فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە پەراوێزدا دێڵ و سەرگەردان

لە پەراوێزەکاندا وێڵ و سەرگەردان

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ رواندز

نە گۆشەیەک بۆ دڵنیایی دەدۆزیتەوە و نە ڕێگایەکیش دەتگەیەنێتە نەمریی. بێدەنگ هەڵکوڕمێیت یان سەرشار بیت لە گوتن و گۆرانی؛ لە وێستگەیەکدا ڕۆحت دەفڕێ و سوپاسگوزار بە کە دڵت بۆگەن نەکات و کەمتیارێک دەمی تێ نەنێت. لە ئێستاوە بە قسەی گۆڕهەڵکەنەکە بکە، وەک مردوو؛ دەرگا لە کەس مەکەوە!

ژیان خەمێکی قورسە و
لەسەر شانی مرۆڤ نیشتۆتەوە
تا بەخۆی نەفڕێت،
هیچ داهۆڵێک نایڕەوێنێتەوە

تەمەن بە خێرایی تیشک تێپەڕی
هەنووکەش کە پەلەی ڕۆیشتنمە،
بەسەر پشتی کیسەڵ دەڕوات

وەک کتێبێکی قاچاخ،
کە لەژێر خاک حەشار درابێت
شێ خووساندوومی و
کەڕوو لێی داوم

وەک وێنەیەکی قەدەغە،
کە لە بنمیچی ژێرزەمینێکدا پەنا دراوە
هاڵاو ڕەنگەکانمی تێکەڵ کردووە و
بێ ڕەنگ دەچمەوە

وەک درەختێک خەزان ڕووتی کردبێتەوە
لە سەرما هەڵدەلەرزم و
هەورێک، وەک گۆسکەی سەرنخوون
بەسەرمدا دەڕژێ و
فرمێسکەکانم دەشواتەوە

قەڵەمەکەم،
کە لەسەر ڕۆخی کانییەکە لێم بەجێما،
خنکا!