فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سەری نائێشێ بەڵام پرێسکەی لێ دەبەستێ!

سەری نائێشێ بەڵام پرێسکەی لێ دەبەستێ!

مریەم ئاباریان(تەنیا)/ شاعیر و چیرۆکنووس / مەھاباد

فێر ببوو زوو زوو خۆی لێ نەخۆش دەکردین و پرێسکەیەکی تووند لە سەری دەبەست و لە هاڵێ یا خۆی ڕادەژاند یا دەگریا و دەیناڵاند ،نە دەمانوێرا هاتووچۆیە زۆر بکەین ،نە پێبکەنین ،هەر هیچ هیچ دەنا تووڕە دەبوو و دەیکووت باشە ئەلئان ئەو هاتووچۆیە و خشە خش و پێکەنینەو لەچیە؟ جاوی ڕەیاڵ دەکەن؟جندۆکە سەماو بۆ دەکەن ؟یا چی؟کچێ با هەڵنەستم بە خودای وەک ماری پێتانوە دەدەم !بانگی من دەکا:وەرە پێ پان وەرە ،وەرە سەرم بشێلە بیست جارت هاتووچۆ کرد لە داخانت ئەوە دەمرم،نە دەوێرم بچمە پێشێ نەکا لێمدات؟نە دەوێرم نەچم ئەخر ڕاستی دەگووت چەند جاران چوومە حەسارێ ،گووتم:باشە خۆ تۆ ڕووت لە دەرگای هاڵێ نەبوو چووزانی من بووم یا نا؟بە تووڕەیی دەڵێ ئەلئان سەهلە،هەمیشە بە خێشکە خێشکی ڕۆیشتنت دەتناسمەوە پێ پان نازانم بۆ لاقت لە ئەرزی جودا نابنەوە؟وەرە جارێ کەمێکم سەر بشێلە،گووتم :تۆ ئەو خودایەی لێم مەدە ،دێم ،لاسام دەکاتەوە،تۆ ئەو خودایەی لێی مەدە ،شەرمی لێدەکەم ،پێی ناوێرم ،وەرە مەکر باز وەرە زۆر بە ترس و لەرزەوە چوومە پێشێ سەری بشێلم مشکڵۆزمە بم سەری ئەوی تا و تین بوو نەیبوو!دەنگی بابم دێ ،هەرای دایکم دەکا،فاتم،فاتم؟کووتی:بڵێ نەخۆشە ئەوە دەمرێ!چوومە دەر جوابی بابم بدەمەوە بەڵێ بابە گیان چیت دەوێ کارت هەبوو ؟ دایکم نەخۆشە سەری دێشێ بابم زۆۆر بێقەرار خۆی بە ژوورێ دادەکا ،چیە ئەوە فاتم بۆوای؟چیتە؟بتبەمە دوکتووری؟حەبت بۆ بێنم؟بە زۆری سەری لە سەرین جودا دەکاتەوە،دەڵێ ناواللە ناچمە هیچ دوکتووران .ئەدی جا ئەخر چۆن ئاوا دەبێ چی بکەم ؟سەرێکی دایکم دەدەم نەکا بمرم زۆر ناڕاحەتم چاوێکم پێی بکەوێ بەسمە.هەی ماڵت بە قووڕێ نەگیرێ مردنی چی؟هەرچی کەمێک نەخۆش بوو بمرێ تێی دەرنایە،دە باشە هەستە ساز بە دەتبەمەوە،دایکم دەڵێ ئەو کچەش بابێ بە من دەڵێ!بابم دەڵێ با بێ کەیفی خۆیەتی،منیش گووتم واللە نایەم سێ چوار ڕۆژان لە دێهاتی هەڵناکەم بۆخۆت بچوو چیت بەمن داوە؟کچێ بۆ نایەی دەزانی نەنکت چەندەی تۆ خۆش دەوێ ؟جا کراسە زەردەکەت لەبەرکە،هێندەی لەزاری خۆشە ئەگە پێت دەڵێ ئەها زەردێ بە زەردە زەرد ڕۆیی بۆ لای ماڵە دایکی برایمی!دایکی برایمی نەنکی دووهەمم بوو باپیرم دوو ژنی هەبوون ،نەنە کابانم ،بە نەنە ساداتمی هەر دەگووت :دایکی برایمی،خاڵە برایمم لە خاڵە ڕەحمانیشم خۆشتر دەویست کە خاڵی حەقم بوو.خوولاسە سەرتان نەئێشێنم هەر دایکم دەڵێ وەرە و منیش نامهەوێ بچم،ئاخیری بە تووڕەیی دەڵێ بۆ نایەی کچەتیوە چوون پێم خۆشە لە گەڵم بێی؟گووتم:ئەرێ نایەم نا،شەوێ تا بەیانی خەوم لێناکەوێ ،نەنە ساداتم دەیگووت:کێچی هەموو دونیا ورد و قووتن ،ون دەبن،ئی ماڵە کابانێ پانن لێت نابنەوە سەت سوێندێ بخۆ بڵێ کێچ نین قووڕنونە!هەر چۆنێک بوو نەچووم و خۆم ئاسوودە کرد،چوار ڕۆژی پێچوو ،بەڕاستی نەخشەکانی ئوستادانە دادەڕێژێ بەو خودایەی ئەگە دێتەوەش دەرد و عەلەمی لێ دەبڕێ!دوێنێ ژانم گرتبوو مەسەلەن بۆخۆشم نازانم بڵێم نێوی چبوو و بۆ؟بەڵام لە خۆڕا کۆمۆدەکەم کردەوە لەچکەیەکم دەرهێنا و تووند لە نێو چاوانم گرێ دا ،سەرم جوان تەزی ،بەڵام ئەوە ژانی من نەبوو!