فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵۆی متمانە

هه‌ڵۆی متمانه‌

ڕاژان حیسامی/ شاعیر و گۆرانیبێژ/  تاران

هاتی به‌ شاباڵی متمانه‌وه‌
لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه‌ت له‌ نێو ده‌فته‌ری ژینم کرده‌وه‌
په‌نجه‌ره‌یه‌کی به‌ختیاریت به‌ ڕووی به‌ختم ئاوه‌ڵا کرد
من مه‌لێکی ته‌نیا و ته‌ریک بێ هاوده‌مێکی بێ شه‌ریک
پارێزه‌ی قورس و قاییمی هێلانه‌ بووی
به‌ره‌و عرووجی مێعراجی دڵ
سیمۆرغێکی ئه‌فسانه‌ بووی
له‌ کاتێکا ڕه‌شه‌بای بێ‌به‌زه‌ دزێوترین هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هێلانم ده‌کرد
شنه‌یه‌کی فێنک بووی چرکه‌ پڕ له‌ برکه‌کانی ده‌روونمت ئاوه‌پڕشێن کرد
گوڵی سیس و ده‌م‌به‌رتاوی دووره‌ ئاوی گوڵستانی ئاواتمت ئاوڕشێن کرد
ڕێی ناڕێکی، تا خوا حه‌زکا تاریکی، پڕ مه‌ترسی مه‌نزڵگه‌مت به‌ هه‌نگاوی به‌بڕشتت ده‌گه‌ڵ بڕیم
هه‌موو جه‌وره‌ چه‌وته‌کانی که‌نده‌ڵانی ئاره‌زووه‌ ده‌ست پێ نه‌گه‌ییوه‌کانمت ده‌گه‌ڵ دڕیم
تۆ هاتی و وه‌یش چوومه‌ وه‌یش چوومه‌ پڕ له‌رزه‌کانی زمستانت له‌ ڕوو سڕیم
له‌ هاند هه‌ر چه‌شنه‌ مه‌ترسی به‌بێ ترسی زیان و زه‌ره‌ر
پاڵپشتی پاڵدانه‌وه‌ی دڵنیایی هه‌تاهه‌تاییت بۆ چێ کردم
پاپۆڕێ بووی بۆ په‌ڕینه‌وه‌م
ده‌ ناو جه‌زر و مه‌دی ده‌ریای سامناکی هه‌ر کاره‌سات
من به‌ تۆوه‌ بوومه‌له‌رزه‌ش نه‌یله‌رزاندم
هیچ زریانێ
هیچ به‌رزانێ نه‌یبه‌زاندم
هیچ زله‌یه‌ نه‌یته‌زاندم
من به‌ تۆوه‌ له‌ نێو سه‌ران سه‌ربه‌رز بووم
من به‌ تۆوه‌ سوڵتان فه‌رمای سه‌ر ئه‌رز بووم
من ده‌مزانی بارانی ڕشت بێته‌ خوار به‌ربینگ ده‌گرێ به‌ خه‌ڵکی شار
ترسم نه‌بوو
چاک ده‌مزانی پاییز دۆستی چه‌مه‌ن نییه‌
چه‌مه‌ن هه‌تاسه‌ر سه‌وز نییه‌
له‌ هیچ وه‌رزێ نه‌ده‌ترسام
له‌ هیچ وه‌رزێ
له‌ هیچ ئه‌رزێ ترسم نه‌بوو
هیچ گه‌رده‌لوولێ لوولی نه‌کردووم
هیچ شه‌خته‌شۆڵ‌ شۆڵی نه‌کردووم
ته‌نیا و ته‌نیا دووری تۆیه‌
ته‌نیا و ته‌نیا دووری تۆیه‌
ته‌نیا دووری تۆیه‌
ده‌مته‌زێنێ
ده‌مبه‌زێنێ
ده‌مهه‌ژێنێ
ڕیشه‌ی بوونم هه‌ڵده‌که‌نێ
ویشکم ده‌کا
باش ده‌زانم تووشی پاچ و پیشکم ده‌کا
دڵه‌ستێنم
وه‌بیرت دێ له‌ یه‌که‌م نامه‌ی شێعراویت بۆت نووسیبووم
