بیرەوەریەكانی مردوویەك
نوسینی عەزیز نەسین
وەرگێڕانی- كاوە فاتیحی/ نووسەر
خوانەكا ژیان ڕووی بەدبەختی خۆی نیشانی هیچ كەسێك بدات، من یەكێكم لەوانەی كە ناتوانم دەرەقەتی بێم، دڵنیاشم هیچ كەسێ نەتوانێ لە بەرامبەرسەختی و دژواریەكانی ژیاندا بتوانێ شانی وەبەردا، هەر بۆیە منیش بریارمدا خۆم بكوژم، لە چەنگی ئەو ژیانە چەرمەسەریە خۆم رزگار بكەم، بەڵام دڵنیام خەڵكێكی زۆر هەیە رۆژانە هەزار جار دەمرن و زیندوو دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵیان بەوە خۆشە كە زیندوونە، منیش لەبەر ئەوانەیە كە ئەو بیروەریانە دەنووسم، دوو شەو دوو رۆژ بوو ژن و منداڵەكانم برسی بووین، نەمتوانی بوو پاروە نانێكیان بۆ پەیدا بكەم، تا سكی بەتاڵیان پڕبكەم، بۆخۆم هەر چۆنێك بوو دەمتوانی ددان بەجەرگی خۆمدا بگرم و ئارام ببم، بەڵام نەمدەتوانی وەڵامی ژن و منداڵەكەم بدەمەوە، لە هەر شوێنێك تروسایەكم شكبردبا بۆی دەچووم، بەڵام هەموویان دەستیان دەنا بە روومەوە، هەموو رێگاكانی هیوام لێ داخرابوون، تەنیا رێگە چارەی كە بەمێشكمدا دەهات ئەوە بوو خۆم بكوژم رزگارم بێ، بەڵام بیرم لەوە نەكرد بۆوە كە خۆكوشتن زۆر لە زیندوو بوون سەخترە، هەرزانترین رێگە ئەوە بوو خۆم فرێدەمە ناو دەریا، رۆیشتم هەموو كەرنار ئاوەكانی ئەستەمبوڵ گەڕام، بەڵام هیچ شوێنێكم نەدۆزیەوە بۆ ئەوەی خۆمی لێ فرێبدەم، سەرانسەری كەنار ئاوەكە لەلایەن خوا پێداو دەوڵەمەندەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، دەیان كۆشك و باڵەخانە و باخی جوانیان تیدا دروستكردوون.
رۆژێكیان بە هەزار فرت وفێڵ و دەردەسەری بەبێ تیكێت سواری كەشتییەك بووم، دەمویست كاتێك كەشتییەكە دەگاتە ناوەراستی دەریا خۆم هەڵدەمە ناوە ئاوەكە، بەڵام كەشتییەكە ئەوەندە قەرەباڵغ بوو تفت هەڵدابا نەدەكەوتە سەر زەوی، بە هەزار هەوڵ و تەقەلا توانیم خۆم بگەێنمە لای پەنجەرەكە، بۆیە لەوێ بریارمدا بە مووسێك یەكێك لەڕەگەكانم ببڕم بەڵام ئەویش سەری نەگرت، چونكە هەموو شتەكانی ئەمرۆژگارەش ساختەنە و شتی ئەصڵی دەست ناكەوێ، بەتایبەت مووس ئەوەندە كول و كۆڵەوارە زۆر بەزەحمت ریشی پیاویش دەتاشێ، جا چ بگا بەوە دەماری من ببڕێت، لە بەر خۆمەوە دەمگوت دیارە هەتا ئێستا هەجەلم نەهاتووە، لەوانەشە ئەگەر چەند رۆژێكی تر بژیم لەوانەیە ژیانم ئاڵوگۆری تێدا بكرێ و باشتر بم.
