گەمەکانی تەمەن
بەتامی شیعر بۆ هەموو ئەو روحانەی بۆی دەبزوێن
نووسینی
احمد عارف/ شاعیر/ سلێمانی
٢٠٠٨
– ١ –
کاتێ ئەستێرەیەک دەرژێ
جەستە باڵا گەردانی
خوێن و خیانەت و
چاویش فرمێسک دەنێژێ …
– ٢. –
دایکێکی بە ئەمەک بووی
کە پرچیان دەسکەنە کردیت و
لە سوری مانگانەی خۆتدا گەوزاندتیان
بوویتە پەیکەری فریشتە و
لە دامێنتا
نوێژی بەرگریان دابەست …
– ٣. –
تەمەن گەڵا ئاسا وەری
پایز هات و
بەفر سەری گرتی ..
نەک نۆتەیەک هەزارانت نووسی ..
– ٤. –
نە گۆرانییەکی شاد
نە قەتارێ ..
نەبوونە جڵەوی ئەم کاروانەم
بمگەیەننە لێواری شارێ ..
– ٥. –
سۆفی عیشق و موحیبەت بووم
لە کەنار دەریای سۆز و
بناری چیای عیشقدا
خاچی نەفامی لە داری دام …
– ٦. –
من پەپولە و عیشق و سووتان
تۆ غوربەت و شەوی داگیرسان
کە گەیشتینە دەروازەکەی خوا
بە سۆزەوە خوامان هێنایە گریان
– ٧. –
کچە شۆخەکەی ئەو بەرەوە
چاوێکی لێداگرتم
روو باری سۆزم کەوتە شە پۆل و
لە دیدەکانمدا
بە رووتی لە ئامێزی گرتم …
– ٨. –
هەر دوێنێ بوو لە خەونێکدا
ئەو منی رامووسی
کەچی ئەمڕۆ بۆ تۆماری
یادەکانی هاتە لام و ناوم نووسی ..
– ٩. –
ووڵاتەکەم ئافرەتێکی لە خاچدراوی زەمانێکە
ئەمرۆ بە دەستی سەرکردەکانم
هەمان خاچی سەد ساڵەی
پێدا دادەکوترێتەوە و
ئەو ئازارەش هەست پێدەکەم ..
– ١٠. –
یەک ناو و یەک دەنگ و یەک هەڵمەت
ئەمڕۆ لە سایەی تەکەتول و
بەرژەوەندی و دینارا
جەستەیەکی لەت لەت …
– ١١. –
کە ئەو چاوی داگرت
من سەرگەرمی ناشتنی تەرمی
کارەساتێک بووم
کە سەرم هەڵبڕی
بە تلیاکی جوانییەکەی ئالودە بووم ..
– ١٢. –
کچە پەری ساڵ پەنجەی
خۆشەویستی نایە سەرکوڵمەکانی
کە هەستم کرد ئەم دنیامان دۆراند
کەوتمە شوێن ئاماژەی پەنجەکانی ..
– ١٣. –
تەمەن چەند گەڵایەکی
درەختی بەژن و باڵایە
لەگەڵ وەرزەکانی هەژاندا هەڵدەوەرن و
ئیدی دەگاتە کۆتایە ..!!
– ١٤. –
گەمەی ئەمجارەی تەمەن
وەرینی گەڵای رۆژەکانە ..
کاتێ پایز هات
بێ هەستکردن تەنگیان
بە بوونی هەڵچنی ئەم رۆژانە …
– ١٥. –
هەموو تەمەن هەنگاوێکە
گەر بکرێت ئەو هەنگاوە
قەڵەمی دەست و کاغەزی
بوونت دەنەخشێنێ …