فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هاوڵ

هاوڵ

مریم کاکەیی/ نووسەر/ ئەلمانیا

کەسێک بە شەقامەکەماندا تێپەڕی، نازانم ژن بوو یان پیاو. من لە قاتی سەرەوە بینیم…جەستەی لە ژێر
چەترەکه بوو. تەنها بەشێکی کەم لە پێڵاوە وەرزشییە سپییەکانی دەردەکەوت، چەترەکە هێندە گەورە بوو کە جەستەی بە تەواوی نەدەبینرا، باران بە لێزمە دەباری و پێدەچوو سەرەتای لافاوێکی بەهیز بێت. دوو رۆژ بوو کۆخە و قوڕگێشە ئامانی لێبڕیبووم و هەستی تەنهایی هەروەک خۆرە کەوتبووە گیانم  و تەواو بێ تاقەتی کردبووم. حەزم دەکرد بانگی بکەم: هێی تۆ، ژن یان پیاوکە دەکرێت بێیتە سەرەوە و پێکەوە قاوەیەک بخۆینەوە و هەندێک پێکەوە بئاخافێین؟ من زۆر بێ تاقەت و تەنهام…..!!
بەڵام پێناچێت ئەو کەسێکی تەنها بێت! ڕەنگە ئێستا بەپەلەتاو  بۆ جێژوانێک بچێت، خۆشەویستێکی چاوخومار چاوەڕوانی بکات یان بۆ مێوانییەکی دۆستانە یان خێزانیی قەرەباڵغ بچێت، لە تەک کۆمەڵێ هاورێی نزیک یان خزم و کەس و کار.
لە سونگەی پەنجەرەکەوە لە دەرەوەم دەڕوانی، ئێستا ژن یان پیاوەکە گەیشبووە سەر شەقامەکەمان دەستی لە تاکسییەک بەرز کردەوە و  خێرا سواری تاکسییەکە بوو. سەرەتا قاچەکانی و ناوقەدی، پاشان بەشی سەرەوەی جەستەی کردە نێو تاکسییەکەوە و دەستی هێنایە خوارەوە و کۆکردنەوەی چەترەکە، دواتر داخستنی دەرگای ئۆتۆمبیلەکە و بەڕێکەوتنی ئۆتۆمبیلەکە و هەوڵە بێ ئامانجەکانی من، بۆ زانینی ڕەگەزی ئەو ڕێبوارە کە بە شەڤامەکەماندا تێپەڕی و تاکە سوژە بوو بۆ بەڕێکردنی چەند خولەکێکی بێتاقەتیم.
گەڕامەوە بۆ سەر مێزەکە و چاوم بە ڵاپەڕەکانی ڕۆژنامەکەدا گێڕا، وێنەیەک سرنجی ڕاکێشام کە لە سەر توێژینەوەیەکی زانستی بوو سەبارەت بە تەنهایی و هۆکارەکانی. وێنەکە ژن یان پیاوێک بوو لە ژێر چەترێکی گەورە کە تەنها بەشێکی کەم لە پێڵاوە سپییە وەرزشییەکانی دەردەکەوت.