ئیحسان یەكێك بوو لە هاوپۆلەكانی دەورانی قوتابخانە و خوێندنم، بەهۆی دەوڵەمەندی باوكیەوە كە سەروەت و سامانێكی زۆری هەبوو، دەرس و قوتابخانەی بەجێهێشت و رووی كردە كاری بازرگانی، دەمزانی كە وەزعی زۆر باشە، بڕیارم برۆمە لای و باسی دەرد و مەرگی خۆمی بۆ بكەم، بەڵكو بتوانێ گرێ كوێرەی بەختم بكاتەوە، بۆ گەیشتن بەماڵی ئیحسان دوو سێ شەقامم تێپەڕاندن، كە زەنگی دەرگاكەم لێدا خزمەتكارەكەی هات و دەرگای كردەوە، ناوی خۆم پێ گوت و گوتم بە ئیحسان ئاغا بڵێ كارێكی زۆر زەرووم پێیەتی، دوای چەند خولەكێك خزمەتكارەكە گەڕایەوە گوتی، ئیحسان ئاغا میوانی هەیە، بەڵام فەرموون وەرنە ژوورێ، حەزم نەدەكرد برۆمە لای لە بەر چاوی میوانەكان باسی بەدبەختی خۆمی بۆبكەم، سەرو شكڵم هی ئەوە نە بوو برۆمە میوانداری، بەڵام خزمەتكارەكە بەزۆری منی بردەی هۆڵی میوانداریەكە، میوانەكان بە دەنگ دەنگەوە خەریكی خواردنەوە نۆشینی خۆیان بوون، ماوەیەك دانیشتم بۆ ئەوەی لە كاتێكی گونجاو بابەتەكە بە ئیحسان بڵێم، ئیحسان لە سەروی هاورێكانی دانیشتبوو، داوای لێكردم قسە بكەم، سەرەتا خۆم بە دوور دەگرت بۆ ئەوەی میوانەكانی گوێیان لێنەبێ، بەڵام چونكە كات زوو تێدەپەری و ئیحاسانیش پێداگری دەكرد داستانی خۆمی بۆ بگێرمەوە، منیش دەستم كرد بەگێرانەوەی ژیانی خوم و بابەتی خۆكوشتنەكەم، میوانەكانیش بە تامەزرۆمە گوێیان بۆ گرتبووم، منیش گریان بەری قورگی گرتبووم بە زۆر جڵەوە گریانەكەم گرتبوو، دەمویست خۆم كۆنترۆڵ بكەم، بەڵام میوانەكان قاقا پێدەكەین تەنانەت یەكێك لە ژنە میوانەكان كە پەرداخێك مەشروبی بەدەستەوە بوو كونترۆڵی خۆی لە دەست داو كەوتە باوەشی یەكێك لە میوانەكان. یەكێكی تر لە میوانە هێندە پێكەنی فرمێسكی خوڕ خوڕ بەچاواندا دەهاتنە خوارێ، لە كاتی ماڵئاوای كردنم ئیحسان پێنج لیرەی خستە ناو لەپی دەستم و گوتی هەركاتێك ئیشت هەبوو وەرە ئێرە.