هه‌تا بێ‌نه‌هایه‌تی ئه‌به‌دییه‌ت
هه‌تا خودا
خۆشم ده‌وێی
تنووک‌تنووک عه‌شق له‌ شێعرت ده‌باری
هه‌ناسه‌که‌م
وه‌ک چۆن ده‌ریا
دوا هه‌نیسکی خۆری ئێوار ده‌خنکێنێ
وه‌ک چۆن تیشکی به‌یان یه‌که‌م ماچی له‌ ڕۆمه‌تی کچی ده‌ریایێ ده‌ڕفێنێ
وه‌ک چۆن شنه‌، گه‌ڵای چنار ڕاده‌ژێنێ
وه‌ک چۆن چنار به‌ژنی به‌هار ده‌ڕازێنێ
وه‌ک چۆن مه‌لی شه‌وخوێن باڵی له‌ فێنکایی هاوینه‌شه‌و ده‌ساوێنێ
وه‌ک چۆن بزه‌یه‌کی مانادار دڵی ئه‌ویندار ئه‌دوێنێ
ده‌ تۆش ئاوا بمدوێنه‌
بمدوێنه‌
بمدوێنه‌
خۆم ده‌زانم بۆ لێدوانت چه‌نده‌ خاو بووم
لیزگه‌یه‌کی هه‌ودا پساو
ماشه‌رێکی هه‌ڵوه‌شاوم
ده‌گه‌ڵ وه‌ی هیچ قسه‌یه‌کت له‌سه‌ر نییه‌
هیچ قسه‌یه‌کم له‌سه‌ر نییه‌
به‌رکه‌رده‌یه‌کم له‌به‌ر نییه‌ بۆ لێدوانی شه‌ئنی شانت
هیچ وته‌یه‌ک
هیچ وتارێک
هیچ ڕسته‌یه‌کیشم پێ نییه‌
باش ده‌زانم خه‌یاڵیشم ده‌خوێنیه‌وه‌
ئه‌و نامانه‌ی نه‌نووسراون
دێڕ به‌ دێڕیت له‌به‌ردایه‌
دێڕ به‌ دێڕی هه‌ڵبه‌ستی هه‌ڵنه‌به‌ستراو
واژه‌واژه‌ له‌ چاوتایه‌
ڕسته‌ڕسته‌ی نه‌ڕێستراوی به‌سته‌کانی هه‌ڵنه‌به‌ستووم له‌به‌رتایه‌
ده‌یجا ئه‌گه‌ر وایه‌
چی بێژم بادی هه‌وایه‌
ئازیزه‌که‌م
ئێستاش جیا له‌ یادی غه‌مڕه‌وێنت، غه‌مم به‌ هیچێ ناڕه‌وێ
خه‌وی ڕه‌وه‌ک بێ تۆ له‌ چاوم ناکه‌وێ
ئازیزه‌که‌م
جیا له‌ پاته‌ی ناوی خۆشت
هیچ پانتایێ سوێی هه‌ناوم ناداته‌وه‌
هیچ ئه‌هوه‌نم ناکاته‌وه‌
جگه‌ له‌ بیری باوه‌شت
هیچ په‌نایێ
هیچ په‌سیوێ
ئۆقره‌م مانا ناکاته‌وه‌
ئه‌گه‌رچی چرکه‌یه‌ک یادت، له‌ دڵ، له‌ ڕووح، له‌ مێشک، له‌سه‌ر نه‌چۆته‌ ده‌ر
به‌ڵام گوڵم حه‌رامم بێ ئه‌و ساتانه‌ی به‌ بێ‌تۆییم بردووه‌ته‌ سه‌ر
ڕایه‌ڵ و پۆی وجوودیشم به‌ وجوودت ته‌ندراوه‌
کاتێ نیگات له‌سه‌ر ژینم هه‌ڵبڕاوه‌
گوڵدانی به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی ئاواته‌که‌م سیس و بێ‌ڕه‌نگ پرووکاوه‌
دڵنیامه‌
دڵنیامه‌ عه‌شق باڵی هه‌یه‌
هێزی بڕی جه‌نگه‌ڵ و قه‌تباڵی هه‌یه‌
هه‌ڵفڕه‌وه‌
هه‌ڵفڕه‌وه‌ باڵنده‌ی بێ ترس و بێ خۆفی تۆف
به‌سیه‌ هاواری ئاخ و ئۆف
هۆ شاهه‌ڵۆ
هۆ شاهه‌ڵۆ
دڵنیابه‌ بۆ تۆی ده‌ڵێم
بۆ تۆ
بۆ تۆ
بۆ تۆ
شاهه‌ڵۆ