فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

رۆژانە سەد وشە دەنووسم/ ٨٠٩

رۆژانە سەد وشە دەنووسم

٨٠٩

شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم

ئەگەر خۆم بۆ پەرلەمان، شارەوانی کاندیدکرد، دەرنەچووم، داستانەکە وادەگێڕمەوە؛ حوبرەکە هیچ نەبوو، بە با دەفڕی! جیهازەکان کاریان نەدەکرد، چاودێرەکان بێلایەن نەبوون، پارەیان وەرگرتبوو، ئەنجامەکان بەدەستی دەرەکی دانرابوون، زووتر کورسییەکان دیارکرابوون، ژمارەکان دەزانران! کە دەرنەچووم ئێوارەکەی دەڵێم؛ بە بژاردنەکە رازی نییم، داوادەکەم بەدەستی، بەچاوان، لەبەر چاوی خۆم دەنگەکانم بژمێرنەوە!
زوو هاوار دەکەم؛ پرۆسەکە تەزویر، ساختە، فێڵ بوو! چەکداری زۆریان هێنابوو. چۆن ئەوان دەرناچن؛ پێگە، ئۆتۆمبێل، ژوور، دیوارە حکومییەکانیان بۆ خۆیان بەکارهێنابوو!؟ چۆن نابەنەوە بواریان نەدا چاودێرەکانی دەرەوە لەوێ ئامادەبن. کامیراکان دزرابوون، سەندوقەکان بەتاڵ نەبوون، دەنگەکان؛ بەپارە، سامان، زەوی، کارەبا، پۆندی ئاو، پۆستە چەورەکان کڕابوون، فرۆشرابوون، هەراجکرابوون! زووش لە دادگا شکایەت دەکەم!