ماڵەكەی ئیحسانم بەجێهێشت، پێنج لیرەكەم هەر لەناو لەپی دەست بوو، نەمدەزانی بەو بڕە پارەیە چی بكەم و چی بكڕم، تەنانەت نەمدەتوانی نانە رەقەش بۆ ژن و منداڵەكەم بكڕم، لە پڕ بریامدا بەو پارەیە هەندێك ژەهری مشك بكڕم و بۆ هەمیشە ماڵئاوای لەو ژیانە بكەم كە پڕیەتی لە بەدبەختی بۆ من، چوومە دەرمانخانەیەك و ژەهرەكەم كڕی و چوومە ناو پاڕكێك، لەلای بەلوعە ئاوێك دانیشتم و ژەهرەكەم خستە ناو زارم و ئاوم بەسەردا كرد و بە خەیاڵێكی ئاسوودەوە لەسەر تەختایەكی ناو پاركەكە لێی راكشام، زۆری پێ نەچوو چاوەكانم قورس بوون، چوومە خەوێكی ئەبەدی مەرگەوە، زۆری تێنەپەڕی بوو پاسەوانی پاڕكەكە منی دیت بوو، هاتەلام و چەند جارێك راتەكاندم دواتر خۆی چەماندەوە و گوێی نابوو بەسینگمەوە كە زانی هەناسە نادەم وایزانی مردوومە، هەر بۆیە رەنگ بە روخساریەوە نەما، لە ترسان دەست و قاچی كەوتنە لەرزە، زمانیشی تەتەڵە و پەتەڵەی دەكرد، دەیوست هاوار بكات بە دەنگی لە قورگی نەدەهاتە دەرێ، زۆری نە مابوولە قاقای پێكەنین بدەم، بەڵام ددانم بەخۆم داگرت، دەترسام زیندوو ببمەوە دووبارە تووشی هەمان دەرد و بەد بەختی و ماڵوێرانی ببمەوە، پاسەوانی پارك بە پڕ تاو خۆی گەیانی لای دەگای پاركەكەو دوای ماوەیەك لەگەڵ دوو سێ كەسی تردا گەرایەوە، منیان بردە لای(دادی پزیشكی) لە ساردخانەی تەرمەكان جێیان هێشتم و دەرگایان لەسەر داخستم. پیرە ژنێكی مردوو لە تەنیشتمەوە درێژكرا بوو، بە دەنگێكی لەرزۆكەوە گوتی: جەوان بەخێربێی، تۆ چۆن بەو تەمەنە كەمەوە مردوویت؟
وەڵامم دایەوە و گوتم: نەمردووم، خۆم كوشتووە. بەسەر سوڕمانەوە پرسی؟
بۆچی خۆت كوشتووە؟
چونكە دونیا بەكەیفێ من بوو خۆشم بۆ دەگوزەرا. پیرەژن پێی وابوو گاڵتەی لەگەڵ دەكەم، ناوچاوی تێكناو گوتی. قسەی قۆڕ مەكە. لەودوا یانەدا دنیا بۆ هیچ كەسێك خۆش ناگوزەرێ.
وەڵامم دایەوە گوتم:
دیارە تۆ دەمێكە مردووی، ئاگات لە باس و خواسی دنیا نییە؟
پیرەژن گوتی: نزیكەی دوومانگ دەبێ مردوومە.
ئەو جار نۆرەی من بوو سەرم بسوڕمێ، گوتم دوو مانگە مردووی هەتا ئێستا هەر (پزیشكی قانونی)؟
گوتی ئەوە سەر سوڕمانی ناوێ، چونكە تا ئێستا نۆرەم نەهاتووە. ماوەیەك هەر دووكمان بێدەنگ بووین.
پیرە ژن گوتی: تۆ كەی مردی؟
گوتم: دوو سەعات لەمەو بەر.
پیرە ژن بڕوای نەكرد، چۆن ئاوا زوو كارەكانت تەواو بوون هاتیە پیزیشكی قانونی، دیارە چانست هەبووە؟
پرسیم: بۆچی مردووەكان خۆش چانس و بەد چانسیشیان هەیە؟
گوتی: ئەی چۆن! ئەگەر ماوەیەك لێرە مایتەوە تێدەگەی.
لێم پرسی، هۆكارەكەی چییە ئاوا لێرە زۆر تان تاخیردەكەن؟
گوتی هەندێكیش خەتای منداڵەكانە، كە نایانەوێ مردنی من بگاتە بەر گوێی بەرپرسە باڵاكانی وڵات.
گوتم: بۆچی؟
گوتی: چونكە كۆبۆنی نەوتەكە بەناوی منە، ئەگەر بزانن مردووم كۆبۆنی نەوتەكەم دەبڕن، منداڵەكانم ئامادەن چاوپۆشی بكەن لە میرات، بەڵام ئامادەنین كۆبۆنی نەتەوەكەیان لێ ببڕن.
