فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە

نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە

چرۆ زەند / نووسەر/ کەنەدا

 

ئيوارەیە کاتی خۆر ئاوابوون، ئەو کاتەی کە دەمەوی بگەڕێمەوە بەرەو ماڵ، بۆ کاتی منداڵیم بۆ مەڵکەندی، بۆ زێدی تۆ لە سلێمانی.
لێرە بەفره ،لە لای تۆ تاوە، لەم خۆرئاوابونەدا، وەک باڵندەی سەرو ژوور، سەروخوار شەیدای فرینم لە کوێستانێکی سارد بۆ خۆرهەڵات،بۆ زێدی تۆ. بۆ سەرەتایی شارستانیەت، بۆ مێتۆپۆسامیا ، بۆ نیشتمان، بۆ خۆشەویستی خاك و گەل کە لە تۆ فيربووم.
لە خەیاڵمدا، دەگەمە بەر دەرگا، دڵم خۆشە تۆ بەروە پیرم دێیت و باوەشێکی گەرمی خۆشەویستیم بۆ دەکەیتەوە. من لەم دڵ خۆشیەدا سەمادەکەم، بەسەماوە دەچمە بەردەرگای ژوورەکەت، پاش تاوێ دەبینم؛
کلێتەکەت، رەمزی خەباتی حەفتا ساڵەت، لە چوارچێوەیکی شوشەدا هەڵواسراوە،
جلوبەرگی کوردی، لەگەڵ مەدالیا زێری ڕێزلێنانت، لە چوارچێوەیەکی تردا داندراوە،
بەبێ جوڵە، چوارچێوەکان هەڵواسراون.
دایکم ڕەش پۆشە، ماڵ خامۆشە، یەکەم نەورۆزە بە بێ تۆ. من لە سەما دەوەستم دەبی بڕۆم بۆ دیدی تۆ.
دەڕۆم بەرەو دەرکی سەرا، گردی سەیوان ئەو گردەی کە تەرمەکەت بەخاک سپيرا. لە ڕێگا لەگەڵ خۆم دەدوێم،
ئەگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو. ئەو کاتەی بە پیادە ڕەو پێکەوە دەرۆیشتین بەم شەقامەدا، هەمیشە تۆ خێرا تر دەڕۆشتی، پاش ڕاکردنێکی پەلە پێت دەگەیشتم.
بابە ئەی تاکە خۆشەویستی ژینم، نزیکترین هاوڕیم، مامۆستاکەم، بەندی دڵم، کە خۆشەویستی تۆ فێری کردم، زانیاری پێبەخشیم، رەهای کردم، تا لە دڵ و هزرمدا نیشتەجێ بووی
پيم بڵي چۆن تۆ لەبیرکەم؟
کە دەڕوانمە ئاوينە، خۆم دەبینم، خوێنی تۆ بە شادەماری مندا دەڕوا،
تەنها خاڵيکی جوانی کە یەزادن پي بەخشی لە جەستەدا، بەخشیت بە من،
کاتێ ناوەکەم دەنووسم ناوی تۆ ناز ناوو، دواناوو، و ناسنامەمە.
کاتێ کە نەم دەتوانی بدوێم لەوەی کە لەهزمدایە، پێنووست دامی تا بیرۆکەمەم کاکڵە بێت هەستی خۆم بە نووسین دەرببڕم.
لە بەیانی گشت ڕۆژێکدا، بە سرودی نیشتمانی بە دەنگێکی وەک بول بول بە دەنگە خۆشەکەی خۆت بەرخەبەر دەهاتم.
کاتی کەوتنم پاڵپشتم بووی، لە سەرکەوتندا هاندەرم بوویت. بەرایی نووسەری یەکەم پەڕتووکم، وەرگێری یەکەم کورتە چیرۆکم هەر تۆ بوویت. دوا وێنەمان، دوا ڕاوێژ ودوا وتە وئامۆژگاریت گشتی لە دڵمدا نەخشاوە.
پيم بڵێ چ خۆشەویستیەك دەگاتە خۆشەویستی تۆ، من دەمەوێ لەو خۆشەویستیە مەزنە دەگمەنەدا بژیم، بە هیوایەك کە من و تۆ لە جیهانێکی تر دوور لە مەی کەتیا ژیاین یەکتر ببینینەوە تابتوانم بەشی لەو خۆشەویستیەی تۆ پيت بەخشیم، پێت بدەمەوە
بەم ڕستەیە دەست پێدەکەم “نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە”
کچت : چرۆ
نەورۆزی ٢٠١٨
تۆرۆنتۆ، کەنەدا