خۆرێك لە مەچەكی نیشتمانی مندا
ڕەسوڵ سوڵتانی/ شاعیر/ کەنەدا
کە هێمای نیشتمانم دی لە ئاسۆی بێ خەزانیدا
سروودی سەنگەرم پشکووت لە نێو دیدەی بەیانیدا
نیگای دوور دوور فڕیبوو تا سنووری عیشقی من ببڕێ
كەچی هەر خۆم و خۆی ماوین لە وانەی ئاسمانیدا
ژنێک ئاواتی باخم بوو سەفەر پاییزی لێ نووسی و
خەساری ڕەنجی شێتانەم لە خەونی باخەوانیدا
سەفەر تابلۆیەكی ڕەش بوو لە سەر دیواری ئەم وەرەزە
چ زستانێكی شێتم بوو لە نێو بەستێنی ژانیدا
لەبیرم چۆن دەچێ نامەی دەمی ئێوارە ماچێکی
کە هات شیعری منی برد و لە پرچی نیشتمانی دا
هەتا جامانە وانەی بێ و چیا جێژوانی شاباڵی
خەمی ڕوونی نیگای دەبم و تفەنگێکم لە شانیدا
دەبم بەو خۆری ئاڵایەی هەزار وانەی ئەوینم بوو
كە دەدرەوشێتەوە ئێستا لە بازنەی دەستەكانیدا