فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕێژوانی ئەوین

ڕێژوانی ئه‌وین

ڕاژان حیسامی / شاعیر و گۆرانیبێژ / تاران

گوڵی من هه‌ی دڵی من!
له‌ ناو دڵی کام چرکه‌دا ونم کردووی که‌وا خه‌یاڵی ترپه‌ی ته‌په‌ی پیرۆزه‌هه‌نگاوت ترپ‌تپێکی وا شیرین له‌ دڵ دێنێ؟
نازانی چیم به‌سر دێنێ
مه‌زانه‌ چۆن ده‌مشێوێنێ
ناخی هه‌ستم ده‌جووڵێنێ
خوای دڵداریش له‌ شیرین خه‌و خه‌به‌ر دێنێ
هیچ ده‌زانی شنه‌ی دڵگه‌شێنی عه‌ترینی باخ له‌ تۆتۆی هه‌ر هه‌ناسه‌دا به‌رامه‌ی هاتنی ئه‌تۆم به‌ گوێی هه‌ستا ده‌چرپێنی؟
ده‌زانی چۆن ڕامده‌ژێنێ ؟
ناخی هه‌موو ئاخه‌کانم ده‌بزوێنێ
ئازیزه‌که‌م!
به‌م پاییزه‌
ئه‌م په‌پووله‌یه‌ پاییزییه‌ که‌وا ڕۆح‌سووک به‌ پێدزکێ نیشتووته‌ سه‌ر گوڵباغه‌که‌ی قه‌راغ ده‌رکێ، هه‌واڵی هاتنت ده‌دا
تۆ نازانی
تۆ نازانی به‌ هاتنت هه‌واش هه‌وای ده‌گۆڕدرێ
ئه‌ویش بادی هه‌وا ده‌بێ
کۆلکه‌زێڕینه‌ی پاش بارانی هه‌نگاویشت عه‌رزه‌ و هه‌وا لێک ده‌به‌ستێ
سه‌رنج گره‌ و هه‌ست ڕاده‌گرێ و هه‌ست ئه‌وه‌ستێ
هه‌ر چرکه‌یه‌ک چرکه‌ی مه‌لان، قه‌ناری، چه‌هـ چه‌هه‌، قومری به‌ناز، بازیش به‌ باز له‌ پێشتدا سه‌ما ده‌که‌ن
ئای
ئای چ هه‌لهه‌له‌یه‌ک به‌پا ده‌که‌ن
ده‌ستی یه‌کدی ده‌گرن
خۆ ڕاده‌نێن
سه‌ما به‌ره‌و خودا ده‌که‌ن
چاوانه‌کاڵ!
ئه‌مڕۆ له‌ ماڵ، له‌ نێو جێدا که‌وتووم بێحاڵ
به‌ڵام به‌م حاڵه‌
نامه‌ی به‌رامه‌دارت ده‌خوێنمه‌وه‌
له‌ چاوم خوێن دڕشێنمه‌وه‌
ئاخر من و ئه‌وه‌نده‌ به‌ختیاری
ئاخر من و هێنده‌ هێنده‌ خۆش‌چاری
نامه‌که‌ت ده‌مخاته‌وه‌ یادی سه‌فه‌ر
یادی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی دیمان
سه‌رم خستبووه‌ سه‌رشانت
ده‌تگوت سوڵتانی سه‌ر عه‌رزم
ده‌تکوت ئه‌وه‌نده‌ سه‌ربه‌رزم تاجی سه‌روه‌ریم له‌سه‌ره‌
سه‌روه‌ره‌که‌م!
کاتێ هاتی هه‌زارێ دێنمه‌ سڵاوت، سڵاو بکه‌ن له‌ پێڵاوت
کچی به‌یان بانگهێشت ده‌که‌م، پڕشنگی خۆرت بۆبێنێ
گیانی بدا له‌ پێناوت
مه‌یڕه‌نگی من!
به‌ هاتنت چی مه‌یخانه‌یه‌ مه‌ست ئه‌بن
لیوان له‌ لیوان لێک ئه‌ده‌ن
دار و ده‌وه‌ن پڕ هه‌ست ئه‌بن
هه‌وێنی ژین!
چ سه‌ربه‌رزه‌ ئاڵای قه‌ندیلی عه‌شقمان
دشنێته‌وه‌ هه‌تا مابێ بزه‌ی ئه‌وین به‌ڕووی ژیان
بۆ هه‌ر زه‌مان
بۆ هه‌ر ده‌مان
هه‌تا هه‌رمان
خۆشه‌ویستم!
دڵنیابه‌ پێش مردنم هه‌رچی ماچی نه‌کراوه‌تن له‌سه‌ر لێوانی ماوه‌تن، ماچیان ده‌که‌م
پێک به‌ پێکی هه‌موو پێکه‌ نه‌خوراوه‌کان ده‌خۆمه‌وه‌
له‌ باوه‌شی ئه‌وینتدا له‌ پێش چاوت، قه‌یدێ ناکا ده‌توێمه‌وه‌
خاڵ خاسه‌که‌م!
خاس ئه‌زانم له‌م چاخه‌ یاسا ناساغه‌ ئه‌وین ئه‌مری خنکاوه‌یه‌
دار و دیوار گۆشی هۆشی هه‌یه‌
ئۆخه‌ی هه‌ناسه‌ تۆماره‌
ئاله‌م شاره‌ پڕ ئازاره‌
با یاسا حوکمم پێ نه‌دا
با شه‌رع ڕێگه‌م لێ بگرێ
به‌ڵام
به‌ڵام دڵخۆشم به‌ مردن
به‌ڵکوو حه‌شرم له‌گه‌ڵ مه‌حشه‌ری چاوی تۆبکرێ
ده‌سا هه‌ناسه‌که‌م
هه‌ناسه‌شم ئه‌مڕۆ به‌هانه‌ی دیتنت ده‌گرێ
نازانم به‌ کام کووچه‌
کامه‌ شه‌قام
کامه‌ کۆڵان
شانازی ماچی پێت پێداوه‌
به‌ڵام کاتێ هاتی هه‌موو ده‌رگا له‌سه‌ر پشتن
چاوم له‌ هه‌ر چوار ته‌نیشتن
ده‌ زووکه‌ ده‌ی
ده‌ زوو وه‌ره‌
ده‌ زووکه‌ ده‌ی
ده‌ زوو وه‌ره‌
ڕووخساره‌ له‌ پشت په‌نجه‌ره‌
دڵم چه‌ند هه‌نگاوێ له‌ پشت ده‌ره‌
ده‌ زوو وه‌ره‌
ده‌ زوو وه‌ره‌