نەیڕەنگی ئەمبار کراو
موحسین ئاوارە/ شاعیر/ هەولێر
هەندێکیان لە شەڕگەدا بەجێمان
هەندێکیان بە شەلە شەل گەڕانەوە
مرۆڤە نەکوژراوەکان
مرۆڤە کەمئەندامبووەکان
دیماهی بە بینینی ئاوێنەی شکاو
ماتەمسەرا بە پەشیمانی و نەیڕەنگی ئەمبار کراو
ئێستا خۆزگە دەخوازن
چەکەکان پیر و کەتە بن و لە کار بکەون
فێشەکەکان ژەنگ بیانخوات و نەتەقێندرێن
کەچی مرۆڤکوژە شەڕخوازەکانیش
بۆ کاوڵکاری و مرۆڤ قڕانی بە پەڕۆشن
بە چەکی مۆدێڕن و تازە بابەت دڵخۆشن
کەسێکی بیانیش گوتی
کورد و ئاڵا هەڵگرانیشیان
لەوەتەی هەن
ئاڵا بە دەستەوەن
هەر دەڕۆن و بەڕێوەن
ناگەنە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان
ناگەنە کورسیەک لە کورسیەکان
ناپشکوێ خونچەیەک لە خونچەکان
دەستی سیڤەر گیر نابێ لە قوڕگی لۆزان
تا ئاڵاکەیان بشەکێتەوە لە تەک ئاڵاکانی جیهان