لە پیرە ژنم پرسیەوە: دیارە ئەو بەرنامانەش كێشەو دەردە سەری خۆیان هەیە، وایە یان نا؟
گوتی: بەڵێ، هەیەتی و نیەتی، بەڵام خراپتر لەوە ئەو پیرە ژنەیە دەبینی لە پاڵ ئەو دیوارە كەوتووە؟هەتا ئێستا چەند جارێك مردووە و زیندوو بۆتەوە. هەر كاتێ دەیبەن بۆ بەخك سپاردن زیندوو دەبێتەوە. كاتێك دەیبنەوە ماڵێ كێشەو گرفتەكانی ژیان دەبینێت و دەمرێتەوە.
لەوقسانەدا بووین، دەنگی گڕی پیاوێكم كەوتە بەر گوێ.
گوتی: لە دەستی دكتۆرەكانە كە بەو رۆژگارە گەیشتووە.
كەسەیری لای چەپی خۆم كرد لەتەنیشتمەوە مردوویەك ڕاكشاوە، لێم پرسی تۆ مردووی؟
گوتی: نەمردووم، بەڵكو وەفاتم كردووە، دیارە تۆ رۆژنامە ناخوێنیتەوە؟ هەموو بڵاوكراوە گرنگەكان لە بارەی لە دەستدانی كەسایەتی منەوە ماتەمیان گێراوە.
لێم پرسی لەبارەی تۆوە وتاریان نووسیوە؟
نەخێر، بڵاوكراوەكان بەهەڵە بڵاویان كردبۆوە، بنەماڵەكەی خۆم و تەواوی دۆستان و هاورێیان و هاوبەشەكانی كۆمپانیام، ئەوانە بەتێرو تەسەلی باسی مەرگی منیان بۆ گۆڤار و رۆژنامەكان نارد بوو، ئەو هەموو خەڵكە كەڕو كوێرە هەواڵی منیان بیستووە تۆ چۆن دەڵێی نەمبیستووە؟
بەداخەوە نەمدیتووە.
گوتی: گۆڤار و رۆژنامەكان ئەوەندە بە جوانی و بەڕێزەوە بەشان و باڵی منیان هەڵدابوو، كەمن لێرەوە پێی سەرسام و زۆر خۆشحاڵ بووم بەو مردنە.
یەكێك نووسی بووی، رۆژێكی رەشە بۆمان، یەكێكی تر نووسی بووی، چ ئازارێكی بە سوێیە، یەكێكی تر نووسی بووی، باوكمان، هەوسەرمان، خەزورم، كورم، زاوام، سەرۆكی كۆمپانای فڵان، یەكێك لە ئەستێرە و روخسارە گەشاوەكانی وڵاتمان كوڕی سەرۆك وەزیران سولەیمان پاشا، نەوەی قاسم و زاوای بایرەم پاشا.
ئەوە پیاوە لێكدا لێكدا قسەی دەكردن، سەربارەت بە خاكسپاردنەكەی، كە لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاو كراونەوە، زۆری بێزار كردم، مەجالی نەدەدا من قسەبكەم، هەر زوو گوتم بەڵێ بەڵێ جەنابتان دەناسم پێویست بەوە شانامە ناكا، باسی هەمووشتێكم بۆ بكەی، دەزانم جەنابت چ كەسێكی بەناوبانگن، باشە مادام وایە لەگەڵ ئەو هەموو خەڵكە دەتاسن و دەستەڵاتت هەیە بۆچی هەتا ئێستا لێرە ماویتەوە.
كابرا گوتی: گۆرستان دەست ناكەوێ، بنەماڵەكەم نایانەوێ لە گۆرستانی گشتی بمنێژن، دەیانەوێ گۆرێكی تایبەتم بۆ پەیدابكەن، بەتایبەت لەو دویانەدا گۆرستانەكانیش بازاڕی رەشیان پەیدا كردووە، بۆیە پەیداكردنی گۆڕێكی تایبەت ئاسان نییە.
