانتای ڕاڕایی و
سەری پریاسکەی دڕدۆنگیت بکردایەتەوە
لە ناشوێندا کاتت بەفیڕۆ نەدەچوو و
بۆ خۆفریودان، لەبەر خۆتەوە نەتدەگوت:
تێدەپەڕێت، ئەمەش تێدەپەڕێت!
………..