فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شارێک لە خۆڵەمێش

شارێک لە خۆڵەمێش

کورتە چیرۆک

دڵشاد شەفیق/ چیرۆکنووس /کەرکووک

ئەو بەیانیە وا بڕیار بوو هەر وەک ساڵانێک لەوەوبەر لەگەڵ هاوڕێیەکمدا پیاسەیەک بەنێو شاردا بکەین، پاش ئەوەی لەماڵ دەرچووین شانی ئەو رووبارە بچووکەمان گرت کە ساڵانێک بوو وشکی کرد بوو، جگە لە جۆگەیە ئاوی تەنک و بڕێک دارقامیش ئەوەی شوێنەکەی بە جوانی هێشتبووەوە زۆرێک تاشە بەردی گەورەبوو کە بریسکەی هەتاوەکە درەوشانەوەیەکی جوانی پێبەخشیبوو، جگە لەوەی هەتاوەکە ئارامییەکی بە جەستەمان بەخشیبوو تا رادەیەکیش هەنگاوەکانمانی خۆشتر کرد بوو، لەکاتێکدا بە ئومێدەوە باسی تێپەڕینی گرفتەکانمان دەکرد و بە دووی هیوایەک بووین بۆ ئاییندە و رزگاربوون لە دۆخەکە، هاوڕێکەم تەلەفوونێکی بۆ هات و داوای چاوپێکەوتنێکیان لێکرد لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی شارەکە بە سیفەتی ئەوەی پیاوێکی خاوەن ئەزموونە و دەکرێت قسەیەک لە بارودۆخەکه بکات، پاش ماوەیەک لە گفتوگۆ بەدەم رێی قەراغی شارەکە ستافی کەناڵە ئاسمانییەکە گەیشتنە لامان و لەگەڵ هاوڕێییەکەم کەوتنە وەرگرتنی لێدوانەکانی، لەپڕ پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵیمان لێ پەیدا بوو، بەرۆکی ستافەکەی بەر نادا و هاواری ئەکرد کارمان بۆ بدۆزنەوە وەک ئەوەی هاوڕێکەم و ستافەکە خۆیان حکومەت بن، زۆر هەوڵمان دا تێیبگەیەنین، بەڵام دیار بو کابرا ژیان زۆر تەنی پێ هەڵچنی بێت، ئەو دەیووت من سی ساڵە کرێکاری ئەکەم تەنها خانوویەکەم هەیە و ئێستا کرێکاریشم دەست ناکەوێت و ناچارم خانووەکە بفرۆشم و سەری خۆم هەڵگرم، دەزانم کەلتوور و بیرو باوەڕەم لە دەست دەدەم بەڵام ناچارم ئەو بڕیارە هەر بدەم چونکە تەواو ژیان تەنی پێم هەڵچنیوە هەر دەبێت لانەکەم بفرۆشم و بەخێزانەوە بڕۆم، ئەوەی سەیر بوو لەلام پیاوەکە هەر دەڕویشت و بەدەنگی بەرزەوە ئازارەکانی خۆی دووبارە دەکردەوە، بۆیە تا ئەمڕۆیش دەنگی هەر لە گوێچکمدا ئەزرینگێتەوەو، بە تایبەت هەر کاتێک بە پیاسە دەگەمە ئەو شوێنه بیری ئەوە دەکەم ئاخۆ ئێستا لە چ کونجێکی دونیا بێت و حاڵی چی بێت

کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرکوک