فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

5 دەقەی ماوە بۆ 12

5 دەقەی ماوە بۆ 12

بەختیار عەلیزادە/ شاعیر /  ئەڵمانیا

 

قەدەرێکە، چەن خەونێکی ئەرغەوانی دێنە خەوم

دێنە خەوم و

وەک پشیلەی بەر پەل و پێی کەیبانووەی ماڵەهاوسێ

خۆیان لە قاچ و قوولم هەڵئەسوون و

ئەشزانن، کە بە ئاگا بێم، ناخەومەوە

دێنە خەوم و خەونی منیان وەک بەرهەیوانی خانووە قووڕینەکەی ماڵەباوان قۆستۆتەوەو

منیش، لە سووچێکی ئەم هەیوانە،

لە خەوێکی قووڵ قووڵ ڕۆچووم

جۆرێ ڕۆچووم، نە خەوم ئەڕەوێتەوە و

ئیتر خۆشم، لە خەو هەرگیز ناڕەومەوە و ناڕەومەوە

ئەوەی سەیرە بەلامەوە

لەم خەوەما

سوارەیەک، لە سەر ئەسپێکی پاشەڵتەقیوی گەڵگەنیوی گرگنە، لە بەر دەمما هەڵئەتۆقێ و ئەڵێ

منیش هاتووم، هەر وەکوو تۆ قووڵ ئەخەوم

قووڵ ئەخەوم و ناڕۆمە

ئەوەی سەیرە بەلامەوە

ڕێک وەکوو خۆم

شامژ لە جگەرە ئەدا و

تاوێ هەناسەی ئەوەستێ و

ئەوسا بە سیلەی چاو لە دەوروبەر ڕائەمێنێ

ئاخۆ فریشتەی ڕووحکێشان لەم ناوەیا

لە قووژبنێ خۆی مات داوە؟

ئەمیش وەک خۆم

کاتێ پێکێ ئەخواتەوە، زوو ئەیگرێ و ئیتر ئەفڕێ و

سەرخۆش ئەبێ و ئەخوولێتەوە

ئەمیش وەک خۆم، کاتێ ئەفڕێ، نایەتەوە و

ئیتر نابینرێت لەم ناوە!

من دڵنیام ئەم خەونانە

خەونی مەملەکەتێکی دی و

ڕەنگێکی دی و

وڵاتێکی، بێجگە لێرەن

ئەزانم من، باش ئەزانم ئەم خەونانە

هیچیان لە مێینە ناچێ و

ئەم خەونانە لە ڕەنگ و ڕەگەزی نێرەن!

ئاخر ئەوان  تابیلی ڕازانەوە نین

حەزیان بۆ ئارامیی ناچێ و

وەک دارەبەن و دار بەڕووی ئەم دەڤەرە

ڕەگیان ڕۆچووی ئەم خاک و نیشتیمانە نیە و

شەرمێون و نامۆن لێرە و

دژی پەرژین و ڕیحانە و بۆن و بەرامەی ئەم ماڵەن!

ئەم خەونانە، خێڵی شێواندنی گێرەن!

ئا! تا بیرم نەچۆتەوە، لە بیرتان بێ، با هەرکەسەو

لە سووچێکی ماڵەکەیدا

ئاڵایەک و پێنووسێک و

قیسپێکی تەڕی سپیدار حەشار بدا

من ئەزانم ڕۆژێ دێت و

ئەبێ لە سەر سینەی چیا

هەر یەکێکمان ئاڵا هەڵدا

من ئەزانم ڕۆژێ دێت و

هەر یەکێکمان لە بەر خۆیەوە ئەنووسێت

ئااای لەم ڕێکەوتە! ئەم ڕۆژە بوو ئاڵا دزرا

من دەزانم!

سیاسەتی ئەم دەڤەرە

هێند پاک و لووس و سادەیە

هاکا ڕۆژێ بە بووکیان برد!

هەر بەڕاستی!

ئەرێ ماوە ئەو تارایەی تاران دووریی و

لە ئەنقەرە کردیانە بەرماڵی نوێژ، بۆ ئایەسۆفیا؟

دیمەشق!

بڵێی ئێستاش لە خۆشیانا چەپلە لێدا

بۆ ئەو کاتەی

کوێرەماری وشکەڕۆکەی کۆشکی بەغا

بۆ سەر جەستەی بریندارم ژاری فڕێدا؟

من دەزانم ئەم خەونانە

نە پشیلەی ماڵی کەیبانوون

نە مەرامی باشیان هەیە

تا بڵێم بۆ یاری هاتوون

ئەم خەونانە

دزی خەونی مناڵی سەر بێشکەی کوردن

دزی من و تۆ و مێژوون

دزی من و

تۆ و

مێژوون