فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەڤینی یاساغ

ئەڤینی یاساغ

نەجات ئەحمەد/ شاعيڕ / هەولێر

 

 

لە شیعرێکی یاساغمدا

لەگەڵت دەدوێم

باسی عیشقی قەدەغەمت بۆ دەکەم

وەک بەیاننامەی جارانی شۆڕش،

لەنێو تاریکایی نیوەشەواندا،

لەسەر دەرگاوە دێمە ژوانێ

لەرزەوە لە نهێنی چاوەکانت ڕادەمێنم

دەست بە دڵمەوە دەگرم،

پڕمەی گریانم دەشارمەوە…

ئای زامەکەم!

کەس نازانێ تۆ کێیت

کەس نازانی تۆ چ یاسایێکی قەدەغەیت

لەم شاری شەڕ و ئەوینەدا

کەس درک ناکات تۆ باڵدارێکی چەندە لاساری

لەم ئاسمانی ڕق و سۆزەدا

ئای ئێشەکەم!

خۆم دەزانم؛

تۆ برینی هەمیشە تەڕی منی

تۆ کڵپەی ئاگری نێو هەناوی سڕی منی

تۆ هەر خۆت خوێیت و

هەر خۆشت برینم

هەر خۆت ئەڤین و هەر خۆشت تیغی گەردنم

ئای خەونی خنکاوم

کێ دەزانێ تۆ شینترین

سنەوبەری نێو بیابانی

ژینی منی..