فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بێ تاقەتم

بێ تاقەتم
شنیا عەبدولمەجید/ شاعیر / ھەولێر

خۆم و ژوورێکی تەنگ و….
پە نجەرەیەکی شکاو،
چەند تابلۆیەک،
پێکەوە خەریکی حونجە کردنی…
دڵ تەنگین!
هەناسەم ،هێندەی پەتی سێدارەیێک،
ئەستوور بووە
ژوورەکەم پڕە لە دڵی شکاو…ماندوو
دەست بۆ هەرشتێکی ژوورەکەم دەبەم،
خوێنی لێ دەچۆڕێت
وەک ئەوەی ژوورەکەم،مۆزەخانەی…
دڵ تەنگی بێت
هەستەکەم لە داهۆڵێک دەچم،
لە زەوییەکی کشتوکاڵیدا
چەقاندبێتیانم!
چی ژیانێکە لە نێو ئەم ژوورەدا؟
ڕۆژ نیە قەدەرێک،
پارچەیەک لە جەستەم نەفڕێنی
ڕۆژ نیە خەونێکم،چەشنی عیسا لە خاچ نەدرێت
دڵ تە نگی نیشتمانی…. ژنە
ژنەکان چەند جوان دڵیان ملکەچ دەکەن
لە نێو پەرچەمێکی سپیدا
چەند ناشرین دڵیان لە نێو پەچەیەکی ڕەشدا
بۆ پۆست کراو….ژن بوونیان وێران کرد
کەچی هێشتا دەتەوێت بێیتەوە،
پڕم کەیت لەدرۆی ڕەنگاو ڕەنگ،
دەتەوێت وەک شێوە کارێک بم نەخشێنی
درەنگە، درەنگ
تۆ درنگ هاتیت……
ڕێک لەو عاشقە دەچیت،
کە پێکی زیاتری نۆش کردو…
شەو لە خۆیدا ونی کرد،
مەعشوقەکەی چاوەڕوانی کوشتی!
درنگ هاتیت،
وەکو ئەو سەربازەی…..
کە جەستەی کون کون بووە ،
کەچی هەوڵی هەڵهاتن دەدات!
تۆ لەو پیاوە پیرە دەچیت،کە ژیان لەدەستیدا
بوو بە گۆچان
چەند سەیرە ئەم نیشتمانە بۆ ژن!
ژووری نووستن ،دڵ تەنگە
پەنجەرەکان ،دڵ تەنگن
دەرگاکان ،دڵ تەنگن
نان دێن ، دڵ تەنگە
دڵ تەنگی ئیشی خۆمانە ئەی ژن
دڵ شکاندن ئیشی خۆتانە داهۆڵ!