لە پڕ ڕا تەما دەگرم بچمەوە ،پرێسکەکەم لە نێو چاوانم کردەوە ،لە کیفەکەم نا ،بە هەڵەداوان خۆم گەیاندە تێرمیناڵ ،زەنگێکم بۆلێدا تا خاترجەم بم لە ماڵە،هەر کە جوابی دامەوە کووتی :خەونم پێوە دیتووی نەخۆش نی؟کووتم :نا ،کووتی :دێیەوە؟کووتم:چیت لێناوە؟کووتی چیت پێ خۆش بوو ئەو،قاقایەکم کێشا و کووتم:هەرچی لێی نێی ناخورێ ،لە خۆڕا شتی ماڵە بابی من لە ئاوێ مەکە ،چاوم پێت بکەوێ نان هەر چی بێ هەر ناخورێ و بەسمە،بە گەروویەک کە جوان دیار بوو گریانی دەخنکاند ،کووتی بە قوربانی ئەو بەژنەت دەبم ،موبایلەکەم لە کیفەکەم نا دەستم وە پرێسکەکە کەوت ،هەڵیگرتم و بردمی ،دەرمهێنا تووند لە نێو چاوانم گرێ دا ،چاوم نووقاندبوو بیری منداڵی تیژە بەڵام بریا نەنە کابانم مابا ،چەند وەڕەزی ئەو شانۆگەرێیەی دایکم دەکەمەوە ،هەر دوور ونیزیکی سۆفیانێش نەنکم بە لفکە وسۆرانی یەک میتر پانەوە ئامێزی بۆ دایکم دەکردەوە دەتکووت :یاقووبە و چاو و هەناوی لە تاو یۆسیف سپی بوونە،کەس خۆی بۆ ڕانەدەگیرا حەتمەن لە گریانیان دەکرد،ئێستا کە نەنکم نەماوە دایکم دایمە لە کوڵە ،منداڵێکیش دایکی بمرێ یا تەڵاق درابێ بۆی دەگری و دەڵێ بەتەنێ نی منیش دایکم نەماوە…ساعەت یازدە هەر وا لە ئوتووبوس دام زەنگ لێدەدا و دەڵێ نەگەیشتێیەی ؟کووتم تا دە دەققەی دیکە لە کنتم ،کووتی ئۆخەیش ئەگە وابێ چای دێم کەم،کووتم :ناکا نەتخواردبێ ؟کووتی :ناواللە بەڵام هەموو کارێکیشم کردووە ،حەساریشم جوان شووشتۆتەوە و…گەیشتمە بەر دەرگا ،دایخستبوو ،لە دەرگام دا ، دەرگای کردەوە و کووتی هاتێوە بابی بابم ؟هیچم پێ نەکووترا دەتکووت ساڵێکە نەمدیوە ،ئەو بۆنی پێوە دەکردم ،منیش لەو خەراتر ،نازانم چیە؟نازانم بۆوایە؟بەڵام شفایە،دەوایە،ئەسلەن،‍ ئەو عیسایەیە کە مردووی زیندوو دەکردنەوە، ئەو ڕۆژی میوانی بووم تا ئێوارە درەنگ دوواندمی و دوواندم و پێکەنین و قاقاشمان گوێی ئاسمانی وەژان هێنابوو ،درەنگە دەبێ بگەڕێمەوە کیفەکەم هەڵدەگرم ماڵئاوایی لێ دەخوازم دەستی ماچ دەکەم و دەڵێم موحتاجی دوعای تۆمە هەمیشە،فرمێسکی دێتە خوار و دەڵێ لێت غافڵ نیم پێنج فەڕزە بۆت دەپاڕێمەوە،خۆم زۆر پێ ڕاناگیرێ ناوێرم لە ئاڵۆز کردن و ئاڵۆز بوون هەڵدێم بە جێی دێڵم بانگم دەکا ،بە بەر نیسێیەکەی دا بڕۆ تاو لێتدەدا ،ئاوڕ دەدەمەوە هەر وا لەسەری کووچە ڕاوەستاوە بە بەر نسێکە دا دەڕۆم ،دەگەمە ئاخیری کووچە هەر وا لەوێیە دەست هەڵدێنم یانی ڕۆیشتم ،دەستم بۆ ڕادەوەشێنێ هەر ناڕوا ،من دەڕۆم ون دەبم با بچێتەوە ژوورێ بەو گەرمایە ،دەگەمە تێرمیناڵ،سواری ماشێن دەبم ،کیفەکەم، پرێسکەکەی نێو چاوانم، تازە لە ڕازی ئەو پرێسکەی نێوچاوانی دایکم حاڵی بوومتازە زانیم مانای هەموو دڵتەنگێکان یانی زووبە بگەیە دایکت ،پێت عەیب نەبێ قەت گەورە نەبوویە ،هەڵێ ببەوە بە شەش ساڵ و هەزار ئۆین و نازانی بۆ بڕێژە ،سەت ئیشتییایان بکە،ئەسلەن بە سووری هاوێنێ درۆیەکی زەلام زەلام بکە بڵێ سەرمامە ،بزانە تا تەشقی ئاسمانێ بۆ تکا و ڕەجای گەرمایە ئەگە نەچوو بزانە ئەمن قەت هیچم نەزانیوە!پێشکەش بە دایکم کە دیکتاتۆرانە ڕەگەز پەرەستی دەکات ،نیشان بەو نیشانەی چوار ڕۆژان بێخەبەری دەکەم با گوێی لە دەنگم نەبێ،گلێنەی خوێنیان لێ دەتکێ!