فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەتر

چەتر

دێرین جەمال/ نووسەر ، سلێمانی

ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی جیاواز بوو بۆئێمە…ڕۆژی خۆشەویستی بوو، میوانەکانمان بەخەندەوە خۆیان دەکرد بە ژوورداو گوڵی سووریان بە دەستەوە بوو، بەڕوویەکی خۆشەوە پێشوازیم لێدەکردن و قاوەم بۆئامادە دەکردن و لەسەر مێزەکانیان بۆم دادەنان، تەماشام دەکردن هەریەک بەشێوەیەک خۆشەویستی بۆ بەرامبەرەکەی دەر دەبڕی هاوسەرەکان بەڵێنی نوێبونەوەی خۆشەویستی نێوانیان دەدا،، دیاری و گوڵی سووریان پێشکەش بەیەکتری دەکرد،لەم کاتەدا لاوێک بەچەترەکەی دەستی دەیکێشا بە دەرگایی کافێکەدا داوام لە هاوڕێکەم کرد دەرگاکەی بۆ بکاتەوە هەرچەندە دەرگاکە تەنها پێوەدرابوو،،کاتێک هاوڕێکەم دەرگاکەی بۆ کردەوە فەرمووی لێکرد سەرنجمدا لاوێکی باڵابەرز ڕێک پۆش ملپێچێکی لەگەردنی ئاڵاندبوو، سڵاوی کرد هاوڕێکەم جێگایەکی لەسوچێکی کافێکە پێشاندا کەچۆڵ بوو،، من سەرقاڵبووم بەکارەکەمەوە خەریکی دروست کردنی قاوەبووم،، هاوڕێکەم هاتە لام وتی : هاوناز ئەولاوەی کەمێک پێش ئێستاهات داوای هیچ خواردنەوەیەکی نەکردووە،،..منیش وتم : ڕەنگە چاوەڕوانی کەسێک بێت!..
کات زیاتر تێپەڕی ئەویش بەبێ دەنگی لەسەر کورسیەکەی دانیشتبوو،،چەترەکەشی لەسەرمێزەکە دانابوو،لەم بێدەنگیەی گومانمکرد،، چومەبەردەمی سڵاوم لێکرد پێم وت: هیچ دەخۆیتەوە؟
بەخەندەیەکەوە وتی: بەڵێ من قاوەیەک دەخۆمەوە،، بەخێرای قاوەیەکم ئامادەکرد لەسەر مێزەکەی بۆم دانا،دوبارە چومەوە بەلای کارەکەی خۆمەوە کاتێک خەریکی کاری خۆم بووم تەقەی شکانی کوپێک سەرنجی هەموانی خستە سەرلاوەکە،، کاتێک چوم بینم کوپە قاوەکە کەوتوە بەزەویەکەداو شکاوە،،بەڵام هەڵسوکەوتی لاوەکە کەمێک نامۆبوو دەستەکانی دەگێڕابەسەر زەویەکەدا وەک ئەوەی بیەوێت پارچەکانی کوپە شکاوەکە کۆبکاتەوە،بەدەنگێکی نزم وتی: زۆر ببورە بێ ویستی خۆم کوپەکە کەوت بەزەویدا،وتم : ئاساییە هەمووکات کوپەکان بەساغی نامێنەوە ئەوان لەشوشە دروستکراون ڕۆژێک هەردەشکێن،بەخێرایی زەویەکەم پاک کردەوە، ڕۆیشتم قاوەیەکی ترم بۆ ئامادەکرد بۆم برد، کاتێک لەسەر مێزەکە بۆم دانا وتی:
دەتوانیت کەمێک لام دانیشیت دەمەوێت چەند وشەیەکت پێ بڵێم،،هەرچەندە کارم زۆر بوو بەڵام دانیشتەنەکەم قبوڵکرد،، ئەوش دەستی کرد بەقسەکانی وتی: چەندین ساڵە مرۆڤێک بەوێنەی تۆ ئارام بەخشم نەدیوە، بمبورە بەویستی خۆم نەبوو کوپەکە شکا من لەتەمەنی حەوت ساڵیمەوە بەهۆی نەخۆشیەکی دەگمەنەوە بینایم لەدەستداوە تەنها تروسکایەک لەچاوەکانمەوە دەبینم،، ئەوکاتەی کوپەکەم ڕاگرتەوە بێخەمەوە سەرمێزەکە نەمزانی دەستم لەمێزەکە دوورترە بەهۆیەوە کوپەکە کە بەزەویەکەدا،، بەڵام تۆ زۆر بەهێمنی زەویەکەت پاک کردەوە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت کوپێک قاوەی ترت بۆهێنام،، دەستی برد بۆ کوپەقاوەکەو قومێکی لێداو دووبارە دەستی کردەوە بەقسەکانی وتی: قاوەکەت زۆر تاڵە وەک ئەوڕۆژە تاڵانەی بەڕێم کردوون،،گەرمە وەک ئەوگەرمیەی بەناخمدا کرد.
کاتێک گوێبیستی وشەکانی بووم خەمێکی قوڵ ناخی داگیرکردم هەستم بە ماندوێتی دەکرد،، لەسەرخۆ پێم وت: بەڕاستی خەمباربووم بەچیرۆکی ژیانت،، دەبێت بمبوریت من کاتی زۆرم نییە لێرە دانیشم دەبێت بڕۆم بەلای کارەکەمەوە،،بەئەسپایی لەسەرکورسیەکە هەڵسامە سەر پێ لەوساتەدا بەچرپەیەک پێی وتم ژیانی هاوژینی و پێک هێناوە،، وتم : نەخێر لەئێستادا خوێندکارم، دووبارە بەزردەخەنەیەکەوە وتی: بەداخەوە گوڵی سوورم پێ نییە گوڵی سوور شایەنی تۆ بوو پێت ببەخشم،، سوپاسم کرد ڕۆیشتمەوە دەستم کرد بەئامادەکردنی قاوە بۆ میوانەکانمان کاتێک سەیری مێزو کورسیەکەی ئەوم کرد لەوێ نەمابوو،تەنها چەترەکەی لەسەر مێزەکە بەجێمابوو،خێرا چەترەکەیم هەڵگرت و ڕۆیشتم بەرەو دەرەوە، بەڵام ئەوم لەهیچ جێیەک نەبینیەوە بەخەمباری هاتمەوە ژوورێ ، لەو کاتەدا یەکێک لە میوانەکان پارچەیەک وەرەقەی پێدام وتی: ئەو لاوەی چەترەکەی بەجێ هێشت ئەم پەیامەی بەمن نوسی بۆتی دانا تامن بیدەم بەتۆ،، کاتێک وەرەقەکەم کردەوە نووسرابوو، سوپاس بۆ ئەم کورتە دیدارە،،بەوهیوایەم ڕۆژێک بتبینمەوە هەردوکمان لەژێر ئەو چەترەدا پیاسەیەک بە شەقامەکانی شار بکەین..