فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

رۆژانە سەد وشە دەنووسم ٨١٠

رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٨١٠
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم

 

سزات دەدەم ئەگەر بەر لە خەوتن ددانەکانت جوان نەشۆیت، لەگەڵ پەپولەکانی خەویش داستان بۆ یەکتری نەگێڕنەوە! سزات دەدەم، ئەگەر درۆ لەگەڵ نازی نان و پیرۆزییەکانی بکەیت! یەک هەفتە لە هەتاو، دیتن، سەمای پایز و تامی خوێندنەوەش بێبەشت دەکەم.
بابەتی سیحراویی ناو کتێبت لێ حەرام دەکەم، ئەگەر داوام لێ بکەیت گۆرانییەکت بۆ بڵێم، ئاوازێک بکەم بە رستە، ملوانکەی گەردەن. دەتوانم سزات بدەم کە لاپەڕەکانی کتێبەکەم لێ ون دەکەیت. بەردەکەی سیزیف، بەڵام قورستر لەسەرشانت دادەنێم، ئەگەر راستیی دڵی هەردووکمان بدرکێنیت، لەناکاو گرێیی داستانە میللییەکە بکەیتەوە، چارەنووسەکە ئاشکرا بکەیت؛ کە تام، چێژی گێڕانەوەکە سارد، کەم، بێبەها دەکات، بەوەش سزای هەفتەیەکت دەدەم، لەوەی بژیت.