فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جادە

“جادە”

فاتیمە حیجازی- لالە/ شاعیر / سەقز

خۆم بەمەودای جادەکاندا هەڵدەواسم
ئەمهێنێتەوە بۆلای تۆ…
تەنیاییەکان، جێ دەهێڵم
دوور ئەبمەوە لەخۆم…

جادەکان بەرەودوا دێنەوه
بۆلای تۆ…
دارتەلەکان پڕن لە ئاوازی تەنیایی و
تاسەی باڵندە کۆچەریەکان…

مەوداکان دەبڕم و
دێم ودێم و دێم و…،
تابگەم بەتۆ…
لەتەسکترین مناڵیمەوە،
جادەکان بۆلای تۆ ئەئەمبەنەوە…

لەمێژە زەمەن وەستاوە…
پەراسووی خەونەکانم دەشکێ و
خۆزگەکانم دەخنکێ…..
جادەیە ومەوداکان…
جادەیە وخەونە پەمەییەکان…
جادەیەوخۆزگە تەسکەکان…

هەنگاوەکانم بەرەودوادەنێم،
بەرەومناڵیم….
دارتەلەکان دوور ئەبنەوە…
جادە لەتۆ دوورم ئەخاتەوە…
دوایین وێستگە،
یەکەم وێستگەیە!
ئەبێ دابەزم…..!