گوتم جیاوازی چییە مرۆڤ لە چ گۆرستانێك بنێژرێ؟
وەڵامی دایەوە، لەوانەیە بۆ مردوو جیاوازی نەبێ، بەڵام بۆ زیندووەكان زۆر گرینگە، بەتایبەت بۆ ئێمە كە لە بنەماڵەیەكی خانەدانین، لە چاوی دۆست و دوژمنان و ئەو كێبركێی لە نێوان كۆمپانیا بازرگانیەكان هەیە دەبێ شوێنەكەم تایبەت بێ، دەبێ گۆڕی من لە گۆری بابی سەرۆكی ئەو كۆمپانیایە باشترو جوانتر بێ كە دوو سێ هەفتە لەمەو بەر مردووە، چونكە ئەوانە كێبڕكمان دەكەن. ئەوە دەبێتە مایەیی شەرمەزاری بۆ كۆمپانیاكەمان.
گوتم باشە كە پارەیان هەیە ئەی بۆچی دەستپێشخەری ناكەن؟
كابرا بەنیگەرانیەوە وەڵامی دامەوە:
هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە تەواوی زەوی ئەو گۆڕستانە كۆمپانیاكەی ئێمە كریویەتی، بنەماڵەكەمان چاوەڕێی ئەوەن كە نرخی ئەو زەویانە گرانتربن نرخیان بەرزتربێتەوە، بۆئەوە بابەتی گۆڕكەی منیش پارەی زیاتری بۆ خەرج بكەن.
زۆرم ڕق لەقسەكانی هەستا بوو، لە بیرم چوو بوو كە مردوم، دەستم بەرز كردووە و تووند لەبنا گوێم سرەواند، لەگەڵ بە هێزی مستەكەم وەهۆش خۆم هاتمەوە، چاوەكانم كەمێك هەڵێنان، تەماشام كرد چەند كەسەسێك بەسەر سەرمەوەن، سەرەتا وامزانی ئەوانە فریشتە و مەلایكەتن و بۆ پرسیارو وەڵام هاتوونە سەرم، بەڵام هەر زوو تێگەیشتم ئەوانە یەكێكیان پاسەوانی پاركەكەیە و ئەوانی تریش گەشتیارن یان كارمەندانی پاڕك بوون، كاتێك سەیریان كردم دەجوڵێم و نەمردووم، نوكە شەقێكی لە شانم دا.
گوتی هەستە برۆ وە دوای كاری خۆت بكەوە دەرگای پاركەكە دادەخەین، هەستامە سەرپێ بەڵام هەر گێژ بووم.
لێم پرسین بۆ مەگەر ئەمن نەمردووم؟
هەموویان دایانە قاقای پێكەنین، پاسەوان گوتی بۆچی پێتوایە مردن هێندە ئاسانە؟
منیش قتوی ژەهرەكەم نیشان دان و گوتم ئەو ژەهرەم خواردووە دیسان هەر زیندوومە؟
هەموویان دیسان لە قاقای پێكەنیان دایەوە.
پاسەوان گوتی: گەمژە بۆچی نازانی ئێستا هەموو داو دەرمانەكان ساختەنە؟ برۆ وون لەبەر چاوم.
دیسان قۆڵیان گرتم بەڕاكێش راكێش بردیانمە دەرێ، هەڵیاندامە پشتی قاردرمەكان. ئەوەش لە سایەیی سەری دەرمانخانە ساختەكانە، یان بەهۆی ئەوەی ئێستا هەجەلم نەهاتبێ یان پەیمانەی تەمەنم پڕ نەبووبێ. نەمردم و مامەوە بۆئەوی زیاتر بەد بەختیەكانی رۆژگار بچێژم، بەڵام كێشەیەكی تری دوای خۆ كوشتنەكەم بۆ زیاد بووە، ئەوەیش ئەوەیە بەهۆی خواردنی ئەو ژەهرەوە رێخۆڵەكانم كشاون ئارەزووی خواردنم دوو بەرابەر زیادی كردووە.